ناوهڕۆك
سەرەتا
کەشتی هێڵ (بە عەرەبی؛ سفینة خطية، بە ئینگلیزی؛ ship of the line) کەشتییەکی جەنگییە کە لە سەدەی ١٧ و ١٨ و ١٩ لە دەریادا گوزەری کردووە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین کەشتییە جەنگییەکانی مێژوو دادەنرێت کە چارۆکەدار بووە و لە بەهێزترین جۆری دار دروستکراوە. لە زاراوەی سەربازی بە کەشتی تاکتیکی ناوبراوە. چەندین جۆری تۆپ هاوێژی مەودا نزیک و مامناوەند و دووری لەسەر جێگیرکراوە بە ئاراستەی ٣٦٠ پلە واتا بە هەر چوار دەوری کەشتییەکەدا تۆپ هاوێژ هەبووە.
مێژوو
کەشتی هێڵی پێشەوە یان ship of the line تایبەت نەبووە بە وڵاتێکی دیاریکراو، هەر وڵاتێکی باڵادەست لە دەریادا بە جۆرێک دیزاینی کردووە و لە جەنگدا بەکارهێنراوه. بۆ نموونە پرتوگالییەکان کەشتییەکەیان لە داری جاوە دروست دەکرد کە بەرگەی پێکدادانی زیاتری دەگرت. بەڕیتانییەکان لە دروستکردنیدا جگە لە بەیەک بەستنەوەی بەشەکان بە بزمار و جۆینت ئاسنیان بۆ ڕوو پۆشی کەشتییەکە بەکارهێناوە تا بتوانێت بەرگەی پێکدادانی کەشتییەکان و تۆپ بگرێت.
کەشتییە پرتوگالییەکان کە لەم جۆرە بوون پێیان وتراوە (کاراک یان قەرقور) کە لە چەند نهۆمێک پێکهاتبوون و زیاتر لە ٤٠٠ تۆپ هاوێژی مەودا جیاوازی لەسەر جێگیرکرابوو. کەشتییە بەڕیتانییەکانیش کە لەم جۆرە بوون بە (مێری ڕۆس) ناسراو بوون کە جگە لە تۆپ هاوێژی لایەکان هەشت هاوەن و لە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە ئاسنێکی نووک تیژ لە جۆری پۆڵا کە درێژییەکەی چەند مەترێک بووە جێگیر کرابوو، کاتێک ئەم کەشتییە بە خێرایی خۆی بکێشابایە بە کەشتییەکی تردا ئاسنەکە دەهاتە دەرەوە و دەبووە هۆی کون بوونی بەشی ژێرەوەی کەشتی بەرامبەر کە زۆر جار بێ جەنگ و هاویشتنی هیچ تۆپێک کەشتییەکە نوقم دەبوو. کە ئەمەش لایەنی بەهێزی کەشتییە بەڕیتانییەکان بوو.
پەرەسەندنی نەخشەسازی کەشتییەکان
لە سەدەی ١٧ـیەمدا کە هاوکات بوو لەگەڵ دروستبوونی چەتەی دەریا، دەریاکان جێگەی مەترسی بوون بۆ بازرگانەکان بۆیە هەندێک جار کە کەلوپەلی وڵاتێک دەگوازرایەوه ژمارەیەک کەشتی سەربازییش لەگەڵ بازرگانەکاندا دەڕۆیشتن تا دڵنیابن لە سەلامەتی کەشتییەکان. ئیمپڕاتۆریەتی دەریا کە بە هەر سێ ئیمپڕاتۆریەتی (بەڕیتانیا، ئیسپانیا، پرتوگال) دەوترێت خاوەنی کەشتی بەهێز بوون، بەڵام ئیسپانیا و پرتوگال بەوە ناسراوبوون کە کەشتییە جەنگییەکانیان زیاد لە پێویست زەبەلاح بوون. کە دەیانتوانی بە ساڵ لە دەریادا بمێننەوه بێ ئەوەی لەنگەر بگرن و خۆراک عەمبار بکەن.
کەشتی ئیسپانی Nuestra Señora de la Santísima Trinidad
بە یەکێک لە کەشتییە بەهێزەکان دادەنرێت کە لە جۆری Line ship بوو کە ١١٢ چەکی جیاوازی جێگیر کردبوو لەسەر کەشتییەکان. جگە لەوە بە شێوەی ٣٦٠ پلە تۆپ هاوێژ جێگیر کرابوو. بەشی پێشەوەی کەشتییەکە ٢٠ موشەکی لێ جێگیرکرابوو کە دە دانە لای ڕاست و دە دانە لای چەپ موشەکەکان لە کاتی هاویشتن گڕیان دەگرت و لە کاتی بەرکەوتنیان بە کەشتی بەرامبەر دەتەقینەوە و زیانێکی زۆریان بە کەشتییەکە دەگەیاند.
کەشتی Mahmudiye
کەشتییەکی بەهێزی عوسمانییەکان بوو بە فەرمانی سوڵتان محەمەدی دووەم دروستکرا لە ساڵی ١٨٢٩، بە گەورەترین کەشتی جەنگی سەدەی ١٩ دادەنرێت کە ئەمیان چەکی زیاتری لەسەر جێگیر بوو وەک لە کەشتییە ئیسپانییەکە ١٢٨ چەکی جیاواز توانای هەڵگرتنی ١٢٨٠ دەریاوانی هەبوو. درێژی کەشتییەکە ٧٦ مەتر و پانی ٢١ مەتر. لە جەنگی سڤاستاپول دژی ڕووسەکان بەکارهێنرا کە شوێنێکە لە نزیک نیمچە دوورگەی کریمیا بوو. ساڵی ١٨٧٤ کەشتی مەحموودییە هەڵوەشێنرایەوە.
کەشتی Valmy
کەشتییەکی فەڕەنسی بوو دووەم گەورەترین کەشتی سەدەی ١٩ـیە. لە ساڵی ١٨٤٩ خرایە دەریاوە. کەشتییەکی بەهێز بوو جیاوازییەکەی لەگەڵ کەشتییەکانی Valmy خێرابوون کاتێ هەموو چارۆکەکانی هەڵدەکرا هیچ کەشتییەک خۆی لەبەردەم ڕانەدەگرت. تا ساڵی ١٨٩٠ بەشداری لە چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی دەریایی کردووە. دواتر هەڵوەشێنرایەوه لە ساڵی ١٨٩٤ و زیاتر کەشتی هەڵمی جێگەی ئەم کەشتییانەی گرتەوە.
کۆتا کەشتی کە تا ئێستا لە دەریادا ماوە لەم جۆرە بریتییە لە کەشتی HMS VICTORY بەڕیتانییە کە لەلایەن ئەدمیراڵ "هۆرۆ نێڵسن" بەکارهێنراوە لە ١٨٠٥ و بەشداری جەنگی تڕافلاگەری کردووە دژی فەڕەنسا و ئیسپانیا. کەشتییەکە بۆ جوانی هێڵدراوەتەوە و لە مۆزەخانەی دەریایی بەڕیتانی نمایش کراوە.