کارۆلینای باشوور

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-14-22:55:00 - کۆدی بابەت: 11006
کارۆلینای باشوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی کارۆلینای باشوور (بە ئینگلیزی: South Carolina، بە عەرەبی: كارولاينا الجنوبية)، ویلایەتێکە لە ناوچەی کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. لە باکوورەوە لەگەڵ کارۆلینای باکوور، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی و لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ جۆرجیادا هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٤٠ـەم گەورەترین و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٢٣ـەیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا بە ٥,١٢٤,٧١٢ کەس تۆمارکراوە. پایتەختی کارۆلینای باشوور کۆلۆمبیایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٣٧٣٠٠ کەس بوو، لە کاتێکدا گەورەترین شاری چارلستۆن و ژمارەی دانیشتووانەکەی ١٥٠,٢٧٧ کەسە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی کارۆلینای باشوور ٨٢,٩٣٢ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٧٧,٩٨٢ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٤,٩٤٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە 6٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٦٧,٧٤ کەس و لە پلەی و ١٩ـی وڵاتدا بوو.

مێژوو

مێژووی چالاکییەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر. لە کاتی گەیشتنی ئەوروپییەکان، لە دەوروبەری ساڵی ١٦٠٠، ژمارەیەک هۆزی ڕەسەنی ئەمریکی لە ناوچەکەدا هەبوون، گەورەترینیان هۆزەکانی چیرۆکی (Cherokee) و کاتاوبا (Catawba) بوون، کە ژمارەی دانیشتووانەکەیان زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بوو. کارۆلینای باشوور بۆ ڕێزلێنان لە شا چارڵسی یەکەمی ئینگلتەرا ئەو ناوەی لێنرا کە یەکەم کەس بوو کۆلۆنی ئینگلیزی پێکهێنا، وشەی ﮐﺎرۆﻟﻮس (Carolus) بە لاتینی بەرامبەر وشەی چارڵس "Charles" بوو.

لە ساڵی ١٧١٢ـدا پارێزگای کارۆلینای باشوور پێکهێنرا. کارۆلینای باشوور کە یەکێک بوو لە سیازدە کۆڵۆنییەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ١٧١٩ـدا بوو بە کۆلۆنییەکی شاهانە. لە کاتی جەنگی شۆڕشی ئەمریکادا، کارۆلینای باشوور شوێنی چالاکییە سەرەکییەکانی نێو کۆلۆنییەکانی ئەمریکا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە ٢٠٠ شەڕ و پێکدادان لەناو ویلایەتەکەدا ڕوویدا. کارۆلینای باشوور لە ٢٣ـی ئایاری ١٧٨٨ بوو بە هەشتەم ویلایەتی ئەمریکا. وەکوو ویلایەتێکی کۆیلە، یەکەم ویلایەتی بوو کە لە ٢٠ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٦٠ـدا لە یەکێتییەکە جیابوویەوە و دوای شەڕی ناوخۆی ئەمریکا، لە ٩ـی تەممووزی ١٨٦٨ـدا یەکێتییەکە وەریگرتەوە. لە سەرەتا تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەک کارگە لە کارۆلینای باشوور، ئابووری ویلایەتەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی.

لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ئابووری کارۆلینای باشوور پشتی بە پیشەسازییەکانی وەک دروستکردنی فڕۆکە، بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و گەشتیاری دەبەست. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کارۆلینای باشوور ٢٤٩,٩ ملیار دۆلار و ٢٦ـەم گەورەترین (GDP)ـی ئەمریکا بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا بە ٥,١١٨,٤٢٥ کەس دیاریکرا. نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ٥,١٤٨,٧١٤ کەس مەزندەکرد، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە دوای سەرژمێری ٢٠١٠ـەوە بە ڕێژەی ١١,٣١٪ زیادیکردووە. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٣٨,٨ ساڵییە، ٥١,٥٪ـی دانیشتووان لە مێیەکان و ٤٨,٥٪ـی دانیشتووان لە نێرەکان پێکهاتوون.

شوێنی لەدایکبوون

٩٤,٣٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٥٥,٣٢٪ـیان لە کارۆلینای باشوور لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٢,٩١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ڕەگەز

پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی کارۆلینای باشوور لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێست: ٦٨,٥٪ (٦٣,٨٪ سپی پێستی ناهیسپانی)
  • ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی: ٢٧,٣٪
  • هیندییە ئەمریکییەکان و خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا: ٠,٥٪
  • ئاسیایی: ١,٧٪
  • هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینیەکانی تری زەریای هێمن: ٠,١٪
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ١,٩٪
  • ڕەگەزە هیسپانی یان لاتینییەکانی تر: ٥,٧٪

زمان

٩٢,٦٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ٧,٣٦٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن ٤,٦٢٪ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێت.

ئایین

بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠، مەسیحی ئایینی سەرەکی دانیشتووانی کارۆلینای باشوورە و لەلایەن نزیکەی ٧٤٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. لە نێو دانیشتووانی مەسیحیشدا پرۆتستانتی ئینجیلی زۆرترینن و بێ ئایینەکانی کارۆلینای باشوور ١٨٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ بریتی بوون لە:

  • پرۆتستانتی ئینجیلی ٣٥٪
  • پرۆتستانتی کۆنەپارێز: ١٦٪
  • بلاک پرۆتستانت: ١٥٪
  • کاسۆلیکی ڕۆمانی: ١٠٪
  • مەسیحییەکانی تر: ٢٪
  • ئایینەکانی تر: ٢٪
  • بێ ئایین: ١٩٪
  • نازانم‌باوەڕی (کەسێک کە پێیوایە هیچ شتێک ناتوانرێت دەربارەی بوون یان سروشتی خوداوە بزانرێت (و لە زانینیش نایەن) بێجگە لە شتە مادی‌یەکان)

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کارۆلینای باشوور کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، بەڵام کەشوهەوای ناوچە بەرزەکانی باکووری ویلایەتەکە تایبەتمەندی نیمچە خولگەییان کەمترە لە ناوچەکانی سەر کەناری ئەتڵەسی. لە هاویندا، کارۆلینای باشوور گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژ و لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٤ پلەی سەدیدایە. لە کاتێکدا، تێکڕای پلەی گەرمی لە کاتەکانی شەودا و لە ناوچە کەنارییەکان له نێوان ٢١ بۆ ٢٤ پلەی سەدیدایە و لە ناوچە ناوخۆییەکاندا لە نێوان ١٩ بۆ ٢٣ پلەی سەدیدایە. زستانی ناوچە کەنارییەکانی ویلایەتەکە زۆر مامناوەندە و تێکڕای پلەی گەرمیی بەرز لە ڕۆژدا ١٦ پلەی سەدی و لە شەودا لە دەوروبەری ٥ بۆ ٨ پلەی سەدیدایە.

لە ناوچە ناوخۆییەکاندا، تێکڕای پلەی گەرمیی نزم لە مانگی کانوونی دووەم و لە کاتەکانی شەودا لە کۆڵۆمبیا نزیکەی سفر پلەی سەدییە و لە باکووری ویلایەتەکەدا لە خوار پلەی بەستنەوەیە. سەرەڕای ئەوەی بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆر لە نزیکەی تەواوی ویلایەتەکەدا دەبارێت، بەڵام ناوچە کەناراوییەکان هاوینێکی کەمێک باراناویتریان هەیە، لە کاتێکدا لە ناوچە ناوخۆییەکاندا بەهار و پاییز باراناویترین وەرزی ساڵن و زستان وشکترین وەرزە، لەگەڵ ئەوەشدا تشرینی دووەم وشکترین مانگی ساڵە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٥ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٩ـی حوزەیرانی ٢٠١٢ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٨- پلەی سەدیە کە لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ١٩٨٥ـدا تۆمارکرا.

هەروەها بەفرێکی زۆر کەم لە ناوچە نزمترەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کۆڵۆمبیا دەبارێت و شتێکی نامۆ نییە کە ناوچە باشووریترینەکانی کەناراوەکان بۆ چەند ساڵێک بەفریان لێ نەبارێت. بەڵام له دامێنە دەشتەکان و گردی بناری شاخەکان لە زۆربەی ساڵەکاندا یەک بۆ سێ جار بەفر دەبارێت. جگە لەوانەش، کارۆلینای باشوور لە گێژەلووکەی خولگەیی و گەردەلوول بەدوور نییە و دوو لە بەهێزترین زریانە مێژووییەکانی کارۆلینای باشوور بریتین لە زریانی هازل (١٩٥٤) و زریانی هوگۆ (١٩٨٩).


سەرچاوەکان



279 بینین