کانڤاس

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-28-20:51:00 - کۆدی بابەت: 12363
کانڤاس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کانڤاس (بە ئینگلیزی: Canvas) قوماشێکی سادەیە بۆ دروستکردنی چادر، جانتای شان، پەناگە و بۆ نیگارکێشانی بۆیەی زەیتی بەکاردێت. کانڤاس بەشێوەیەکی سەرەکی وەک ڕوویەکی وێنەکێشان لەلایەن هونەرمەندانەوە بەکاردێت کە بەسەر چوارچێوەیەکی داردا درێژ دەکرێتەوە.

لە ئێستادا کانڤاس لە لۆکە، کەتان یان کلۆریدی پۆلیڤینایڵ دروست دەکرێت، بەڵام لە پێشوودا لە ڕووەکی حەشیشە (hemp) دروست دەکرا. وشەکە لە لاتینییەوە وەرگیراوە کە بە واتای دروستکراو لە حەشیش دێت. ئەم ماددەیە لە سەدەی شازدەهەمدا لە سەردەمی ڕێنسانسی ئیتاڵیادا باو بوو. نیگارکێشە ئیتاڵییەکان بۆ بەکارهێنانی کانڤاس زۆر بەپەرۆش بوون وەک چۆن کانڤاس لە وێنەی سەر دیوار کە لەسەر پلاستەری تازە و تەڕ دەکێشرا باشتر بوو، بەم جۆرەی وێنەکێشانی سەر دیوارە دەوترا فڕێسکۆ، پلاستەرێکی تەڕیان لەسەر دیوار دادەنا و لە کاتێکدا پلاستەرەکە تەڕ بوو وێنەیان لەسەر دەکێشا.

هەروەها کانڤاس قەبارەی گەورەبووە، لە دروستکردندا هەرزان بووە و بەئاسانی بەدەست کەوتووە. هەر لە کۆنیشدا بۆ دروستکردنی چادری بەلەمەکان بەکارهێنراوە. سوودەکانی تری کانڤاس کە بووە هۆی ئەوەی شوێنی تەختەی دار بگرێتەوە وەک کەرەستەیەکی وێنەکێشان بریتی بوون لەوەی بەهۆی کانڤاس دەکرا هونەر لەسەر ڕووبەرێکی گەورەتر ئەنجام بدرێت، هەروەها کێشی کەمبوو دەتوانرا بەئاسانی هەڵبگیرێت و بگواسترێتەوە.  وەرەقەی کانڤاس کەمتر تێک دەچوو کە ئەمە لە پێشتردا کێشەیەکی سەرەکی تەختەی دار بوو. ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی بەکارهێنانی کانڤاس لە وێنەکێشاندا بەربڵاوتر بێت. لەسەدەی حەڤدەیەمدا کانڤاس لە باکوری ئەوروپادا بڵاو بۆتەوە.

سوودەکانی وێنەکێشان لەسەر کانڤاس

  • ئەو وێنانەی لەسەر کاغەزی بریقەدار دەکێشرێن سەرنجڕاکێش دەردەکەون، بەڵام کاتێک لە شوێنێکی زۆر ڕووناک دابنرێت ڕووناکیەکە دەبێتە هۆی درەوشانەوە و ڕەنگدانەوە. بەڵام کاتێک وێنە لەسەر کانڤاس دەکێشرێت، بە ڕەنگێکی مات دەردەکەوێت و لە ڕووناکی زۆردا درەوشانەوە و ڕەنگدانەوە دروست ناکات.
  • کانڤاس چەندین قەبارەی جیاوازی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەئاسانی بەدەستهێنانی ئەو دیمەنەی کە دەتەوێت.
  • نرخی تاڕادەیەک هەرزانە و بۆ ڕاهێنانکردن و تاقیکردنەوەی تەکنیکە نوێیەکان زۆر باشە. بۆ ئەو کەسانەی دەست بە وێنەکێشان دەکەن و لە ئاستێکی سەرەتاییدان، بۆ دۆزینەوەی تەکنیکی نوێ، ڕەنگەکان، شێواز و فڵچەکان ڕێگایەکی زۆر باشە. کانڤاس ڕێگە بە وێنەکێشەکان دەدات شتی نوێ تاقی بکەنەوە و هەڵە بکەن و فێرببن.
  • بەهۆی ڕەقی ڕووەکەی دەکرێت وەک ڕوویەک بۆ تێکەڵکردنی چەند میدیایەک بەکار بێت بۆ نموونە دەکرێت، بۆیەی ئەکریلیک لەگەڵ بۆیەی قەڵەم پێکەوە لەسەر وەرەقەی کانڤاس بەکاربهێنرێت.

باشترین جۆری بۆییەکان لەسەر کانڤاس

  • بۆیەی ئەکریلیک لەسەر وەرەقەی کانڤاس یەکێک لە باوترین جۆری بۆیەکانە. کارکردن لەسەری ئاسانە، پێویستی بە کەمترین پێداویستی هەیە و بەخێرایی وشک دەبێتەوە. کانڤاس ڕووکەشێکی نموونەیی بۆ بۆیەی ئەکریلیک دابین دەکات.
  • بۆیەی زەیتی بۆ وێنەکێشان لەسەر کانڤاس زۆر گونجاوە ئەستووری بۆیەی زەیتی پێویستی بە ڕووبەرێکی ئەستوور هەیە، کانڤاسیش ئەم ڕووبەرە بۆ بۆیەیەی زەیتی دابین دەکات.
  • بۆیەی ڕەنگە خۆڵییەکان جۆرێکی ناوازەی بۆیەکانە، کە سیفەتی هەردوو بۆیەی ئەکریلیک و بۆیەی ئاوی هەیە. ئەم جۆرە بۆیەیە لە ڕەنگەکان و ماددە لکێنەرەکانی وەک کەتیرە پێکهاتووە. هەندێک کات لەگەڵ ڕەنگی سپی ڕەق وەک تەباشیر یان هەندێک کات لەگەڵ بۆیەیەی ئەکریلیک. ئەم جۆرە بۆیەیە بۆ وێنەکێشان لەسەر کانڤاس گونجاوە، بەڵام باشترە بەچینێکی ئەستوور دابنرێت و کەمترین بڕی ئاوی بۆ زیاد بکرێت.

ئەو بۆیانەی بۆ سەر کانڤاس گونجاو نین

  • بۆیەی ئاوی بۆیەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشە، بەڵام بۆ وێنەکێشان لەسەر کانڤاس زۆر گونجاو نییە. بۆیەی ئاوی بەشێوەیەکی ناڕێک و پێک لەسەر کانڤاس وشک دەبێتەوە و دروستکردنی وێنەیەک بەتەواوی لەسەر کانڤاس بە بۆیەی ئاوی کارێکی گرانە.


سەرچاوەکان



114 بینین