چۆن ببیتە مامۆستایەکی کاریگەر؟

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-11-27-20:50:00 - کۆدی بابەت: 10468
چۆن ببیتە مامۆستایەکی کاریگەر؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مامۆستا بە فێرکەریش ناو دەبرێت (بە ئینگلیزی: Teacher، بە عەرەبی: معلم و معلمة) ئەو کەسەیە کە یارمەتی خوێندکاران دەدات تاوەکوو زانست و زانیاری و چوستی و شارەزایی لە جۆرە جیاوازەکانی زانست بەدەست بهێنن.

خاسیەتەکانی مامۆستای کاریگەر

ئەو کارامەیی و شارەزاییانەی پێویستن بۆ بوون بە مامۆستایەکی کاریگەر زیاترە لە هەبوونی شارەزایی بە تەنیا لە یەک بواری ئەکادیمی خوێندندا، بەشێوەیەک کە دەبێت کەسەکە بتوانێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەورووبەردا هەبێت و یارمەتیدەریان بێت تاوەکوو بە ئاڕاستە و دیدێکی جیاواز جیهان و ژیان ببینن. هەرچەندە ئەمە کارێکی ئاسان نییە بەڵام چەندین ڕێگەی جیاواز هەن بۆ وانەوتنەوەیەکی کاریگەر چونکە مامۆستا کاریگەرەکان چەندین سیفەتی تایبەتیان هەیە. مامۆستا وەک نموونەی بەرچاو و سەرەکی بەردەم خوێندکاران دەردەکەوێت بەجۆرێک هەر هەڵسوکەوتێکی لەلایەن ئەوانەوە وەردەگیرێت و لاسایی دەکرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک تۆ دەبیتە نموونەی پەرۆشی و پابەندبوون بە کات و ئامادەبوونتەوە لە پۆلدا ئەوکات خوێندکارەکانیش چاو لە تۆ دەکەن و هەمان ڕەفتار دووبارە دەکەنەوە، هاوکات کاتێک کەسایەتییەکی نەرێنی و کەمتەرخەمت دەبێت ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە خوێندکارەکانیشت بەوشێوەیە دەبن. هەر بۆیە ئەگەر خوازیاری بوون بە مامۆستایەکی کاریگەریت ئەوە پێویستە ئەم خاڵانەت تێدا بێت: 

ئەرێنی بە

هەوڵبە ڕەفتارەکانت هەمیشە ئەرێنییانە بێت چونکە کرداری فێرکردن زیاتر کاریگەرتر دەبێت. کاتێک خوێندکارەکان بەهۆی ئەرێنی بوونی مامۆستایەکەیان ئارەزووی فێربوونیان بۆ دروست دەبێت ئەوکات ئەو ئارەزووەیان هاندەر و پاڵنەریان دەبێت تاوەکوو بەئاسانی فێرببن بە بەرانبەر بەوەی تەنیا پاڵنەریان بەدەست هێنانی نمرە و بڕوانامە بێت. 

کرداری فێربوون و فێرکردن پڕ بەرەنگاری و ئاستەنگە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە مامۆستا هیچ چیژێک لە وانە وتنەوەکەی نابینێت بەڵکوو زۆرجار بەهۆی وانەوتنەوەیەکی دڵسۆزانە و فێرکردنی خوێندکارانەوە ئاسوودە دەبێت و ئارامی باڵی بەسەردا دەکێشێت. مامۆستا دەبێت هەوڵ بدات پڕ سەرنج بمێنێتەوە و ئاگاییەکی بەرزی هەبێت بەشێوەیەک کە ئاگاداری هەموو ڕێبازە نوێیەکانی وانەوتنەوە بێت و نەترسێت لە داهێنان و نوێگەری، هەروەها هەوڵبدە جۆش و خرۆش بە بابەتەکانت ببەخشە تاوەکوو لەلای خوێندکارەکانت سەرنجڕاکێش بن.

هەردەم ئامادەبە

پێویستە مامۆستا تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ وانەکانی کردبێت تاوەکوو ببێتە مامۆستایەکی کاریگەر، بەشێوەیەک ئاگایی سەبارەت بە کۆرسی خوێندنی ئەو ئاستە هەبێت کە وانەیان پێ دەڵێتەوە، هاوکات پێویستە هەموو ڕۆژێک وانەی نوێ و پڕ چالاکی ئامادە بکات بە جۆرێک بتوانێت وانەکەی لەگەڵ کەرەستە ڕاستییەکان و ژیانی ڕاستی خوێندکارەکانیدا پەیوەست بکات و وێنەی ڕوونکردنەوەیی و چەمک و وشەی سانا بەکاربهێنێت. ئەگەر وانەکە نوێ و نەبینراو بوو بۆت ئەوا هەوڵ بدە ڕێبازێکی گونجاو و سەرنجڕاکێش بۆ وتنەوەی بدۆزیتەوە و خۆت بە تەواوی بۆ وتنەوەی ئامادە بکەیت.

ڕێکخراوبە

هەمیشە بەرنامەڕێژی ئەو وانانەت بکە کە دەتەوێ بیانڵێیتەوە، کاری تۆ بریتییە لە ڕوونکردنەوەی خاڵە سەرەکییەکان و دەقە سەرەکییەکان بۆ یارمەتیدانی قوتابییەکان تاوەکوو ئەرکەکانیان یەکبخەن، بۆ نموونە دەبێت هێندە ڕێکخراو بێت کە بتوانیت خوێندنەوە، کردارەکانی تاقیگە، تاقیکردنەوەی خێرای سەر وەرەقە و ڕووبەڕووشیان پێ بکەیت و بتوانیت وانەکەشت بە باشی و دڵسۆزانە بڵێیتەوە.

لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەرگیز کاتی پێویستت نییە بۆ فێرکردنی هەموو شتێک، وات لێ دەکات گرنگترین بابەت و چەمکەکان ڕوون بکەیتەوە و پێکەوەیان ببەستیتەوە. بیرۆکەکان ڕوونبکەرەوە تاوەکوو خوێندکارەکان بتوانن لەگەڵ ژیانی ڕاستییان یان لەگەڵ وانەکانی پێشووتریاندا پێکەوەیان ببەستنەوە ئیتر ئەگەر لەم کۆرسەی خوێندیاندا یان لە پۆلەکانی پێشترەوە خوێندبێتیان، تەنیا سەرنجت لەسەر ئەو وانە نەبێت کە ئەمڕۆ دەیڵێیتەوە بەڵکوو نیشانی خوێندکارەکانی بدە کە ئەو وانەیەی ئەمڕۆ دەیخوێنن چۆن پەیوەندی هەیە بە وانەکانی داهاتووەوە. ئامانجەکانت لەبەرچاو بگرە، خۆت فێری هاوسەنگی لە وانەوتنەوەدا بکە بۆ ئەوەی وات لێ نەیەت لەخۆوە کاتت تەواو ببێت و وانەکەت تەواو نەکردبێت، لە کۆتاییدا هەوڵ بدە هەر پۆلێکت بە ئامانجێک کۆتایی پێ بهێنیت.

ڕوون بە

مامۆستای کاریگەر دەتوانێت بیرۆکە ئاڵۆزەکان ئەوەندە سانا و ئاسان بکاتەوە کە خوێندکارەکان بە سادەیی لێی تێبگەن. دەبێت بزانیت کە خوێندکارەکانت وەک تۆ خاوەن بڕوانامە نین و زانیاری پێویستیان سەبارەت بە وانەکان نییە، دەبێت بەشێوەیەک بۆیان ڕوون بکەیتەوە وەک ئەوەی کەسێکت لە بەردەمە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو شتانە نییە کە باسیان لێوە دەکەیت و هێندە سانایان بکەیت کە لە ئاڵۆزترین شتەکان تێبگەن، ئەویش بە بەکارهێنانی ئامڕازە وێنەییەکان بۆ نموونە دەتوانیت وێنەی ڕوونکردنەوەیی، وێنەکێشان، هێلکاری، نەخشە و داتاشۆ و سڵاید بەکاربهێنیت.

دڵنیابەرەوە لەوەی هێندە گەورە و ڕوونن کە دەتوانرێت ببینرێن، هاوکات بیر لە ڕۆڵ و گرنگی زمانی جەستە بکەرەوە و تەنیا بە یەک شێواز لەناو پۆلدا مەوەستە بەڵکوو بجوڵێ و بە جوڵانەکەت مێشک و سەرنجی خوێندکارەکان بجوڵێنە و بەئاگایان بهێنەوە.

چالاکبە

خوێندکارەکانت لە بیرکردنەوەدا بهێڵەوە تاکوو ئەو کاتەی کە بەشێوەیەکی چالاکانە دەتوانن ئەو شتانە بەکاربهێنن کە فێرت کردوون. بە تەنیا گرنگیدان بە وانەکەت وا لە خوێندکارەکان دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ وانەکەیان لەبیر نەمێنێت لەجێی ئەوە دەتوانیت چەند چالاکییەکی تر بۆ کاتی وانەوتنەوەکەت زیاد بکەیت بۆ نموونە بواری گفتوگۆ دروست بکەیت یان پرسیار و وەڵام و چالاکی گرووپانە دروست بکەیت.

پشوودرێژ و ئارامگربە

بیر لەو کاتە بکەرەوە کە تازە فێری زانیارییەکی نوێ دەبیت و بزانە چۆنە، بەوهۆیەوە کات بدە بە خوێندکارەکانت تاوەکوو زانیارییەکان بە باشی وەردەگرن و وەڵامی پرسیارەکانی پێ دەدەنەوە. لات ئاسایی بێت خوێندکارەکانت هەڵە بکەن و یارمەتیدەریانبە تاکوو فێر ببن، بزانە کە کرداری فێربوون ئاسان نییە تەنانەت بۆ ئەو خوێندکارانەش کە زۆرترین هاندەر و پاڵنەریان هەیە، هاوکات لەجێی سەرزەنشتکردنی خوێندکارەکان لە بەرانبەر هەر هەڵەیەک بیر لە ڕێگە و شێوازێکی نوێ بکەرەوە تاوەکوو بە ئاسانتر و کاریگەرتر وانەکەیان پێشکەش بکەیت.

لەگەڵ خۆتیشدا پشوودرێژ و ئارامگر بە چونکە کرداری فێرکردن لە هەندێک کاتدا بێزارکەر و قورسە هەروەها بوار بە خۆت بدە هەندێک کات لەگەڵ خۆتدا هەڵە بکەیت و لێیانەوە فێرببیت.

دادپەروەربە

بۆ ئەوەی ببیتە مامۆستایەکی کاریگەر پێویستە لە نێوان خوێندکارەکانتدا جیاوازی نەکەیت و نمرەی بەرزتر تەنیا بەو خوێندکارانەت نەدەیت کە ئاستیان بەرزە، بەڵکوو هەر یەکێک بەپێی ماف و لێهاتوویی خۆی نمرەی پێ بدەیت. هاوکات پێویستە لە سەرەتای دەستکردن بە وانەوتنەوە هەموو ڕێسا و یاساکانت دابنێیت تاوەکوو خوێندکاران هەموو یاساکانتیان لەلا ڕوون بێت و ئاگاداربن کە سەرپێچی نەکەن و بەو هۆیەوە سزا نەدرێن.

ئەگەر لە سەرەتادا بۆیان ڕوون نەکەیتەوە کە ڕێسا و یاساکانت چین ئەوکات توانای سزادانت نابێت و دەبێت ڕوونی بکەیتەوە کە لەبەرچی سزاتداون. هاوکات زۆر گرنگە لەسەر یاساکانت بڕۆیت چونکە کەمتەرخەمی و جێبەجێ نەکردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی متمانەت لەدەست بدەیت و کاریگەریت لای خوێندکارەکانت نەمێنێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، هەرکات هەڵەیەکت کرد یان وەڵامی پرسیارێکت نەزانی ئەوا باشترە دانیپێدابنێی نەک پشگوێی بخەیت.

هەوڵبە کەسایەتی خوێندکارەکانت بناسیت

بەچێژترین بەشی مامۆستایەتی ئەو کاتەیە کە ئارەزووی خوێندکارەکانت دەزانیت، کە ئەمەش وا دەکات بتوانیت ڕێگای تایبەت بۆ پەیوەندیبەستنتان بدۆزیتەوە، هاوکات یارمەتیدەر دەبێت تاوەکوو شێوازی فێربوونیان بزانیت و خزمەت بە هەر یەکێکیان بکەیت. جگە لەمانەش هەوڵی ناسینی دایک و باوکی خوێندکارەکانت بدە تاکوو زانیاری ورد و تایبەت لەسەر ڕەفتارەکانیان بزانیت و باشتر ئاگاداری چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردنت بیت لەگەڵیان.

جیاوازی بۆ خوێندکارەکانت دروست بکە

هەردەم هەوڵبە وا لە خوێندکارەکانت بکەیت هەست بەتایبەتمەندییەتی و بەهرەدارییەتی بکەن، هەستی ئاسایش و ئارامیان لەناو پۆلدا بۆ فەراهەم بکە تاوەکوو کاریگەرییەکی ئەرێنیت لەسەریان هەبێت. تۆ هەرگیز نازانیت خوێندکارەکانت پێش ئەوەی بێنە پۆلەوە بەچیدا تێپەڕیون یان دوای وانەخوێندەکەیان چ هەستێکیان دەبێت، ڕەنگە ئەوان لە ماڵەوە پشتگیرییەکی تەواوەتی نەکرێن و بەباشی هاننەدرێن هەربۆیە هەوڵبدە بەباشترین شێوە پشگیریان بکەیت و جیاوازیان لا دروست بکەیت.

مێشک فراوانبە 

ڕەخنە قبووڵ بکە، ڕەنگە لەلایەن مامۆستا و خوێندکاران و دەستەی بەڕێوەبەران ڕەخنەت لێ بگیرێت هەر بۆیە بە ئاسایی وەریبگرە، لەجێی بەرپەرچدانەوەیەکی نەخوازراو هەوڵبدە بیرکراوەبە و هەوڵی باشترکردن و نوێگەری زیاتر و نەخشەسازییەکی تۆکمەبە بۆ کرداری فێرکردن و وانەوتنەوەکەت.

گۆڕانکارییەکان قبووڵ بکە

کاتێک بەڕێوبەرەکەت یان ئەو ئاستەی تێیدا وانە دەڵێیتەوە دەگۆڕدرێت، ئەوا هەوڵبدە بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا بکەیت، نەک بەردەوام گلەیی بکەیت و بەڕێوبەری پێشووترت وەک نموونەی باشی بهێنیتەوە و ناڕەزایی دەرببڕیت و خۆت تووشی دوودڵی بکەیت.

چێژ لە مامۆستایەتییەکەت ببینە

مامۆستایەتی بوارێکی پیشەیی زۆر چێژبەخش و پڕ پاداشتە هەرچەندە هەندێک کات پڕ داواکاری و ماندووکەرە، هەربۆیە ئەگەر هیچ خولیا و خۆشەویستییەکت بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ منداڵدا نییە ئەوا ئەستەمە بتوانیت لەم کارەدا سەرکەوتووبیت، چونکە مامۆستایەتی کردارێکە پێویستی بە گرنگیپێدان و بەخشینی هەستی دڵخۆشییە لەگەڵ خوێندکارەکاندا چونکە ئەگەر تۆ دڵخۆش نەبیت بە بوونت لەگەڵیاندا ئەوا ئەوانیش هەمان وێنەدانەوەیان بۆت دەبێت. 

ئەگەر تەنیا خەریک دەبیت بەوەی وانەکەت بڵێیتەوە و هیچ کردارێکی تری وەک چالاکی و ئامۆژگاری نابەخشیتە خوێندکارەکانت ئەوا نابیتە مامۆستایەکی کاریگەر هەربۆیە لەجێی ئەوە هەوڵبە چێژ لە وانەوتنەوەکەت ببینیت و چالاکی و یاری و شتانێکی چێژبەخش تێکەڵ بە وانەکەت بکەیت تاوەکوو خوێندکارەکانت وێنەدانەوەیەکی باشیان بۆت هەبێت.


سەرچاوەکان



1994 بینین