شێرپەنجەی جگەر

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-08-12:45:00 - کۆدی بابەت: 10586
شێرپەنجەی جگەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێرپەنجەی جگەر (بە ئینگلیزی: Liver cancerبریتییە لە شێرپەنجە کە لە خانەکانی جگەرەوە دروست دەبێت. جگەر ئەندامێکی بە قەبارەی تۆپی پێیە، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک، لەژێر ناوپەنچک و سەرووی گەدە.

چەند جۆرێک شێرپەنجە لە جگەردا دروست دەبێت، باوترین جۆری شێرپەنجەی جگەر بریتییە لە (hepatocellural carcinoma).

شێرپەنجە کە بۆ جگەر دەگوازرێتەوە زیاتر باوترە بە بەراورد بەو شێرپەنجەیەی لە جگەردا دروست دەبێت. ئەو شێرپەنجەیەی لە بەشەکانی تری جەستە وەک کۆلۆن، سی یان مەمک دروست دەبێت و دواتر بۆ جگەر دەگوازرێتەوە پێی دەوترێت شێرپەنجەی تەشەنەکردوو نەک شێرپەنجەی جگەر، ئەم جۆرەی شێرپەنجە بە ناوی ئەو ئەندامەوە ناو دەنرێت کە یەکەمجار شێرپەنجەکەی لێ دروست بووە، بۆ نموونە شێرپەنجەی گەشەکردووی کۆلۆن ئەم دەستەواژەیە بۆ وەسفکرنی شێرپەنجەیەک کە لە کۆلۆنەوە دروست بووە،بەڵام بۆ جگەر گوازراوەتەوە بەکاردێت.

شێرپەنجەی جگەر کاتێک کە گۆڕان لە ناوکە ترشی DNA خانەکانی جگەردا ڕوودەدات دروست دەبێت. ڕەنگە ئەم گۆڕانە ببێتە هۆی گەشەکردنی خانەکانی جگەر زیاتر لە ئاستی ئاسایی خۆیان و دواتر ببنە هۆی دروستبوونی لوو. هەندێک کات هۆکاری شێرپەنجەی جگەر دەزانرێت بۆ نموونە وەک هەوکردنی جگەر، بەڵام لە هەندێک نەخۆشیشدا هۆکارەکەی نەزانراو دەبێت.

شێرپەنجەی خانەکانی جگەر

نیشانەکان

زۆربەی خەڵکی لە قۆناغە سەرەتایییەکانی شێرپەنجەی جگەردا هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام کاتێک نیشانەکان دەردەکەون بریتین لە:

  • دابەزینی کێش
  • نەمانی ئارەزووی خواردن
  • ئازاری بەشی سەرەوەی سک
  • دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
  • هەستکردن بە ماندوویەتی
  • هەڵئاوسانی سک
  • زەردبوونی پێست
  • گۆڕانی ڕەنگی پیسایی

خۆپاراستن

  • برینداربوونی جگەر یەكێکە لە هۆکارەکان کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر زیاد دەکات، کەمبوونەوەی ئەگەری برینداربوونی جگەر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون به شێرپەنجەی جگەر. مانەوە بە کێشێکی تەندروست ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی برینداربوونی جگەر. ئەگەر کێشێکی تەندروستت هەیە، هەوڵبدە بە ڕاهێنانی باش و خۆراکی باش پارێزگاری لێ بکەیت. ئەگەر کێشت لە ئاستی ئاسایی زیاترە، بە وەرزشکردن و خواردنی تەندروست کێشت کەم بکەرەوە.
  • وەرگرتنی پێکووتە یان ڤاکسین
  • دەتوانرێت ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی جگەری جۆری B بە وەرگرتنی ڤاکسینی جگەری جۆری B کەم بکرێتەوە. هەموو کەسێک دەتوانێت ئەم جۆرە ڤاکسینە بەکاربهێنێت، تەنانەت بۆ منداڵانیش دەکرێت بەکاربهێنرێت.
  • هیچ ڤاکسینێک بۆ شێرپەنجەی جگەری جۆری C نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەکرێت خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بکرێت.
  • گرنگە پێش هاوسەرگیری پشکنین بۆ باری تەندروستی هاوسەرەکان بکرێت.

دەستنیشانکردن

  • هەندێک کات تاکە ڕێگا بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی شێرپەنجەی جگەر وەرگرتنی نموونەیە لە جگەر (biopsy). بەڵام هەندێک کات پزیشکەکان تۆمۆگرافی کۆمپیوتەری (CT scan) یان وێنەگرتن بە لەرینەوەی موگناتیسی (MRI) دەتوانن بۆ دەستنیشانکردن بەکاربهێنن.
  • پشکنینی تاقیگە
  • لە پشکنینی خوێندا سەرنج دەخرێتە سەر ئەلفا فێتۆپڕۆتین (Alpha-fetoprotein)، ئەم پڕۆتینە لەو کەسانەدا کە تووشی شێرپەنجەی جگەر دەبن بەرز دەبێتەوە.
  • تاکوو نەخۆشییەکە زووتر دەستنیشان بکرێت، ئەگەری چاکبوونەوە زیاتر دەبێت.

لەدوای دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی جگەر پزیشک دەستنیشانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکات. ئەم دەستنیشانکردنە باس لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ناو جگەردا دەکات یان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ ئەندامەکانی تری جەستە کە نزیک یان دوورن لە جگەرەوە. دەستیشانکردنی قۆناغی نەخۆشییەکە لە دەستنیشانکردنی چارەسەرەکاندا گرنگە.


سەرچاوەکان



1452 بینین