واتای ڕەنگی گوڵ

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-02-20:54:00 - کۆدی بابەت: 10524
واتای ڕەنگی گوڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

واتای ڕەنگی گوڵ (بە ئینگلیزیMeaning of flower color، بە عەرەبی: معاني ألوان الورود). گوڵ بێجگە لە جوانییەکەی و بۆنە خۆشەکەی، چەند پەیامێکیش دەگەیەنێت. لەوانەیە بە تەواوی واتای ڕەنگی گوڵەکان نەزانیت و بتەوێت زانیاری لەبارەی واتاکانیانەوە بەدەست بهێنیت. بێگومان هەر ڕەنگێک لە گوڵ واتایەکی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ جۆرە مەبەستێکی جیاواز بەکاردێن. 

واتای ڕەنگی گوڵەکان 

گوڵی سوور

گوڵی ڕەنگ سوور بەزۆری بۆ دەربڕینی هەستی سۆز و خۆشەویستی بەکاردێت. لەبەرئەوەی ڕەنگەکەی پەیوەندی بە ڕەنگی دڵەوە هەیە. لە هەمان کاتدا بۆ پیشاندانی ڕێز و هیوا و ئازایەتی بەکاردێت، کە یەکێکن لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی یەکەم ژوان. باوترین جۆری گوڵی سوور بریتییە لە گوڵەباخ.

گوڵی پرتەقاڵی

گوڵی پرتەقاڵی، گوڵێکی ڕووناک و دیارە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بۆ هەستی بەپەرۆشی و جۆش و خرۆش بەکاردێت. ڕەنگەکەی خۆشی بۆ کەسێک دەهێنێت، کە ڕووبەڕووی شتێکی سەخت لە ژیاندا دەبێتەوە. 

گوڵی سپی

گوڵی سپی هەستی پاکی و سادەیی و وەفاداریی و ڕاستی دەبەخشێت. هەڵبژاردەیەکی زۆر باوە بۆ گوڵی دەست بووک. دەتوانرێت بە تەنها بەکاربهێنرێت یان بە تێکەڵکردنی لەگەڵ گوڵی سوور یان پرتەقاڵی بۆ مەبەستی گەیاندنی خۆشەویستی

گوڵی شین 

گوڵی شین هەستی ئارامی بە کەسەکە دەبەخشێت و یارمەتی لابردنی هەستی نەرێنی و فشاری کەسەکە دەدات، هەر لەبەر ئەمە هەڵبژاردەیەکی زۆر گونجاوە بۆ کەسێکی نەخۆش یان ئەو کەسانەی دووچاری ناخۆشی دەبنەوە وەکوو لەدەستدانی کەسێکی ئازیز. 

گوڵی سەوز

دوای تەواوبوونی وەرزێکی درێژی زستان، یەکەم نیشانەی دەستپێکی هاوین بریتییە لە ڕەنگی سەوز. گوڵی سەوز ژیانێکی نوێ پیشان دەدات، هەروەها هەستی نوێبوونەوە و تەندروستییەکی باش دەبەخشێت. 

گوڵی مۆر

گوڵی مۆر وەکوو نیشانەیەک بۆ سەرکەوتن و شکۆمەندی بەکاردێت. 

گوڵی پەمەیی

گوڵی پەمەیی بۆ مەبەستی پەیوەندی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی بەکاردێت، واتای دڵسۆزی و نەرم و نیانی دەبەخشێت، هەروەها بە واتای گرنگیپێدانیش دێت. 

گوڵی زەرد

بە پێچەوانەی گوڵی سوورەوە، گوڵی زەرد بۆ پەیوەندی خۆشەویستی بەکارنایەت، بەڵکوو واتای بڵاوبوونەوەی هەستی دڵخۆشی دەبەخشێت، هەروەها دەکرێت لە پەیوەندییە هاوڕێیەتییەکاندا بەکاربێت. بەهۆی ڕەنگە کاڵ و کراوەکەیەوە هەستێکی ئەرێنی دروست دەکات و دەتوانیت وەکوو دیارییەک بۆ هاوڕێی شوێنی کارکردنەکەتی بەریت، چونکە وا دەکات کەسەکە ڕۆژەکەی باشتر بێت.


سەرچاوەکان



1170 بینین