ئامێری سۆنەر

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-26-21:47:00 - کۆدی بابەت: 12031
ئامێری سۆنەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئامێری سۆنەر (بە ئینگلیزی: Ultrasound device، بە عەرەبی: جهاز الموجات فوق الصوتية) ئامێرێکی پزیشکییە و بەکاردەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی سۆنەر.

سۆنەر پشکنینێکی وێنەگرتنی بڵاونەکراوە کە پێکهاتەکانی ناو جەستە نیشان دەدات بە بەکارهێنانی شەپۆلی دەنگی چڕی بەرز. کارمەندانی چاودێری تەندروستی پشکنینی سۆنەر بەکاردەهێنن بۆ چەند مەبەستێک، لەوانە لە ماوەی دووگیانیدا، یان بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان هەروەها بۆ ڕێنمایی وێنەیی لە کاتی هەندێک نەشتەرکاریدا.

لە ماوەی ئەنجامدانی سۆنەر، دابینکەری چاودێری تەندروستی ئامێرێک تێدەپەڕێنێت کە پێی دەوترێت گویزەرەوە (transducer) یان پرۆب (probe) لەسەر ناوچەیەکی جەستە یان لەناو بەشە کراوەییەکانی جەستەدا. دابینکەرەکە چینێکی تەنک لە جێل بەسەر پێستدا دادەنێت بۆ ئەوەی شەپۆلەکان لە ئامێری سۆنەرەکەوە لەڕێی گوێزەرەوەکەوە بەناو جێلەکەوە بگوازرێنەوە بۆ ناو جەستە.

بەڵام پڕۆبەکە تەزووی کارەبایی دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی دەنگی بەرز و شەپۆلەکان دەنێرێت بۆ ناو شانەکانی جەستە. لێرەدا ناتوانیت گوێت لە دەنگی شەپۆلەکان ببێت.

شەپۆلەکانی دەنگ لە پێکهاتەکانی ناو جەستە هەڵدێن و دەگەڕێنەوە بۆ پڕۆبەکە، کە شەپۆلەکان دەگۆڕێت بۆ ئاماژەی کارەبایی. دواتر کۆمپیوتەر شێوازی ئاماژە کارەباییەکان دەگۆڕێت بۆ وێنە یان ڤیدیۆی وەک ڕاستەقینە، کە لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرێکی نزیک پیشان دەدرێت.

لە کاتێکدا کە سۆنەر بە شێوەیەکی گشتی بە سەلامەت دادەنرێت لەگەڵ مەترسییەکی زۆر کەم، مەترسییەکان لەوانەیە زیاد بکەن لەگەڵ بەرکەوتنی درێژخایەنی ناپێویست بە وزەی سەروو دەنگ یان کاتێک بەکارهێنەرە مەشقپێنەکراوەکان ئامێری سۆنەر بەکاردەهێنن. بەهۆی ئەمەوە، بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (FDA) ئامۆژگاری دەدەن لە دژی بەکارهێنانی سۆنەری سێ ڕەهەندی لەبەر هۆکاری نا پزیشکی.

سۆنەر چییە؟

سۆنەر وێنەگرتنێکی تیشکییە کە شەپۆلی دەنگ بەکاردێنێت بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی وەک ڕاستەقینەی ئەندامە ناوەکییەکانی ناو جەستە یان شانە نەرمەکانی دیکەی وەک لوولەکانی خوێن. وێنەی سۆنەر پێی دەوترێت سۆنۆگرام.

سۆنەر ڕێگە بە دابینکەرانی چاودێری تەندروستی دەدات کە وردەکاری شانە نەرمەکانی ناو جەستە ببینن بەبێ ئەوەی هیچ بڕینێک لە جەستەدا بکەن. هەروەها بە پێچەوانەی تیشکی ئێکس، سۆنەر تیشکدانەوە بەکارناهێنێت.

هەرچەندە زۆربەی خەڵک سۆنەر لەگەڵ دووگیانیدا پەیوەست دەکەن، بەڵام دابینکەرانی چاودێری تەندروستی سۆنەر بەکاردەهێنن بۆ زۆر بارودۆخی جیاواز وەک سەیرکردنی چەند بەشێکی جیاواز لە ناوەوەی جەستە لە کاتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.

کێ سۆنەر ئەنجام دەدات؟

پزیشکێک یان دابینکەرێکی چاودێری تەندروستی کە پێی دەوترێت تەکنیکاری سۆنەر یان سۆنۆگرافەر سۆنەر ئەنجام دەدات. کە بە تایبەتی ڕاهێنراون بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکانی سۆنەر بە شێوەیەکی دروست و سەلامەت. ئەوە گرنگە کە هەمیشە لە لایەن پزیشکێکی پسپۆڕ و شارەزاوە ئەنجام بدرێت.

چۆن خۆم ئامادە بکەم بۆ سۆنەر؟

ئامادەکارییەکان پشت دەبەستێت بە جۆری ئەو سۆنەرە کە دەیکەیت. هەندێک لە جۆرەکانی سۆنەر بە هیچ شێوەیەک پێویستیان بە ئامادەکاری نییە. بۆ سۆنەرەکانی حەوز، لەوانە سۆنەر لە ماوەی دووگیانیدا، سۆنەری کۆئەندامەکانی زاوزێی مێینە و کۆئەندامی میز، لەوانەیە پێویست بکات میزڵدانت پڕبکەیتەوە و ئاو زۆر بخوێتەوە پێش ئەنجامدانی سۆنەرەکە.

بۆ ئەو سۆنەرانەی کە بۆ سک ئەنجامدەدرێن، لەوانەیە پێویست بکات خۆراکەکەت ڕێکبخەیت یان بەڕۆژوو بیت (جگە لە ئاو هیچ شتێک نەخۆیت یان نەخۆیتەوە) بۆ چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانەکە. لە هەر حاڵەتێکدا، دابینکەری چاودێری تەندروستی ئاگادارت دەکاتەوە ئەگەر پێویست بە شتێکی تایبەت بکات بۆ ئامادەکاری بۆ سۆنەرەکە. هەرورها دەکرێت ڕێنماییت پێ بدەن لە کاتی چاوپێکەوتنێک یان لە کاتی دانانی سۆنەر.

چی ڕوودەدات لە کاتی ئەنجامدانی سۆنەر؟

ئامادەکارییەکانی سۆنەر دەگۆڕێت بەپێی ئەوەی چ بەشێکی جەستەت سکان دەکەیت. لەوانەیە دابینکەرەکەت داوات لێ بکات کە هەندێک پارچە جلوبەرگ لاببەیت یان بیگۆڕیت بۆ جلوبەرگی نەخۆشخانە. بۆ ئەو سۆنەرەی کە بریتییە لە دانانی گوێزەرەوە (پڕۆب) لەسەر پێستت (نەک لە جەستەدا)، ئەم هەنگاوانە جێبەجێ دەکەیت:

  • لەسەر تەنیشت یان لەسەر مێزێکی ئاسودە پاڵدەکەویت.
  • تەکنیکاری سۆنەر بڕێکی کەم لە جێلی تواوەی ئاو لەسەر پێستت دادەنێت بەسەر ناوچەکەدا کە دیاریکردووە بۆ پشکنین. ئەم جێڵە زیان بە پێستت ناگەیەنێت یان جلەکانت تێک نادات.
  • تەکنیکارەکە ئامێرێکی گوێزەرەوەی دەست دەجوڵێنێت یان پڕۆب لەسەر جێلەکە دادەنێ بۆ ئەوەی وێنەکانی ئەندامەکانی ناو جەستە بگوێزێتەوە.
  • لەوانەیە تەکنیکارەکە داوات لێ بکات کە زۆر بێدەنگ بیت یان تەنانەت هەناسەت بۆ چەند چرکەیەک ڕابگریت بۆ دروستکردنی وێنەی ڕوونتر.
  • کاتێک تەکنیکارەکە وێنەی پێویست بەدەست دەهێنێت، ئەوکات هەر جێلێکی ماوە لەسەر پێستت دەسڕێتەوە و کردارەکە تەواو دەبیت.
  • پشکنینی سۆنەر بە گشتی سی خولەک بۆ کاتژمێرێک دەخایەنێت. ئەگەر هەر پرسیارێکت هەبوو دەربارەی جۆری تایبەتی سۆنەرەکە، لە دابینکەری چاودێری تەندروستیت بپرسە.

ئایا ئەنجامدانی سۆنەر ئازاربەخشە؟

ئەو سۆنەرەی کە لە دەرەوە ئەنجام دەدرێت (لەسەر پێست) بە گشتی ئازاربەخش نییە. لەو کاتەدا هەست بەو شەپۆلە دەنگانە ناکەیت کە سۆنەرەکە بەکاری دەهێنێت، هەروەها ئەگەر پێویستت بە میزلدانێکی پڕ هەبێت بۆ ئەنجامدانی سۆنەرەکە لەوانەیە ئەو بێزارت بکات. هەروەها لەوانەیە ناخۆش بێت کە لەسەر مێزی پشکنینەکە پاڵبکەویت ئەگەر دووگیان بێت کەسەکە. ئەو سۆنەرانەی کە دەچنە ناو کونەکانی لەش، وەک ڕێکە یان زێ، لەوانەیە ناڕەحەتی بکەن، بەڵام نابێت ئازارت بدەن.

ئایا ئەنجامدانی سۆنەر سەلامەتە؟

بەڵێ، لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو ئەوەیان نیشان داوە کە تەکنەلۆژیای سۆنەر سەلامەتە بەبێ هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی زیانبەخش. سۆنەر تیشکدانەوە بەکارناهێنێت، بە پێچەوانەی هەندێک پشکنینی تری وێنەگرتنی پزیشکی، وەک تیشکی ئێکس و تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەری.

بەڵام هێشتا پێویستە هەموو پرۆسەکانی سۆنەر لەلایەن پسپۆڕێکەوە ئەنجام بدرێت کە ڕاهێنانی کردبێت لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بە سەلامەتی.

کەی دەبێت ئەنجامەکانی سۆنەرەکەم بزانم؟

ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکان پشت دەبەستێت بە جۆری ئەو سۆنەرەی کە ئەنجامتداوە. لە هەندێک حاڵەتدا، وەک سۆنەری پێش منداڵبوون، دابینکەری تەندروستی لەوانەیە وێنەکان شی بکات و ئەنجامەکان پێشکەش بکات هەر لە کاتی ئەنجامدانی سۆنەرەکە.

لە حاڵەتەکانی دیکەدا، پزیشکێکی تیشکی یان دابینکەرێکی چاودێری تەندروستی کە ڕاهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردن و لێکدانەوەی پشکنینەکانی تیشکدانەوە، وێنەکان شی دەکاتەوە و پاشان ڕاپۆرتەکە دەنێرێت بۆ ئەو پزیشکەی کە داوای ئەنجامدانی سۆنەرەکەی کردووە. دواتر پزیشکەکە ئەنجامەکان لەگەڵ تۆ باس دەکات.

چی حاڵەتێک دەتوانرێت بە سۆنەر بدۆزرێتەوە؟

سۆنەر دەتوانێت یارمەتی پزیشکان بدات بۆ دەستنیشانکردنی کۆمەڵێک کێشەی پزیشکی، لەوانە:

  • گەشەی نائاسایی وەک گرێ یان شێرپەنجە
  • خوێنمەیین و تۆپەڵبوونی خوێن
  • گەورەبوونی سپڵ
  • دووگیانی دەرەوەی ڕەحم (کاتێک هێلکەیەکی پیتێنراو لە دەرەوەی سک دەچێنرێت)
  • بەردی زراو یان گورچیکە
  • هەوکردنی تورەکەی زراو
  • گەورەبوونی لوولەی خوێن لە گونەکان

پێویستە چی پرسیارێک لە دابینکەری چاودێری تەندروستیم بکەم دەربارەی سۆنەر؟

ئەگەر پێویستت بە سۆنەر هەبێت، لەوانەیە پێویست بکات ئەم پرسیارانەی خوارەوە لە دابینکەرەکەت بکەیت:

  • پێویستم بە چ جۆرە سۆنەرێکە؟
  • پێویستە چی بکەم بۆ ئەوەی خۆم ئامادە بکەم بۆ ئەنجامدانی سۆنەرەکە؟
  • پێویستم بە پشکنینی تر هەیە؟
  • کەی دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان بکەم؟


سەرچاوەکان



134 بینین