کاریگەری ژیری دەستکرد لە بینایی یاری ڤیدیۆییەوە

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-25-16:20:00 - کۆدی بابەت: 12307
کاریگەری ژیری دەستکرد لە بینایی یاری ڤیدیۆییەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری ژیری دەستکرد لە بینایی یاری ڤیدیۆییەوە (بە عەرەبی: تأثير الذكاء الاصطناعي في منظور ألعاب الفيديو، بە ئینگلیزی: the impact of artifical intelligence in video games perspective) یارییە ڤیدیۆییەکان گەرچی وێنای ژیانێکی خەیاڵی دەکات، زۆرجاریش هەڵگری پەیامێکی گشتییە و تاکەکان لە بابەتێکی دیاریکراو ئاگادار دەکاتەوە، وەکو کاریگەری سیستمی جیهانی، پێشبینی جەنگ و قەیرانەکان، مانەوە لە ژیان، زۆر بابەتی تری هاوپەیوەند. یەکێک لەو بابەتانەی یارییە ڤیدیۆییەکان لەم ساڵانەی دوایی تیشکیان خستووەتە سەر (ژیری دەستکرد)ـە. کە لە چەند یارییەکدا باس لە مەترسییەکانی ژیری دەستکرد لەسەر مرۆڤایەتی کراوە.

ئەو یارییانەی باس لە کاریگەری ژیری دەستکرد دەکەن کامانەن؟

ڕێژەیەکی زۆر یاری هەیە، بەڵام سێ لە گرنگترین یارییەکان (Horizon zero dawn) و (Horizon forbidden west) و (Stray) یەکەم و دووەم یاری هەمان جیهانن و سەر بە زنجیرەی Horizonنن. 

زنجیرە یاری Horizon چۆن باسی کاریگەری ژیری دەستکرد دەکات؟

ئەم یارییە لە دوو بەشی تەواوکەری یەکتر پێکدێت، باسی سەردەمێک دەکات مرۆڤایەتی لەناوچووە و ئەوەی ماوەتەوە ڕۆبۆتەکانن، کارەکتەری یارییەکە Aloy لە ڕێگەی ژیری دەستکرد کە ئامێرێکی بچووکە دەتوانێت لە هەندێک جێگەدا ڕابردووی مرۆڤایەتی ببینێت کە لەو جێگەیەدا چ شتێک ڕوویداوە و بۆ لەناو چووە. هەروەها باسی ئەوە دەکات ئەم پێشکەوتنە لە ڕادەبەرەی ژیری دەستکرد وای کردووە مرۆڤ لە شوێنی کار دوور بخرێتەوە و ڕۆبۆتەکان ببنە جێگرەوە. ئەمەش دووبارە گەڕاندنەوەی مرۆڤەکان بوو بۆ خاڵی دەستپێک کە لە ژیری دواکەوتن و گەڕانەوە بۆ چاخە مێژووییەکان. ئەو خەڵکەی دروست بوونەتەوە هاوشێوەی مرۆڤە سەرەتاییەکان بە شێوەی تیرە و هۆز دەژین و شتێک نازانن لەبارەی ژیانی پێشوو. 

ئەیلۆی بە هاوکاری ژیری دەستکرد دەتوانێت پەی بە ڕابردوو بەرێت، بەڵام ئەوەی تێڕامانی دەوێت ئەوەیە، چی دەبێت ئەگەر خۆمان ببین بە بەشێک لە ژیری دەستکرد؟ ئایلۆی خۆی بەشێکە لە ژیری دەستکرد و لە شێوەی مرۆڤدایە چونکە دەتوانێت تێکەڵ بێت لەگەڵ ئامێرەکان و کۆنتڕۆڵیان بکات. 

ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە ڕەنگە لە داهاتوودا وای لێبێت کە ئامێرەکانی ژیری دەستکرد نەوەکو تەنها لە شوێنی کار بەڵکو لە هەموو کایەکانی ژیان جێگەی ئێمەی مرۆڤ بگرنەوە بێ ئەوەی هەست بکرێت کە ئەمە ڕۆبۆتە، بەڵگەش بۆ ئەوە خودی یارییە ڤیدیۆییەکان لە ڕێگەی ژیری دەستکرد گەیشتوونتە ئاستێک ناتوانی لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا لێکیان جیابکەیتەوە. 

یاری Stray چۆن باسی لە ژیری دەستکرد کردووە؟

یاری سترەی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە یارییەکی indie (بچووک)ـە. لەم یارییەدا بە پشیلەیەک یاری دەکەیت کە ئامێرێکی ژیری دەستکرد بەناوی B12 ڕێنیشاندەریەتی، ئەم پشیلەیە لە نێو جیهانێکدایە کە مرۆڤ نەماوە و ئامێرەکانی ژیری دەستکرد و ڕۆبۆت ماونەتەوە، ڕۆبۆتەکان خاوەنی پێنج هەستەکەی مرۆڤن، دەتوانن قسە بکەن و هەست بە سۆز و ترس و دڵەڕاوکێ دەبن و هەستی توڕەیی و شادمانی لایان دروست دەبێت، کاتێک گوێبیستی موزیک دەبن سەما دەکەن. کاتێک دیمەنێکی سەیر دەبینن شۆک دەبن، هەر وەکو مرۆڤ ڕەفتار دەکەن.

لێرەدا ئەوەی لە بارەی ئەم یارییە پێویستە بخرێتە ڕوو، وەک دەزانرێت ئاژەڵەکان زمانی لێکتێگەیشتنی خۆیان هەیە، ئامێری B12 پردێکە لە نێوان پشیلەکە و ڕۆبۆتەکان بیرکردنەوەی پشیلەکە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ڕۆبۆتەکان و بیرکردنەوە و خەیاڵ و قسەی ڕۆبۆتەکانیش وەردەگێڕێتە سەر بیرکردنەوەی پشیلەکە. 

ئەمەش لایەنێکی تری ژیری دەستکردە کە لەم سەردەمەدا کۆمپانیا چینییەکانی بواری ژیری دەستکرد هەوڵی بۆ دەدەن، ئەویش دروستکردنی ئامێرێکی ژیرییە کە ئاخاوتنی مرۆڤ وەربگێڕێتە سەر زمانی ئاژەڵ و باڵندەکان و بە پێچەوانەشەوە، کە ئەمەش وا دەکات مرۆڤ لە بیرکردنەوەی ئاژەڵەکان تێبگات و بتوانێت قسەیان لەگەڵدا بکات تەنها لە ڕێگەی تۆمارکردنی دەنگی خۆی و پاشان وەرگێڕانی بۆ دەنگی ئەو ئاژەڵ یان باڵندەیەی دەیەوێت، ئەمەش مەترسی زۆری هەیە چونکە دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ئامێرانەوە سیستمی ژینگەیی تێکبچێت و مرۆڤ باڵادەستی خۆی بەسەر هەموو گۆی زەویدا بسەپێنێت و بۆ مەبەستی خراپ هەوڵ بدرێت ژیانی کێوی ئاژەڵەکان لە ناوببردرێت، چونکە کاتێک ئەم ئامێرانە بەرجەستە بن دەکرێت تەواوی گیاندارانی سیستمێکی ژینگەیی لە ڕێگەی ئامێرێکەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن و ناوچەکەیان ببێتە شوێنێکی بازرگانی. یاخود ئاژەڵەکان لە ڕێگەی ئەم ئامێرانەوە لە ڕێگەی ڕاوچییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و بە ئاسانی ڕاوبکرێن ئەمەش دووبارە زیان گەیاندنە بە سیستمی ژینگەیی و زۆر بوونی ڕاوکردن.


سەرچاوەکان



88 بینین