کتێبی میر و ماکیاڤێلیزم

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-03-21:05:00 - کۆدی بابەت: 12430
کتێبی میر و ماکیاڤێلیزم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێبی میر و ماکیاڤێلیزم (بە عەرەبی: کتاب الامیر و الماکیافیلیسم، بە ئینگلیزی: the prince book and machiavellsm) کتێبی میر بریتییە لە گرنگترین کتێبی نووسراوی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی و شۆڕشی ڕۆشنگەری ناسراو بە ڕێنیسانس، هەروەها ماکیاڤێلیزمیش بریتییە لەو چەمکە ئایدۆلۆژیایەی کە نیکۆلۆ ماکیاڤێلی هەیبوو لە بواری ڕامیاری و فەلسەفەی بەڕێوەبردنی وڵات و دامودەزگاکانی دەوڵەت. لەم بابەتەدا باس لە ٧ بەش لە کتێبی میر لە کۆی ٢٥ بەش و فەلسەفەی ماکیاڤێلیزم دەکەین لە بواری کارگێڕی و بەڕوەبردن و ڕەوشتی ڕێکخراو. 

کتێبی میر

ئەم کتێبە ڕێبەرییەکی گرنگە بۆ هەر کەسێک ببێتە دەسەڵاتدار چ حووکمداری وڵات، یان بەرپرس لە حکوومەتدا. ماکیاڤێلی لەسەرەتادا باسی قۆناغەکانی دامەزراندنی حکوومەت دەکات بە سیستمی کۆماری کە بە باشترین حووکمڕانی دەزانێت بۆ دەوڵەت. داوا دەکات کە حووکمدار خۆی سەنتەری دەسەڵات بێت نەوەک بەرپرسەکانی نێو حکوومەتەکەی. ئەم کتێبە بۆ لۆرێنزۆ دی مێدچی نووسراوە کە چۆن حووکمی فلۆرەنسیا بکات و دەسەڵات و هەژموونی هێزە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە و فلۆرەنس وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بهێڵێتەوە نەوەک لەلایەن وڵاتان بەڕێوە ببرێت. لە بەشی یەکەم و دووەمی کتێبەکەدا باس لە ئەرکی میر دەکات لە بەڕێوەبردنی کۆمارەکەیدا. ماکیاڤێلی لە کتێبەکەیدا وشەی Stato ی ئیتاڵی بەکارهێناوە بۆ گوزارشت کردن لە حکوومەت کە هاوتای States ی ئینگلیزییە. کە بە سەنتەری حووکمڕانی دەزانێت و هەموو بڕیارەکان لە Stato وە دەردەچن. جا ئەگەر حووکمەکە میرایەتی بێت یاخود کۆماری جیاوازی نییە پێویستە میر یان سەرۆک کۆمار کەسی یەکەم بێت لە Stato

لە بەشی دووەمدا دەڵێت: میر بە ئاسانی لە دەسەڵاتدا دەبێت ئەگەر کەسانی شیاو لە حکوومەتەکەیدا بن بەڵام شکست دەهێنێت گەر کەسانێک لە خۆی نزیک بخاتەوە کە مەبەستیان خزمەت کردن نەبێت بەڵکو تەنها بیانەوێت دەستکەوتیان هەبێت و ببنە خاوەنی سامان.

بەشی سێیەم تا پێنجەم: لێکدانی کۆمارێکی نوێ بە کۆمارێکی کۆن، مەبەستی لە فراوانخوازی میرە کە بیەوێت هەژموونی خۆی فراوان بکات و کۆماری تر بخاتە سەر کۆمارە بنەڕەتییەکە. لێرەدا نموونە لەسەر ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمای پیرۆز دەهێنێتەوە کاتێک ناوچەیەکی فراوانی لە ژێر دەستدابوو هۆکاری درێژە کێشانی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی وڵات بۆ چەند یەکەیەکی کارگێڕی بچووکتر بەناوی هەرێم یان کۆڵۆنی کە لەلایەن میر چەند کەسێک وەک نوێنەر لەو هەرێمانە بوونیان دەبێت و کارەکان ڕایی دەکەن بەڵام وەک دەسەڵات هیچ دەسەڵاتییان نییە و میر خۆی دەسەڵاتدارە. بە چەند خاڵێک دەڵێت: 

یەکەم: کاتێک کۆڵۆنییەک یان هەرێمێک دادەمەزرێت پێویستە لەسەر میر کەوا نوێنەرەکەی لە خەڵکی خۆیان بێت چونکە وا دەکات ئەو نەتەوەیە ملکەچی بن، بەڵام گەر بێتو کەسێک بێت لەلایەن میر هەڵبژێردرابێت و لە نەتەوەیەکی تر بێت بەرهەڵستی دەکرێت و ڕاپەڕین دژی دەکرێت. 
تێبینی: گەر سەرنج بدەینە مێژوو کاتێک هەر وڵاتێک وڵاتێکی تری داگیرکردووە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی داوەتەوە بە دانیشتووانی وڵاتەکە کە خۆیان باج کۆبکەنەوە و خۆیان بەڕێوەبەرن لە ژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتدارێکی هاونیشتمانی پاشان کاتێک هێزی خۆیان قایم کردووە هەستاون بە لابردنی ئەو کەسە و نوێنەری فەرمی خۆیان یان ڕاستەوخۆ وڵاتی داگیرکەر حووکمی کردوون. ئەمەش هەمان ئەو خاڵەیە کە ماکیاڤێلی جەختی لێ کردووەتەوە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات و هێز سەرەتا پێویستە دانیشتووانی وڵاتە داگیرکراوەکە بەرپرس بن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. 

دووەم: سوودی خاڵی یەکەم لەوەدایە کە بێ زیادکردن و جووڵاندنی هێز بەشێوەیەکی خێراتر وەک لەوەی پێشبینی دەکەیت وڵاتەکە ملکەچ دەبن. ئەمەش لە حاڵەتێکدا ڕوودەدات لە دوورەوە دەتوانیت بینەری شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بیت، هەوڵی دۆزینەوەی هەڵە بدە لە حاکمی وڵات یان ئەو کەسەی بەرپرسی باج کۆکردنەوەیە، ئایا وەک داواکارییەکانی تۆ کاردەکات؟ یان کەمتەرخەمە؟ کاتێک کەمتەرخەم بوو بەبیانووی خراپی لە کاردا لە پۆستەکەی دووری بخەرەوە و نوێنەری خۆت بخە جێی. لەم کاتەدا هیچ بیانوویەک نامێنێ لای گەل چونکە هەمووان دەڵێن کەسێک بووە فێڵی کردووە و بەشێک لە باجی کۆکراوەی بۆ خۆی گلداوەتەوە! بەم جۆرە ڕازی دەبن وڵاتی داگیرکەر باج کۆبکاتەوە بەشێوازێکی ڕێکخراوتر و بە سیستم. 

سێیەم: ئەو کەسانەی زۆر بەهێز و کاریگەرن لەنێو جەماوەر هێزیان کەم بکەرەوە، تا نەبنە ئیلهام بۆ جەماوەر تا ڕاپەڕین دژت ساز بکەن. 

چوارەم: هەرگیز ڕێگە نەدەیت دەستی دەرەکی زاڵ بێت بەسەر هەژموونی تۆ لە کۆماری نوێ. بە واتایەکی تر کاتێک بوویت بە دەسەڵاتداری نوێ لە هەرێم و کۆڵۆنییەکی نوێ، کەسانێک هەن هەوڵی بە گژداچوونی جەماوەر دەدەن دژی تۆ، هەرگیز ڕێگە مەدە ئەمە ڕوو بدات.

بەشی چوارەم: جەنگی شانشینەکان کە لەم بەشەدا سەرنجی خستووەتە سەر فراوان بوونی دەسەڵات دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی لەسەر کۆمار لە هەمانکاتدا کە ڕاستەوانەن لەگەڵ یەکتردا. واتا تا دەسەڵاتی میر فراوان بێت ئەوا ڕێژەی مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەشی زیاد دەبێت. لێرەدا نموونەی ئیمپڕاتۆریەتی فارس و داریوشی سێیەم باس دەکات کە جەنگیان لەگەڵ ئەسکەندەری مەکدۆنی کردووە لە هەمان کاتدا ٣٠٠ جەنگاوەرەکەی سپارتاکۆس لە هەرێمی سپارتا لە گریک. باسی ئەوە دەکات هەر چەند ئەم ئیمپڕاتۆریەتە بەهێز بوو بەڵام لەناو چوون. دواتر ئاماژە بەوە دەکات کاتێک ئەو هێزانەی جیاوازی ئایدۆلۆژیای مەزهەبی هەیە لە نێوانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لێیان دەبێت بە جەنگ. سەرەڕای ئەوەی خۆیان لە جەنگی مەزهەبی لا ئەدەن لەگەڵ ئەوەشدا کەسیان ناتوانن بەرانبەرەکەی بشکێنێت و لەناوی بەرێت. 

بەشی پێنجەم: فەرمانڕەوایی کردنی ئەو شار و مەملەکەتانەی کە لە پێش داگیرکردنیدا لە ژێر سایەی یاسای تایبەتی خۆیان ژیاون ئەگەر ئەو دەوڵەتەی داگیر دەکرێ، لە ژێر یاسای تایبەتی خۆیدا بەسەربەستی ڕاهاتبێت، یەکەمیان ڕووتکردنەوەیەتی لە هەموو شتێک، دووەمیان نیشتەجێ بوونی میرە داگیرکارەکەیە تیایدا، سێهەم شت وازهێنانە لە خەڵکەکەی کە لە ژێر سایەی یاسای تایبەتی خۆیان بژین  تەنها باجیان لێ وەرگیرێت. نموونەیەک لەسەر ئەم داواکارییە: بە نموونە سپارتاکان و ڕۆمانییەکانن، سپارتا لە ڕێگەی دوو حکوومەتەوە لە کەمایەتییەکان دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەسینا و یتیبەدا سەپاند. کەچی لە ئەنجامدا دەسەڵاتەکەی لە دەستدا، بەڵام ڕۆمانییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان بەسەر کاپوا و کرتاجە و نۆمانتیادا ئەم شارانەیان وێران و خاپوور کرد و دەسەڵاتیان لە دەست دەرنەچوو. وەختێک ویستیان بە هەمان شێوەی سپارتاییەکان دەسەڵاتیان بەسەر یۆناندا بپارێزن و وازیان لە شارەکانی تر هێنا بە سەربەستی لە ژێر سایەی یاساکانی خۆیاندا بژین. 

بەشی شەشەم: ئەو شانشینانە یاخود مەملەکەتانەی تازە بە هێزی چەکی تایبەتی و بە لێهاتنەوە داگیرکراون لەم بەشەدا کە گرنگترین بەشی کتێبەکەیە ماکیاڤێلی لە بارەی حکوومەتە تازە دروست بووەکان بەم جۆرە دەدوێت: پێویستە کەس لەوە سەرسام نەبێت، کە من سەبارەت بە پەیوەندی مەملەکەتە تازەکان بە میر و دەوڵەتەوە، ئاماژەم بە چەند نموونەیەکی گەلی مەزن دا. چونکە خەڵکی هەمیشە ئەو ڕێگایە دەگرنەبەر کە لەوەو پێش کەسانی تر پیایدا ڕۆیشتوون، و لە کرداریشدا لاسایی کەسانی پێش خۆیان دەکەنەوە. ئینجا لەبەر ئەوەی هیچ مرۆڤێک ناتوانێ بە تەواوی شوێن پێی ئەوانی پێش خۆی هەڵبگرێت و بە جوانی و ڕێکوپێکی لاساییان بکاتەوە، دەبێت ئەم مرۆڤە کەم توانایە هەردەم ئەم ڕێگایە بگرێتەوە بەر کە گەورە پیاوان پێشتر هەنگاویان بەسەردا ناوە و تەنیا لاسایی هەرە سەرکەوتووەکانیشیان بکاتەوە.

جا ئەگەر لە وزەیدا نەبوو بگاتە ڕادەی مەزنییەکەی ئەوان، ئەوا هەر هیچ نەبێت دەتوانێ هەندێک لە ڕەنگ و ڕووی ئەوان بگرێت و بەم کردارەیشی لەو تیرهاوێژە وردبینە دەچێ کە کاتێ دەیەوێ نیشانەیەکی مەودا دوورتر لە ڕادەی ئاسایی بپێکێت و بە مەودا دوورییەکەی ئاشنایە، نیشان زۆر بەرزتر لەو شوێنە دەگرێتەوە کە مەبەستییەتی، نەک لەبەر ئەوەی حەز دەکات تیرەکەی بگاتە ئەو بەرزاییە، بەڵکو بەو هیوایەی بۆ پێکانی نیشانەکە یاریدەی بکات. بەم پێیە من دەڵێم: ئاسانی و زەحمەتی دەستگرتن بەسەر شانشینێکی تازەدا کە دەکەوێتە ژێردەستی میرێکی نوێ، بەندە بە بەهێزی و لاوازی و توانا و دەسەڵاتی میرەکە. جا کە بەرز بوونەوەی هەر کەسێکی ئاسایی بۆ پلەی میرایەتی، وای لێ چاوەڕوان دەکرێ گەلێ لێهاتوو بێت، یاخود خۆش بەخت بێت. بەشی حەوتەمی کتێبەکەش لە کۆی ٢٥ بەشەکەی کتێبەکە گرنگی خۆی هەیە کەم بەشەیان کۆتایی دەهێنین بە خوێندنەوەمان بۆ کتێبی (میر).

بەشی حەوتەم: ئەم دەوڵەتانەی کە بە یاریدەی ئەم و ئەو یان بەیاریدەی بەخت داگیرکراون. نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە دەستپێکی ئەم بەشەدا دەڵێت: ڕەنگە ئەوانەی لە ڕیزی گەل سەرهەڵدەدەن و لە ڕێگەی خۆش بەختییەوە بەرز دەبنەوە دەگەنە پلەی میرایەتی، لەم بەرزبوونەوەیەدا تووشی هیچ ئاڵنگاری و زەحمەتییەکی زۆر نەبنەوە. بەڵام لە پاراستنی پلە و پایەدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و زەحمەتی گەورە دەبنەوە. ئەوانە لە کاتی سەرکەوتندا ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەیەکی ئەوتۆ نابنەوە، چونکە بەسەریاندا باز دەدەن. بەڵام کاتێک جێ پێیان قایم بوو، ئیتر هەر خێرا سەر ئێشەیان بۆ دروست دەبێت. ئەم حاڵەتەش ئەوانە دەگرێتەوە کە دەوڵەت بە سەروەت و سامان دەکڕن، یا لە ڕێگەی پێ بەخشینەوە لەلایەن ئەم و ئەو دەستگیریان دەبێت. وەک چۆن لە یۆنان و شارەکانی ئەیۆن و هەلیستپۆنتدا ڕوویدا ئەوە بوو داریوش یان دارا بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەکانی خۆی یان ئەوانەی بە ناو ئەو بوون و بۆ پاراستنی سەر بەرزی و سەلامەتی خۆی، چەند میرێکی تیادا خولقاند یان دانا.

هەروەکو ئیمپڕاتۆرانەش دەگرێتەوە کە لە ڕێگە بەرتیل پێدانی سوپاوە لە ڕیزی گەلەوە سەریان هەڵدا و بەرز بوونەتەوە، ئەم جۆرە میرە بە تەواوی پشت بە نیازپاکی ئەو کەسانە دەبەستێت کە شان و شکۆی بەرز دەکەنەوە و ئینجا بە خۆش بەختی خۆی که ئەم دوو شتە بەردەوام بوون و ئۆقرە گرتنیان بۆ نییە. ئەم جۆرە کەسانە نازانن چۆن پارێزگاری لە پلە و پایەی خۆیان بکەن و لە دۆخێکیشدا نابن بتوانن نەخشەیەک بۆ پارێزگاری لێکردنەکە دابنێن و جێ بەجێی بکەن. ئەو مرۆڤەی هەموو ژیانی خۆی وەک کەسێکی ئاسایی بەسەر دەبات، ئەگەر بلیمەتێکی گەورە نەبێت، ناتوانێت شارەزای چۆنیەتی فەرمان ڕەوایی کردن بێت.

بیردۆزی ماکیاڤێلیزم لە بەڕێوەبردن و ڕەوشتی ڕێکخراودا

ماکیاڤێلیزم بریتییە لە زنجیرەیەک بیردۆزی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی کە بە ماکیاڤێلیزم ناو بردراوە لەلایەن پسپۆڕانی ڕامیاری و بەڕێوەبڕدن و ڕەوشتی ڕێکخراوی "Organizational behavior" لە حەوت بەشدا باسی لایەنی ڕامیاریمان کرد لەم بەشەدا بە کورتی ئاشناتان دەکەین بەو بیردۆزەی لە زانستی ئابووری و بازاڕگەری بەکاردەهێنرێت بەناوی ماکیاڤێلیزم. ئەم بیردۆزە لە دانانی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی خۆیەتی کە لەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە "ڕێنیسانس" پێشوازی لێ نەکرا بەڵام سەردەمانی دواتر لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی پیشەسازی لە بەڕیتانیا ساڵی ١٧٦٥ و دانانی بیردۆزەکانی بەڕێوەبردن و کارگێڕی لەلایەن هێنری فایەڵ و ماکس وەیبەر و چەندان بیرمەند و فەیلەسووفی تر، باسی بیردۆزی ماکیاڤێلیزمیش هاتە بەرباس بیردۆزەکە دەڵێت "هەندێک جار فرۆشیار پێویستە درۆ بۆ کڕیار بکات، درۆیەک بێت کە ڕاستی بێت! بە مەبەستی ساغ کردنەوەی بەرهەمەکەی یان ڕازیکردنی کڕیار بە کڕینی بەرهەمەکە" لێرەدا نموونەیەک دەخەینە ڕوو بۆ تێگەیشتنی زیاتر. 

بە نموونە تۆ فرۆشیاری خانوو و یەکەی نیشتەجێ بوون "شوقە - ڤێلا"یت دوو هاوژین کە تازە چوونەتە پڕۆسەی هاوسەرگیری دێن دەیانەوێت ڤێلایەک بکڕن لە نووسینگەکەت، تۆش دەیان بەیت و ڤێلاکەیان نیشان دەدەیت کە ڕوویەکی دەکەوێتە سەر دەریا و ڕوویەکەی تری دەکەوێتە سەر شەقام یان بەسەر باخچەیەکدا دەڕوانێت، ئەو کەسەی ماکیاڤێلیزم پەیڕەو دەکات لەم دۆخە دەڵێت " خانمەکەم ئەم ڤێلایە زۆر نموونەییە چونکە کاتێک بەیانیان لە خەو هەڵدەستیت ڕاستەوخۆ دەریا دەبینیت کە لە چاوەەکانتدا ڕەنگ دەداتەوە و ڕۆژێکی ئارامت پێ دەبەخشێت، کە بە درێژایی ئەو ڕۆژە تۆ وەک خانمێک لە ئاسوودەییدا دەبیت، شەپۆلەکانی دەریا هەستێکی تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت. کاتێک دێیتە ئەم ژوورەش شەقام دەبینیت کە خەڵک بە پیادە پێیدا گوزەر دەکەن و منداڵەکان دەستی دایک و باوکیان دەگرن و بەڕێدەکەون بۆ قوتابخانە کە ئەمەش دڵنیام حەز و خولیای ئێوەیە وەک دوو هاوژین ببنە خاوەنی منداڵ و بەیانیان دەستی جگەر گۆشەکەتان بگرن و بڕۆن بۆ قوتابخانە.

یاخود کاتێک دێنە ئەم ژوورەیان ئارامی تەواو بە دڵ و دەروونتان دەبەخشن چونکە دەڕوانێت بەسەر باخچەی نێو پڕۆژەکە و چەند درەختێکی میوەی تێدایە کە وا دەکات حەز بکەن بەیانیان لەگەڵ خۆر هەڵاتن ببینن چۆن تیشکی ڕۆژ بە نێو لق و پۆپی درەختەکاندا دێت و بەر شووشەی پەنجەرەی ماڵەکەتان دەکەوێت و سیمایەکی جوان دەبەخشێت" گەر سەیر بکەین ئەوانەی فرۆشیارەکە درۆیەکە بۆ ڕازیکردنی دوو هاوژینەکە بەڵام گەر سەیری نێو ڤێلاکە بکەین هەموو ئەوەی دەیڵێت ڕاستییە بەڵام بە شێوازێک وشەکان دەر دەبڕێت کە ڕاستەوخۆ دوو هاوژینەکە بڕیاری کڕینی ڤێلاکە دەدەن. ئەمەش بریتییە لە بیردۆزی ماکیاڤێلیزم لە بەێوەبردن و کارگێڕی.


سەرچاوەکان



148 بینین