سوڵحی حودەیبییە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-13-20:06:00 - کۆدی بابەت: 10644
سوڵحی حودەیبییە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوڵحی حودەیبییە یان پەیماننامەی حودەیبییە یاخود پەیمانی حودەیبییە (بە عەرەبی: صلح الحديبية، بە ئینگلیزی: Treaty of Hudaybiyyah) پەیماننامەیەکی سەردەمی پێغەمبەر ﷺـە کە لە ساڵی شەشەمی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٦٢٨ـی زایینی لە نێوان موسڵمانانی مەدینە بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ قوڕەیشییەکانی مەککە ئەنجام درا. ناوی ڕێکەوتننامەکە لەو شوێنەوە هاتووە کە پەیماننامەکەی تێدا مۆر کراوە، حودەیبییە ناوچەیەکە لە نێوان مەککە و مەدینە.

هۆکاری بەستنی پەیمانی حودەیبییە

لە ساڵی شەشی کۆچی و بە دیاریکراوی لە مانگی زولقەعدە هەندێک دەڵێن مانگی موحەڕەم، پێغەمبەر ﷺ خەونێکی بینی و بۆ هاوەڵەکانی گێڕایەوە کە بە کۆمەڵ سەردانی کەعبەیان کردووە. بۆیە موسڵمانانی مەدینە بڕیاریاندا کە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی عەمرە سەردانی مەککە و ماڵی خوا بکەن. هەواڵی سەردانی موسڵمانان بۆ مەککە گەیشتە قوڕەیشییەکان و هۆزە عەرەبییەکانی مەککە، ئەوان بوونە دوو بەشەوە بەشێکیان دژایەتی بڕیارەکەیان کرد و ویستی جەنگیان ڕاگەیاند، بەشەکەی تریشیان لەلایان پەسەند نەبوو جەنگ ڕابگەیەنن و دژی جەنگ بوون.

موسڵمانان کە پێکهاتبوون لە کۆچەرییەکانی مەککه و پشتیوانانی مەدینە و هۆزە عەرەبەکان کە تازە موسڵمان ببوون بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ ژمارەیان ١٥٠٠ کەس بوون بەرەو مەککە بەڕێکەوتن، پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە دوای خۆی هاوەڵ نەمیلەی لەیسی کردە جێنشینی خۆی. پێغەمبەر ﷺ هەواڵی بڵاوکردەوە و ڕوونی کردەوە کە ئەوان بە مەبەستی ئەنجامدانی عەمرە دەچنە مەککە، مەبەستیان ئاشتییە و بۆ جەنگ ناچنە مەککە.

ڕێگری قوڕەیشییەکان

کاتێک هاوەڵان و پێغەمبەر ﷺ نزیکی مەککە بوونەوە، تاکوو بیشری کەعبییان تووش بوو و هەواڵی قوڕەیش و هۆزەکانی مککەی پێ ڕاگەیاندن کە ئەوان بە سوپاوە دەرچوون و جەنگیان بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید دژیان ڕاگەیاندووە. پێغەمبەر ﷺ ڕێگای چوونی بۆ مەککەی گۆڕی و لەو ڕێگەیەوە نەچوو کە قوڕەیشییەکانی لێ بوو،  تاکوو گەیشتنە ناوچەی حودەیبییە لەوێ مانەوە.

عوسمانی کوڕی عەففان وەکوو نێردراوی پێغەمبەر ﷺ

بەهۆی ئەوەی پێغەمبەر ﷺ لە سەردانیکردنی مەککە مەبەستی ئاشتی بوو جەنگ نەبوو، ویستی ئەو مەبەستەی بۆ قوڕەیشییەکان ڕوون بکاتەوە، بڕیاری دا هاوەڵ خوڕاشی ئومەیەی خوزاعی وەکوو نێردراو بنێرێتە لای قوڕەیش، بەڵام قوڕەیشییەکان ئەو هاوەڵەیان نەویست کاتێک ئەو هاوەڵە گەیشتە لای قوڕەیشییەکان خەریکبوو بکوژرێت، بۆیە پێغەمبەر ﷺ پێشنیاری بۆ عوسمانی کوڕی عەففان کرد کە پەیام و مەبەستی ئاشتی موسڵمانان بگەیەنێتە قوڕەیشییەکان، عوسمانیش پەسەندی کرد.

قوڕەیشییەکان ڕێزی عوسمانیان زۆر دەگرت کاتێک چووە مەککە و پەیامەکەی پێغەمبەر بگەیەنێت، لەگەڵ ئەبوو سوفیان و سەرکردەکانی تری قوڕەیش کۆبووەوە، پێیان ڕاگەیاند کە دەتوانێت تەوافی کەعبە بکات بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە کە بە تەنیا ئەم کارە بکات و بڕیاریدا کە لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ تەواف بکات. قوڕەیشییەکان کۆبوونەوە و عوسمانیان زیندانی کرد بڕیاریاندا ئازادی نەکەن تاکوو ئەو کاتەی دەگەنە بڕیارێکی دروست.

بەیعەتی ریزوان

بەیعەتی ڕیزوان (بە عەرەبی: بیعة رضوان) ئەو بەڵێن و پەیمانە بوو هاوەڵان بەڵێنی هاوکاری و ئەنجامدانی جەنگیان بە پێغەمبەر ﷺ دا کاتێک هەواڵ گەیشتە موسڵمانان کە قوڕەیشییەکان عوسمانی کوڕی عەففانیان شەهید کردووە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ هاوەڵەکانی کۆکردەوە و لەژێر دارێک هاوەڵان بەیعەتی بەشدارییکردنیان دا لە جەنگی تۆڵەسەندنەوەی عوسمان، دواتر هەواڵی جەنگ گەیشتە قوڕەیشییەکان، ناچاربوون و عوسمانیان ئازاد کرد و گەڕێندرایەوه، لەسەر ئەم ڕووداوه لە سوورەتی الفتح ئایەتی ١٨ خوای گەورە دەفەرموێت: (لَّقَدْ رَضِىَ ٱللَّهُ عَنِ ٱلْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ ٱلشَّجَرَةِ فَعَلِمَ مَا فِى قُلُوبِهِمْ فَأَنزَلَ ٱلسَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ وَأَثَـٰبَهُمْ فَتْحًا قَرِيبًا). واتا: سوێند به‌خوا به‌ڕاستی خوا ڕازی بووه‌ له‌و باوه‌ڕدارانه‌ی کاتێک په‌یمانیان له‌گه‌ڵدا به‌ستیت له‌ژێر دره‌خته‌که‌، خوا ئاگاداربوو بەنیاز پاکی و دڵسۆز لە دڵه‌کانیاندا، هه‌ر بۆیه‌ ئارامی و هێمنی و ئاسووده‌یی دابه‌زانده‌سه‌ریان و پاداشتی به‌ مژده‌ی سه‌رکه‌وتنێکی نزێک دانه‌وه‌.

بەندەکانی پەیماننامەکە و ڕاگەیاندی سوڵح

ڕاگەیاندنی بەندەکانی پەیماننامەی حودەیبییە دوای ئازادکردنی ئیمامی عوسمان، قوڕەیش نێردراوی نارد تاکوو پەیماننامەیەک لەنێوا هەردوولا واژۆ بکرێت، لە نێوان پێغەمبەر ﷺ و نێردراوی قوڕەیش سوهەیلی کوڕی عەمروو سوڵحی حودەیبییە ئەنجامدرا، بەند و داواکارییەکان لەلایەن عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب نووسرایەوە و تۆمارکرا و بەناوی خوا پەیمانەکە دەستیپێکرد.

بەندەکانی سوڵحی حودەیبییە بریتی بوون لە:

- ڕاگرتنی جەنگ لەنێوان موسڵمانان و قوڕەیش بۆ ماوەی دە ساڵ.
- سەرپشککردنی هۆزەکانی ناوچەکە کە دەبنە سەر چی گرووپێک، هۆزی بەنی بەکر چوونە نێو قوڕەیش و هۆزی خوزاعە هاتنە نێو ئیسلام.
- ئەنجام نەدانی عەمرە لەو ساڵە بەو مەرجەی ساڵی داهاتوو لە هەمان کات موسڵمانان بێنەوە مەککە و عەمرە ئەنجام بدەن، بەڵام جگە لە شمشێری تایبەتی خۆیان بۆیان نییە هیچ چەکێکیان پێبێت.
- هەر کەسێک بەبێ پرسی سەرۆک هۆزەکەی سەردانی پێغەمبەر ﷺ کرد پێویستە بیگێڕنەوە بۆ نێو هۆزەکەی، هەر کەسێکیش بەبێ پرسی پێغەمبەر ﷺ چووە لای قوڕەیش ناگەڕێتەوە نێو ئیسلام.

پێشێلکردن و شکاندنی بەندەکانی پەیماننامەکە

هەردوو هۆزی بەنی بەکر و خوزاعە دوژمنایەتی ڕابردووی سەردەمی نەزانی لە نێوانیان هەبووە. بەشێک لە قوڕەیشییەکان هانی هۆزی خوزاعەیاندا تاکوو هێرش بکەنە سەر هۆزی بەنی بەکر که لایەنگر و پاڵپشتی موسڵمانەکان بوون، بۆیە له شەوێکدا هێرشیان کردە سەریان ٢٣ کەسیان لێ کوشتن. دوای پێشێلکردنی پەیماننامەکە و هێرشی هۆزی خوزاعە، سوڵحەکە هەڵوەشێندرایەوە، ئەبوو سوفیان کۆچی شاری مەککەی کرد داوای لە پێغەمبەر ﷺ کرد تاکوو پەیماننامەکە نوێ بکەنەوە بەڵام ڕەتیکردەوە، پاشان هانای بۆ ئەبووبەکر و دواتر عومەر و عوسمان و عەلی برد، دواجار پەنای بۆ فاتیمە هێنا و داوای لەوان کرد کە پێغەمبەر ﷺ ڕازی بکەن بۆ دووبارە نوێ کردنەوەی پەیمانەکە، بەڵام هیچ کەس داواکەی جێبەجێ نەکرد.

دەرەنجامی پەیماننامەکە

پێغەمبەر ﷺ ماوەی ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ قورەیشییەکان قۆستەوە نامەی ئاشتەوایی و ئیسلامی نارد بۆ پاشاکانی جیهان نارد، گرنگی بە جوولەکەکان دا و جەنگی خەیبەر ڕاگەیاندرا و جوولەکەکان بە تەواوی لە سنووری شاری مەدینە دوورخرانەوە. پێگە و هێزی موسڵمانان لە نیمچە دوورگەی عەرەب و لەناو هۆزەکانی ناوچەکە زیاتر بوو، چونکە ئەنجامدان و بەستنی پەیماننامە وەکوو کەیانێکی بەهێز دەریخستن و دانیان پێدانرا. هاوکات سوڵحی حودەیبییە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ فەتحی مەککە.


سەرچاوەکان



706 بینین