خۆشەویستی ئەفلاتۆنی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-12-22:21:00 - کۆدی بابەت: 10987
خۆشەویستی ئەفلاتۆنی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆشەویستی ئەفلاتۆنی (بە ئینگلیزی: Platonic love، بە عەرەبی: الحب الأفلاطوني). ئەم خۆشەویستییە جۆرێک خۆشەویستییە کە دوورە لە هەموو حەز و ئارەزوویەکی جەستەیی. وە لە ئەمڕۆدا هەمان ئەو خۆشەویستییە ئاسایەیە کە هەستی متمانە و وەفاداری تێیدا شەپۆل دەدات. لە ڕاستیدا وەک دۆزینەوەی نیوە ونبووەکەیە بەڵام بەبێ عەشق.

پەیوەندی ئەفلاتۆنی چییە؟

لە پەیوەندییەکی ئەفلاتۆنیدا دوو کەس (هاوڕەگەز یان دوو ڕەگەزی جیا) پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان هەیە پێکەوە. بەڵام ئەم پەیوەندییە بەهیچ شێوەیەک سێکسی تێدا نییە. ئەم پەیوەندییە لە هاوڕێیەتی ئاسایی بەهێزترە، تێیدا هەست بە هاودەردی، متمانە، دڵنیایی، وەفاداری دەکەیت. دەکرێت لەگەڵ باشترین هاوڕێکەت، یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەت، هاوکارێکت. ئەم جۆرە خۆشەویستییەت هەبێت.

خۆشەویستی ئەفلاتۆنی چییە؟

ئەو خۆشەویستییەیە کە دوورە لە هەر حەز و ئارەزوویەکی جەستەیی و سێکسی. ئەفلاتۆن کە فەیلەسوفێکی کۆنی یۆنان بوو، لەو باوەڕەدا بوو کە ئێمەی مرۆڤ لە کاتێکدا هەست بەو خۆشەویستییە دەکەین، کە کەسی بەرانبەر بە تەواوکەری خاڵە لاوازەکانی خۆمان بزانین، هەروەها باوەڕیشی وابوو کە ئەم جۆرە خۆشەویستییە مرۆڤەکان نزیک دەکاتەوە لە خودا.

جۆرەکانی

بڕۆمانس (Bromance): پەیوەندییەکی نزیک و بەبێ سێکسی نێوان دوو یاخود کۆمەڵێک پیاوە.

ومێنس (Womance): ئەم جۆرەشیان پەیوەندی نزیکی و خۆشەویستی بەبێ سێکسی نێوان دوو ژن یاخود چەند ژنێک پێناسە دەکات.

 وۆرک سپاوس (Work spouse): پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هاوکارانە بەڵام بەبێ سێکس.

هاوسەرگیری ئەفلاتۆنی چییە؟

لە کولتوری خۆرئاوادا سەرباری خۆشەویستی و پەیوەندی ئەفلاتۆنی، هاوسەر یاخود (هاوڕێگەی ئەفلاتۆنی)ـیش ناسراوە و دانی پێدانراوە. لەم حاڵەتەدا هەردوولا بڕیار دەدەن لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی درێژی ئەفلاتۆنی و درێژە دەدەن بە ژیانیان. بەڵێننامەی ئەم هاوسەرانە لەجێی هەستی ئاشقانە و پەیوەندی سێکسی، بەڵێن دەدەن بە پەیوەندییەکی پڕ هاوڕێیەتی و وەفادار، ئەگەر چی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە تازە لە ڕۆژئاوادا سەری هەڵداوە و زیاد دەبێت. بەڵام لە کۆندا و لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ـدا لە نێوان ژنانی ویلایەتەکانی باکوری ئەمریکادا بوونی هەبووە. هەردوو ژنەکە بەگشتی دەوڵەمەند بوون و لەجێی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا پێکەوە هاوسەرگیری ئەفلاتۆنییان ئەنجام دەدا و پشتگیری دارایی یەکتریش بوون.

جیاوازی نێوان خۆشەویستی ئەفلاتۆنی و خۆشەویستی ئاشقانە

لە ڕاستیدا بنەمای هەردوو خۆشەویستییەکە هاوڕێیەتییەکی قووڵە، هاوڕێیەتی پلەی هەیە و بەرزترین پلەی هاوڕێیەتییش خۆشەویستی ئەفلاتۆنییە. جیاوازییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات لە خۆشەویستی ئاشقانەدا بەرکەوتن و سێکس بوونی هەیە، بەڵام خۆشەویستی ئەفلاتۆنی بەدوورە لە هەر بەرکەوتنێکی فیزیکی و سێکسی.

بنەماکانی خۆشەویستی ئەفلاتۆنی

 ١- قەبووڵکردنی تایبەتمەندییەکانی یەکتری.

٢- وەفاداری و هەستی هاوڕێیەتی و متمانە.

٣- تێگەیشتن لە حەز و ئارەزووەکانی کەسی بەرانبەر.

٤- متمانە بەبێ بوونی هیچ مەرجێک.

٥- هەستکردن بە دڵنیایی لەلای یەکتردا.

٦- چێژوەرگرتن لە ئەزموونەکان و سەرکەوتنەکانی یەکتر و نەبوونی ئیرەیی.

٧- پیاهەڵدان و هاوکاری.

چۆن پەیوەندییەکی ئەفلاتۆنی دروست بکەین؟

تەنها هاوڕێیەتییەکی سادە بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانیت خۆشەویستییەکی ئەفلاتۆنی دروست بکەیت، دەبێت چەند مەرجێکی هەبێت کە ئەوانیش:

خاڵی هاوبەش: پێویستە ئەو دوو کەسەتان خاڵی هاوبەشتان هەبێت و خواستەکانتان لە یەکەوە نزیکبن. کاتێک تۆ حەزت لە سەیرکردنی فیلم، خوێندنەوەی پەرتووکە زۆر گرنگە کەسی بەرانبەریش هەمان ئەم حەزانەی تێدا بێت نەک ئەوەی ڕێز لە حەزەکانت نەگرێت و گاڵتەیان پێ بکات.

گفتوگۆی قووڵ: بەردەوام پێکەوە گفتوگۆی قووڵییان هەیە، هەمیشە بابەت دروست دەکەن پێکەوە بۆ قسەکردن. بەتەواوی متمانەیان بەیەک هەیە و دەربارەی هەموو حەز و خواستەکانیان پێکەوە قسە دەکەن و ناترسن لە ئاشکرابوونی حەز و ویستەکانیان.

پارێزگاریکردن لە هاوڕێیتییەکە: ئەم جۆرە پەیوەندییە پێویستی بە پارێزگاری و پاراستن هەیە. پێویست ناکات بە قوورسی هەوڵ بدەیت و بترسیت لەوەی پەیوەندییەکەتان کاڵ ببێتەوە، تەنها ئەنجامدانی چەند کارێکی بچووک خۆشەویستیتان زیاتر دەکات و متمانەی زیاتریش دەبەخشێتە پەیوەندییەکەتان، وەک:

١- یەکتری بانگهێشت بکەن و پێکەوە بچنە دەرەوە

٢- بەردەوام لە حاڵ و ئەحواڵی یەکتر بپرسن

٣- لە کاتە قوورسەکاندا پاڵپشتی یەکتر دەکەن

٤- هەمیشە پێی دەڵێیت کە خۆشت دەوێت و سوپاسی دەکەیت بۆ بوونی

٥- بەردەوام میهرەبانی خۆتان پیشانی یەکتر دەدەن

سوودەکانی خۆشەویستی ئەفلاتۆنی

تەندروستییەکی باش: بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەک، هەبوونی خۆشەویستی کاریگەری باش دەخاتە سەر تەندروستی جەستەی مرۆڤ، خۆشەویستی ئەفلاتۆنی بەرگری جەستە بەهێز دەکات، مەترسی تووشبوون بە هەندێک لە نەخۆشییە جەستەییەکان کەمدەکاتەوە، تەنانەت مەترسی تووشبوونیش بە خەمۆکی و قەلەقی.

کەمکردنەوەی فشاری دەروونیڵ: فشاری دەروونی بەردەوام هۆکارێکە بۆ نەخۆشییەکانی وەک، نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزی پەستانی خوێن، کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، نزمبوونەوەی بەرگری جەستە.

خۆشەویستی ئەفلاتۆنی فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە.

زیادکردنی توانای بەرگەگرتن: مرۆڤ لە ژیانیدا قورسایی زۆری دێتە بەردەم، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی ئەم قورساییانە بگرێت پێویستە هەست بە خۆشەویستی بکات، هەبوونی پەیوەندییەکی ئەفلاتۆنی وادەکات مرۆڤ زیاتر خۆڕاگربێت و زیاتر بەرگە بگرێت.


سەرچاوەکان



360 بینین