دەروونناسی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-22-15:04:00 - کۆدی بابەت: 11352
دەروونناسی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەروونناسی منداڵ (بە ئینگلیزی: Child psychology، بە عەرەبی: علم النفس الطفل)، لێکۆڵینەوەی مێشک و هەڵسووکەوتی مرۆڤ زانستێکە کە لە ڕێگەی توێژینەوە و دامەزراندنی بنەما جیاوازەکانەوە بەدوای تێگەیشتنی تاکەکان و گروپەکاندا دەگەڕێت دەروونناسی منداڵ بە دەروونناسی گەشە ناسراوە، لقێکی سەرەکی دەروونناسییە. دەروونناسی منداڵ لقێکە لە لقەکانی دەروونناسی گشتی کە سەرنج دەخاتە سەر منداڵ و بەتایبەتی پەرەپێدان و هەڵسووکەوتیان هەروەها چۆن منداڵ کارلێک لەگەڵ دایک و باوک و خۆی و گەشەی دەروونیدا دەکات، ئەم جۆرەش لە لە دایکبوونەوە دەست پێ دەکات تا قۆناغی هەرزەکاری.

ڕێبازە تیۆرییە بنچینەییەکان لە بواری دەروونناسی منداڵدا

  • ڕێبازی شیکردنەوە.
  • ڕێبازی شیکردنەوەی دەروونی- کۆمەڵایەتی.
  • ڕێبازی هەڵسوکەوتی.

تیۆری شیکردنەوەی دەروونی

کە لە قۆناغی منداڵیدا لەسەر قۆناغەکانی پێشکەوتنی گەشەی دەروونی جنسی قسە و باسەکانیان درێژە پێداوە، ئەوانەی کە کاریگەری کارەساتەکان و ئەزموونە سەرەتاییەکانیان لەسەر هەڵچوونەکانی کەسایەتی منداڵ و دوایش گەورەدا ڕوونکردووەتەوە، ئەوانەی کە توێژەرەکانی کەسایەتی منداڵ و دوایش گەورەدا ڕوونکردووەتەوە ئەوانەی کە توێژەرەکانی دەروونناسی منداڵیان بە چەندین گریمان و تیۆر دەوڵەمەند کرد بە پەرۆشەوە بە شێوازەکانی (ئەزموونگەری و ئاماری) کەوتنە لێکۆڵینەوە و سەلماندنی ڕاستبوونی ئەو گریمان و تیۆرانە.

تیۆری شیکردنەوەی دەروونی – کۆمەڵایەتی ئەریکسۆن

ئەریک ئەریکسۆن بە یەکێک لە قوتابییەکانی فرۆید کە باوەڕی بە تیۆر و بنەماکانی دەروون شیکردنەوە هەیە دادەنرێت، بەڵام بۆ ئەوەی پایەی گەشەی کەسایەتی دەوڵەمەند بکات لایەنگری لە ڕێبازی کۆمەڵایەتی کرد. ئەریکسۆن (گەشە و گۆڕانەکانی) کە لە ژیانی کەسدا ڕوودەدەن بە کێشە ناوبرد، کێشەش ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵکو وەچەرخانە خاڵێکە. ئەریکسۆن بە هەشت قۆناغی دەروونی کە مرۆڤ پێیاندا تێدەپەڕێت ئاماژەی پێدەدات وشەی هەستیشی لەسەرەتایی هەریەک لەو قۆناغەدا بەکارهێناوە.

  • هەستکردن بە باوەڕ بە خۆبوون.
  • هەستکردن بە سەربەخۆی بەرانبەر بە شەرمەزاری.
  • هەستکردن بە ڕاستی بەرانبەر بە ڕووکەشی.
  • هەستکردن بە بەدەستهێنان بەرانبەر کەموکوڕی.
  • هەستکردن بە پێناسی تایبەتی بەرانبەر بە ڕۆڵ پشێوی.

ڕێبازی هەڵسوکەوت

نموونەی هەڵسووکەوت بە پلەی یەکەم نموونەیەکی دەورووبەرییە، کە وای دەبینێت هەڵسووکەوتی هەر زیندەوەرێک بە پلەی یەکەم وەک وەڵامدانەوە بۆ بزوێنەرەکانی ناو دەورووبەر دیاری دەکرێت، ئەو وەڵامدانەوەیەی کە پشتگیری کراون و بەهێزکراون، واتا ئەو هەڵسووکەوتەی کە پاداشتی باش و شتی پەسەندیان بەدوادا هاتووە، ئەو وەڵامدانەوانەن کە دەمێننەوە و دەبنە بەشی هەڵسووکەوتی هەر زیندەوەرێک.

گەشەکردنی جەستەیی

مەبەست لە گەشەی جەستەیی کۆمەڵێک گۆڕانکارییە لە هەموو ڕوویەکی پێکهاتەیی و ئەرکییەوە بەسەر زیندەوەردا دێت. لەم بەشەدا ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر گەشەی جەستەیی منداڵ لە ساڵەکانی تەمەنی پێش قوتابخانەدا دەبن و گرنگی گەشەیی جەستەیی لە تەواوکاریی گەشە جیاوازەکاندا وەک گەشەی ژیری و هەڵچوونی و کۆمەڵایەتی باس دەکەین. گەشەیی جەستەییش دەکریت بە دوو بەشەوە:

  • گەشەیی پێکهاتەیی: ئەوەش گەشەی جەستە لە ڕووی کێش و درێژی و شێوە و قەبارە دەگرێتەوە.
  • گەشەیی ئەرکی: ئەوەش گەشەی ئەرکی ئەندامەکان لە ڕووی جووڵە و هەست و ژیری و هەڵچوون و تەواوکارییانەوە دەگرێتەوە.

گەشەکردن لەلای منداڵ

منداڵ بە گرنگترین قۆناغی تەمەن دادەنرێت کە تیایدا منداڵ کۆڵکەکانی گەشەی هاوئاستی ژیری و جەستەیی پێکدەهێنێت. قۆناغەکانی منداڵی بریتییە لە:

  • لانکە
  • قۆناغی پێش قوتابخانە

تایبەتمەندییەکانی گەشەیی مەعریفی منداڵ

١- بەرزبوونەوەی ڕێژەی زیرەکی منداڵ، واتا منداڵ توانای بیرکردنەوەی بۆ بابەتە جیاوازەکان دەبێت، بۆ نموونە توانای ژماردن و لێکدانەوە بۆ هاوکێشە سەرەتاییەکانی بیرکاری وەکو کەم و کۆ.

٢- توانای تێگەیشتن و درککردنی زیاتر دەبێت وەک درککردنی قووڵی و بەرزی شتەکان، جیاکردنەوەی واتایی قسەکان.

٣- سەرنجی بەهێزتر دەبێت و توانای تێگەشتنی بۆ ڕووداوەکان باشتر دەبێت. واتە منداڵ توانای گوێگرتنی بۆ ئاخاوتنی کەسانی تر دەبێت.

٤- توانای جیاوازی لە نێوان کاری باش و خراپ دەبێت. واتا دەتوانێت بڕیار لەسەر ڕفتارە مۆڕاڵییەکان بدات.

٥- دەربڕینی بۆ پێداویستییەکانی باشتر دەبێت و پەیوەندی زمانەوانی لەگەڵ کەسانی دەوروبەری بەهێزتر دەبێت.

ترسان لە کەسی نامۆ

زۆربەی منداڵ لە تەمەنی ٥-٨ مانگی هەست بە ناڕەحەتی دەکەن کاتێک کەسێکی نەناسراو نزیکی دەبێتەوە، گریان وەکو ئامڕاز بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لێی دووربکەوێتەوە. ئەوەی شایەنی باسە دیاردەی تر لە کەسانی نامۆ حاڵەتێکی گشتگیر نییە بۆ هەموو منداڵێک، ڕەنگە هۆکارەکەی بۆ ئەزموونی منداڵەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو مامەڵەی کە لە پێشتر کەسانی دیکە لەگەڵیدا کردوویانە.

وردەکارییە هەڵچوونە سەرەتاییەکانی منداڵ

  • زەردەخەنە
  • خووگرتن
  • جیابوونەوە لە دایک وباوک، ترسی جیابوونەوە.

لێرەدا ئاماژە بە دووخاڵ دەکەین:

زەردەخەنە

زەردەخەنە ئەو هەڵسووکەوتە سەرەتایەیە، دڵخۆشی دەخاتە دڵی گەورەوە، بەردەوام لەسەر ئەو هۆیانەی وا لە منداڵ دەکەن کە لە زەردەخەنەی قووڵدا بن زانایانی دەروونناس سەرسامن. یەکەم زەردەخەنەی مندال لە مانگی یەکەمی تەمەنییدا دەست پێ دەکات، لە کاتیکدا پێکەنین لە مانگی چوارەمی تەمەندا دەبێت، بەوەی کە لەلای منداڵی نابینا و نابیست لە نزیکەی هەمان تەمەندا زەردەخەنە هەیە، کەواتە لای کەسەکان بنچینەیەکی زیندووی بایۆلۆجی هەیە.

خووگرتن

منداڵانی ئەم قۆناغە حەزیان لە خووگرتنە بە کەسەکانەوە یاخود کەسێکی دیاریکراوەوە و داوایان لێدەکەن کە لەباوەشیان بکەن، لە هاتن و ڕۆشتنیشیاندا شوێنیان دەکەون و بە بەجێهێشتنیان دەگرین، بەو جۆرە هەڵسوکەوتە دەوترێت خوگرتن. خووگرتن بە دایکەوە بە ئاشکرا لە مانگی شەشەم بۆ کۆتایی مانگی نۆیەمی تەمەن دەست پێدەکات، لە مانگەکانی دواییشدا بەهێزتر دەبێت، لە هەستی خۆشی و ئاسودەیی منداڵ لە کاتی گەیشتن بە دایکی و دڵناخۆشی و گریانی منداڵ لە کاتی دوورکەوتنەوە لە دایکی بە ئاشکرا خووگرتن بە دایک دەردەکەوێت.

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

بۆ ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیەک و زمانەکەی و واتاکان و نیشانەکان و بەهاکان کە فەرمانڕەوایی هەڵسوکەوت دەکەن و چاوەڕوانکردنی خەڵک و هەڵسووکەوتیان و پێشبینیکردنی وەڵامدانەوەکانیان و بەباشی کارلێکردن لەگەڵیاندا پێناسە دەکرێت. هۆکارە کاریگەرەکانی سەر پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی لە خێزاندا:

  • پەیوەندی نێوان دایک و باوک.
  • پەیوەندی دایک و باوک لەگەڵ منداڵدا.
  • پایە و ڕیزبەندی منداڵ لە خێزاندا.
  • ڕەگەزی منداڵ.
  • قەبارەی خێزان و ژمارەی ئەندامەکانی.
  • ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیری خێزان.

کاریگەری داینگە و باخچەی ساوایان  و قوتابخانە لەسەر منداڵ

کاریگەری داینگە

زۆر هۆکار لە دەرکەوتنی داینگە و باخچەی ساوایاندا بەشداربوون، گرنگترینیان دەرچوونی ژنانن بۆ کار و تەسکبوونەوەی پانتایی تایبەت بە یاریکردن لە تەلار و نیشتەنیەکاندا و باری نوێی شارەکان و ئاڵۆز بوونی ژیان لە کۆمەڵگای سەردەمی هاوچەرخدا،  لەبەرئەوەی داینگە بە پڕۆگرامی پێگەیاندنی منداڵ دەژمێردرێت چونکە درێژبوونەوەی ژیانی ماڵەوەی منداڵ نیە، بەڵکو خستنەسەر و چاککردنێتی، ئامانجیشی گەشەی هەڵچوونی و ویژدانی و لە هەموو رووەکانی کەسایەتییەوە تەواوکاربوونێتی.

کاریگەری باخچەی ساوایان

باخچەی ساوایان بە قۆناغێکی پەروەردەیی پێش قوتابخانە دەژمێردرێت و گواستنەوەی لە کەشی ماڵەوە بۆ قوتابخانە ئامانجێتی. فرۆێڵ لەسەر ئەوە جەختدەکاتەوە کە باخچەی ساوایان لەگەڵ گونجان لەگەڵ دەورووبەردا یارمەتی منداڵ دەدات و هەل بۆ منداڵان دەڕەخسێنێت کە چالاکی گونجاو بە قۆناغی گەشەکردنیان ئەنجام بدەن کە لەسەر گەشەی جەستەیی و هەست و توانای ژیری منداڵ کار دەکات و وادەکات کە لەنێوان کۆمەڵ و منداڵاندا خۆشەویستی هەبێت.

باخچەی ساوایان هەلی یاریکردن و دۆزینەوە و هاوتەمەنە هاوڕێ دەڕەخسێنێت کە دەگونجێت منداڵ لەگەڵیاندا بخاتە چالاکی ڕێکخراوەوە، لەبەرئەوە باخچەی ساوایان بە پلە یەک منداڵان ئاسودە دەکات کە لە هەموو دیاردەکانی گەشەکردندا یارمەتی دەدات. لەبەر ئەوەی باخچەی ساوایانی پێکهێنراو و بە بنچینەوەی ڕاست گرنگیی زۆری لە پێگەیاندنی منداڵدا هەیە.

کاریگەری قوتابخانە

قوتابخانە دەزگایەکی کۆمەڵایەتییە، بۆ بەدەستهینانی ئامانجەکان کۆمەڵی بەدیهێناوە، دەزگایەکی پەروەردەییە لە ڕەخساندنی دەوورووبەر. قوتابخانەش بۆ سنوورێکی دیاریکراو دەتوانێت ڕژێمی کۆمەڵ بگۆڕێت، ئەوەش ئەوەیە هیچ دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت ئەوە بکات، کۆمەڵێک گۆڕاوی پەیوەست بە قوتابخانە لە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی منداڵ هەیە گرنگترینیان: قەبارەی قوتابخانە، مامۆستایان، پەڕتووک، پڕۆگرامی خوێندن، بەڕیوەبردنی پۆل و قوتابخانە، قەبارەی پۆل، جڵەوگیری و ڕێکخستنی قوتابخانە، دانیشتنی ناوپۆل، ئامادەباشی قوتابیان، ئەزموونی قوتابخانەیی و حەزی منداڵ و پاداشت و سزا.

کاریگەری هاوڕێ لەسەر منداڵ

هاوڕێ یارمەتی منداڵ دەدات کە شارەزاییەکانیان لە ژیاندا گەشە پێ بدەن لەگەڵ کەسانی تر و ڕێکخستنی ناکۆکی و کێشەکان، ئەو منداڵانەی کە ئەم شارەزاییەیان هەیە کەمتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە دواتر لە ژیانیاندا کێشەی کۆمەڵایەتی و سۆزدارییان هەبێت. هەروەها یاریکردن بەشێکی گەورەیە لە چۆنیەتی پەیوەندی منداڵان لەگەڵ ئەوانی تر و هاوڕێتی لە قوتابخانە.

کاریگەری میدیا لەسەر منداڵ

لە کاتێکدا میدیا دەتوانێت بە پەروەردەییەکی جوان و بە پەروەردەییەکی ناشرین کاریگەری لەسەر منداڵ دانێت، میدیا دەتوانێت زیان بە منداڵان بگەیەنێت توێژینەوەکان دەریدەخەن کە بەرکەوتنی میدیا توندوتیژەکان دەبێتە هۆی هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و ڕەفتاری توندوتیژی لە هەندێک منداڵ و هەرزەکاردا. هەروەها بەکارهێنانی ڕۆژانەی میدیا و تەکنەلۆجیا کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی منداڵ و هەرزەکار هەیە بەوەی کە زیاتر توشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نائارامی دەروونی تر دەبن هەروەها زیاتربوونی کێشەی تەندروستی لە داهاتوودا. ئەم کاریگەریانەی میدیاش لەسەر ئاستی هەڵوێست و فیسیۆلۆجی و ڕەفتاری منداڵ دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان

903 بینین