زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-11-21:59:00 - کۆدی بابەت: 11276
زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان (بە ئینگلیزی: Eukaryotes، بە عەرەبی: حقيقيات النواة) زیندەوەرێکن کە ناوکی ڕاستەقینەی بە پەردە دەورەدراو و سایتۆپلازمی دەورەدراو بە پەردەیان تێدایە هەروەها خانەکە بە گشتی بە پەردەی خانە دەورەدراوە. خانەکانی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان زۆرینەی هەموو جۆرەکانی زیندەوەرانن لەسەر زەوی و بە بنچینەی هەموو زیندەوەرە ناسراوەکان دادەنرێن. 

پێکهاتە و ئەرکەکانی خانەی زیندەوەرێکی ناوک ڕاستەقینە بێ هاوتایە. خانەکانی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان بۆماوەی مایتۆکۆندریاییان هەیە. بەشێکیان ناوکی ئاساییان نییە لەجیاتی ئەوە، ئەندامۆچکەی بازنەییان هەیە کە بە پەردە دەورەدراوە و پێی دەوترێت ناوک، ناوک جینە بۆماوەییەکانی تێدایە. دی ئێن ئەی یاخود ناوکە ترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین لە کرۆماتیندا هەیە، کە ئەویش لە پڕۆتینێکدا جێگیرکراوە پێی دەوترێت هستۆن (histones). مایتۆکۆندریا تەنها لە زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکاندا دەدۆزرێتەوە و وەک کارگەی وزەی خانەکە کار دەکات.

دەربارەی خانە

دەستەواژەی خانە بۆ هەموو یەکەیەکی بنچینەیی، پێکهاتەیی و کرداری بوونەوەرە زیندووەکان بەکاردێت. خانەکان مایکرۆسکۆپین، واتا بە چاوی ئاسایی نابینرێن. بچووکترین خانەی ناسراو ئەمیبایە و تیرەکەی نزیکەی ٠.٢ مایکرۆمەترە. گەورەترینیان لە هەندێک لە قەوزەکانی ئۆقیانووسەکاندا بەدیدەکرێت، وەک سارگاسۆم، و تیرەکەی دەگاتە نزیکەی ٧٠ مەتر.

دەربارەی خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

خانەکانی زیندەوەری ناوک ڕاستەقینەکان هەموو زیندەوەرە فرەخانەکان (ئەوانەی زیاتر لە یەک خانەیان هەیە) دەگرێتەوە، هەروەها ژمارەیەکی کەمی تاکخانەکانیش ناوک ڕاستەقینەن. زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان دی ئێن ئەییان هەیە لە ناوکی ناوەڕاستی خانە و ئەندامۆچکەی دەورەدراو بە پەردەیان هەیە، وەک مایتۆکۆندریا و کلۆرۆپلاست، کە ئەرکی تایبەتیان هەیە. پێکهاتەی تایبەت و ئەرکەکانیان یارمەتی خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان دەدات لە ڕێکخستنی شانە گونجاوەکان و کارکردنی لەشیان بە گشتی.

پێکهاتە و ئەرکەکانی خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

پێکهاتەی خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

پەردەیەکی تەنک و نەرم هەموو خانە زیندووەکان دادەپۆشێت. پێکهاتەی کۆمەڵەیەک لە خانەکان پێی دەوترێت شانە، و کۆمەڵەی شانەکان ئەندامێک پێکدەهێنن و دواتریش لە بەرزترین ئاستی ڕێکخستنیان بە کۆمەڵە ئەندامێک کۆئەندام دروستدەکەن.

پەردەی خانە (Cell membrane): پەردەی خانە لە چەوری پێکهاتووە، ئاوێتەیەکی ئەندامی چەوری کە پێیدەوترێت چەورییە پڕۆتین. هەروەها ئەو پڕۆتینەی کە لە پەردەکەدا هەیە وەک جۆگەیەک کار دەکات بۆ ئەوەی ماددەکان لە ناوەوە و دەرەوەی خانەکە تێپەڕببن.

سایتۆپلازم (Cytoplasm): لە خوارەوەی یاخود لە بەشی ناوەوەی پەردەکە ماددەیەکی وەک جێلی هەیە کە پێی دەوترێت سایتۆپلازم. سایتۆپلازم چەندین کرداری هەیە و لە ئاو پێکهاتووە کە ئایۆنە تواوەکان و گەردە گەورەکانی تێدایە وەک پڕۆتین و ناوکە ترشەکان (ناوکە ترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین DNA یان ناوکە ترشی ڕایبۆزی RNA).

دیواری خانە (Cell wall): سایتۆپلازم دەورە دراوە بە چینێکی دیواری خانەی ڕیشاڵی. دیوارەکانی خانە ڕەقن و پشتگیری پێکهاتەیی خانەکان دەکەن. هەروەها خانەکە لە وشکبوونەوە و هێرشکردن لەلایەن میکرۆبە زیانبەخشەکانەوە دەپارێزن. بەڵام دیواری خانە تەنها لە خانەکانی ڕووەکدا هەیە.

ناوکی خانە (Cell nucleus): ناوک ناوەندی کۆنترۆڵی خانەی زیندەوەرێکی ناوک ڕاستەقینەیە. دی ئێن ئەیی تێدایە کە بەکاردێت بۆ کۆدکردنی پڕۆتینی جیاواز کە چەندین کرداری زۆر گرنگ لە خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان ئەنجام دەدات. هەروەها ناوک هەموو زانیاری بۆماوەیی خانەکەی تێدایە، لەوانە تایبەتمەندییە بۆماوەییەکان و نەخشەی گەشەکردن و گەورەبوون.

مایتۆکۆندریا (Mitochondria): ئەندامۆچکەیەکی بچووکە کە بە نزیکەیی لە هەموو خانەکانی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان دەدۆزرێنەوە. مایتۆکۆندریا وزە بەرهەم دەهێنێت لە شێوەی ئەدینۆسینی سیانە فۆسفاتی (ATP) هەروەها مایتۆکۆندریا دی ئێن ئەی تێدایە، جیا لەو دی ئێن ئەیەی کە لە ناو ناوکدا هەیە.

کلۆرۆپلاست (Chloroplasts): ئەندامۆچکەیەکی بچووکە کە لە خانەکانی ڕووەکدا دەدۆزرێتەوە. کلۆرۆپلاستەکان بەشدارن لە ڕۆشنەپێکهاتن و بۆیەی تایبەتیان تێدایە بەم شێوەیە ڕەنگ بە ڕووەکەکان دەبەخشێت و هەروەها وایان لێدەکات گەشە بکەن.

بۆشاییەکان (Vacuoles): ئەو چاڵ یاخود کەلێنەیە کە لە خانەکانی ڕووەک و هەندێک خانەی ئاژەڵدا هەیە. بۆشاییەکان دەتوانن خۆراک و بەرهەمە بەفیڕۆچووەکان خەزن بکەن.

دەزگاکانی گۆڵجی (Golgi bodies): ئەمانەش ئەندامۆچکەی بچووکن کە لە خانەکانی ئاژەڵاندا هەن. دەزگای گۆڵجی لە گواستنەوەی پڕۆتینەکاندا کار دەکات کە لەلایەن ڕایبۆسۆمەکانەوە دروست دەکرێت لە ناوەندە پلازمەتۆڕی ڕەق.

ڕایبۆسۆم (Ribosome): پێکهاتەیەکی گەورە و ئاڵۆزن لە هەردوو خانەی ڕووەک و ئاژەڵاندا هەن. ڕایبۆسۆمەکان ناوکە ترشی ڕایبۆزی نێردراو (mRNA) وەرگێڕن بۆ پڕۆتین بە خوێندنەوەی کۆدی سێ پیت کە پێی دەوترێت کۆدۆن لەسەر زنجیرەی mRNA و زیادکردنی ترشی ئەمینی بۆ گەشەکردنی زنجیرەیەکی پڕۆتین لە شوێنی دیاریکراو بەپێی ئەم کۆدۆنانە.

ئەرکەکانی خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

ئەرکەکانی خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان بەرپرسیارێتییە لە شێوەی تەندروست و کارکردنی هەموو بەشە زیندووەکان، ئەرکەکان بریتین لە:
بەرهەمهێنانی خۆراک و وزە: خانەکانی زیندەوەری ناوک ڕاستەقینەکان جیاوازن، هەنێکیان وەک ڕووەکەکان خۆژێنن و هەنێکی تریشیان خۆنەژێنن وەک ئاژەڵەکان. سەرچاوەی وزەی دەرەکی بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی خانەیی وەک خۆراک و ئاو. باوترین سەرچاوەی وزە ڕووناکی خۆرە، کە یارمەتی ڕووەکەکان دەدات خۆراک لە شەکر دروست بکەن.

گەشە: گەشەکردن بریتییە لە زیادبوونی قەبارەی زیندەوەر. ئەمە لەلایەن دابەشبوونی خانەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لەبەرگیراوەیەکی هاوشێوەی خانەکان بەرهەم دەهێنێت. هەروەها گەشەکردن بەهۆی ئەو هۆڕمۆنانەوە بەڕێوەدەبرێت کە لە خانەکانی ناوەوە دروست دەکرێن و بە ناو جەستەدا دەسووڕێنەوە لە ڕێگەی لوولەکانی خوێنەوە بۆ ئامانجکردنی شانەکان، کە بە وەرگرەکانی خانەکانی تر دەبەسترێنەوە و وەڵامی جیاواز بەرهەم دەهێنن.

پەرەسەندن: دروستکردنی خانەی نوێیە لە تەنها خانەیەکەوە. پەرەسەندن گەشەکردن و بەرهەمهێنانی جۆرەها خانەی تایبەتمەند دەگرێتەوە.

زۆربوون: زۆربوون یاخود توخمە زۆربوون بریتییە لە کۆبوونەوەی دوو کۆمەڵە بۆهێڵی جیاواز لە زیندەوەرێک بۆ دروستکردنی تاکێکی نوێ کە هەموو زانیارییە بۆماوەییەکانی هەردوو گرووپەکەی تێدایە. توخمە زۆربوون گرنگە بۆ پەرەسەندن چونکە ئەمە گۆڕانکاری لە ناو دانیشتواندا پێشکەش دەکات، ڕێگە بە تێکەڵەیەکی نوێی بۆهێڵەکان دەدات بۆ پەرەسەندن لە ماوەی مانەوە لە ژینگەی جیاوازدا. کە زۆربەی ناوک ڕاستەقینەکان توخمانە زۆردەبن، لەگەڵ ئەوەش هەنێکیان دەکرێت ناتوخمانە زۆربن یاخود هەردوو ڕێگای توخمانە و ناتوخمانە بەکاربهێنن بۆ زۆربوون.

ڕێکخستنی گەشەی خانە و مردنی: گەشەی خانە و مردنی خانە کۆنترۆڵ دەکرێن لەلایەن هۆرمۆنەکانی لەش. کاتێک هۆرمۆنێک بە وەرگرەکەیەوە دەبەسترێتەوە لەسەر خانەیەکی ئامانج، وەڵامی تایبەتی خۆی دەخاتە کار.

پێکهاتە و ئەرکەکانی خانەی زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە جیاوازن لە خانەی زیندەوەری ناوک سەرەتایی. زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان دی ئێن ئەییان هەیە لە ناوکی ناوەندی خانە و ئەندامۆچکەی دەورەدراو بە پەردەی وەک مایتۆکۆندریایان هەیە و ئەرکی تایبەت ئەنجام دەدەن، کە ئەمانە لە خانە ناوک سەرەتاییەکاندا نین.

جیاوازی نێوان زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان و زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان 

لەسەر بنەمای ڕێکخراوی خانەیی، دوو جۆری سەرەکی زیندەوەر هەیە: زیندەوەری ناوک سەرەتایی و زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە. زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە (Eukaryotes) زیندەوەرێکە کە لەسەر ئاستی خانەیی زۆربەی ماددە بۆماوەییەکانیان دەکەونە ناو ناوکی بە دوو پەردە دەورەدراوەوە. ماددە بۆماوەییەکانی تر لە دەرەوەی ناوکەکە دەدۆزرێنەوە لە مایتۆکۆندریا و کلۆرۆپلاست (ئەگەر بوونیان هەبێت). کرۆمۆسۆمەکانی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان بریتین لە زنجیرەی دی ئێن ئەی.

لە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکاندا، کرۆمۆسۆم بە شێوەیەکی سەرەکی بازنەییە. قەبارەی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان بچووکترن لە زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان. بۆیە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان ڕووبەرێکی گەورەتریان هەیە بۆ قەبارەیان. لەبەر ئەوە، ئەوان ڕێژەیەکی بەرزی زیندەچالاکی و ڕێژەیەکی بەرزی گەشەکردنیان هەیە.

هەردوو زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە و زیندەوەری ناوک سەرەتایی زانیاری بۆماوەیی خۆیان لە بۆهێڵەکانیاندا هەڵدەگرن و سەرچاوەی سەرەکی وزەی زیندەچالاکییەکانیان ئەدینۆسینی سیانە فۆسفاتە ATP.

هەروەها هەردووکیان ڕایبۆسۆمیان هەیە کە وەک شوێنی دروستکردنی پڕۆتین خزمەت دەکات. بەڵام پێکهاتەی ڕایبۆسۆمەکانیان جیاوازن، ڕایبۆسۆمی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان بریتییە لە ٧٠ ئێس و پێکهاتووە لە ٥٠ ئێس (لاوەکی گەورە) و ٣٠ ئێس (لاوەکی بچووک). ڕایبۆسۆمی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان بریتییە لە ٨٠ ئێس و پێکهاتووە لە ٦٠ ئێس (لاوەکی گەورە) و ٤٠ ئێس (لاوەکی بچووک).


سەرچاوەکان



1365 بینین