ئاهەنگی چایەکەی شاری بۆستن

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-14:12:00 - کۆدی بابەت: 12683
ئاهەنگی چایەکەی شاری بۆستن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاهەنگی چایەکەی شاری بۆستن (بە عەرەبی؛ حفلة شاي في مدينة بوستن، بە ئینگلیزی؛ Boston Tea Party) ئەم ئاهەنگە یان ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکا دادەنرێت، بەڕیتانیا کە هێشتا حووکمی ئەمریکای دەکرد جۆرێک چای خستبووە بازاڕەکانی ئەمریکا کە لەو وڵاتانە بەرهەم دەهات کە لەژێر ئینتیدابی "سەرپەرشتی" بەڕیتانیا بوون. 

ناوەڕۆک

لە بەرواری ١٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٧٧٣، سێ کەشتی بەڕیتانی کە چارۆکەی سپی درێژی بەسەرەوە بوو لە ناو ئاوی بەندەرە ساردەکەی بۆستن چاوەڕێی داگرتنی بارەکانیان دەکرد کە بارەکانیان بریتی بوو لە چا. هەموو شتێک ئارام بوو، بەڵام لە پڕێکدا کێشەکان سەریان هەڵدا بەوەی بەڕیتانیا باجی خستە سەر هەموو جۆرەکانی تری چا، جگە لەو چایەی خۆی نیازی بوو بیخاتە بازاڕەوە. خەڵکی شارەکە بەوە ڕازی نەبوون، نەیان دەویست چا بە نرخێکی بەرز بکڕن لە هەمان کاتیشدا نەیان دەویست چای بەڕیتانییەکان بکڕن. 

دوای ماوەیەک بەڕیتانییەکان یاسایەکیان دەرکرد "تەنها چای ڕێگەپێدراو بریتییە لە چای بەڕیتانی" ئەم یاسایە دەستبردن بوو بۆ ئازادی ئەمریکییەکان و هیچ دادپەروەرییەکیشی تێدا نەبوو، هەر چەندە دەبێ ئەو ڕاستییەش بڵێین بەڕیتانیا لە هەر وڵاتێک بەرهەمی خۆی خستبێتە بازاڕ ئەوا کوالێتی لە بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەرزتر بووە، لە چایەکەشدا وابوو لە ڕووی تام خۆشتر و لە ڕووی ڕەنگەوە جوانتر بوو. بەڵام ئەمریکییەکان بە یەک دەنگ ڕەتیان کردەوە. 

هەندێک ئەمریکی بڕیاریاندا خۆیان چا بچێنن، ئەو شەوەی باری سێ کەشتییەکە دادەگیرا، خەڵکی شارەکە لە بەندەرەکە کۆبوونەوە و ڕێگریان کرد، نوێنەری پاشای بەڕیتانیا کە لەوێ ئامادە بوو، ڕەتی کردەوە گوێ له داواکاری خۆپیشاندەران بگرێت. نوێنەرەکە وتی " ئەم کەشتیانە بۆستن جێناهێڵن تاوەکو بەتاڵ نەکرێن" پاش ئەمە، کەسێک بەناوی (سامیۆل ئادەمس) کە ئاژاوەگێڕبوو لەگەڵ (جۆن هانۆک) بە یەکەوە وەستان کە یەکێک بوون لە سەرکردەکانی "کوڕانی ئازادی" سامیۆل ئادەمس ڕووی کردە ئاپۆڕای جەماوەر و وتی "ئەم گردبوونەوەیە هیچ شتێکی زیاتری بۆ پارێزگایکردنی وڵات پێ نییە" 

دوای ئەو شەوە، دەستەی سەرکردایەتی "کوڕانی ئازادی" پلانی کارێکیان دانا، سامیۆل و نزیکەی سەدان کەس لە ئەندامان شتێکیان کرد کە هەتا دوای سەربەخۆ بوونی ئەمریکاش یادی دەکرایەوە. پلانەکە بەم جۆرەبوو، نیوە شەوێکیان بە جلوبەرگی مۆهاوکە هندییەکان و ڕەشکردنی دەموچاویان چوونە نێو بەندەری بۆستن، پاشان تەوریان هەڵگرت و دوو دوو ڕۆیشتن بەرەو شوێنی کەشتییەکان کە هێشتا بارەکەیان دانەگیرابوو بەتەواوی. 

کاتێک گەیشتنە ڕووی کەشتییەکە، نزیکەی ٣٤٢ سندوقی چای گرانبەهای بەڕیتانیایان تێک شکاند و هەموویان فڕێدایە نێو ئاوی بەدەرەکەوە. پاش سێ کاتژمێر پیاوەکان کەشتییەکانیان جێهێشت، بۆ ڕۆژی دواتر کاتی خۆرهەڵات، خەڵکی بۆستن سندوقە شکاوی چایەکانیان بینی بەجێ مابوون لە کەناراوەکانی بەندەرەکە، ئاهەنگیان ڕاگەیاند بەناوی"ئاهەنگی چایەکەی بۆستن. زۆربەی خەڵک خۆشحاڵ بوون و لە باڕەکانی بۆستندا ئەم گۆرانیەیان دەوت:
"مۆهاوکس! تەورەکانتان دەربهێنن، و
بە پاشا جۆرج بڵێن ئێمە باج نادەین". 


سەرچاوەکان



60 بینین