زانستی ئاو

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-11-05-19:50:00 - کۆدی بابەت: 11600
زانستی ئاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانستی ئاو (بە عەرەبی: علوم المياه، بە ئینگلیزی: Hydrology)، زانستێکی فراوانە گرنگی دەدات بە لێکۆڵینەوە لە بارەی سەرجەم ئاوی گۆی زەوی، ئەم چەمکە زانستییە لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە کە بریتیین لە (Hydro) بە واتای ئاو دێت، (Loge) بە واتای زانست دێت، هەردوو وشەکە بە یەکەوە بە واتای زانستی ئاو دێت. ئاو گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیە و جیاوازە لە سەرجەم هۆکارە زیندەگییەکانی تر، چونکە بڵاوترین تەنە لەسەر ڕووی زەوی و ئاوێتەیەکی گرنگی لەشی مرۆڤ و هەموو زیندەوەرەکانە، هیچ کام لە زیندەوەرەکان ناتوانن بە بێ ئاو بژین. هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆکیمیاییەکان لە جەستەی زیندەوەران و مرۆڤ زەوی تاکە هەسارەییە کە لە کۆمەڵەی خۆر کە خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکە کە بریتین لە: 

  • بوونی بڕێکی زۆری ئاو لە شێوەی دۆخی شلی
  • بوونی زیندەوەران و مرۆڤ کە پشت بە ئاو دەبەستن
  • سەرجەم گۆڕانکارییە جیۆمۆڕفۆلۆجییەکان پشت بە ئاو دەبەستن

چۆنیەتی پێکهاتنی ئاو

ئەو بڕە ئاوەی لە زەویدا بوونی هەیە بەر لە سەرهەڵدانی سەرەتاکانی ژیان بوونی هەبووە، لە بنەڕەتدا سەرەتاکانی ژیان لە ئاو پەیدابووە. لەبەر بوونی بڕێکی زۆری گازی ئۆکسجین و هایدرۆجین لە ژێر کاریگەری پەستانێکی زۆر و پلەی گەرمی بەرز گەردیلەکان یەکیان گرتووە لە ئەنجامدا گەردیلەی ئاو پێکهاتووە (H2O).

بڕی ئاو لە سرووشتدا

لە سەرەتا بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی زەوی کرداری بە هەڵمبوون دروستبووە دواتر لە ئەنجامی بەرزبوونەوە و ساردبوونەوە خەستبوونەوە ڕویداوە و بارانێکی چڕ لەسەر زەوی باریوە، هەندێک لەو بارانەی باریوە جارێکی تر بە هەڵم بۆتەوە، هەندێکی تر لەو بارانە لە قوڵایی زەویدا کۆبۆتەوە بە بەردەوامی لە ئەنجامدا دەریا و زەریاکان پێکهاتوون. بە هۆکاری توانەوەی خوێیەکان و کانزاکان کاریگەری لەسەر ئەو ئاوانە دروستکردووە، دواتر گۆڕانی فیزیایی و کیمیایی.

چەمکە زانستییەکانی پەیوەست بە ئاو

هایدرۆلۆجی

بریتییە لەو زانستەی گرنگی دەدات بە لێکۆڵینەوە لە ئاوی سەر زەوی، ڕێڕەوە ئاوییەکان، دەریا و زەریا و دەریاچەکان و زۆنگاوەکان و ئاوی ژێر زەوی. ئەم زانستە چەندین لقە زانستی تری لە خۆگرتووە کە بریتین لە: 

  • بۆتامۆلۆجی: بریتییە لەو زانستەی لە ڕێڕەوە ئاوییەکان دەکۆڵێتەوە.
  • لمنۆ لۆجی: بریتییە لەو زانستەی لە دەریاچە و زۆنگاوەکان دەکۆڵێتەوە.
  • کریۆلۆجی: بریتییە لەو زانستەی لە بەفر  و بەستەڵەکەکان دەکۆڵێتەوە لە ناوچە جەمسەرییەکان.

زانستی دەریا و زەریاکان

بریتییە لەو زانستەی بایەخ بە لێکۆڵینەوە دەدات لە ئاوی دەریا و زەریاکان.

هایدرۆجیۆلۆجی

بریتییە لەو زانستەی گرنگی دەدات بە لێکۆڵینەوە لەو ئاوانەی کە کەوتوونەتە قوڵایەکی زۆری زەویەوە (ئاوی ژێر زەوی). پۆلێنکردنی ئاو بە شێوەیەکی ڕێژەیی لەسەر گۆی زەوی: 

  • ئاوی دەریا و زەریاکان ڕێژەی ٪٩٧.٢ ئاوی سەر ڕووی زەوی پێکدێنن.
  • ئاوی چیا سەهۆڵییەکان ئاوی تواوەی بەفر لە ناوچە جەمسەرییەکان ڕێژەی ٪٢.١٥ ئاوی سەر ڕووی زەوی پێکدێنن.
  • ئاوی ڕووبار، دەریاچە، کانیا و کارێزەکان و ئاوی سازگاری سەر ڕووی زەوی و ئاوی ژێر زەوی ڕێژەی ٪٠.٦٤ ئاوی سەر ڕووی زەوی پێکدێنن.
  • ئاوی بەرگی گازی ڕێژەی ٪٠.٠١ ئاوی سەر ڕووی زەوی تیاییە لە شێوەی هەڵمی ئاو لە هەوادا.

هۆکارەکانی بایەخدان بە دەرامەتی ئاو

  • ئاو گرنگترین توخمی سەر ڕووی زەویە، چونکە زەوی بە هاوسەنگی دەهێڵێتەوە لە نێوان گەلە ئەستێرەکان.
  • بنچینەی سەر هەڵدانی شارستانییەتە کۆن و نوێکانە، نموونە وەکوو شارستانییەتی میسڕییە کۆنەکان لە نزیک ڕووباری نیل و شارستانییەتی هیندییەکان لە نزیک ڕووباری گانج و شارستانییەتی دۆڵی ڕافیدەین لە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات.
  • ئامرازێکی گرنگە بۆ دروستبوونی هاوسەنگی لەسەر ڕووی زەوی، کە دەبێتە مایەی هاوسەنگی ئاو و هەواو و دابارین و شێوەکانی.
  • بنەمایەکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی سەرجەم چاڵاکییەکانی مرۆڤ، نموونە وەکوو چالاکی کشتوکاڵ، پیشەسازی، پیشەسازی گەشت و گوزار، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و بازرگانی و گواستنەوە.
  • دەرامەتێکی گرنگە، چونکە مرۆڤ توانیویەتی زۆرێک لە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی پێشبخات و بیان گۆڕێت.

خواستی مرۆڤ بۆ ئاو لە داهاتوودا

زەوی جگە لە بەرگی (بەردین و زیندەگی و گازی) لە بەرگی ئاویش پێکهاتووە، ئەگەر چی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مرۆڤ پێداویستییەکانی زۆرتر و جۆراوجۆرتر دەبێت بەم جۆرەش خواستی مرۆڤ لەسەر ئاو زیاتر دەبێت، بەڵام سامانی ئاو وەکوو دەرامەتێکی سروشتی بە شێوەیەکی گشتی بڕەکەی کەم ناکات، بەڵام کوالیتی ئاو دەگۆڕێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.

سەرجەم ڕێخراوە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان تایبەتەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و پسپۆڕان لە بواری دەرامەتی ئاو گەیشتوونە بەو دەرئەنجامەی کە ئاو دەبێتە کێشەی سەدەی بیست و یەک نەک وزە. لە هەر یەک لە کۆنفڕانسی (دبلن) لە ساڵی ١٩٩٢ و کۆنفڕانسی (ڕیودیجانیرۆ) لە ساڵی ١٩٩٤ پاڵپشتی ئەو بۆ چوونەیانکردووە کە تەندروستی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی چالاکی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سیستمی ئیکۆلۆجی لە مەترسی دادەبێت ئەگەر دەرامەتی ئاو بە شێوەیەکی زانستیانەتر و باشتر بەڕێوە نەبرێت بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو.


سەرچاوەکان



521 بینین