گەرمی‌ پێو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-19-21:38:00 - کۆدی بابەت: 10719
گەرمی‌ پێو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەرمی پێو یان پێوەری گەرمی یاخود ثێرمۆمیتەر (بە عەرەبی: مقیاس الحرارة، المحرار، ثرموميتر، بە ئینگلیزی: Thermometer) ئامێر و ئامرازێکی زانستی پێوانەکردنی گەرمییە، بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرمی ماددە جۆراوجۆرەکانی وەک شلەمەنی و گاز و ڕەق بەکاردێت، ئەم پێوەرە بەشێوەیەکی سەرەکی لە بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت بۆ پێوانە و زانین و دیاریکردنی پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ سوودی هەیە. هەروەها چەند جۆرێکی تایبەتیشی هەیە کە بۆ پێوانەی گەرمی کەشوهەوا بەکاردەهێنرێت، لە بوارە جیاجیاکانی تەکنەلۆجیا و پیشەسازییشدا سوودی هەیە و بەکاردەهێنرێت. گەرمی پێوەکان لەسەر بنەمای پشتبەستن بە تایبەتمەندییە فیزیکییەکانی ماددە جیاوازەکان داهێنراون و دروستکراون، واتا ئەنجامی پێوانەکان و پلەی گەرمی ماددەکان دەگۆڕێت کاتێک یەکێک لە تایبەتمەندییە فیزیکییەکانی ماددە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

بۆ نموونە شلەمەنی و ماددە ڕەقەکان له کاتی ساردکردنەوەیان دەچنەوەیەک و گرژ دەبنەوە و قەبارەیان کەم دەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کاتی گەرمکردنیان فراوان دەبن و دەکشێن قەبارەیان زیاد دەکات. لە گازەکاندا لەکاتی گەرمکردندا فشار و هێزی ماددە گازەکە زیاد دەکات، بەڵام لەکاتی ساردکردندا فشاری گاز کەم دەبێتەوە. هەر ئامێرێکی گەرمی پێو دوو توخمی بنەرەتی لەخۆدەگرن، یەکەمیان هەستەوەرێکە کە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی ماددەکان دیاری دەکات، دووەمین پێکهاتەش بریتییە لە ئامێرێک کە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی دەگۆڕێت بۆ بەهایەکی ژمارەیی کە بە ئاسانی بخوێنرێتەوە.

مێژووی داهێنان و بەکارهێنانی گەرمی پێو

یەکەم کەس کە بۆ یەکەم جار بۆ پێوانەکردنی گەرمی ئامێری داهێنا زانای ئیتاڵی گالیلۆ گالیلی بوو، هەر ئەو یەکەم کەس بوو کە بیرۆکەی پێوانەکردنی گەرمی لە ڕێگەی ئامێرەوە خستەڕوو، گالیلۆ لە سەدەی شازدەهەمی زایینی ئامێرێکی پێوانەکردنی گەرمی دروستکرد و بۆ پێوانەی گەرمی ئاو بەکاریهێنا و لە دروستکردنیدا پشتی بە کشان و فراوان بوونی هەوای نێو پێوەرەکە بەست کە بەهۆی گەرمییەوە دەگۆڕا و کاریگەری لەسەر ئاستی ئەو شلەیە دەکرد کە لە پێوەرەکە بەکاریهێنابوو، بەڵام ئامێرەکە قەبارەی زۆر گەورە بوو و بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر نەدەگوازرایەوە، هاوکات کاتێکی زۆریشی دەویست تاکوو ئەنجامی پێوانەکردنەکە بەردەست بکات. لە ساڵانی دواتردا چەندین شلە نموونەی ئاو و کحوول و جیوە لە گەرمی پێودا تاقیکرانەوە، لە ڕێگەی کشان و فراوانبوونی شلەکەی نێو پێوەرەکه پلەی گەرمی تەنەکان دیاریدەکرا، بەڵام گرنگترینی ماددە شلەکان کە بەکارهات بریتی بوو لە جیوە.

تاکوو سەدەی هەژدەهەم زیاتر لە ٣٥ جۆر لە گەرمی پێو دروستکرا بوون، تاکوو زانای ئەڵمانی گابرێیل فەهرەنهایت بە سوود وەرگرتن لە بیرۆکەکەی گالیلۆ و بە بەکارهێنانی جیوه پێوانەکردنێکی وردتری دروست کرد کە قەبارەی بچووکتر بوو، بەڵام بەکارهێنانی تاڕەدەیەک قورس و ئاڵۆز بوو و هەموو کەس نەیدەتوانی بەکاریبهێنێت. دروستکردنی یەکەم گەرمی پێوی پزیشکی هاوشێوەی گەرمی پێوەکانی ئێستا لەلایەن زانا و پزیشکێکی ئینگلیزی بوو بە ناوی تۆماس ئەلبووت، کە لە ساڵی ١٨٧٦ گەرمی پێوێکی دروستکرد کە قەبارەکەی بچووک بوو و درێژییەکەی ١٥ سانتیمەتر بوو و بەکارهێنانی ئاسان بوو و ئەنجامەکانیشی تا ڕادەیەک ورد و تەواو بوو، بۆ بەکارهێنانی پزیشکی و پێوانەکردنی پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ بەکاریهێنا و سوودی لە جیوە بینی بۆ دروستکردنی پێوەرەکە.

یەکەی پێوانەی گەرمی

ژماریەک یەکەی پێوانەی گەرمی هەیە کە پلەی سارد و گەرمی تەنەکان دەپێوێت، هەروەها ئاڕاستەی گواستنەوەی پلەی گەرمی دیاری دەکەن، ئەم یەکانە لەسەر بنەمای خاڵی جێگیرکراوی نێودەوڵەتی داڕێژراون و بەپێی جۆری گەرمی پێوەکان لەسەریان جێگیر دەکرێن، یەکەکانی گەرمی لە جیهاندا بریتیین لە:

  • یەکەی پێوانەی فەهرەنهایت یەکەیەکی جیهانییە و لە ئەمریکا بەکاردەهێنرێت.
  • یەکەی پێوانەی سیلیزی یان یەکەی پێوانەی سەدی یەکەیەکی جیهانییە و زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە جیهاندا.
  • یەکەی پێوانەی کڵڤن یەکەیەکی بنەڕەتی پێوانەیی پلەی گەرمییە لە سیستمی نێودەوڵەتی یەکەکاندا بەکاردەهێنرێت.

جۆرەکانی گەرمی پێوی پزیشکی

لە ئێستادا چەندان جۆر گەرمی پێوی پزیشکی بە قەبارەی جیاواز و هەمەجۆر بوونیان هەیە، دوو لە بەربڵاوترین جۆرەکانی گەرمی پێوی پزیشکی بریتیین لە:

گەرمی پێوی جیوەیی 

گەرمی پێوی جیوەیی بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرمی لە دەمەوە بەکاردەهێنرێت، لە شوشە دروست دەکرێت و ئەم گەرمی پێوە نزیکەی ٠٫٦ گرام جیوەی تێدایە، بەڵام لەم دواییانەدا بەکارهێنانی ئەم جۆرە گەرمی پێوە کەمبووەتەوە و سنووردار کراوە، چونکە دەکرێت مەترسی بۆ تەندروستی منداڵان دروست بکات ئەگەر شوشەکە بشکێت جیوەکە بە ئاسانی دەچێتە دەمی منداڵەکەوە و تووشی ژەهراویبوونی جیوە دەبێت.

گەرمی پێوی ئەلیکترۆنی 

لەئێستادا گەرمی پێوی دیجیتاڵی یان گەرمی پێوی ئەلیکترۆنی یەکێکە لەباوترین گەرمی پێوەکان کە لە کلینیکەکان و نەخۆشخانەکاندا بەکاردەهێنرێت و لەڕێگەی هەستەوەری پلەی گەرمی مۆدێرنەوە کار دەکات. تایبەتمەندییەکانی ئەم گەرمی پێوە ئەوەیە کە خوێندنەوەیەکی ورد لە ماوەی یەک خولەک یان کەمتر بۆ پلەی گەرمی دەکات. بەکارهێنانی ئاسانە بۆ منداڵان و مرۆڤی پێگەیشتوو، بەکارهێنانی لە ڕێگەی دەمەوە یان لە ڕێگەی دانانێتی لە ژێر باڵەوەیە، دوای دانان و پێوانەکردنەکە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی هەیە و ژمارەکانی تا ڕادەیەک تەواو و وردن.

چۆنیەتی بەکارهێنانی گەرمی پێوی پزیشکی 

چۆنیەتی پێوانەی پلەی گەرمی لە ڕێگەی دەمەوە

  • پێش بەکارهێنانی پێویستە دەستەکان بە ئاو و سابوون بشۆردرێن.
  • پێویستە پێش بەکارهێنانی گەرمی پێوەکە لەناو دەم بۆ ماوەی ١٥ خولەک هیچ شتێک نەخورێت و نەخورێتەوه.
  • دانانی گەرمی پێوەکە لە ژێر زبان.
  • داخستنی دەم و لێوەکان بەبێ ئەوەی ددانەکان بەر پێوەرەکە بکەون.
  • چاوەڕێکردنی لە دوو خولەک تاکوو پێنج خولەک لە پێوەری گەرمی جیوەیی، لە پێوەری گەرمی ئەلیکترۆنیش ئەگەر پلەی گەرمییەکە بپێوێت زەنگێکی لێوەدێت و بە کەمتر لە یەک خولەک ئەنجامەکە دەردەکەوێت.
  • تۆمارکردنی ئەو ژمارەیەی کە لە ئامێرەکە دەردەکەوێت و دواتر پێویستە گەرمی پێوەکە لە میکرۆب پاکژ بکرێتەوە.

پێوانەی پلەی گەرمی لەڕێگەی ژێرباڵەوە

  • پێش بەکارهێنانی پێویستە دەستەکان بە ئاو و سابوون بشۆردرێت.
  • دانانی گەرمی پێوەکە لە ژێرباڵ.
  • چاوەڕێکردنی لە دوو خولەک تاکوو پێنج خولەک لە پێوەری گەرمی جیوەیی، لە پێوەری گەرمی ئەلیکترۆنیش ئەگەر پلەی گەرمییەکە بپێوێت زەنگێکی لێوەدێت.
  • تۆمارکردنی ئەو ژمارەیەی کە لە ئامێرەکە دەردەکەوێت و دواتر پێویستە گەرمی پێوەکە لە میکرۆب پاکژ بکرێتەوە.


سەرچاوەکان



1709 بینین