ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای سیاسی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-23-01:04:00 - کۆدی بابەت: 11884
ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای سیاسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای سیاسی (بە عەرەبی: مناهج دراسة الجغرافيا السياسية، بە ئینگلیزی: Research Methods in Political Geographyڕێباز یان ڕێگا، میتۆد بریتییە لە ڕێگایەکی زانستییانە کە توێژەر لە توێژینەوەکەی دەیگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی زانستی. ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە زانستییەکان ھەمیشە پشت بە سێ دەستەواژە دەبەستن کە بریتین لە (أین، کیف، لماذا)، زۆر جار وا پێویستدەکات لەناو یەک لێکۆڵینەوەی زانستی زیاتر لە ڕێبازێک بەکاربێت. ھەموو زانستێکیش کۆمەڵێک ڕێگای تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە بوارە جیاجیاکانی، جوگرافیای سیاسیش وەکوو ھەموو زانستەکانی تر لەم تایبەتمەندییە بێ بەش نەبوو.

ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای سیاسی

١- ڕێبازی ھەرێمی
ئەم ڕێبازە لە بنەما سروشتی و مرۆییەکانی دەوڵەت دەکۆڵێتەوە، جوگرافیای سیاسی لە ڕێگای ئەم ڕێبازە سەنگی ھەرێمەکان بەدیاردەخات، بۆنموونە لە ڕێگای ئەم ڕێبازە دەتوانرێت بەدیار بخرێت ئەگەر ھەرێمێکی سیاسی ڕێژەی دانیشتوانی گەنجی چالاکی زۆر بێت ئەوە مایەی ھێزە بۆ دەوڵەت. بنەما سروشتییەکانی ئەم ڕێبازە بریتین لە (خاک، ئاو و ھەوا، دەرامەتی ئاو و ڕووەکی سروشتی و بەرزی و نزمی و دەرامەتە سروشتییەکان). بنەما مرۆییەکانیش بریتین لە (دانیشتوان، ڕووبەر و قەبارەی دەوڵەت، سنوور). 

٢- ڕێبازی مێژوویی
ئەم ڕێبازە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی دەوڵەت دەکۆڵێتەوە، بەجۆرێک لە سەرەتای دروستبوون و بنیاتنانی دەوڵەت وەکوو یەکەیەکی سیاسی تاکوو ئەو قۆناغەی لە ئێستادا پێی گەیشتووە. ئەم ڕێبازە فاکتەری (کات) بەکاردێنێت بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی بارودۆخە ھەنووکەییەکان، نموونە وەکوو لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی ڕابردوو لە بواری جوگرافیای سیاسی و شیکردنەوەی کێشەکان لە ئێستادا. لە ڕێگای ئەم ڕێبازە دەتوانرێت لەو ھۆکارانە بکۆڵدرێتەوە کە بۆچی دەوڵەتێک لە سەردەمانێکی مێژوویی لەو پەڕی توان و ھێز و دەسەڵاتداریدا بووە، بەڵام لە سەردەمێکی تر خاوەنی دەسەڵاتێکی بێ ھێز و بچووک بووە، نموونە وەکوو دەوڵەتی عوسمانی و ئەڵمانیا.

٣- ڕێبازی وەسفی
ئەم ڕێبازە لە شانۆی سیاسی دەوڵەت و باسکردنی بەشە سیاسییەکان و پارتە سیاسییەکان و شێوازی حکوومڕانی دەوڵەت و کێشەکانی دەوڵەت دەکۆڵێتەوە. ئەم ڕێبازە گرنگی زۆر دەدات بە شێوازی گشتی پەیوەندییە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و کاریگەری ھەریەک لەم پەیوەندییانە لەسەر ڕەوشی سیاسی دەوڵەت بە شێوەیەکی گشتی.

٤- ڕێبازی مۆڕفۆلۆجی
ئەم ڕێبازە کار لەسەر شیکردنەوەی دیاردە سیاسییەکانی دەوڵەت و پێکھاتەکانی دەکات لە ڕووی ناوەوە و دەرەوە. شێوەی دەرەوە (شوێن، ڕووبەر، شێوەی دەوڵەت، سنووری دەوڵەت). شێوەی ناوەوە (پێکھاتەی دانیشتوان، چالاکییە ئابوورییەکانی و کاریگەری ھەر لایەنێک لەم لایەنانە لەسەر ھێز و تواناکانی دەوڵەت).

٥- ڕێبازی وەزیفی (کار)
ئەم ڕێبازە لە دەوڵەت یان ھەرێمێکی سیاسی دەکۆڵێتەوە، لەبەر ڕۆشنایی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. بۆنموونە چۆن دەوڵەت یان ئەو ھەرێمە سیاسییە دەتوانێت بمێنێتەوە، لەو ھۆکارە ناسیاسیانەش دەکۆڵێتەوە کە کاریگەریان لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی دەوڵەت ھەیە وەکوو (ئاو و ھەوا، بەرزی و نزمی، ڕووەکی سروشتی و دەرامەتی ئاو). ئەم ڕێبازە کاریگەری دیاردە سیاسییەکان لەسەر ھۆکارە ناسیاسییەکان بەدیاردەخات، وەکوو کاریگەری ڕێگاکانی ھاتووچۆ و گواستنەوە لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئارامی سیاسی. بۆیە ئەم ڕێبازە زیاتر لە ڕەگەزەکانی کار و فرمان دەکۆلێتەوە وەکوو (گەشەکردن و پێکھاتن). 

٦- ڕێبازی شیکردنەوەی ھێز
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ شیکردنەوەی گشت ئەو بنەما جوگرافیانەی کە کاریگەری و ڕۆڵیان ھەیە لەسەر ھێزی دەوڵەت نموونە وەکوو بنەما سروشتی و مرۆییەکان. ئەم ڕێبازە پەیوەندی و کاریگەری شیکاری ھەریەک لەم بنەمایانە دەخاتە ڕوو بۆ سوود وەرگرتن لێی لە بواری ڕامیاری دەوڵەت چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت یان لەسەر ئاستی دەرەکی بێت. ئەگەر چی ئەم ڕێبازە دەرئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کێشە ھەیە لە ھەڵبژاردنی ئەو زانیارییە پێویستانەییە کە تاکوو چەند پەیوەندی دیاردە سیاسییە ناوخۆییەکان یاخود دەرەکییەکان ھەیە. بە شێوەیەکی گشتی ڕێبازی شیکردنەوەی ھێز بە یەکێک لە گرنگترین ڕێبازە باشەکان دادەنرێت کە دەتوانێت ئامانجی خۆی پێکدێنێت، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئاڕاستە بکرێت.

٧- ڕێبازی یەک بوار
ئەم ڕێبازە بەکاردێت بۆ شیکردنەوەی دەوڵەت لە گۆشەنیگایەکی جوگرافیای سیاسی و لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو ھۆکارەکان کە ئەمەش بنچینەیەکی بە سوودە بۆ زۆرێک لە کێشەکانی جوگرافیای سیاسی. بنچینەکانی ئەم ڕێبازە لە پێنج ئاڵقەی سەرەکی و تێکھەڵ کێش و ئاڵۆڕ پێکھاتووە، ھەر گۆڕانکاریەک لە یەکێک لەم پێنج ئاڵقانە ڕووبدات کاریگەری ھەیە لەسەر ئاڵقەکانی تر.

  • بیرۆکە - دروستبوونی دەوڵەت
  • بڕیار - ھەوڵدان بۆ ئەم ئامانجە
  • جووڵە - خۆ سازدان و ئامادەکردنی دانیشتووان بۆ ئەم بیرۆکەییە
  • بوار - دروستکردنی ھێزی سەربازی و ئابووری
  • ڕووبەری سیاسی - ئەو خاکەی کە دەوڵەتی لەسەر دروستدەکرێت

وەکوو لە ڕیزبەندی ئاڵقەکانی ئەم ڕێبازە ھاتووە سەرەتا بە بیرۆکەی سیاسی دەست پێدەکات بە ڕووبەری سیاسی کۆتایی دێت، بەڵام دەکرێت ھەندێک جار ئەم شێوەزە پێچەوانە بێت واتە لە ئاڵقەی پێنجەم ڕووبەری سیاسی دەست پێبکات و لە ئەڵقەی یەکەم بیرۆکە کۆتایی بێت.


سەرچاوەکان



761 بینین