بۆچی داواکردنی یارمەتی بۆ هەندێک کەس قورسە؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-11-11-21:39:00 - کۆدی بابەت: 11624
بۆچی داواکردنی یارمەتی بۆ هەندێک کەس قورسە؟

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا

بۆچی داواکردنی یارمەتی بۆ هەندێک کەس قورسە؟ (بە عەرەبی: لماذا طلب المساعدة صعب علی بعض اشخاص، بە ئینگلیزی: Why Is Asking for Help Difficult for Some People) داواکردنی یارمەتی لە کەسانی تر لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەیەک یان بارودۆخێکی نەخوازراو هیچ کات هەڵە نییە و کارێکی نەخوازراو نییە، بەڵکو یارمەتی و ئەزموونی کەسانی تر هاوکاریت دەکەن کە کێشەکانت بە زوویی چارەسەر بکەیت و فشاری دەروونی و کاریگەری سەختی بارودۆخەکەت لەسەر کەم دەبێتەوە.
هەندێک کەس بەهۆی هۆکاری جیاجیا داواکردنی یارمەتی لەلایان قورسە و هەندێک کات لەلایان زۆر دژوار و ئەستەمە، ئەمەش وادەکات قورسایی کێشەکانیان هەمیشە لەسەر خۆیان بێت و ڕووبەڕووی فشاری دەرونی زیاتر ببنەوە.

هۆکاری داوانەکردنی یارمەتی لە کەسانی تر چییە؟

ترس

زۆرجار داواکردنی یارمەتی لە کەسانی تر قورس نییە، بەڵکو ترس لە ئەنجامەکە، ترس لە تێڕوانینی بەرانبەر، ترس لە شکست و لاوازی، ترس لە ڕەتکردنەوەی داواکە، ترس لەوەی تووشی شەرمەزاری بیت، هەموو ئەمانە کە سەرچاوەکەیان ترسە هۆکارن کە داوای یارمەتی نەکەیت و لەداواکردنی یارمەتی بترسیت.

ئەزموونەکانی ڕابردوو

ئەزموون و ڕووداوەکانی ڕابردوو هۆکارێکی ترن کە ترست هەبێت لە داواکردنی یارمەتی،  داواکردنی یارمەتی لە کەسی هەڵە و دەرەنجامی خراپی ئەو ئەزموونە هۆکارن لەوەی کە داوای یارمەتی نەکەیت و متمانەت بە کەس نەمێنێت.

متمانەنەکردن بە کەسانی تر 

متمانە و بوونی باوەڕ توخمێکی سەرەکییە لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان، تێڕوانینی نەرێنی و باوەڕنەبوون بە کەسانی تر و گومانی خراپ هۆکارێکی ترن بۆ داوانەکردنی یارمەتی، بۆیە نەبوونی متمانە بە کەسانی تر، ترس و گومانی خراپ لەسەر کەسی بەرانبەر دروست دەکەن، تەنانەت ئەگەر مەبەستی خراپیشی نەبێت و بیەوێ هاوکاریت پێشکەش بکات تۆ بە بیانووی جیاجیا و گومانی خراپ هەوڵەکانی ڕەتدەکەیتەوە.

پشتبەستنی زیاد لەپێویست بە خودی خوت

متمانە بەخۆبوونی لەڕادەبەدەر بەخۆت و شانازیکردن بە خودی خۆتەوە هۆکارێکی تری ئەم دۆخەن، چونکە کاتێک کەسێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، دەیەوێت خۆی چارەسەری کێشەکەی بکات و ئامادە نییە لەگەڵ کەسی تردا هاوبەشی چارەسەرەکە بکات، هەندێک کەس تاڕادەیەک دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە خۆیان دەربخەن یان خۆی بسەلمێنێت کە کەسێکی بەهێز و چارەسەرکەرە و پێویستی بە کەس نییه.

زۆربیرکردنەوە و بیرۆکەی نەرێنی

بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر و نەرێنی بوون هۆکارێکی تری داخراوی و نەبوونی متمانەیە بە خەڵکی و کەسانی تر، زۆرجار بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەبنە بەرهەمێنەری ئەتوار و ڕەفتارەکانمان، بۆیە ئەگەر کەسێک تووشی کێشەیەک ببێت و پێویستی بە هاوکاری کەسێکی تر هەبێت، بیرکردنەوەی لەڕادەبەری لەسەر کاردانەوە و ئەنجامەکان دەکرێت ڕێگر بێت لە داواکردنی یارمەتی.

چارەسەری ئەم کێشەیە چییە؟

  • بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پێویستە شێواز و چۆنێتی داواکردنی یارمەتی بزانرێت، زۆرێک هەن کە نازانن شێوازی داواکردنی یارمەتی چۆنە، لە کڵەی داواکردنی یارمەتی دووربکەونەوە لە فرمان پێکردن یان زۆرلێکردن لە کەسی بەرانبەر.
  • دووربکەوەرەوە لە بەکەمزانین و لۆمەکردنی خۆت یان بەکەمزانینی کێشەکەت.
  • بیرکردنەوەی نەرێنی و گومانی خراپ هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی نەتوانی داوای یارمەتی بکەیت، دەکرێت ڕێگری بکەیت لە بیرۆکە خراپەکانت و بیانگۆڕی بۆ بیرۆکەی ئەرێنی و گومانی باش.
  • کەسی گونجاو و ئەزمووندار هەڵبژێرن و داوای یارمەتی لە کەسی گونجاو بکەن.
  • داواکارییەکەت با ڕوون و ئاشکرا و دیاریکراو بێت.
  • تاکوو دەتوانیت دووربکەوەرەوە لە داواکردنی یارمەتی لەڕێی ناردنی ئیمێڵ یان لە ڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، کاتێک دیاری بکە و ئەگەر کرا ڕووبەڕوو داوای هاوکاری لە کەسی گونجاو بکە و لە کەسی بێ ئەزموون و خراپ دووربە.
  • دوای ئەوەی کەسێک یارمەتی پێشکەشی تۆ کرد، فێربە سوپاسی بکە و پێزانینت بۆی هەبێت کە لە کات و وزەی خۆی بە تۆ بەخشی.
  • دەکرێت لە بەرانبەر پێشکەش کردنی یارمەتی کەسانی تر بڕێک پارە یان بەخشش ببەخشیتە ئەو کەسەی کە یارمەتی داویت، ئەم بژاردەیە بۆ کەسێکە کە نەیناسیت، بەڵام ئەگەر کەسێک دەناسیت و هاوکاری کردی یان هاوڕێیەکت یارمەتی تۆی دا ئەتوانیت دیارییەکی دڵخوازی وەکوو پێزانین و سوپاسگوزارییەک پێشکەش بکەیت.


سەرچاوەکان



583 بینین