دۆپامین

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-31-19:40:00 - کۆدی بابەت: 9626
دۆپامین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دۆپامین (بە ئینگلیزی: Dopamine یان 3,4-dihydroxyphenethylamine، بە عەرەبی: دوبامین) جۆرێکە لە دەمارەگوێزەرەوە کە لە لەشی مرۆڤدا دروست دەبێت و دەرمارە کۆئەندامیش وەک نامەبەرێکی کیمیایی بەکاری دەهێنێت بۆ ناردنی نیشانە و گواستنەوەی زانیاری لەنێوان دەمارەخانەکاندا. دۆپامین سەر بە خێزانی کاتیکۆڵەمین و فینئیسیلەمینەکانە لە مێشکدا. ئەم دەمارەگوێزەرەوەیە ڕۆڵی هەیە لە هەستکردن بە دڵخۆشی و بەشێکی گەورەی تواناکانی مرۆڤ بۆ جووڵە، بیرکردنەوە و پلاندانان پێک دەهێنێت. هەروەها یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ تێکۆشان، سەرنجدان و دۆزینەوەی حەز و خولیاکان.

دۆپامین بە چوار ڕێڕەوی سەرەکی لەلایەن مێشکەوە دەردەپەڕێت و کار لە فەرمانەکانی جەستە دەکات، وەک زۆربەی سیستمەکانی تری لەش، مرۆڤ هەست بە بوون و کارکردنی دۆپامین ناکات لە لەشیدا مەگەر ئەو کاتەی تووشی کێشەیەک دەبێت. ڕێژەی زۆر یان کەمی دۆپامین دەتوانێت کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی دروست بکات، کە هەندێکیان کێشەی جدین وەکوو نەخۆشیی پارکینسن.

دۆپامین بەشێوەیەکی ئاسایی کار لە زۆر فەرمانی ڕەفتاری و جەستەیی دەکات، وەکوو:

پێکهاتە و تایبەتمەندی

دۆپامین ماددەیەکی ئەندامیی کیمیایییە شێوگەکەی بریتییە لە (C8H11NO2)، هەر وەک ئیپینەفرین و نۆرئیپنەفرین سەر بە خێزانی کاتیکۆڵەمینەکانە (Catecholamines)، واتا کاتیکۆڵ لە پێکهاتەیدا هەیە (کاتیکۆڵ: ماددەیەکی ئەندامییە و پێکهاتووە لە ئەڵقەیەکی بەنزین و دوو کۆمەڵەی فەرمانیی هایدرۆکسیل).

دۆپامین پێکهاتووە لە کاتیکۆڵێک لەگەڵ کۆمەڵەیەکی ئەمین کە بە زنجیرەیەکی ئیسایل بە کاتیکۆڵەکەوە بەستراوە. بوونی ئەڵقەی بەنزین و کۆمەڵەی ئەمین لە پێکهاتەی دۆپامیندا وای لێ دەکات ببێت بە فێنئیسیلەمینێکی گۆڕاو (Phenethylamine)، کە ئەویش خێزانێکە زۆربەی دەرمانە دەروونچالاکەکان لەخۆ دەگرێت.

وەک زۆربەی ئەمینەکان، دۆپامینیش تفتێکی ئەندامییە کە لە ناوەندە ترشەکاندا هایدرۆجین وەردەگرێت، بەمەش دەبێتە ماددەیەکی نیمچە جێگیر و لەئاودا تواوە، بەڵام دەکرێت بئۆکسێنرێت ئەگەر بەر ئۆکسجین یان ئۆکسێنەرەکانی تر بکەوێت. هەروەها لە ناوەندە تفتەکاندا دۆپامین هایدرۆجین وەرناگرێت، بەمەش وەک تفتێکی سەربەست دەمێنێتەوە، بۆیە کەمتر لە ئاودا دەتوێتەوە و ناجێگیرە واتا چالاکە و کارلێک دەکات.

بەهۆی جێگیری و لەئاودا توانەوەی دۆپامینی هایدرۆجین بۆ زیادکراو یان پڕۆتۆن بۆ زیادکراو، ئەوا دۆپامین وەک دەرمان لە شێوەی ترشی هایدرۆکلۆراید دۆپامین وەردەگیرێت کە خوێی هایدرۆکلۆراید لە ئەنجامی کارلێکی نێوان ترشی هایدرۆکلۆریک و دۆپامیندا دروست بووە، کە هایدرۆجینێکی ترشەکە بۆ دۆپامین زیاد بووە، بەمەش دەتوانرێت وەک دەرمان بەردەست بێت.

دروستبوون و تێکشکان

دۆپامین لە کۆمەڵە خانەیەکی دیاریکراودا بەرهەم دێت کە بەزۆری لە دەمارەخانەکان لە مێشک و خانەکانی کڕۆکی ڕژێنی ئەدریناڵ لە گورچیلەدا بەرهەم دێت. دۆپامین ٨٠٪ـی کاتیکۆڵەمینەکانی مێشک پێک دەهێنێت و لە میانەی دوو پڕۆسە لە مێشک و گورچیلەکاندا دروست دەبێت، لە سەرەتادا ترشە ئەمینیی تایرۆسین بۆ ماددەی لیڤۆ-دۆپا دەگۆڕدرێت، دواتریش ئەنزیمی لێکەرەوەی کاربۆکسیلی دۆپا (DOPA decarboxylase) بە لێکردنەوەی کۆمەڵەی کاربۆکسیل ماددەی لیڤۆ-دۆپا بۆ دۆپامین دەگۆڕێت.

دروستکەرە ڕاستەوخۆکەی دۆپامین کە لیڤۆدۆپایە دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە ترشی ئەمینیی نابنچینەییی تایرۆسین یانیش بە ناڕاستەوخۆ لە ترشی ئەمینیی بنچینەییی فێنیڵئەلانین (Phenylalanine) دروست ببێت. ئەم دوو ترشە ئەمینییە لە زۆربەی پڕۆتینەکاندا بوونیان هەیە، بۆیەش دەکرێت لە زۆر سەرچاوەی خۆراکیی وەکوو بەرهەمە ئاژەڵییەکان، مۆز، سێو، بادەم، ئاڤۆکادۆ، چۆکلێت، قاوە و ماسی بەدەست بهێنرێن کە یارمەتیی بەرزکردنەوەی ‌ئاستی دۆپامین دەدەن لە لەشدا، بەڵام دۆپامینەکە ناتوانێت بگاتە نێو مێشک چونکە ناتوانێت بەربەستی نێوان مێشک و خوێن ببڕێت، بۆیە پێویستە دۆپامین لەنێو مێشکدا دروست ببێت بۆ ئەوەی چالاکییە دەمارییەکانی ئەنجام بدات.

هەروەها دۆپامین خۆی وەک دروستکەر لە دروستکردنی دەمارەگوێزەرەوەکانی ئیپینەفرین و نۆرئیپینەفرین بەکاردێت بە بوونی چەند ئەنزیمێک و هاوهۆکارێک، کە بەهۆی ئەنزیمی لێکەرەوەی بێتا هایدرۆکسیلی دۆپامین بۆ نۆرئیپینەفرین (نۆرئەدریناڵین) دەگۆڕدرێت، هەروەها نۆرئیپینەفرینیش بەهۆی ئەنزیمی گوازەرەوەی ئێن-مەسیلی فێنیڵئیسانۆڵەمین (Phenylethanolamine N-methyltransferase) بۆ ئیپینەفرین (ئەدریناڵین) دەگۆڕدرێت.

دۆپامین ماددەیەکی گرنگە کە جگە لە فەرمانە گرنگەکانی خۆی ڕوڵی هەیە لە دروستبوونی ئیپینەفرین و نۆرئیپینەفرینیشدا، هەندێک لە ئەنزیم و هاوهۆکارەکان پێویستە خۆیان دروست ببن بۆئەوەی یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی دۆپامین بۆ ئەم دوو دەمارەگوێزەرەوەیە، کەواتە کەمیی دۆپامین یان کەمیی ئەنزیم و هاوهۆکارە بەشدارەکان ڕۆڵیان هەیە لە کەمیی بەرهەمهێنانی ئەم دوو دەمارەگوێزەرەوەیە، کە بەشێکی گرنگی فەرمانەکانی جەستە پێک دەهێنن.

تێکشکانی دۆپامین لەڕێی چەند ئەنزیمێکەوە ڕوودەدات کە بریتین لە ئەنزیمی ئۆکسێنەری یەکەئەمینی (MAO)، ئەنزیمی گوازەرەوەی ئۆ-مەسیلی کاتێکۆڵ (COMT) لەگەڵ ئەنزیمی لێکەرەوەی هایدرۆجینی ئەڵدیهاید (ALDH) کە بە ڕیزبەندی کار دەکەن بۆ تێکشکاندنی دۆپامین. لە میانەی کردەی زیندەگۆڕانی دۆپامیندا (Dopamine metabolism) کۆتا بەرهەم بریتییە لە ترشی هۆمۆڤانێلیک (HVA) کە بە زیندەگۆڕاوێکی سەرەکیی کاتیکۆڵەمینەکان دادەنرێت کە ناچالاکە و لەلایەن گورچیلەکانەوە لە خوێن دەپاڵێورێت و لەڕێی میزەوە دەردەکرێت. 

ترشی هێمۆڤانێلیک پەیوەندیی هەیە بە بڕی دۆپامین لە مێشکدا و وەک ناسەرەوە بۆ دیاریکردنی ئەنزیمە ئۆکسێنەرەکان بەکاردێت، هەروەها لە توێژینەوە کلینیکییەکانی نەخۆشیی شیزۆفرینیادا پێوانەی بڕی ترشی هێمۆڤانێلیک لە پلازمادا بۆ خەمڵاندنی ئاستی چالاکیی دۆپامینی مێشک بەکارهێنراوە.

جگە لەوەی کە دۆپامین بەهۆی ئەنزیمە ئۆکسێنەر و لێکەرەوەکان (Oxidoreductase) تێک دەشکێنرێت، بەڵام خۆشی لەبار و ئامادەیە کە کردەی ئۆکسانی بەسەردا بێت لەڕێی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە ئۆکسجینەوە بۆ نموونە بەهۆی هەبوونی ماددەی ئاسن، ئەمەش وادەکات کوینۆن و تەنۆلکەی سەربەست بەرهەم بهێنێت کە خانەکان ژەهراوی دەکەن و بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم میکانیزمە پەیوەندیی بە لەدەستدانی هەندێک خانە هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشیی پارکینسن و نەخۆشییەکانی تر.

میکانیزمی کارکردن و فەرمانەکانی دۆپامین

لەسەر ئاستی خانە

ئامانجەکانی دۆپامین 

دۆپامین لەڕێی یەکگرتنی لەگەڵ وەرگرەکانی لەسەر ڕووی خانەکان فەرمانەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، دۆپامین پێنج ژێرجۆری جیاوازی وەرگری هەیە کە هەموویان ئەندامی خێزانی وەرگرەکانی جووتبوو بە پڕۆتین جین (Gprotein-coupled receptor)، ئەم ژێرجۆرانەش بۆ دوو کۆمەڵەی سەرەکی دابەش دەبن کە بریتین لە وەرگرەکانی دۆپامینی یەکەم و دووەم (D1 و D2) کە کاردەکەنە سەر وەستاندن یان هاندانی نامەبەری دووەم کە بریتییە لە ئەدینۆسینی یەکەفۆسفاتیی ئەڵقەیی (Cyclic AMP)، بۆ گواستنەوەی نیشانەکان لە مێشکەوە بۆ خانەکانی لەش، لەڕێی وەرگرتنی نیشانەکان لە دەمارەگوێزەرەوەکانەوە. بۆیە ناکرێت بوترێت کە دۆپامین ماددەیەکی وریاکەرەوەیە یان وەستێنەرە، چونکە هەردوو کارەکە دەکات بەپێی جۆری ئەو وەرگرەی کە لەگەڵی یەک دەگرێت دەکرێت نیشانەی وەستێنەر یان وریاکەرەوە بۆ خانەکانی جەستە بنێرێت.

وەرگری D1: ئەم کۆمەڵەیە وەرگرەکانی ژێرجۆری D1 و D5 دەگرێتەوە کە لەڕێی جووتبوونیان لەگەڵ پڕۆتینی Gs هانی دروستبوونی ئەدینۆسینی یەکەفۆسفاتیی ئەڵقەیی (Cyclic AMP) دەدەن لەنێو خانەدا. وەرگری D1 بەڕێژەیەکی زۆر لە مێشکدا بوونی هەیە، کاریگەریی چالاککردنی وەرگرەکانی D1 لە دەمارەخانەکاندا دەبێتە هۆی چالاککردن یان ڕاگرتنی فەرمانی دەمارەکە.

وەرگری D2: ئەم کۆمەڵەیە وەرگرەکانی ژێرجۆری D3، D2 و D4 دەگرێتەوە کە لەڕێی جووتبوونیان لەگەڵ پڕۆتینی Gαi و Gαo ڕێگری لە دروستبوونی ئەدینۆسینی یەکەفۆسفاتیی ئەڵقەیی دەکەن لەنێو خانەدا. هەروەها جۆگەکانی پۆتاسیۆم چالاک دەکەن و چوونەژوورەوەی کالسیۆم بۆ نێو خانە کەمدەکەنەوە لەڕێی چالاککردنی جۆگە ئایۆنییەکان. کاریگەریی چالاککردنی وەرگرەکانی D2 لە دەمارەخانەکاندا دەبێتە هۆی ڕاگرتنی فەرمانی دەمارەکە.

وەرگرەکانی (TAAR): جۆرێکی دەگمەنی وەرگرەکانن کە ئاستی ئەدینۆسینی یەکەفۆسفاتیی ئەڵقەیی و کالسیۆم لەنێو خانەدا زیاد دەکەن.

هەڵگرتن، بەڕەڵابوون و هەڵمژینەوە 

لە مێشکدا دۆپامین وەک دەمارەگوێزەرەوەیەک کاردەکات، دۆپامین دوای ئەوەی دروست دەبێت لە سایتۆسۆلەوە بۆ گەیێنکە چیکڵدانەی دەمارەخانەکە دەگوازرێتەوە و لەوێ هەڵدەگیرێت تا ئەو کاتەی بەڕەڵادەبێتە نێو گەیێنکە قڵێشەوە، لەوکاتەی کە دۆپامین لە گەیێنکە قڵێشدایە ئەوا لەگەڵ وەرگرەکانی یەکدەگرێت و چالاکیان دەکات کە ئەمانەش وەرگری دوای گەیێنکەن کە کەوتوونەتە نێو لقوپۆپەکانی دەمارەخانەکان. بەمشێوەیەش دۆپامین لەکاتی بوونی ئەرکی کاردا نیشانەکان لە مێشکەوە بۆ خانەکانی لەش دەگوازێتەوە، لەدوای وەستاندنی ئەرکی کار لەلایەن دەمارخانەکانی دوای گەیێنکەوە ئەوا گەردەکانی دۆپامین بەخێرایی لە وەرگرەکانیان جیادەبنەوە، لەم حاڵەتەشدا دووبارە مژینەوە یان هەڵمژینەوە دەست پێ دەکات کە دۆپامینی سەربەست بۆ نێو خانەی پێش گەیێنکە هەڵدەمژرێتەوە بەمەش دۆپامین دووبارە دەچێتەوە سایتۆسۆل، لێرەدا دەکرێت دۆپامینەکە تێک بشکێنرێت و شی ببێتەوە یاخوود دووبارە ڕێکبخرێتەوە بۆ نێو چیکڵدانەکان و بۆ بەڕەڵابوونێکی تر ئامادە بکرێت.

لە دەمارە کۆئەندامدا

دۆپامین لە مێشکدا کۆمەڵێک فەرمانی گرنگی هەیە کە بریتین لە، فەرمانە جێبەجێکارییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی جووڵە، هاندان، بەئاگایی، دووپاتکردنەوە و پاداشت، لەگەڵ هەندێک فەرمانی تر وەک شیردان، چێژوەرگرتنی سێکسی و دڵتێکچوون. خانە دۆپامینییەکان (ئەو خانانەی دۆپامین بەرهەم دەهێنن) لەگەڵ ڕێڕەوەکانی بڵاوکردنەوەی دۆپامین بەیەکەوە سیستمی دۆپامینی پێک دەهێنن، لە مێشکدا ژمارەیەکی کەمی دەمارەخانەکانی دۆپامینی بوونیان هەیە کە ژمارەیان نزیکەی ٤٠٠ هەزار دەمارەخانە دەبێت.

هەندێک لەم دەمارەخانە دۆپامینیانەی مێشک لە بەشێکی بچووکی ناوەندە دەماخ بە ناوی (substantia nigra) بوونیان هەیە کە لەڕێی ڕێڕەوی (nigrostriatal pathway) کاردەکەن و ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆنتڕۆڵکردنی جووڵە و فێربوونی لێهاتوویییە جووڵەییەکان هەیە، ئەم دەمارەخانانە مەترسیی زیانپێگەیشتنیان هەیە و ئەگەر ڕێژەیەکی زۆریان لەنێو بچن ئەوا لە ئەنجامدا نەخۆشیی پارکینسن دروست دەبێت کە بریتییە لە دروستبوونی جووڵەی نەخوازرا و لەرزین.

هەندێکی تر لە دەمارەخانە دۆپامینییەکانی مێشک لە بەشێکی تری ناوەندە دەماخدا بە ناوی (VTA) بوونیان هەیە کە لەڕێی دوو ڕێڕەوی (Mesocorticolimbic pathway) کار دەکەن و ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاداشت و لایەنەکانی تری هانداندا هەیە، ئەم ڕێڕەوە بە سیستمی پاداشت یان خەڵات (Reward system)ـی مێشک ناسراوە کە بەرپرسە لە هاندانی مرۆڤ بۆ ئەو کارانەی کە هەستی خۆشیی پێ دەبەخشن.

هەندێکی تر لەو خانانە دەکەونە ناوکی ژێرلانکەوە لەڕێی ڕێڕەوی (tuberoinfundibular pathway) دۆپامین بۆ ژێرمێشکە ڕژێن دەنێرن کە لەوێوە لەڕێی یەکگرتن لەگەڵ وەرگری D2 کاریگەریی دەخاتە سەر دەردانی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین و دەردانەکەی دەوەستێنێت، هەروەها لە کاتی نەبوونی دۆپامیندا خانەکانی پڕۆلاکتین بە بەردەوامی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین دەردەدەن، بۆیە زۆرجار دۆپامین بە هۆڕمۆنی وەستێنەری پڕۆلاکتین دەناسرێت کە شیردانی مەمکەکان دەوەستێنێت.

هەندێکی تر لە دەمارەخانە دۆپامینییەکان دەکەونە بەشێکی تری ژێرلانک بە ناوی (zona incerta) کە بەشدارن لە کۆنتڕۆڵکردنی هۆڕمۆنی دەرپەڕاندنی گۆنادۆترۆپین کە بەرپرسە لە چالاککردنی گەشەی نێرە کۆئەندامی زاوزێ و مێیە کۆئەندامی زاوزێ لەدوای قۆناغی هەرزەکارییەوە.

کۆمەڵەیەکی تری خانە دەردەرەکانی دۆپامین لە تۆڕەی چاودا بوونیان هەیە کە بەزۆری لە ڕۆژدا دۆپامین دەردەدەن، لێرەدا دۆپامین چالاکیی خانەی قووچەکیی تۆڕەی چاو زیاد دەکات و چالاکیی خانەی چیلکەییی تۆڕەی چاو کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستیاریی وەرگرەتیشکییەکانی چاو بۆ ڕەنگ و تیشکە درەوشاوەکان.

لە دەرەوەی دەمارە کۆئەندامدا

دۆپامین بەربەستی نێوان مێشک و خوێن نابڕێت، واتا ئەو دۆپامینەی کە لە خانە دۆپامینییەکانی مێشک دروست دەبێت ناتوانێت بگاتە بەشەکانی تری جەستە، بەڵام دۆپامین جگە لە مێشک لەلایەن چەند خانەیەکی تریشەوە بەرهەم دێت، بۆیە دروستبوون و فەرمانی دۆپامین لە چێوە ناوچەکان (ناوچەکانی تری جەستە جگە لە دەمارە کۆئەندام) هیچ پەیوەندییەکی بە دروستبوون و فەرمانی دۆپامینی مێشکەوە نییە.

ئەو بڕە دۆپامینە سەربەستەی کە لە خوێندا هەیە زۆرجار لەلایەن خانەکانی تری جەستەوە بەرهەم دێت کە دەکرێت لەگەڵ وەرگرەکانی لە جەستەدا یەک بگرێت یان بگۆڕێت بۆ نۆرئیپینەفرین یانیش زیندەگۆڕانی بەسەردا بێت و لەڕێی میزەوە دەربکرێت. هەندێک لە وەرگرەکانی دۆپامین لەنێو دیواری خوێنبەرەکاندا بوونیان هەیە کە وەک فراوانکەری لوولەخوێنەکان و وەستێنەری دەردانی نۆرئیپینەفرین کار دەکەن.

لە هەریەک لەم کۆئەندام و ئەندامانەدا دۆپامین ڕاستەوخۆ لەلایەن خانەکانی ئەندامەکەوە دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر خانەکانی دەوروبەری دروست دەکات:

دۆپامین و خۆشی

دۆپامین هاوشانی سیرۆتۆنین، ئۆکسیتۆسین و ئیندۆرفین یەکێکە لە چوار هۆڕمۆنەکەی هەستکردن بەباشی (Feel-good hormones). دۆپامین وەک بەشێک لە سیستمی پاداشتی مێشک یارمەتیدەرە لە هەستکردن بە چێژ و خۆشی، (Reward system: کۆمەڵێک پێکهاتەی دەمارییە کە بەرپرسن لە هاندان بۆ جێبەجێکردنی ئیشێک، واتا بەرپرسن لە دروستبوونی حەز و ویست بۆ وەرگرتنی پاداشت لەلایەن مێشکەوە). بۆ نموونە بۆنکردنی بۆنی کولیچەیەک لەنێو فڕندا، بازاڕکردن، جووتبوون هەموویان هانی دەرپەڕاندنی دۆپامین دەدەن لەلایەن مێشکەوە، مێشک ئەم دەرپەڕاندنەی دۆپامین بە هەستی خۆشی دەبەستێتەوە و سیستمی پاداشتی مێشک دروست دەکات کە وادەکات هەست بە ئاسوودەبوون بکەیت لە پاداشتی ئەو کارەی ئەنجامت داوە، بۆ نموونە کاتێک کولیچەیەکی خۆش یان هەر خواردنێک دەخۆیت کە بەلاتەوە خۆشە و بەدڵتە هەست بەباشی دەکەیت، ئەمەش بەسەر هەموو شتێکی تردا دەسەپێت، بۆ نموونە جووتبوون، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کە ئاستی دۆپامین زیاد دەکات و هەستی دڵخۆشیت پێ دەبەخشێت.

ئەم دەمارەگوێزەرەوەیە جگە لە هەستی خۆشی بەرپرسیشە لە بەهێزکردن یان دووپاتکردنەوە، بۆ نموونە کاتێک کولیچەیەکی خۆش دەخۆیت و بەدڵتە دووبارە دانەیەکی تر یان چەند دانەی تری لێ دەخۆیت.

لایەنە خراپەکەی دۆپامین بریتییە لە هەستکردن بە پاداشتی زۆر و زۆربۆهاتنی دووپاتکردنەوەی زۆر لەسەر شتێک، بۆ نموونە لەکاتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا ئاستی دۆپامین زۆر بەرز دەبێت کە سیستمی پاداشت چالاک دەبێت و دووپاتکردنەوە زۆر دەبێت تا دەگاتە ڕاددەی ئالوودەبوون.

ڕۆڵی دۆپامین لە تەندروستیی دەروونیدا

کارێکی قورسە کە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان دیاری بکرێت، بەڵام زۆرجار پەیوەندییان بە ڕێژەی زۆر و کەمی دۆپامینی مێشکەوە هەیە. 

شیزۆفرینیا

زۆری ڕێژەی دۆپامین لە بەشە جیاوازەکانی مێشکد دەبێتە هۆی دروستبوونی وەهم و هەلوەسە کە نیشانەی نەخۆشیی شیزۆفرینیان. هاوکات کەمیی دۆپامین لە بەشە جیاوازەکانی مێشکدا دەبێتە هۆی کەمیی هاندان، ویست و ئارەزوو.

کەمیی هۆشپێدان و فرەجووڵەیی 

هۆکاری ئەم حاڵەتە بە ڕاستی و دروستی نەزانراوە، هەندێک لە توێژینەوەکان پێیان وایە کە بەهۆی کورتهێنانی دۆپامینەوە بێت، هەروەها دەکرێت پەیوەندیی بە بۆماوەوە هەبێت. هەندێک لە دەرمانەکانی ئەم نەخۆشییە وەکوو ڕیتالین (مەسیلفێنیدەیت) لەڕێگەی زیادکردنی ڕێژەی دۆپامینەوە کاردەکەن.

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئالوودەبوون

ماددە هۆشبەرەکانی وەکوو کۆکایین دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونێکی خێرا و بەرچاوی دۆپامین لە مێشکدا کە سیستمی سروشتیی پاداشت بەشێوەیەکی بەرچاو قایل دەکەن لەڕێی چێژوەرگرتن و دڵخۆشییەوە. بەڵام بەکارهێنانی بەردەوامی ماددەی هۆشبەر سنوور بۆ ئەم جۆرە دڵخۆشییە دادەنێت، واتا بەهۆی دووپاتکردنەوەی مێشک پێویست دەکات بڕێکی زیاتر لە دەرمانەکە وەربگریت بۆ ئەوەی هەمان بڕە زۆرەکەی دۆپامین و دڵخۆشی ببەخشێت، لەهەمانکاتیشدا ماددە هۆشبەرەکان وا لە جەستە دەکەن چیتر نەتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی دۆپامین بەرهەم بهێنێت، ئەمەش وا دەکات لەو کاتانەی ماددەکە بەکارناهێنیت کەمتر هەست بە دڵخۆشی بکەیت، بۆیە کەسەکە ئالوودە دەبێت و پشت بە دەرمانەکە دەبەستێت.

گەر بەشێوەیەکی ورد باس لە سیستمی پاداشت و دووپاتکردنەوەی مێشک بکرێت، فەرمانی ڕێڕەوی پاداشت بریتییە لەوەی کە هەوڵدەدات کەسەکە بە زیندوویی بهێڵێتەوە لەڕێی هاندان و پاداشتکردنی، واتا پاداشتت دەکات لەکاتی ئەنجامدانی کارێک کە دەبێتە هۆی دڵخۆشکردن یان پەرەپێدانی ژیانت، هەر لە خواردن تاوەکوو بەدەستهێنانی ئامانجێک، پاداشتەکە بریتییە لە دەردانی ماددەی وەکوو دۆپامین کە هەستی دڵخۆشی بە مرۆڤ دەبەخشێت، لە حاڵەتی ئاساییدا ئەمە سوودبەخشە و یارمەتی باشبوون و دڵخۆشبوون دەدات و هانی کەسەکە دەدات لەوەی شتانێک بکات کە دڵخۆشی دەکەن، بەڵام ئەم ڕێڕەوی پاداشتە دەکرێت لەلایەن ماددە هۆشبەرەکان یان هەر شتێکی تر کە دەبێتە هۆی ئالوودەبوون دەستی بەسەردا بگیرێت کە دەبێتە هۆی زیاد ورووژانی ڕێڕەوی پاداشت و دەردانی بڕێکی زۆری دۆپامین بەبێ ئەوەی کەسەکە هیچ کارێکی ئەنجام دابێت. 

لەکاتی بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان تەنانەت سەیرکردنی پۆرن، بە تێپەڕبوونی کات ئەم ماددانە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مێشکدا، واتا کەسەکە پێویستی بە بڕێکی زۆر و زۆرتر دەبێت تا هەست بە دڵخۆشییەکی زیاتر بکات ئەمەش بەهۆی ئەوەوە ڕوودەدات کە مێشک هەوڵ دەدات خۆی لەگەڵ ئەو بڕە زۆرەی دۆپامین بگونجێنێت کە دەردەدرێت و خۆی لێ بپارێزێت ئەویش لەڕێی بلۆککردنی وەرگرەکانی دۆپامین لە مێشکدا بۆیە دۆپامینەکە ئەگەر زۆریش بێت ناتوانێت لەگەڵ وەرگرەکانی یەکبگرێت و فەرمانی خۆی بەجێ بگەیەنێت کە پێدانی هەستی دڵخۆشییە، بۆیە کەسەکە ماددەی زیاتر بەکار دەهێنێت و پشت بە ماددەکە دەبەستێت بۆ وەرگرتنی تەنانەت دڵخۆشییەکی ئاسایی.

دۆپامین و نەخۆشییەکانی تر

نەخۆشیی پارکینسن

دۆپامین توانا بە هەندێک لە دەرمارەخانەکانی مێشک دەات کە کۆنتڕۆڵی جووڵە بکەن، لە نەخۆشیی پارکینسندا ئەم دەمارەخانانە لەنێودەچن و چیتر نیشانەیەک نییە کە بۆ مێشک بنێردرێت، بۆیەش مێشک دۆپامینی کەمتر بەرهەم دەهێنێت، ئەم ناهاوسەنگییە کیمیایییەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەی جەستەیی، وەکوو لەرزین، ڕەقبوون، هێواشی لە جووڵە، جووڵەی نەخوازراو، ناهاوسەنگیی لەش. پزیشکەکان ئەم نیشانانە بە دەرمانەکانی دۆپامین چارەسەر دەکەن کە وا دەکەن ئاستی دۆپامینەکە بەرز بکەنەوە، بەڵام دەمارەخانە لەنێوچووەکان هیچ چارەسەرێکیان نییە.

قەڵەوی

ئەو کەسانەی خواردنی زۆر دەخۆن و کەم دەجووڵێن قەڵەو دەبن، باشە ئەی بۆچی ئەوانەی قەڵەون تەنیا کەمتر ناخۆن و کێشیان داببەزێنن؟ وەڵامەکەی ئاڵۆزە، لەئێستادا توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دەکرێت ئەم کەسانە کێشە و بەربەستێکیان هەبێت کە کەسانی تر نیانە، واتا کێشەیان لە سیستمی سروشتیی پاداشتی مێشکدا هەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر بڕی ئەو خواردنە دەبێت کە دەیخۆن بەرلەوەی پێی ڕازی ببن یان تێر ببن. توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لەم جۆرە کەسانەدا جەستە بڕێکی پێویستی دۆپامین و هۆڕمۆنەکانی تری هەستکردن بەباشیی وەکوو سیرۆتۆنین بەرهەم ناهێنێت.

ئازار 

نزمبوونەوەی ئاستی دۆپامین پەیوەندیی بە دروستبوونی ئازار هەیە، بۆ نموونە لە هەندێک نەخۆشیی وەکوو پارکینسن یان کۆنیشانەی بێئۆقرەییی قاچەکان.

دڵتێکچوون

دڵتێکچوون و ڕشانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن لاکێشەمۆخی قەدی دەماخەوە دیاری دەکرێن، لە ناوچەیەکدا کەپێی دەوترێت ناوچەی هاندەری وەرگری کیمۆیی (CTZ) کە نیشانە لە هۆڕمۆن و دەرمانەکانەوە وەردەگرێت و پەیوەندی بە ناوەندی ڕشانەوەی مێشکەوە دەکات بۆ ئەوەی دەست بە ڕشانەوە بکرێت. لەم ناوچەیە ڕێژەیەکی زۆر لە وەرگری دۆپامین D2 بوونی هەیە، بۆیە هەر دەرمانێک کە ئەم وەرگرە چالاک بکات ئەوا کاریگەریی دڵتێکچوون و ڕشانەوەی دەبێت، وەکوو ئەو دەرمانانەی کە بۆ پارکینسن وەردەگیرێن، یان هەر دەرمانێکی تری هاندەری دۆپامین وەکوو ئەپۆمۆڕفین. هەروەها دەرمانەکانی دژمنی وەرگری D2 کە چالاکیی وەرگرەکە ڕادەگرن لە چارەسەری دڵتێکچوون و ڕشانەوە بەکاردێن، وەکوو میتۆکلۆپرەماید کە دەرمانێکی دژەدڵتێکچوونە.


سەرچاوەکان

93 بینین