ڕووەکی سروشتی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-11-03-19:29:00 - کۆدی بابەت: 11580
ڕووەکی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕووەکی سروشتی (بە عەرەبی: النباتات الطبيعية، بە ئینگلیزی: Natural plants)، هەموو ئەو ڕووەکانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی سروشتی ڕوواون، مرۆڤ هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکی نەبووە لە دروستوونیان و دابەشبوونیان. ئەم جۆرە ڕووەکانە لە ماوەی سووڕی ژیانیان و گەشەکردنیان پشت بە ڕەگەزە ئاو و هەواییەکان وەکوو دابارین و شێوەکانی (بەفر و باران و تەرزەپلەی گەرمی و تیشکی خۆر و شێ، بەرزی و نزمی و خاک و دەرامەتی ئاو دەبەستن.

گرنگی ڕووەکی سروشتی بۆ مرۆڤ

١- ڕووەکی سروشتی باشترین لەوەڕگای سروشتییە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵان، بە تایبەتی لە شێوازی لەوەڕاندنی سەرەتایی. 
٢- وەکوو پشتێنەیەکی سەوزایی سوودی لێ وەردەگیردرێت بۆ پاکردنەوەی ژینگە، بە تایبەتی ژینگە شار نشینییەکان لە ڕێگای هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەرهەمهێنانی ئۆکسجین، جگە لەوەی دیمەنێکی جوان بە مرۆڤ دەبەخشێت.
٣- ڕووەکی سروشتی خاک دەپارێزێت لە کرداری ڕاماڵین، بە تایبەت لەو ناوچانەی لێژیان زۆرە.
٤- هەندێک لەو ڕووەکە سروشتیانەی کە هەن سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ خۆراک، نموونە وەکوو (کاردی، تۆڵەکە، کەنگر و ڕێواس). 
٥- وەکوو کەرستەیەکی خاوی سەرەتایی دەچێتە بواری پیشەسازی دەرمانی سروشتی.
٦- بەژداری دەکات لە بازرگانی نێودەوڵەتی (بازرگانی دەرەکی) و پێکهێنانی داهاتی نەتەوەی لە هەندێک وڵات، نموونە وەکوو (چین و هیندستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا).
٧- سەرچاوەیەکی گرنگی سووتەمەنیە نموونە وەکوو (خەڵووز).

گرنگترین ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر ڕووەکی سروشتی

ئاو و هەوا

بە یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانە دادەنرێت کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دابەشبوونی ڕووەکی سروشتی بە گشت ڕەگەزەکانیەوە، جۆراوجۆری ئاو و هەوا یەکسانە بە جۆراوجۆری ڕووەکی سروشتی.

بەرزی و نزمی (تۆپۆگرافی)

هۆکارێکە بۆ دابەشبوون و جۆراوجۆری ڕووەکی سروشتی، بۆ نموونە لە ناوچە دەشتاییەکان و ناوچە زوورگەکان کورتە گیا دەروێت و چڕی ڕووەکی سروشتی کەمترە، بەڵام لە ناوچەی دۆڵەکان و ناوچە شاخاوییەکان ڕووەکی سروشتی ساڤانا و (دار و درەخت) بەرچاو دەکەوێت.

خاک

سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی ئاو، خۆراک و ئۆکسجین و گەشەکردنی ڕووەکەکان.

دەرامەتی ئاو

بە گشت جۆرەکانیەوە (ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی و ئاوی دابارین) ڕۆڵ و کاریگەری هەیە شێواز و چڕی ڕووەکە سروشتییەکان.

پۆلێنکردنی هەرێمەکانی ڕووەکی سروشتی لە عێراق

هەرێمی ڕووەکی دارستان و گژوگیا

ئەم هەرێمە دەکەوێتە بەشی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، بە نزیکەی ٪٦ ڕووبەری وڵاتی عێراق پێکدێنێت. لە ڕۆژاوا لە قەزای زاخۆ بە درێژای سنووری وڵاتی تورکیا درێژ دەبێتەوە و لە وێشەوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران تا دەگاتەوە سنووری پارێزگای هەڵەبجە. لە باکووری ڕۆژاوای ڕووباری فیشخاپوور بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە. ناوچەکانی (دهۆک، دەشتی هەولێر، کۆیە، چەمچەماڵ، چیای شنگال و پارێزگای موسڵ)، فراوانترین ڕووبەریش کەوتووەتە سنووری پارێزگای هەولێر کە (٢.٧٧٩.٦٠٠) دۆنمە. ئەم هەرێمە لە کۆمەڵێک پشتێنە پێکدێت کە بریتین لە:

  • پشتێنەی ڕووەکی نیمچە ئەڵپی: دەکەوێتە ئەو ناوچانە بەرزیان لە نێوان (٢٧٥٠ بۆ ٣٥٠٠) مەتر، بڕی دابارینی لە (١٠٠) ملیم زیاترە و ئەم جۆرە ڕووەکانە بە هۆی سەختی ئاو و هەوای قەد و گەڵاکانیان بە زەوییەوە نووساوە، گرنگترین جۆری ڕووەکەکانیش بریتین لە (چاوبازە، قەنبوع، وێنجە و سێپەڕە).
  • پشتێنەی ڕووەکی دڕکاوی و کەتیرە: دەکەوێتە ئەو ناوچانەی بەرزیان لە نێوان (٢٠٠٠ بۆ ٢٧٥٠) مەتر دایە،  بڕی دابارینی لە (١٠٠٠) ملیم زیاترە و زیاتر لە شێوەی بەفرە، ئەم جۆرە ڕووەکانە زیاتر لە شێوەی دار و دەوەن و گژوگیای دڕکاوین و بەرزیان دەگاتە نزیکەی مەترێک، بەڵام چڕیان کەمە. گرنگترین جۆری ڕووەکەکانیش بریتین لە (کثیرا و بووەیجانوو و کەنگرە).
  • پشتێنەی ڕووەکی گەڵا وەریوەکان: لە لاپاڵی زنجیرە چیاکان دەبینرێن بە ڕێژەی ٪٨٥ کۆی دارستانەکان دەگرێتەوە دیارترین جۆری ڕووەکی بریتییە لە بەڕوو.

دارستانی بەڕوو پۆلێندەکرێت بۆ چەند جۆرێک

١- دارستانی مازوو
ئەو دارستانە دەکەوێتە ئەو ناوچانەی بەرزیان لە نێوان (٧٥٠ بۆ ١٢٠٠) مەتر، بڕی دابارینی لە نێوان (٩٥٠ بۆ ١٢٠٠) ملیمە. دەکەوێتە بەرزاییەکانی چیای (گارە، هەریر، سەگرمە و بەرانان)، بە گژووگیای جۆراوجۆر داپۆشراوە وەکوو (سێ پەڕە، سێ دانکە، ڕێواس، قارچک و کەنگر).

٢- دارستانی شێداری بەڕوو
دەکەوێتە ئەو ناوچانەی بەرزیان لە نێوان (١٢٠٠ بۆ ١٨٠٠) مەتر، بڕی دابارینی لە نێوان (١٢٠٠ بۆ ١٣٥٠) ملیم دایە و دەکەوێتە بنکی چیا بەرزە پێچخواردووەکان نموونە وەکوو چیای (شاکێو، حەساڕۆست، کۆڕەک، هەندرێن و قەندیل). گرنگترین ڕووەکەکانی بریتین لە (سماق، گێوژ، دارەبەن و کرۆسک).

٣- دارستانی بەڕووی وشک
دەکەوێتە ئەو ناوچانە بەرزیان لە نێوان (٥٠٠ بۆ ٧٥٠) مەتر، بڕی دابارینی لە نێوان (٧٠٠ بۆ ٩٥٠) ملم دایە. لە بناری زنجیرە چیا پێچاوپێچە ساکارەکان هەڵکەوتووە، نموونە وەکوو چیای (سپی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک و پیرمام و سەفین و هەیبەت سوڵتان لە سنووری پارێزگای هەولێر). گرنگترین جۆرەکانی ڕووەکی بریتین لە (گێوژ، دارەبەن، کرۆسک و هەنجیری کێوی). گژوگیای ئەم هەرێمە بۆ لەوەڕگا و داو دەرمان بەکاردێت.

٤- پشتێنەی ڕووەکە قوچەکییەکان
دەکەوێتە ئەو ناوچانەی کە بەرزیان لە نێوان (٦٠٠ بۆ ١٢٠٠) ملیم دایە، بڕی دابارینی ساڵانەی (٤٠٠) ملیمە. چڕی درەختەکان لە نێوان (٪٤ بۆ ٪٦)، ڕووبەرەکەی (٥٠٠) کیلۆمەتر دووجایە و تەنها لە سنووری پارێزگای دهۆک بەدی دەکرێت لە زاویتە و ئەتروش. گرنگترین جۆری درەختەکانی بریتین لە: سنەوبەر و عەڕ عەڕ و برتیانە.

هەرێمی ڕووەکی کورتەگیا (گەرمە سێر)

ڕووبەرێکی فراوان داگیر دەکات کە دەگاتە ڕێژەی ٪١٥ کۆی ڕووبەری هەموو عێراق، دەکەوێتە بەشی باشوور و باشووری ڕۆژاوای هەرێمی دارستانی ناوچەی شاخاوی، بڕی دابارینی لە نێوان (٣٠٠ بۆ ٥٠٠) ملیم دایە. گرنگترین ئەو گژوگیایانەی لەم هەرێمە هەن بریتین لە (کەنگر، ئەنتیمۆنی گوڵدار، تۆڵەکە، ڕەیحانە، خاتوونە و دڕکە زەرد).

هەرێمی ڕووەکی بیابانی

بە ڕێژەی ٪٧٠ ڕووبەری وڵاتی عێراقی داپۆشیوە، ڕادەی باران بارینی لە نێوان (٥٠ بۆ ١٥٠) ملیم دایە، بانی ڕۆژاوای دەشتی نیشتوو دەگرێتەوە. ڕووەکی ئەم هەرێمەش پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆر کە بریتین لە:

  • ڕووەکی وەرزی: ئەم جۆرە ڕووەکانە تەمەنیان کورتە لەگەڵ باران بارین پەیدا دەبن، لەگەڵ کۆتایی هاتنی باران کۆتاییان دێت، گرنگترین ڕووەکەکانیش بریتین لە (بابونک، جوکۆیلەی کێوی، خەباز، جلبە، جیرانیۆم و شنان).
  • ڕووەکە بە تەمەنەکان: ئەم جۆرە ڕووەکانە خۆیان گونجاندووە لەگەڵ بارودۆخی وشک و گەرم، شێوەی ڕووەکەکانی گەڵاکانیان دەرزیلەیی و ڕەگێکی درێژیان هەیە، نموونە وەکوو ڕووەکی شیح و ڕمث و کیسوم. ژمارە و جۆرەکانی ڕووەکی بیابانی دەگاتە (٤٥٠) جۆر کە بە ڕێژەی ٪٧٥ وەرزیە و ڕووەکەکانی تریش ناسراون بە ڕووەکە بە تەمەنەکان کە ڕێژەی ٪١٣ ڕووەکی بیابانی پێکدێنن.

هەرێمی ڕووەکی لێوار چەم و ڕووبارەکان

ئەم هەرێمە بە ڕێژەی ٪٤ ڕووبەری وڵاتی عێراق پێکدێنێت، بڕی ئاو کاریگەری هەیە لەسەر چڕی ڕووەکەکان و بە دوور کەوتنەوە لە ڕووبەرە ئاوییەکان گژوگیا و کورتەگیا دەبینرێت نموونە وەکوو ڕووباری فوڕات و زێی گەورە. ئەم هەرێمە دابەش دەبێت بۆ:

  • ڕووەکی لێوار چەم و ڕووبارەکانی باکووری ناوچە شاخاوییەکان، نموونەی ئەم جۆرە ڕووەکانەش وەکوو (ژاڵە و گوێز و دەردەدار).
  • ڕووەکی لێوار چەم و ڕووبارەکانی باشوور ڕووەکی ئەو ناوچانە لە شێوەی کورتە گیایە سوودی لێ وەردەگیردرێت بە مەبەست لەوەڕاند و دەرمان، نموونەی ئەم جۆرە ڕووەکانە وەکوو (خورما، صریم، ترف و سوج و حلفا).

هەرێمی زۆنگ و زەلکاوەکان

ڕووبەری ئەم هەرێمە بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت واتە زیاد و کەم دەکات، دوو پیشەی سەرەکی لەم هەرێمە بەدی دەکرێت کە بریتین لە دروستکردنی خانوو و ئاژەڵ لەوەڕاندن. لە ڕووی جوگرافیەوە ئەم هەرێمە دابەش دەبێت بۆ:

  • زۆنگاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە، گرنگترینیان حەویزەیە کە ڕووبەرەکەی (٢٨٦٣) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
  • زۆنگاوەکانی ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە، گرنگترینیان حەماڕە کە ڕووبەرەکەی (٢٤٤١) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
  • زۆنگاوەکانی ڕووباری فوڕات لە (الخدر تاکوو الکفل) درێژ دەبنەوە لە نێوان هەردوو لقی (هیللە و الهندیە) لە کۆمەڵێک زۆنگاوی بچووک پێکدێن.


سەرچاوەکان



1384 بینین