سوودەکانی کۆئەنزیمی Q10

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-03-15:43:00 - کۆدی بابەت: 10532
سوودەکانی کۆئەنزیمی Q10

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی کۆئەنزیمی Q10 (بە ئینگلیزی: Benefits of Coenzyme Q10، بە عەرەبی: فوائد الإنزيم المساعد Q10). کۆئەنزیمی Q10 کە بە CoQ10 ناسراوە، پێکهاتەیەکە کە یارمەتی بەرهەمهێنانی وزە دەدات لە خانەکانتدا. جەستەت بەشێوەیەکی سروشتی CoQ10 بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەرهەمهێنانی لەگەڵ تەمەندا کەمدەبێتەوە. خۆشبەختانە دەتوانیت لە ڕێگەی تەواوکەر یان خۆراکەوە CoQ10 بەدەست بهێنیت. حاڵەتە تەندروستییەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، كێشەی مێشک، شەکرە و شێرپەنجە پەیوەندییان بە کەمی ئاستی CoQ10ـەوە هەیە و تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئاستی نزمی CoQ10 دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشیانە یان لە ئەنجامی ئەو نەخۆشیانەدایە كە ئاستەكەی دادەبەزێت. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی زۆر سوودە تەندروستییە بەرفراوانەکانی CoQ10یان دەرخستووە . لێرەدا هەموو ئەو شتانە دەخەینەڕوو کە پێویستە لەسەر CoQ10 بزانیت.

CoQ10 چییە؟

CoQ10 پێکهاتەیەکە لەلایەن جەستەتەوە دروست دەكرێت و لە مایتۆکۆندریای خانەکاندا هەڵدەگیرێت. مایتۆکۆندریاکان بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی وزە. هەروەها خانەکان لە زیانەکانی ئۆكسێنەر و بەکتریا یان ڤایرۆسەکانی نەخۆشی دەپارێزن. بەرهەمهێنانی CoQ10 لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا کەم دەبێتەوە، بەمشێوەیە پێدەچێت کەسانی بەتەمەن لەم كۆئەنزیمەدا كەموکوڕییان هەبێت.

هەندێک هۆکاری تری کەمی CoQ10 

  • کەمی خۆراکی، وەک کەمی ڤیتامین B6
  • کەموکوڕی بۆماوەیی لە دروستکردن یان بەکارهێنانی CoQ10
  • زیادبوونی داواکاری و بەكارهێنانی لەلایەن شانەکانەوە لە كاتی نەخۆشیدا
  • نەخۆشیەکانی مایتۆکۆندریاڵ
  • فشاری ئۆکسێنەر بەهۆی پیربوونەوە
  • کاریگەری لاوەکی دەرمانی ستاتین

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە CoQ10 چەندین ڕۆڵی سەرەکی لە جەستەتدا دەگێڕێت. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بریتییە لە یارمەتیدانی لە بەرهەمهێنانی وزە لە خانەکانتدا. بەشدارە لە دروستکردنی ئەدینۆسینی سێ فۆسفاتی (ATP)، کە بەشدارە لە گواستنەوەی وزە لەناو خانەکاندا. ڕۆڵێكی گرنگی تری ئەوەیە کە وەک دژە ئۆکسێنەرێک كار بكات و خانەکان لە زیانەکانی ئۆکسان بپارێزێت. ڕێژەیەكی زۆر لە ڕادیکاڵە ئازادەکان دەبنە هۆی تێکچوونی كرداری ئۆکسان، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارکردنی ڕێکوپێکی خانەکان هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین حاڵەتی تەندروستی. بە سەرنجدان لەوەی کە ATP بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەرکەکانی جەستە، هەروەها زیانەکانی ئۆكسێنەر دەبنە وێرانکاری بۆ خانەکان، بۆیە سەیر نییە کە هەندێک نەخۆشی درێژخایەن پەیوەندییان بە ئاستی نزمی (CoQ10)ـەوە هەیە.

CoQ10 لە هەموو خانەکانی جەستەتدا هەیە. بەڵام بە زۆرترین چڕیی لە ئەندامەکاندا دەبینرێت کە زۆرترین پێویستییان بە وزە هەیە، وەک دڵ، گورچیلە، سییەکان و جگەر. ئەمەی خوارەوە لیستێکە لە ٩ سوودی سەرەکی CoQ10.

٩ سوودی سەرەکی CoQ10

١. یارمەتی چارەسەرکردنی سستبوونی دڵ دەدات

زۆرجار سستبوونی دڵ دەرئەنجامی حاڵەتەکانی تری دڵە، وەک نەخۆشیی خوێنبەرەکانی یان بەرزی پەستانی خوێن. ئەم حاڵەتانەش دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی زیانەکانی ئۆكسێنەر و هەوکردنی خوێنبەر و خوێنهێنەرەكان. سستبوونی دڵ کاتێک ڕوودەدات کە ئەم کێشانە کاریگەری لەسەر دڵ هەبێت تا ئەو ڕادەیەی کە نەتوانێت بە بەردەوامی گرژ بێت و خاوبێتەوە یان خوێن بۆ جەستە بنێرێت. لە توێژینەوەیەکدا كە لەسەر ٤٢٠ کەس كرا کە تووشی سستبوونی دڵ بوو بوون، لە كاتی چارەسەرکردنیان بە CoQ10 بۆ ماوەی دوو ساڵ نیشانەکانیان باشتربوو بوو و ئەگەری مردنیان بە کێشەی دڵ کەمکردبوویەوە. هەروەها لە توێژینەوەیەکی تردا ٦٤١ کەسیان بە CoQ10 یان پلاسیبۆ بۆ ماوەی ساڵێک چارەسەر کردووە. لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، ئەوانەی لە گرووپی CoQ10 بوون کەمتر لە نەخۆشخانە خەوێندراون بەهۆی خراپتربوونی سستبوونی دڵ و کەمتر ئاڵۆزی جددییان هەبووە. وا دیارە چارەسەرکردن بە CoQ10 دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە گەڕاندنەوەی ئاستی گونجاوی بەرهەمهێنانی وزە، کەمکردنەوەی زیانەکانی ئۆكسێن و باشترکردنی کارکردنی دڵ، هەموو ئەمانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە چارەسەرکردنی سستبوونی دڵ.

٢. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە توانای منداڵبوون

توانای منداڵبوون لەگەڵ تەمەندا کەم دەبێتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارە و کوالێتی هێلکە. CoQ10 ڕاستەوخۆ بەشدارە لەم پرۆسەیەدا. لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی ژنان، بەرهەمهێنانی CoQ10 خاو دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات جەستەی ژن کەمتر کاریگەر بێت لە پاراستنی هێلکەکان لە زیانەکانی ئۆكسان. تەواوکەری CoQ10 یارمەتیدەربێت و تەنانەت ڕەنگە ئەم دابەزینە لە كوالێتی و بڕی هێلکەدا کە پەیوەندی بە تەمەنی ژنەوە هەیە، پێچەوانە بکاتەوە. بە هەمان شێوە تۆویش هەستیارە بەکاریگەرییەکانی تێکچوونی ئۆکسان، کە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی تۆو و خراپی کوالێتی سپێرم و نەزۆکی پیاوانەوە. چەندین توێژینەوە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە تەواوکەری CoQ10 کوالیتی، چالاکیی و چڕیی سپێرمی پیاوان باشتر بکات بە زیادکردنی پارێزەری دژە ئۆكسان.

 ٣. یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پێستت بە گەنجی بمێنێتەوە

پێست گەورەترین ئەندامی جەستەیە و بەشێوەیەکی بەرفراوان بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵ ماددە زیانبەخشەکان کە دەبنە هۆی پیربوونی. ئەم هۆکارانە دەكرێت ناوەكی یان دەرەکی بن. هەندێک لە هۆکارە زیانبەخشەكانی ناوەوە بریتین لە تێکچوونی خانەکان و ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان. هۆکارە دەرەکییەکان بریتین لە ماددە ژینگەییەکان، وەک تیشکی سەروو وەنەوشەیی. ماددە زیانبەخشەکان دەتوانن ببنە هۆی کەمبوونەوەی شێی پێست و پاراستن لە هێرشكەرانی ژینگەیی، هەروەها تەنکبوونەوەی چینەکانی پێست. بەکارهێنانی CoQ10 ڕاستەوخۆ بۆ پێست دەتوانێت زیانی هۆکارەکانی ناوەكی و دەرەکی کەم بکاتەوە بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە لە خانەکانی پێست و باشتر كردنی پاراستنی دژە ئۆکسێنەر. لە ڕاستییدا دەرکەوتووە کە CoQ10 کە ڕاستەوخۆ دەدرێت لە پێست، زیانەکانی ئۆکسان کەمدەکاتەوە کە بەهۆی تیشکی سەروو وەنەوشەییەوە دروست دەبێت و تەنانەت قووڵی چرچ و لۆچی پێست کەمدەکاتەوە. لە کۆتاییدا، پێدەچێت ئەو کەسانەی كە ئاستی CoQ10 یان نزمە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زیاتر بێت.

٤. دەتوانێت سەرئێشە کەم بکاتەوە

کارکردنی نائاسایی مایتۆکۆندریا دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی وەرگرتنی کالسیۆم لەلایەن خانەکانەوە، بەرهەمهێنانی زۆری ڕادیکاڵە ئازادەکان و کەمبوونەوەی پارارێزەری دژە ئۆکسێنەر. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی وزە لە خانەکانی مێشک و تەنانەت شەقیقە. بەو پێیەی CoQ10 بەشێوەیەکی سەرەکی لە مایتۆکۆندریای خانەکاندا دەژی، دەرکەوتووە کە کارکردنی مایتۆکۆندریا باشتر دەکات و یارمەتی کەمکردنەوەی ئەو هەوکردنە دەدات کە لەوانەیە لە کاتی شەقیقەدا ڕووبدات. لە ڕاستیدا، توێژینەوەیەک كە لەسەر ٤٢ كەس كراوە دەریخستووە کە تەواوکەری CoQ10 ئەگەری کەمکردنەوەی شەقیقەی سێ هێندە زیاترە لە پلاسیبۆ. سەرەڕای ئەوەش، کەمی CoQ10 لە کەسانی تووشبوو بە شەقیقەدا بەدی کراوە. یەکێک لە توێژینەوە گەورەکان دەریخست کە ١٥٥٠ کەس کە ئاستی CoQ10ـیان نزمە، کەمتر سەرئێشەی توندیان هەبووە دوای چارەسەرکردن بە CoQ10. لەمەش زیاتر، وا دیارە کە CoQ10 نەک تەنها یارمەتی چارەسەرکردنی شەقیقە دەدات بەڵکو دەكرێت ڕێگریشی لێ بکات.

٥. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئەنجامدانی وەرزشکردن

فشاری ئۆکسیدی دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارکردنی ماسولکەکان هەبێت و بەمشێوەیەش كاریگەری لەسەر وەرزشکردن دەبێت. بە هەمان شێوە، کارکردنی نائاسایی مایتۆکۆندریا دەتوانێت وزەی ماسولکە کەم بکاتەوە، ئەمەش وا دەکات کە گرژبونی كارای ماسولکەکان و بەردەوامیدان بە وەرزشکردن قورس بێت. CoQ10 دەتوانێت یارمەتی ئەنجامدانی وەرزش بدات بە کەمکردنەوەی فشاری ئۆکسیدی لە خانەکاندا و باشترکردنی كارەكانی مایتۆکۆندریا. لە ڕاستیدا یەکێک لە توێژینەوەکان لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی CoQ10 لەسەر چالاکیی جەستەیی کردووە. ئەوانەی تەواوکەری ١٢٠٠ میلیگرام CoQ10 لە ڕۆژێکدا بەكارهێناوە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ کەمبوونەوەی فشاری ئۆکسیدی دەركەوتووە تیایاندا. جگە لەوەش، تەواوکەری CoQ10 دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی هێز لە کاتی وەرزشکردن و کەمکردنەوەی ماندوێتی، هەردووکیان دەتوانن ئەنجامدانی وەرزشکردن باشتر بکەن.

٦. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ نەخۆشی شەکرە

فشاری ئۆکسیدی دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی خانەکان. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی میتابۆلیزمی وەک شەکرە. هەروەها کارکردنی نائاسایی مایتۆکۆندریا پەیوەندی بە بەرگری ئەنسۆلینەوە هەیە. دەرکەوتووە کە CoQ10 هەستیاری ئەنسۆلین باشتر دەکات و ئاستی شەکری خوێن ڕێکدەخات. تەواوکەری CoQ10 ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی چڕیی CoQ10 لە خوێندا تا سێ هێندە لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە کە بەشێوەیەکی گشتی ئاستی ئەم پێکهاتەیە نزم دەكاتەوە. هەروەها، یەکێک لە توێژینەوەکان لەسەر ئەو کەسانە كرابوو کە جۆری دووەمی شەکرەیان هەبووە تەواوکەری CoQ10یان بۆ ماوەی ١٢ هەفتە پێدرابوو. بەم شێوەیە ئاستی شەکری خوێن و هیمۆگلۆبینی A1C، کە تێکڕای ئاستی شەکری خوێنە لە دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوودا, بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردبوو. لە کۆتاییدا، CoQ10 لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە نەخۆشی شەکرە بە هاندانی تێكشكانی چەوریەکان و کەمکردنەوەی خانە چەورییە كەڵەكەبووەكان کە دەتوانێت ببێتە هۆی قەڵەوی یان جۆری دووەمی شەکرە.

٧. لەوانەیە ڕۆڵی هەبێت لە ڕێگریكردن لە شێرپەنجە

فشاری ئۆکسیدی ناسراوە کە دەبێتە هۆی تێکچوونی خانەکان و کاریگەری لەسەر کارکردنیان هەیە. ئەگەر جەستەت نەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاریی زیانەکانی ئۆکسان ببێتەوە، پێکهاتەی خانەکانت تێکبچێت، لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد بکات. CoQ10 لەوانەیە خانەکان لە فشاری ئۆکسیدی بپارێزێت و بەرهەمهێنانی وزەی خانەیی باشتر بكات، تەندروستی و مانەوەیان بەرەوپێش ببات. ئەوەی جێگای سەرنجە، دەرکەوتووە کە نەخۆشانی شێرپەنجە ئاستی CoQ10 یان کەمترە. ئاستی نزم لە CoQ10 پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسی شێرپەنجەوە هەیە بە ڕێژەی لە سەدا ٥٣.٣ و ئاماژەیە بۆ پێشبینی خراپ بۆ جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە. هەروەها توێژینەوەیەک پێشنیاری کردووە کە تەواوکەری CoQ10 ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی شێرپەنجە.

٨. بۆ مێشک باشە

مایتۆکۆندریاکان بەرهەمهێنەری سەرەکی وزەی خانەکانی مێشکن. کارکردنی مایتۆکۆندریا لەگەڵ تەمەندا کەمدەبێتەوە. تێکچوونی تەواوی مایتۆکۆندریاکان دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی خانەکانی مێشک و نەخۆشیەکانی وەک ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن. بەداخەوە مێشک زۆر هەستیارە بۆ تێکچوونی ئۆكسیدی بەهۆی زۆری ڕێژەی ترشی چەوری و خواستێکی زۆری بۆ ئۆکسجین. ئەم تێكچوونی ئۆکسانە بەرهەمهێنانی پێکهاتەی زیانبەخش بەرز دەکاتەوە کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر یادگە، زانین و ئەرکە جەستەییەکان هەبێت. CoQ10 لەوانەیە ئەم پێکهاتە زیانبەخشانە کەم بکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا توشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن كەمبكاتەوە.

٩. دەتوانێت سییەکان بپارێزێت

لە نێو هەموو ئەندامەکانتدا، سییەکانت زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵ ئۆکسجین هەیە. ئەمەش وایان لێدەکات زۆر هەستیار بن بە تێکچوونی ئۆكسان. زیادبوونی تێكچوونی ئۆکسان لە سییەکان و پاراستنی خراپی دژە ئۆکسێنەر، لەوانەش ئاستی نزم لە CoQ10، دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی سییەکان وەک تەنگەنەفەسی و نەخۆشی درێژخایەنی ڕێگری سییەکان(COPD). سەرەڕای ئەوە، دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی بەدەست ئەم حاڵەتانە دەناڵێنن ئاستێكی کەمتری CoQ10 یان هەیە. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە تەواوکەری CoQ10 هەوکردن لەو کەسانەدا کەمدەکاتەوە کە تووشی تەنگەنەفەسی بوون، هەروەها پێویستییان بە دەرمانی ستیرۆیدە بۆ چارەسەرکردنی. توێژینەوەیەکی تر باشتربوونی توانای وەرزشکردنی دەرخستووە لەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی COPD بوون، ئەمەش لە ڕێگەی ئۆکسجینی باشتری شانەکان و لێدانی دڵەوە تێبینی كرا دوای وەرگرتنی تەواوكەری CoQ10.

سەرچاوەی خۆراکی CoQ10

لە کاتێکدا دەتوانیت بە ئاسانی CoQ10 وەک تەواوکەرێک بەکاربهێنیت، بەڵام دەتوانرێت لە هەندێک خۆراکدا بدۆزرێتەوە. وا دیارە کە CoQ10 بە هەمان شێوە لە شێوەی کەپسول یان لە ڕێگەی خۆراکەکانەوە هەڵدەمژرێت.

ئەم خۆراکانەی خوارەوە CoQ10 یان تێدایە

  • گۆشتی ئەندامەکان: دڵ، جگەر و گورچیلە
  • هەندێک گۆشتی ماسولکەیی: گۆشتی گا و مریشک
  • ماسی چەور: ماسی ترۆت، هێرینگ، ماکرێل و سەردین
  • سەوزە: سپێناخ، قەڕنابیت و برۆکلی
  • میوە: پرتەقاڵ و شلیك
  • پاقلەمەنی: سۆیا، نیسك و بستە
  • چەرەسات و تۆوی: کونجی و فستق
  • زەیتەکان: زەیتی سۆیا و کانۆلا


سەرچاوەکان



213 بینین