جیاوازی بۆنەی کریسمس و ساڵی نوێ چییە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-01-19-20:09:00 - کۆدی بابەت: 11871
جیاوازی بۆنەی کریسمس و ساڵی نوێ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازی بۆنەی کریسمس و ساڵی نوێ چییە؟ (بە عەرەبی: ما فرق بین عید میلاد و رٲس السنة، بە ئینگلیزی: what are the differences between christmas and new year?) هەردوو بۆنەی کریسمس یاخود بۆنەی لە دایکبوون و ساڵی نوێ دوو بۆنەی تایبەتن کە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکدا یادیان دەکرێتەوە. یەکەمیان بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئایینی مەسیحی، پێغەمبەر عیسا ئەنجام دەدرێت، کە لە بەرواری ٢٥ی کانوونی یەکەم، دووەمیشیان ڤیستیڤاڵی زستانەیە کە بەر لە ئایینی مەسیحی لەلایەن ڕۆمەکانەوە ئەنجامدراوە و لە شەوی ٣١ ی کانوونی یەکەم لەسەر ١ی کانوونی دووەم لە درەنگانی شەودا ئەنجام دەدرێت. 

هەردوو بۆنەی لەدایکبوون و سەری ساڵ یاخود ساڵی نوێ جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، کە خەڵکی بە گشتی بە هەڵە لەم دوو بۆنەیە تێدەگەن و لەگەڵ یەکتردا تێکەڵی دەکەن. 

ساڵی نوێ چییە؟ 

ساڵی نوێ، یەکەم ڕۆژی ساڵنامەی گریگۆریان و جولیانە. کە لە شێوەی ڤیستیڤاڵێکی بە کۆمەڵدا ئەنجام دەدرێت ئەو گەل و نەتەوانەی بەشداری ئەم ئاهەنگە دەکەن، بەشێوازی جیاواز ئەنجامی دەدەن. بۆ نموونە لەلای ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم، لەگەڵ دەستپێکی یەکەم بەفر باریندا شەقامەکان دەڕازێنرانەوە بە کەلوپەلی ڕازاندنەوە و بە مۆسیقا و سەماکردن و هەڵدانی یاری ئاگرین پێشوازی لە ساڵی نوێ کراوە.

ئەم ڤیستیڤاڵە بە پێی ساڵنامەی گریگۆریان دەکەوێتە ٣١ی کانوونی یەکەم واتا کۆتا ڕۆژی ساڵنامە و لە درەنگانی شەودا ساڵنامە نوێ دەبێتەوە بەهەمان ڕیزبەندی ڕۆژ و مانگ تەنها جیاوازی کە ڕوودەدات یەک ڕۆژ جیاوازی هەیە لە نێوان ساڵی پێشوو و ساڵی نوێدا. واتا ئەگەر ئەمڕۆ یەکشەممە بێت و بەرواری ساڵنامە ١-کانوونی دووەم بێت، ساڵی داهاتوو هەمان ڕۆژ دەکاتە دووشەممە ١-کانوونی دووەم.

لە ساڵی نوێدا چی ئەنجام دەدرێت؟

ڤیستیڤاڵی زستان، یاخود ساڵی نوێ، ڤیستیڤاڵێکی بە کۆمەڵە واتا بە یەک کەس ئەنجام نادرێت، دەکرێت لە شێوەی کۆنسێرت، کۆبوونەوەی خێزانەکان لەگەڵ یەکتر و ئامادەکردنی خوانێکی ڕازاوە و کۆبوونەوەی هاوڕێیەکان بێت لە ماڵەوە یاخود شوێنێکی گشتی وەک چێشتخانە و کافتریا. دەکرێت لە شێوەی پلانێکی تایبەت ئەنجام بدرێت بۆ نموونە سەیرکردنی فیلمێک لەگەڵ خێزانەکەتدا یان نان خواردن و شیرینی خواردن. یاخود هەڵدانی یاری ئاگرین لەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵدا. یان ناردنی نامەیەک بۆ ئازیزترین کەست.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم چالاکیانە چییە؟

ئەم ڤیستیڤاڵە خۆی دەبینێتەوە لە نوێکردنەوەی کەسایەتی و دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو لە ساڵی نوێدا. بە گڕ و تینێکی زیاترەوە کاربکەیت و زیاتر بەرەو پێش بچیت لە گەشەسەندنی کارامەیی و توانستەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا تۆمارکردنی ساتێکی لەبیرنەکراو لەگەڵ ئازیزان و هاوڕێیەکانتدا. 

بۆنەی لەدایکبوون چییە؟

بۆنەی کریسمس یاخود لە دایکبوون، بۆنەیەکی پەیڕەوانی ئایینی مەسحییە لە جیهاندا، کە لە ئێوارەی ٢٥ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکدا بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا کوڕی مریەم یادی دەکرێتەوە. ئەم بۆنەیە لە کڵێسادا ئەنجام دەدرێت بە گوتنەوەی سروتە ئایینییەکان و خوێندنی ئینجیل و نزاکردن و پاڕانەوە بۆ پاکبوونەوەی ڕۆحەکان لە گوناح و تاوان. 

پاش ئەوەی ڕێوەڕەسمەکان تەواو دەکرێن، پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە ماڵەکانیاندا ئێوارە خوانێک ئەنجام دەدەن کە تیایدا گۆشتی قەل یاخود قازی سوورکراوە پێشکەش دەکرێت و خێزانەکان لە دەوری یەک مێزدا کۆدەکاتەوە.  لە جیهاندا، ئەم ڕۆژە پشووە بۆ پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی و لە هەموو جیهاندا لەم ڕۆژەدا مەسیحییەکان یادی پێغەمبەرەکەیان دەکەنەوە. 

تایبەتمەندییەکانی بۆنەی کریسمس یاخود لەدایکبوون

ئەم بۆنەیە تەنها ڕۆژێکە، پەیڕەوانی مەسیحی لە کڵێسادا نزا دەکەن تاوەکو نزیک ئێوارە، پاشان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و خواردن ئامادە دەکەن. هەروەها ئەوەی ئەم ڕۆژەی پێ دەناسرێتەوە "بابا نۆیل" یان "بابا نۆئێل"ــە کە کەسایەتییەکی تایبەت و دیارە لای پەیڕەوانی ئایینەکە. ئەم کەسایەتییە بەوە ناسراوە کە دیاری پێشکەش بە منداڵانی بێسەرپەرشت و هەژاران دەکات و دڵیان خۆشدەکات. هەروەها لەم ڕۆژەدا ئەرکە لەسەر هەر مەسیحییەک کەوا بەشێک لە ماڵەکەی بەسەر هەژاراندا ببەخشێت.

کریسمس لە ئەدەبیاتدا

 زۆرێک لە ڕۆماننووسە ئینگلیزە دیارەکان بەتایبەتی ڤیکتۆریانەکان بۆنەی کریسمس بە بۆنەی هەست کردن بە حاڵ و گوزەرانی هەژاران دەبینن. بۆ نموونە چارلز دیکنز لە ڕۆمانی "سروودی کریسمس" بە ڕوونی ئاماژە بەم بابەتە دەکات کە هەر تاکێکی مەسیحی پێویستە ئاگاداری هەژاران بێت و ماڵ و سامان ناتوانێت هێندەی دڵخۆشکردنی منداڵێکی هەژار سوودت پێ بگەیەنێت. یاخود بەسەرکردنەوەی خزمەکان لەم ڕۆژەدا گرنگترە وەک لەوەی کار بکەیت و هەر بیر و هۆشت لای پارە کۆکردنەوە بێت.

پوختە

بۆنەی کریسمس بە شێوەیەکی گشتی بۆنەیەکی ئایینی مەسیحییەکانە لە جیهاندا کە تیایدا نزا دەکرێت و سروتی ئایینی لە ناو کڵێسادا دەگوترێن و لە پاشاندا لە ماڵەوە خوانێک ئامادە دەکرێت کە بە خوانی ئێوارەی کریسمس ناسراوە. هەروەها، لەم ڕۆژەدا هەژاران لەبیرناکرێن.


سەرچاوەکان



165 بینین