کاریگەری وەرزی لەدایکبوون لەسەر کەسایەتی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-04-20:33:00 - کۆدی بابەت: 10543
کاریگەری وەرزی لەدایکبوون لەسەر کەسایەتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری وەرزی لەدایکبوون لەسەر کەسایەتی (بە ئینگلیزی: The effect of the season of birth on personality، بە عەرەبی: أثر موسم الميلاد على الشخصية)، کەسایەتی مرۆڤەکان پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە کە یەکێک لەوانە وەرزی لەدایکبوونە، لەبەر ئەم هۆکارە کەسانی لەدایکبووی هەر وەرزێکی ساڵ کەسایەتییەکی جیاوازیان هەیە.

هۆکاری پەیوەندی کەسایەتی و وەرزی لەدایکبوون

هۆکاری ئەوەی کە وەرزی لەدایکبوون کاریگەری لەسەر ڕەفتاری کەسەکان هەیە، بەهۆی ڕێژەی دۆپامین و سێرۆتۆنین لە وەرزە جیاوازەکاندا، ڕێژەی ئەم هۆرمۆنانە لە هەر وەرزێکدا جیاوازە و کاریگەری درێژخایەنی لەسەر منداڵانی لەدایکبوو دەبێت. کاتێک کە لە سکی دایکتدا بوویت، هەرشتێک کە دایکت ئەزموونی کردبێت تۆش بەهەمان شێوە ئەزموونت کردووە. بۆ نموونە ئەگەر دایک لەکاتی دووگیانیدا تووشی خەمۆکی وەرزی بێت، ئەگەری ئەوەی کە منداڵەکەش لە دوای لەدایکبوون ئەم کێشەیەی هەبێت زۆرە، بەگشتی کاریگەربوونی کۆرپەلە لە مانگەکانی سەرەتادا زیاترە. هەروەها مانگی لەدایکبوونیشی دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەسایەتی هەبێت.

لەدایکبووانی وەرزەکانی ساڵ هەریەکێکیان چ جۆرە کەسایەتییەکیان هەیە؟

کەسایەتی لەدایکبووانی وەرزی بەهار

کەسانی لەدایکبووی وەرزی بەهار، جیاوازی نییە کە لە چ مانگێک لە سێ مانگەکەی بەهار لەدایکبووبن، بەگشتی کەسانێکی گەشبینترن بە بەراورد بە وەرزەکانی تر، بەڵام لەلایەکی ترەوە مەترسی تووشبوون بە خەمۆکیان هەیە، بەتایبەت بۆ کەسانی لەدایکبووی مانگی گوڵان و سەرەتای جۆزەردان زیاترە، لەدایکبووانی بەهار و هاوین کەسانێکن کە وزەیەکی زۆریان هەیە و بیرکردنەوەی ئەرێنییان زیاترە.

کەسایەتی لەدایکبووانی وەرزی هاوین

کەسانی لەدایکبووی وەرزی هاوین زۆربەیان کەسانێکی دڵخۆشن بەڵام بەگشتی هەستەکانیان جێگیر نییە، بەمەش کەمترین کێشە کە بەهۆی ناجێگیری هەستەکانیان دووچاری دەبن، ئەوەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی کەموکوڕی و دەرکەوتنیان وەکوو کەسێکی خاوەن دوو کەسایەتی. تایبەتمەندی گۆڕانی خێرا و بەردەوامی هەستەکان لە نێوان هەستی خەمباری و دڵخۆشی لە کەسانێدا کە لە هاویندا لەدایکبوون، زۆر لەو کەسانە زیاترە کە لەدایکبووی وەرزی زستانن، کەسانی لەدایکبووی هاوین کەمێک خوویان توندترە و زووتریش ئارام دەبنەوە و هەستەکانیان دەگۆڕێت. کاردانەوە ئەرێنییەکان لەلای لەدایکبووانی هاوین و بەهار زیاترە. 

کەسایەتی لەدایکبووانی وەرزی پاییز

کەسانی لەدایکبووی پاییز، هەستەکانیان جێگیرە بەڵام زوو بێزار دەبن، لەکاتێکدا کە کەسانی لەدایکبووی زستان کەمتر ڕووبەڕووی بێزاری دەبنەوە. هەروەها وادیارە کە کەسانی لەدایکبووی پاییز ئەگەری تووشبوونی خەمۆکییان کەمترە بەراورد بە کەسانی لەدایکبووی وەرزی زستان.

کەسایەتی لەدایکبووانی وەرزی زستان

کەسانی لەدایکبووی وەرزی زستان زیاتر دەکەونە ژێر مەترسی تووشبوونی نەخۆشییەکانی وەکوو خەمۆکی وەرزی، خەمۆکی ئاسایی و دووکەسایەتی بوون. لەدایکبووانی زستان بەگشتی کەسانێکی ئارامن، هەروەها کەسانێک کە لە زستاندا لەدایکبوون، ئاسانتر لە کەسانی تر تووشی بێزاری دەبن.

خاڵێکی گرنگ

ئەو زانیارییانەی کە لە سەرەوە باس کرا دەربارەی هەموو کەسێک ڕاست نییە، بەڵام بەگشتی زۆربەی کەسەکان ئەو ڕەفتارانەیان تێدایە، هەروەها دەکرێت مرۆڤ بەبۆماوەیی کەسایەتی بۆ بگوازرێتەوە. کەواتە هیچکات ناتوانرێت بڕیارێکی جێگیر و یەکلاکەرەوە لەم بارەویەوە بدرێت، بەڵام بەهەرحاڵ دەتوانرێت تا ڕادەیەک زۆربەی ڕەفتارەکان دیاری بکرێت. کەواتە ئەگەر دووچاری هەر کێشەیەکی کەسایەتی بوون، سەرەڕای وەرزی لەدایکبوون و هۆکارە ژینگەییەکان، دەبێت لایەنی بۆماوەییش لەبەرچاو بگرن، بۆئەوەی بتوانن لێکدانەوەیەکی باشتر بۆ کەسایەتی و ڕەفتارەکانی خۆتان بکەن.


سەرچاوەکان



271 بینین