چۆن بتوانم کتێبێکی باش هەڵبژێرم؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-23-01:29:00 - کۆدی بابەت: 12241
چۆن بتوانم کتێبێکی باش هەڵبژێرم؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێب (بە عەرەبی: الکتاب، بە ئینگلیزی: Book) بریتییە لە نووسراوێکی کاغەزی یان ئەلیکترۆنی کە لە بارەی تەوەرێک دەدوێت وەک مێژوو، زانست، فەلسەفە، ئەدەب و چەندان بواری تر.

چۆن بتوانم کتێبێکی باش هەڵبژێرم؟ 

لە کاتی سەردانکردنی کتێبخانەکان یان پێشانگەکان زۆر جار گرفتی ئەوەمان بۆ دروست دەبێت کە نازانین چ کتێبێک بکڕین یان کتێبێکێکی باش هەڵبژێرین لە نێو سەدان و هەزاران ناونیشان، لێرەدا چەند ڕێگەیەک باس دەکەین کە دەکرێت هاوکاری تۆی خوێنەر بکات لە کاتی چوون بۆ کتێبخانە. 

گەڕان بۆ چەشنی دڵخواز 
کاتێک بەنیازی کتێب کڕینیت، سەرەتا دەبێت لەو چەشنەی حەزی پێ دەکەیت گەڕانێک بکەیت بە "ئنتەرنێتدا" بۆ نموونە حەزت بە چەشنی ڕۆمان یان مێژوو یان فەلسەفە یان لقەکانی زانست وەک زیندەزانی و فەلەکە. کاتێک گەڕان دەکەیت بێگومان کتێبی زۆرت بۆ دەهێنێت و بەم جۆرە دەتوانیت کتێبێک هڵبژێریت. 

خوێندنەوەیەک لە بارەی نووسەر 
کاتێک دەتەوێت کتێب بکڕیت، پێویستە ڕابردووی نووسەر فەرامۆش نەکرێت. واتا دەبێت بزانین نووسەر کێیە و لە چ سەردەمێک ژیاوە و چی هۆکاری نووسینی ئەم کتێبە بووە، هەندێک نووسەر هەن بارودۆخێک ئیلهام بەخشی نووسینیان بووە، بۆ نموونە نیکۆلۆ میکیاڤێلی تەواوی کتێبەکانی لە ژێر کاریگەری شۆڕشی ڕێنیسانس نووسیوە، هەر شتێک باس دەکات دەیگێڕێتەوە بۆ شۆڕشەکە. یاخود نووسەرێک لە بارەی ڕەوتێکی سیاسی دەنووسێت پێویستە بزانین خۆی سەر بە چ ڕەوتێکە بۆ نموونە کەسێک لە بارەی کاپیتاڵیزم "سەرمایەداری" دەنووسێت، دەبێ بزانین خۆی سەر بەو ڕەوتەیە یان ڕەوتێکی تر. 

کاتی نووسینی کتێبەکە 
پێویستە بزانین ئەو ساڵەی کتێبەکە نووسراوە هاوکاتە لەگەڵ چی سەردەمێک، چونکە هۆکاری نووسینی هەر کتێبێک دەکرێت هۆکارێکی تری لە پشت بێت، بۆیە دەبێت بزانین نووسەر لە چی کاتێکدا ئەم کتێبەی نووسیوە. بە نموونە سەدەی بیستەم ڕووداوی زۆری تێدابووە زۆرێک لە نووسەرەکان کەوتوونەتە بەر کاریگەری ئەو ڕووداوانە، ڕووسییەکان لەژێر کاریگەری حزبی کۆمۆنیست و شۆڕشی ئۆکتۆبەردا نووسینیان هەبووە، یان ئەوانەی دژی ئەم شۆڕشەی ڕووسیا بوون بە شێوەی ڕەخنەیی کتێبیان دژی سۆڤێت نووسیوە نموونەی زیندووش "جۆرج ئۆروێل" لە کتێبی "مەزرای ئاژەڵان" لەسەر زاری ئاژەڵان ڕۆمانێکی ڕەخنەیی دژی سۆڤێت و شۆڕشی ئۆکتۆبەر نووسی. 

دەزگای چاپ 
پێویستە دەزگای چاپ لە یاد نەکرێت لە کاتی کڕینی کتێبدا، چونکە هەندێک وڵات بەرژەوەندییان هەیە لە نووسینی هەندێک کتێب و بە چاپ گەیاندنی. نموونە ئێران کاتێک کتێبێک چاپ دەکات ئەو دەستەواژە و پەیامانەی دژی ڕژێمەکەیەتی لادەبات لە کتێبەکان، بە واتایەکی تر فلتەریان دەکات. یاخود کتێبێک دەزگاکەی ئیسڕائیلی بێت هەوڵ دەدات بیر و هۆشی تاکەکانی هەندێک وڵات بشێوێنێت لە ڕێگەی کتێبەکانی خۆیان بە تایبەتی کتێبی یادەوەری و باسی کەسایەتی و جەنگەکانیان. یاخود وروژاندنی هەندێک بابەتی وەک ماسۆنیەت و پلانی جوولەکە

وەرگێڕ 
کاتێک کتێبێکی وەرگێڕدراو دەکڕیت دەبێت بزانیت تا چەند شارەزای بوارەکەیە، هەندێک وەرگێڕ هەیە سەرەتای کارکردنیانە لە بواری وەرگێڕان، یاخود ئەزموونێکی وایان نییە. دەبێت پرسیار بکەیت کەوا ئەو وەرگێڕە چەند بە ئەمانەتەوە وەرگێڕانی کردووە. چونکە وەرگێڕان هەر وشە ڕیزکردن نییە، بەڵکو پێدانی واتایە ئەگەر واتا نەبەخشێت ئەوا وەرگێڕانێکی ناتەواوە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. 

ئەگەر کتێبەکە پێڕستی هەبوو 
بۆ بابەتی ڕۆمان و هەندێ چەشنی تر دانانی پێڕست ئەرک نییە لەسەر نووسەر و وەرگێر. بەڵام بۆ بابەتی زانستی و مێژوو پێویستە بوونی هەبێت. لەم کاتەدا پێویستە سەیری پێڕست بکەیت چونکە هەندێک جار نووسەر ناونیشانێکی سەرنجڕاکێش دادەنێت و خەڵکانێکی زۆر ڕادەکێشێت بۆ کڕینی کتێبەکە، بەڵام ڕەنگە لە ناوەڕۆکدا شتێکی وەها گرنگی تێدا نەبێت هەروەکو کتێبەکانی گەشەپێدانی خود یان گەشەپێدانی مرۆیی زۆرجار ئەم حاڵەتە لەخۆدەگرن. 

سەرچاوەی بەکارهاتوو 
ئەو بابەتانەی لێکۆڵینەوەن ئەدەبی بێت یان زانستی یان مێژوویی، ئەوا پێویستە بزانین ئەو سەرچاوانەی نووسەر بەکاریهێناون چۆنن و چین و تا چەند باوەڕپێکراون. ئەمەش دەکرێت هەر لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بدۆزێنەوە لە ڕێگەی وێبگەڕی Google scholar کە ئەگەر هاتوو لەو وێبگەڕە لینکی سەرچاوەکە نەبێت ئەوا باوەڕپێکراو نییە. 

چاپی کتێبەکە 
بۆ هەندێک چەشنی کتێب چاپی کتێب گرنگی خۆی هەیە. بابەتی چیرۆک و ڕۆمان کۆنترین چاپیشی بێت هیچ کاریگەری دروست ناکات. بەڵام بابەتی زانستی و  لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان پێویستە نوێترین چاپ بێت چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توێژیەەوەی نوێ و زیاتر دەکرێت لەم ڕوانگەیەشەوە دەبێت پشت بە نوێترین سەرچاوەکان ببەستین. کاتێک بابەتێکی زانستی دەخوێنیتەوە کە هی ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستایە، هەست بە ناتەواوی دەکەیت چونکە لەو کاتەدا زانست هێندەی ئێستا پێشکەوتوو نەبووە. یان بابەتێکی وەک گەشەپێدان کاتێک نووسەر لەسەردەمێکی کۆندا ئەم کتێبەی نووسیوە وشەکانی بۆ ئەو سەردەمە ڕاست بووە بەڵام بۆ ئێستا ڕاست نییە، بۆیە هەر چەند نووسەرەکە خاوەنی ناوبانگ بێت نابێت کتێبەکەی بخوێنرێتەوە چونکە لە ڕووی زانستیەوە بۆ ئێستا سوودی نابێت. یان ئەگەر بێت و نووسەر لە ژیاندابێت کتێبێکی نووسی بێت و ئەم کتێبە چەند چاپێک بێت هەر دەبێت نوێترین چاپ هەڵبژێرین.


سەرچاوەکان



76 بینین