ناوهڕۆك
ناساندن
زانستی سروشتی (بە ئینگلیزی: Natural science، بە عەرەبی: علوم طبیعیة)، ئەم زانستە گرنگی دەدات بە خوێندنی لایەنی فیزیایی و ماددی هەموو ئەو شتانەی لە گەردووندا هەن، یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لەگەڵ لایەنی بەکردارکردن و ئەنجامدانی بە درێژایی مێژوو، کە مێژوو و شارستانییەتی هەر هۆز و گەلێک لە هەر وڵاتێکدا پەیوەستە بە پێشکەوتنی زانست و ئەو سوودەی کە دەیگەیەنێت، بەم پێشکەوتنەش پلەی وڵاتەکە لەناو وڵاتەکانی جیهاندا دیاریدەکرێت. هەر لە کۆنەوە زانستی سروشتی سەرنجی مرۆڤەکانی ڕاکێشاوە، کە لە شوێنەوار و نووسراوە دێرینەکانەوە دەرکەوتووە مرۆڤ چەنێک گرنگی بە زانست داوە و پێشکەوتووە، هەروەها چەندین بیردۆز و بیرۆکەیان دۆزیوەتەوە.
گرنگی زانستی سروشتی
سوودەکانی زانستی سروشتی زۆر و جیاوازن پلەی یەکەمی سوودەکانیشی ئەوەیە کە ئەم زانستە یارمەتی مرۆڤ دەدات هەتاکوو کێشەکانی چارەسەر بکات و پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێ لەو بوارەدا، جگە لە ئەمەش زانستی سروشتی هاوکارە بۆ پێشکەوتنی لێکۆڵینەوەی زانستی و کاری تاقیگەیی، لەگەڵ هاندان بۆ بڕیاردان بە شێوەی دروست و ڕاست لەگەڵ هاندانی پەیوەندی زارەکی، نووسینەکی، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، بەڕێوەبردنی کات، هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی زانیارییەکان. هەروەها ڕۆڵی هەیە لە باشکردنی کارامەییەکانی پێشکەشکردن، هاندانی شوێنکەوتنی بەرنامەزانیی بۆ کار، بەم شێوەیە ئاست و گرنگی زانستی سروشتی هاوتایە لەگەڵ زانستەکانی تەکنیک و تەکنەلۆجیا.
لقەکانی زانستی سروستی
زانستی سروشتی دابەشدەبێت بۆ دوو لقی سەرەکی کە بریتین لە زانستەکانی فیزیا و زیندەیی، کە ئەمانەن:
- زانستی فیزیایی: ئەم زانستە تایبەتە بە خوێندنی جیهانی ماددەی نازیندوو، لەگەڵ ئەو دیاردە سروشتییانەی لە گەردووندا ڕوودەدەن و پەیوەستکراون بە کۆمەڵەیەک یاساوە، ئەم زانستە خۆشی دابەشدەبێت بەسەر چوار بواری فراواندا کە بریتین لە (زانستی گەردوون، زانستی زەوی، زانستی کیمیا، زانستی فیزیا)، کە ئەمانیش دووبارە لقیان لێدەبێتەوە وەک، پێوانەکردن و زانستی کانزاکان لەگەڵ چەندین لقی جیاوازتر.
- زانستی زیندەیی: ئەم زانستە هەندێکجار ناودەبرێت بە زانستی ژیان یاخود زانستی زیندەوەران، کە گرنگی دەدات بە خوێندنی ژیان و زیندەوەران لەگەڵ سووڕی ژیانیان و ئەو ژینگانەی کە تێیدا دەژین، ئەم زانستەش چەندین لقی سەرەکی لەخۆ دەگرێت وەک، کیمیایی زیندەیی، گەشەسەندنی زیندەیی لەگەڵ میکرۆبناسی.
تایبەتمەندییەکانی زانستی سروشتی
- زانستە ڕاستەکان ئەگەری گۆڕان و گۆڕانکاریکردنیان هەیە: واتە زانیارییە زانستییەکان جێگیرنین و ئەگەری گۆڕانیان هەیە.
- زانستە سروشتییەکان بریتین لە زانستی جیهانی: واتە زانست لە هەموو جیهاندا هەیە و گرنگیپێدەدرێت.
- زانست مێژوویی و بەسەریەکداکەوتنە: واتە لە ساڵانێکی زۆر دێرینەوە زانست کۆکراوەتەوە و کەڵەکەبووە، هەتاکوو ئەم زانستەی سەردەم بەدەستهێنراوە.
- زانست بەندە لەسەر تاقیکردنەوە و بەڵگە: دۆزینەوە و داهێنان و بیردۆزەکان لە زانستی سروشتیدا هەموویان لە ئەنجامی تاقیکردنەوەوە بەدەستهێنراون.
- پۆلێنکردنی زانست: زانستی سروشتی چەندین لق و بەشی هەیە، لەبەر ئەوە پێویستی بە پۆلێنکردنە بە مەبەستی ئاسانکردنی خوێندن و تێگەیشتن، نەک بە مەبەستی جیاکردنەوەیان لە یەکتری.
- زانستی سروشتی کاردانەوەی هەیە لەسەر کۆمەڵگا: بە تێپەڕبوونی سەدەکان مرۆڤ و کۆمەڵگاکان سوودیان وەرگرتووە لە زانستەکان و جێبەجێیان کردووە لە ژیانیاندا.
- زانستی سروشتی بە ڕێکخراوی پەرەدەسێنێت: واتە کاتێک لە ماددەیەک یان هەر شتێک دەکۆڵرێتەوە ئەوا بە قۆناغدا تێدەپەڕێت، بۆ نموونە کاتێک باسی هەورەبرووسکە دەکرێت ئەوا بابەتەکەی بە شێوەیەکی زانستی و بە ڕێکخراوی ئامادەدەکرێت.
بەکارهێنانەکانی زانستی سروشتی لە ژیانی ڕۆژانەدا
ئەو دیاردە و گرفتانەی کە ڕۆژانە مرۆڤەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر تێگەیشتنیان بۆیان هەبێت، بەهۆیەوە چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، هەروەها جێبەجێکردنی زانستی سروشتی لە ژیاندا کاریگەری ئەرێنی هەیە وەک ئەمانە:
- کرانەوەی زیاتر لە بواری پەیوەندیکردن
- باشکردنی جۆریەتی گوێزەرەوەکان
- ئاسانکردنی ئەرکەکانی ماڵەوە
- پەرەسەندن لە بواری کشتوکاڵ
- باشتربوونی بواری تەندروستی
- ئاسانکردنی بیناسازی
ئەو پیشانەی کە پێویستیان بە زانستی سروشتییە
لە هەردوو بواری حکومی و کەرتی تایبەتدا چەندین پیشە هەن کە پێویستیان بە کەسانێکە کە شارەزابن لە بواری زانستە سروشتییەکاندا، لەوانەش ڕێکخراوەکانی لێکۆڵینەوە و پەرەسەندن، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە ئەو جێگانەن کە پێویستییان بە زانستە سروشتییەکانە:
- سەرپەرشتیار و ڕێکخەری ماڵ و کێڵگەکان.
- جوگرافییەکان.
- زاناکانی ژینگەی دەستکرد.
- زاناکانی ماددە.
- مامۆستاکانی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی.
- شیکەرەوەکانی کۆنترۆڵی جۆریەتی.
- شارەزایانی پارێزگاریکردن لە ئاو و زەوی.