تێگەیشتن لە هەستەکان لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-01-15-23:18:00 - کۆدی بابەت: 10913
تێگەیشتن لە هەستەکان لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێگەیشتن لە هەستەکان لە منداڵاندا (بە ئینگلیزی: Understanding feelings in kids، بە عەرەبی: فهم المشاعر عند الأطفال) منداڵان هەر وەک گەورەکان ئەزموونی ترس، دڵەڕاوکێ، شڵەژاوی، خەمباری، نیگەرانی، بەپەرۆشیی و توڕەیی دەکەن. منداڵان بە قسەکردن ناتوانن هەستەکانیان دەرببڕن و ڕێگەی تر بۆ دەربڕینی هەستەکانیان بەکاردەهێنن. دەتوانن هەستەکانیان لەڕێگەی کاردانەوەی دەموچاو، جەستە و ڕەفتارەکانیان دەربڕن. لەو کاتەی منداڵ لەدایک دەبێت دەست دەکات بە فێربوونی ئەو کارامەییە سۆزدارییانەی کە دەتوانن لەڕێگەیەوە هەستەکانیان دەرببڕن و ڕێکیان بخەن. منداڵان فێری ئەم ڕێگایانە دەبن لەڕێگەی مامەڵەکردن و پەیوەندی لەگەڵ دایک، باوک و خێزانەکانیان.

بۆ نموونە کاتێک منداڵەکان تووڕە دەبن، ڕەنگە دایک و باوکان هەندێک کاردانەوەیان هەبێت وەک لابردنی هەندێک کەلوپەل کە منداڵەکان ئارەزووی دەکەن یان ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا. بەڵام ئەم سزایانە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەستەکانی منداڵەکە، بەجۆرێک دواتر ئەم هەستانە دەگۆڕێت بۆ تووڕەیی تر و ڕەفتاری نەشیاو. لەجیاتی ئەم بڕیارانە باشترە دایک و باوکان لە منداڵەکانیان بپرسن ئایا هۆکاری تووڕەبوون و نیگەرانییەکەیان بۆچی دەگەڕێتەوە، پێکەوە گفتوگۆ بکەن. بەم شێوەیە دەکرێت دایک و باوکان هۆکارەکانی پشت تووڕەبوونەکانی منداڵەکەیان دیاری بکەن و چارەسەری بکەن، نەک بە تەنها سەرنجیان لەسەر نیشانەکانی تووڕەبوونەکە بێت.

پرسیار لە منداڵەکەت بکە هەست بەچی دەکات، کۆمەڵێک پرسیاری ڕوونی دەربارەی هەستەکانی لێ بکە، تاکوو بەجۆرێک بتوانێت دەربارەی کێشەکانی و هەستەکانی قسە بکات. هەندێک لە پرسیارەکان وەک:

  • بیر لە شتێک دەکەیتەوە؟
  • من پێم وایە تۆ دەربارەی شتێک نیگەرانیت.
  • بەم دوایییانە بەچییەوە خەریکیت؟

دەربڕینی هەستەکان لە منداڵەکاندا بەشێوەیەکی ڕاست ئەم کاریگەرییانەی لەسەر منداڵ دەبێت:

  • هەست بە وزەیەکی ئەرێنی دەکەن، بەشێوەیەک کە دەتوانن پشتگیری کەسانی تر بکەن.
  • لە قوتابخانە و ئەنجامدانی ئەرکەکانیان باشترن.
  • پەیوەندی ئەرێنی و جێگیرییان هەیە.
  • تەندروستی بیر و هۆشیان باشترە.
  • کەمتر کێشە لە ڕەفتارەکانیاندا دەبینرێت.
  • زیاتر هەستی متمانە و توانای پشت بەستن بەخۆیان بۆ دروست دەبێت.

ئەمانە چەند ڕێگەیەکن تاکوو یارمەتی منداڵەکەت بدەیت هەستەکانی دەرببڕێت

  • هەندێک کات دەربڕینی هەستەکان کارێکی سەخت دەبێت، دەتوانیت لەڕێگەی سەیرکردنی زمانی جەستە، گوێگرتن لەو شتانەی دەیڵێن و تێبینیکردنی ڕەفتارەکانیان لە هەستەکانی منداڵەکەت تێبگەیت و یارمەتی بدەیت بەشێوەیەکی تەندروست ئەم هەستانە دەرببڕێت.
  • لەپشت هەر ڕەفتارێکەوە هەستێک هەیە: هەوڵبدە لە هەستەکانی پشت ڕەفتارەکانی منداڵەکەت تێبگەیت، کاتێک تێدەگەیت هۆکاری ڕەفتاری منداڵەکەت بۆچی دەگەڕێتەوە، ئەمە یارمەتی دۆزینەوەی ڕێگەی دەربڕێنی هەستەکان دەدات.
  • ناونانی هەستەکان: یارمەتی منداڵەکەت بدە لەڕێگەی نیشانەکردن ناو لە هەستەکانی بنێت، ئەم ڕێگەیە یارمەتی منداڵەکان دەدات فێربوونی وشەی سۆزدارییان زیاد بکات و دواتر توانای دەربڕینی هەستەکانیان زیاد بکات.
  • لێکدانەوەی هەستەکان لە کەسانی تردا: ئەم ڕێگەیەش رەخساندنی کات بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی هەستەکان لە کەسانی تردا دەگرێتەوە. دەکرێت داوا لە منداڵەکەت بکەیت شیکردنەوە بکات دەربارەی ئەوەی ئایا کەسی بەرامبەری هەست بەچی دەکات. وێنەی کاریکاتێری و وێنەی ناو کتێبەکانی تایبەت بە منداڵان یارمەتیدەر دەبێت کە چۆن منداڵان بتوانن هەستی کەسانی بەرامبەریان لەڕێگەی دەربڕینی دەموچاویانەوە شیبکنەوە.
  • منداڵان لە زۆربەی کارەکانیاندا وەک کەسانی چواردەوریان دەکەن، نیشانی منداڵەکەت بدە کە لە دۆخە جیاوازەکاندا هەستت چۆنە و چۆن مامەڵە لەگەڵ هەستەکاندا دەکەیت.
  • کاتێک منداڵەکەت باسی هەستەکانی دەکات یان بەشێوەیەکی گونجاو دەریان دەبڕێت ستایشی بکە، ئەمە نەک تەنها ئەوە نیشان دەدات کە هەستەکان ئاسایین و ئاسایییە قسەیان لەسەر بکرێت، بەڵکوو هانیان دەدات ئەم کارە دووبارە بکەنەوە.
  • گوێ لە منداڵەکەت بگرە

گوێ لە منداڵەکەت بگرە و یارمەتی بدە هەستە خراپەکانی نەمێنێت، کاتێک هەستەکان کەم دەکرێنەوە و دەرنابڕدرێن، دواتر بەشێوەیەکی ناتەندروست کاردانەوەیان دەبێت.


سەرچاوەکان



449 بینین