فانتا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-22-21:34:00 - کۆدی بابەت: 11082
فانتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤانتا یان فانتا یاخود خواردنەوەی گازی فانتا (بە عەرەبی: فانتا، بە ئینگلیزی: Fanta) خواردنەوەیەکی گازی ناودارە و سەر بە کۆمپانیای کۆکاکۆلایە و بە دووەم کۆنترین براندی بازرگانی کۆمپانیاکە دادەنرێت. لقی کۆمپانیای کۆکاکۆلا لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە ئەم بەرهەمەی دروستکردووە.

پێکهاتەی فانتا لە ئاوی گازی و شەکر و ڕەنگ و تامی دەستکرد دروست دەکرێت، هەروەها ترشی ستریک و ماددەی پارێزراویش لە پێکهاتەکەیدا بوونی هەیە، ڕەنگەکەی بەپێی جۆری تامەکەیەتی و لە بتڵی کانزایی قەبارە جیاواز و هەمەجۆر بەردەستە، هاوکات خواردنەوەکە گازییە و ناکحوولییە. خواردنەوەی گازی فانتای سەر بە کۆمپانیای کۆکاکۆلا ڕکابەری خواردنەوەی گازی میرەندای سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆ دەکات.

مێژووی بەرهەمهێنانی فانتا

لە ساڵانی ماوەی پێش جەنگی جیهانیی دووەم، لقی کۆمپانیای کۆکاکۆلا لە وڵاتی ئەڵمانیا سەرۆکێکی بە ڕەچەڵەک ئەمریکی هەبوو، بەڵام دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن هیتلەر و دامەزراندنی ئەڵمانیای نازی و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم، سەرۆکی کۆمپانیاکە دوورخرایەوە، چیتر پێکهاتە سەرەکییەکانی دروستکردنی کۆکاکۆلایان لە وڵاتانی ترەوە بەدەست نەدەگەیشت، بەهۆی کێشەی سیاسی و ڕووداوەکانی جەنگەوە ڕێگری لە بازرگانی لە نێوان ئەڵمانیا و چەند وڵاتێک کرا، بۆیە بەرهەمهێنانی کۆکاکۆلا لە ئەڵمانیا وەستێنرا و کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی شکست بووەوە، بەڵام بەڕێوبەری کۆمپانیاکە (ۆوڵفانگ شمێس) کە ئەڵمانی بوو، ڕێگری لە داخستن و کەوتنی کۆمپانیاکە کرد، پێشبڕکێیەکی لە نێوان کارمەندەکانی ڕێکخست و داوای لێکردن بە خەیاڵی خۆیان لە بابەت و خۆراکی سادە خواردنەوەیەکی گازی نوێ بەرهەم بهێنن، بۆیە لە کۆتاییدا و دوای چەند تاقیکردنەوەیەک توانرا خواردنەویەک لە پاشماوەی سێوی سەوز و شیر و تێکەڵ کردنیان لەگەڵ چەند ماددەیەکی تر فانتا بەرهەم بهێنن.

ناوی فانتایان بۆ خواردنەوە گازییەکه هەڵبژارد چونکە لەسەر بنەمای خەیاڵ بەرهەمەکە دروستکرا وشەی (Fantasie) لە زمانی ئەڵمانی هاوواتای وشەی فانتاسیا یان خەیاڵە و لە ساڵی ١٩٤٠ بەرهەمەکە خرایە بازاڕەکانی ئەڵمانیاوە و پاشان دوای کۆتایی هاتنی سزاکانی سەر وڵاتی ئەڵمانیا فانتا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە.

تام و جۆرەکانی

فانتا بە چەند جۆر و تامێکی جیاواز بەردەستە و بە تامی پرتەقاڵ ناودارە، گرنگترین تامەکانی بریتین لە:

  • پرتەقاڵ
  • شلیک
  • تێکەڵەی میوە مزرەمەنییەکان
  • تێکەڵەی میوەی هەمەجۆر
  • سێوی سوور
  • سێوی سەوز


سەرچاوەکان



205 بینین