بۆقی ئاڵتوونی ژەهراوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-19-13:41:00 - کۆدی بابەت: 11334
بۆقی ئاڵتوونی ژەهراوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆقی ئاڵتوونی ژەهراوی (بە ئینگلیزی: Golden poison frog، بە عەرەبی: الضفدع الذهبي السام)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی وشکاوەکییەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە کەناراوەکانی زەریای هێمن لە وڵاتی کۆڵۆمبیا، لە ناوچە دارستانە باراناوییەکاندا دەژی و پێویستی بە بارانی بەردەوام و شێی زۆر هەیە، بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە پلەی گەرمییەکە کە ٢٦ پلەی سەدی بێت، بۆقەکە زەمینەییە و ئارەزوو دەکات کە زۆرینەی کاتەکانی لەسەر زەوی دارستانەکە بەسەر ببات، یاخود لەسەر ئەو گەڵا کورتانەی کە تەنها چەند سانتیمەترێکی کەم بەرزن.

بەڵام بۆقەکە مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بەجۆرێک پۆلێنکراوە کە بەرەو نەمان دەچێت، ئەمەش بەهۆی بڕینەوە و کەمکردنەوەی داری ئەو دارستانانەی کە بۆقەکە تێیدا نیشتەجێیە، دانیشتووانی ڕەسەنی کۆڵۆمبیا ژەهری ئەم بۆقەیان خستوەتە سەر تیرەکانیان و بەکاریان هێناوە بۆ ماوەی چەندین سەدە، ئەوەی سەرنجڕاکێشە دەربارەی بەکارهێنانی ئەوەیە کە ژەهرەکە بۆماوەی چەندین ساڵ بە چالاکی دەمێنێتەوە و تێکناچێت.   

شێوەی دەرەوەی

دیارترین جیاکەرەوەی ڕەنگەکەیەتی، کە ڕەنگێکی زۆر زەق و کراوەی هەیە لەگەڵ دوو چاوی تاریک و ڕەش، باوترین ڕەنگ کە هەیەتی زەردە بەڵام دەکرێت هەندێکیان پرتەقاڵی یاخود سەوزێکی زەق و کراوەبن، مێینەکان گەورەترن لە نێرینەکان و بۆقەکە قەبارەیەکی بچووکی هەیە، کێشی دەگاتە کەمتر لە ٢٨ گرام و درێژییەکەشی لە نێوان ٢.٥-٥ سانتیمەترە، لەگەڵ ئەم قەبارە زۆر بچووکەیدا بەڵام بە یەکێک لە کوشندەترین بوونەوەرەکانی سەر زەوی هەژمار دەکرێت.  

لەسەر پێستی ئەم جۆرە بۆقە ژەهرێکی کوشندە هەیە، ئەم ژەهرە تەنها بۆ پارێزگاریکردنە لە خۆی واتە بۆ کوشتنی نێچیرەکانی بەکاری ناهێنێت، ژەهری تەنها یەک بۆق بەشی پێویستە بۆ کوشتنی ١٠ مرۆڤ، کاریگەری ژەهرەکە لەسەر دەمارەکانە کە ڕێگری دەکات لەوەی دەمارەکان ئاماژە بنێرن و لەئەنجامدا دڵی کەسەکە تووشی شکست دەبێت، زاناکان دڵنیانین لە ئەوەی کە ئەم ژهرە چۆن دروست دەبێت، بەڵام باوەڕیان وایە کە ژەهرەکە بەهۆی خواردنی مێروویەکەوەیە کە بۆقەکە دەیخوات، چونکە ئەو بۆقانەی کە دیل دەکرێن و لە سروشتدا ناژین ناتوانن ئەو ژهرە دروست بکەن و پەرەی پێبدەن.

خۆراک

جیاواز لە زۆرینەی بۆقەکانی تر ئەم جۆرە ژەهراوییە بە ڕۆژدا چالاکە، ژەمی سەرەکی مێروولەکانە بەڵام دەکرێت هەندێک مێرووی جیاوازیتریش بخوات وەک مێروولەی سپی، قالۆنچە یان سیسرک، بۆ گرتنی خواردنەکانیشی زمانی بەکار دەهێنێت کە درێژە و توانایەکی بەرزی پێوەنووسانی بە شتەکانەوە هەیە، یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بۆقە ئەوەیە کە تەنها یەک بوونەوەر هەیە توانای ڕاوکردن و خواردنی هەبێت، ئەویش جۆرێکی دیاریکراوی مارە کە پەرەسەندووە و بەرگەی ژەهری بۆقەکە دەگرێت و دەیکات بە نێچیر.

یەکگرتن و زۆربوون

بۆقی ئاڵتوونی ژەهراوی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵەدا و پێکەوە دەژین، ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵەیەک دەگاتە شەش ئەندام، کە ساڵانە جارێک یان دووجار کۆمەڵەکانیان گەورەتر دەکەن بە مەبەستی یەکگرتن و زۆربوون، بۆقەکان بۆ پەیوەندیکردن چەندین دەنگ و جووڵەی تایبەتمەند بەکاردەهێنن، نێرینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان دەنگی بەرز دەردەکەن، مێینەکەش ئەگەر ڕازی بێت سەر دادەنەوێنێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ڕەتی بکاتەوە ئەوا پاڵی پێوەدەنێت.

دوای یەکگرتن مێینەکان هێلکەکانیان لەسەر زەوی دادەنێن، لەماوەی دوو هەفتەدا سەرکەمێکوتەکان هەڵدێن و خۆیان دەنوسێنن بە پشتی نێرینەکەوە، پاشان نێرینەکە دەیانگوازێتەوە بۆناو گەڵای دارەکان کە لەوێدا لە شێوەی کۆمەڵەدا ڕێکیاندەخات و دایاندەنێت، هەتاکوو لەوێ گەورەببن و پەرەبسێنن بۆ وشکاوەکییەکی تەواو، هەر لەو دانانەدا کۆمەڵەکان دەبنە خێزانێکی هەمیشەیی بۆ یەکتری، هەروەها سوڕی ژیانی ئەم جۆرە بۆقە دەگاتە نزیکەی ١٠ ساڵ.


سەرچاوەکان



735 بینین