کۆکاکۆلا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-26-22:50:00 - کۆدی بابەت: 11110
کۆکاکۆلا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خواردنەوەی کۆکاکۆلا یان خوردنەوەی گازی کۆکاکۆلا یان کۆلا (بە عەرەبی: كوكا كولا، بە ئینگلیزی: Coca-Cola) خواردنەوەیەکی گازیی ناکحوولییە و لەلایەن کۆمپانیای کۆکاکۆلاوە بەرهەم دەهێنرێت. خواردنەوەی گازی کۆکاکۆلای سەر کۆمپانیای کۆکاکۆلا ڕکابەری خواردنەوەی گازی پیپسی سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆ دەکات. کۆکاکۆلا لە بتڵی کانزایی و پلاستیکی و شووشە بە قەبارەی جیاواز و هەمەجۆر بەردەستە.

مێژووی دروستکردن و بەرهەمهێنانی

دەرمانسازی ئەمریکی (جۆن ستێث پێمبێرتۆن) بە داهێنەر و دۆزەرەوەی یەکەمین خواردنەوەی کۆکاکۆلا دادەنرێت لە جیهاندا، لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٨٨٦ گیراوەیەکی شلی گازاوی لە چەند پێکهاتەیەک دروستکرد نموونەی تێکەڵکردنی مەی و کافایین لەگەڵ بڕێکی دیارکراو شەکری تێدا بەکارهێنا و لە دەرمانخانەکەی وەکوو دەرمانی ئازارشکێنی سەرئێشە دەیفرۆشت. پاشان (جۆن پێمبێرتۆن) تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئەو گیراوەیە زیاتر کرد و بەبێ هیچ ناوێکی فەرمی لە بازاڕەکاندا بڵاویکردەوە و فرۆشتی.

ناوی کۆکاکۆلا لەلایەن ژمێریارێکەوە بە ناوی (فرانک ماسۆن ڕۆبنسۆن) کە لەگەڵ جۆن کاری دەکرد پێشنیار کرا و داهێنرا، ناوەکە لە دوو پێکهاتەی سەرەکی کۆکاکۆلا وەرگیرا، کە بریتی بوون لە گەڵای کۆکا (ناوی زانستی: Erythroxylum coca) لەگەڵ جۆرە گوێزێک بە ناوی گوێزی کۆلا (بە ئینگلیزی: kola nut). دوای کۆچی دوایی (جۆن پێمبێرتۆن) پێکهاتە و براندی کۆکاکۆلا لەلایەن نەوەکانی پێمبێرتۆنەوە لە ساڵی ١٨٨٩ فرۆشرایە بازرگانێکی ناوداری ئەمریکی بە ناوی (ئاسا گریگەرز کاندلەر)، ئەو لە ساڵی ١٨٩٢ بە فەرمی کۆمپانیای کۆکاکۆلای لە ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا دامەزراند، تەنیا دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی کۆمپانیاکە فرۆشی کۆمپانیای کۆکاکۆلا گەیشتە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا و بە یەکێک لە کۆمپانیا خێرا گەشەکردووەکان دادەنرێت و پشکی زۆرێک لە کۆمپانیای بچووک و براندی جیهانی کڕییەوە.

لە ساڵی ١٩١٦ بۆ یەکەم جار خواردنەوەی کۆکاکۆلا لە شووشەدا فرۆشرا. یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی کۆکاکۆلا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٤٤ بوو کە لە شاری جیزەی وڵاتی میسر کۆمپانیاکە دامەزرا و کۆکاکۆلا وەکوو بەرهەمی سەرەکی کرایە بازاڕەکانەوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاجایی لەسەر حەرام و حەڵاڵی خواردنەوەکە دروست بوو، بەڵام دواتر لەلایەن زانایانەوە خواردنەوەی قەدەغە نەکرا و پەسەند کرا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە کۆکاکۆلا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیەش بڵاوبووەوە. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە عێراق و بە دیاریکراوی لە شاری بەغداد کارگەی دروستکردنی کۆکاکۆلا دامەزرا.

واتای ناو و هێماکەی

لۆگۆی کۆکاکۆلا لەلایەن (فرانک ڕۆبنسۆن) دامەزرێنەری کۆمپانیاکە دیزاین کرا کە خۆی لە دەستەی دامەزرێنەران بوو و لە ساڵی ١٨٨٥ لۆگۆکەی دەرکرد لەو کاتەدا هیچ نرخ و تێچووەیەکی بەرامبەر ئەو کارە وەرنەگرتووە و لۆگۆی کۆکاکۆلا تێچووی نەبووە. ناوی لۆگۆکەی لە ناوی دوو ماددەی سەرەکی پێکهاتەکانی وەرگیراوە کە بریتین لە گەڵای کۆکا و گوێزی کۆلا. ساڵانێکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی و بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی نموونەی سعوودیە دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە لەکاتی پێچەوانەکردنی لۆگۆکە واتاکەی دەبێتە (لا محمد لا مكة) و ئەو هێمایە دژی ئایینی ئیسلامە، بەوهۆیەوە دژایەتییەکی زۆری بەرهەمەکە کرا و تەنانەت ڕێژەی فرۆشی لە زۆرێک لە ناوچە عەرەبییەکان کەم بووەوە، بەڵام کۆمپانیاکە پشتراشتی کردەوە کە واتای هێما و لۆگۆکەی هیچ پەیوەندییەکی بە بێڕێزی کردن بە ئایینی ئیسلامەوه نییە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.

پێکهاتەی خواردنەوەی کۆکاکۆلا

کۆکاکۆلا خواردنەوە و گیراوەیەکی گازییە بە ڕێژەی ٩٠٪ـی لە ئاوی گازی پێکدێت کە بریتییە لە دووانە ئۆکسیدی خاوێن و پاک و هەر ئەم ماددەیەیە کە کەف و هەڵچوون بۆ کۆکاکۆلا دروست دەکات. شەکر پێکهاتەیەکی تری کۆکاکۆلایە و کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە کۆکاکۆلا بەکاردەهێنرێت و تامێکی شیرین بە خواردنەوەکە دەبەخشێت. ڕەنگی کۆکاکۆلا قاوەییەکی تۆخی مەیلەو ڕەشە ئەم ڕەنگە لە ڕێگەی ڕەنگی دەستکرد و بڕێکی دیاریکراو لە کەڕامیڵ بەدەست دەهێنرێت.

چەند ماددەیەکی کیمیایی لە پێکهاتەی کۆکاکۆلا هەیە نموونەی ترشی فسفۆریک کە تامێکی نیمچەتورشی بەخشیەتە خواردنەوەکە. کافایین پیکهاتەیەکی تری کۆکاکۆلایە و بەڕێژەیەکی دیاریکراو لە خواردنەوەکەدا بەکار هاتووە. هاوکات تامی سەرەکی نهێنی دەستکردی خواردنەوەی کۆکاکۆلا تایبەتە بە کۆمپانیاکە و نهێنییە و نازانرێت. یەک بتڵی کۆکاکۆلای ئاسایی کە ٣٥٥ ملیلیترە ٣٩ گرام شەکر و ٥٠ ملیگرام سۆدیۆمی تێدایە و لە ١٤٠ کالۆری پێکهاتووە.

ڕەخنەکانی سەر کۆکاکۆلا زیانەکانی

لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەوە کۆمپانیای کۆکاکۆلا بۆ زۆرێک لە بەرهەمەکانی بتڵی پلاستیکی و کانزایی بەکاردەهێنێت، دوای دەرکەوتنی پلاستێک بەرهەمە لە شووشەکراوەکانی زۆر سنووردار بووە، بۆیە بوون بە یەکێک لە گەورەترین ئەو کۆمپانیایانەی جیهان کە پلاستیک بەکاردەهێنن لە جیهاندا، بە جۆرێک کە بەرهەمهێنانی ساڵانەی مایکرۆپلاستیک لە بەرهەمەکانیان لە سێ ملیۆن تەن زیاترە و ساڵانە ١١٠ ملیار بتڵی پلاستیکی بەرهەم دەهێنن، بۆیە بە پیسکەری ژینگە دادەنرێن و ڕەخنەی زۆریان لەو بارەیەوە لەسەر گیراوە. چەند توێژینەوەیەکی پزیشکی و زانستی لەسەر بەرهەمی کۆکاکۆلا کراوە کە بەهۆی ئەوەی ڕێژەی شەکر تێیدا بەرزە بۆیە بە هۆکاری سەرەکی تووشبوونی نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی دادەنرێت، زیانی بۆ ئێسک و ددان هەیە، زیانبەخشە بۆ منداڵان و پەسەند نییە کە منداڵان کۆکاکۆلا بەکاربهێنن.


سەرچاوەکان



738 بینین