ناوهڕۆك
ناساندن
ئەسپە شێتەکە (بە عەرەبی: الحصان المجنون، بە ئینگلیزی: Crazy Horse) ئەسپە شێتەکە نازناوی سەرکردەیەکی ئەمریکییە ڕەسەنەکانە کە نیشانەی شکۆداری و چاو نەترسییە لای ئەمریکییە ڕەسەنەکان.
زانیارییە گشتییەکان
ناوی تەواوی | تا شونکا ویتکۆ |
نازناو | ئەسپە شێتەکە، پرچ لولەکە، قژ ڕوناک |
لەدایکبوون | ساڵی ١٨٤٢ |
شوێنی لە دایکبوونی | لە نزیک شاری (راپێد)ی ئێستا لە باشووری داکۆتا |
شوێنی مردنی | قوڵەی رۆبنسۆن لە نابراسکا |
ساڵی مردنی | ٥ی مانگی ٩ی ساڵی ١٨٧٧ |
پێگە | سەرۆکی هۆزی ئۆگلالای ئەمەریکیە رەسەنەکان |
ئەسپە شێتەکە ناوی تەواوی (تا سونکۆ ویتکۆ)یە. لە ساڵی ١٨٤٢ لە ناوچەی دەوروبەری شاری (راپێد)ی باشووری داکۆتا لە دایکبووە، هەرچەندە ئەمە پشت ڕاست نەکراوەتەوە و تەنها لێکدانەوەیە، چونکە ئەمەریکییە ڕەسەنەکان مێژوویان زۆری ون بووە و شێوێندراوە. لە ٥ی مانگی ٩ی ساڵی ١٨٧٧ە مردووە لە قوڵەی رۆبنسۆن لە نابراسکا. پاڵەوانێکی مەزنی ئەمەریکییە ڕەسەنەکانە کە هەرگیز هیچ جەنگێکی نەدۆڕاندووە و خاوەنی شکۆی خۆی بووە و هەرگیز سەری شۆڕنەکردووە لە بەرانبەر دوژمنەکانی. جگە لەوەش داکۆکیکارێکی سەرسەختی دابونەریتە ڕەسەنەکانی خەڵکی ئۆگلالا بووە. ئەسپە شێتەکە سەرۆکی هۆزی (ئۆگلالا) بوو کە یەکێک بوو لە حەوت هۆزەکەی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان کە لە ناوچەکانی تێتۆن و رۆژاوای سوو نیشتەجێبوون.
ئەسپە شێتەکە بەوە ناسرابوو لە ڕووی تاکتیک زۆر زیرەک بوو، لە هەمان کاتدا جەنگاوەرێکی چاونەترس بوو کە دژی داگیرکاری ئەمەریکییە ئەورووپییەکان وەستایەوە لە ناوچەکەی و سەرکردایەتی هۆزەکەی کرد لەم کارەدا. لە ساڵی ١٨٦٥ بووە سەرکردەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵک و ناوچەکەی. لە ٢١ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٨٦٦ بەشداربوو لە ڕەشەکوژی هێزی فەرماندە (ویلیام فێتەرمان) کە لە هەشتا کەس پێکهاتبوو، هەروەها لە ٢ی مانگی ٨ ساڵی ١٨٦٧ بەشداربوو لە جەنگی گالیسکە بارەدارەکان، کە هەردوو جەنگەکە لە نزیک قوڵەی فیەل کێرنی لە ناوچەی وایۆمینگ ڕوویدا. لە ساڵی ١٨٦٨ لە قوڵەی لێرەمی بریکارانی دەوڵەتی ئەوکاتەی ئەمەریکا ڕێکەوتن نامەیەکیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی سوو کە بە نەتەوەی سوو ناسرابوون واژۆکرد. بۆ ڕاگرتنی شەڕ و بە مەرجێک حکوومەتی ئەمەریکا مافی ئەمەریکییە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیە بدات وەک دابینکردنی خوێندن، دکتۆر، خواردن بە شێوەیەکی گشتی دەکران بە ناوچەیەکی شارستانی. کە ئەم پەیمان نامەیە بە پەیمان نامەی دووەم قوڵەی لێرەمی ناسراوە.
ئەسپە شێتەکە بەم ڕێکەوتن نامەیە ڕازی نەبوو، بۆیە ناوچەی ڕەسەنی خۆی جێهێشتوو ڕووی کردە ناوچەی گامێشە کێویەکان. لەوێ دەستی کرد بە ڕاوکردن و ماسیگرتن، هەر لەوێ بەردەوام بوو لە شەڕکردن لە دژی هۆزە نەیەرەکانی و ئەمەریکییە سپی پێستەکان. لەو ناوچەیە ژنێکی ڕەش دەناسێت کە فێری دەکات چۆن گامێش ڕاوبکات، ژنەکە خێزانی کەسێک بوو بە ناوی (نۆ واتەر) کە ژنەکەی پەیوەندی لەگەڵ ئەسپە شێتەکە دانا بووە کێشەی کۆمەلایەتی لە نێوانیان و هاوسەرەکەی ویستی ئەسپە شێتەکە بکوژێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ئەنجامی ئەو کارەی ئەسپە شێتەکە نازناوی (شێرت وێرەر)ی لێ وەرگیرایەوە و دایانماڵی لێی، چونکە لەگەڵ ئافرەتێک بووە کە هاوسەری هەبووە لەگەڵ نەریتەکانیان یەکی نەدەگرتەوە. دواتر هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ ئافرەتێک لە هۆزەکەی خۆی بە ناوی (بلاک شاول) لە ساڵی ١٨٧١. منداڵێکی کچی بۆ خستەوە کە لە ساڵی ١٨٧٣.
هاوسەرەکەی ئەسپە شێتەکە لە خۆی زیاتر ژیاو لە ساڵی ١٩٢٧ مرد بەهۆی ئەو پەتایەی لە ساڵی ١٩٢٠ بڵاوببووە لە ئەمریکا. لە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٧٤ زێڕ لە گردە ڕەشەکان دۆزرایەوە لە ناوچەی داکۆتا، سیاسییەکانی ئەوکاتی ئەمەریکا لە پەیمانەکەی خۆیان لەگەڵ نەتەوەی سوو پەشیمان بوونەوە و دەستیان کرد بە ڕاگواستنیان لە زێدی خۆیانەوە بۆ کەمپی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان. جەنەراڵ جۆرج کرۆک ویستی گەمارۆی هێزەکانی ئەسپە شێتەکە بدات لە ناوچەی مۆنتانا، بەڵام ئەسپە شێتەکە شارەزایەکی زۆرباشی لە تەکتیکە جەنگیەکان هەبوو کشایەوە بۆ قوڵای گردەکە. لەوێ هێزەکانی یەکخست لەگەڵ خەڵکی (شایان) کە بە هەمان شێوە ئەمەریکی ڕەسەن بوون. هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ژەنەراڵ جۆرج و ناچاری کرد پاشەکشە بکات لە باشووری مۆنتانا.
دوای سەرکەوتنەکەی ئەسپە شێتەکە چوو بۆ باکوور تا لەگەڵ ئەمەریکییە ڕەسەنەکانی سوو و سەرۆکی نەتەوەکە کە ناوی (سێتینگ بول) بوو یەک بگرێتەوە لە کەنارەوە ئاویەکانی هایبۆرنی بچووک و هێرشیان کردە سەر هێزەکانی فەریق جۆرج کاستەر و بەتەواوی لە ناوچەکە پاکیان کردنەوە. دوای سەرکەوتنە مەزنەکانی ئەسپە شێتەکە گەڕایەوە زێدی خۆی و لە گردەکان دەستی کردەوە بە ژیانە کێوییەکەی پێشتری، بەهۆی ئەم سەرکەوتنانەی کە لە جەنگدا بەدەستی هێنابوو نەک تەنیا لەلایەن خەڵک و شوێنکەوتوانی خۆی ڕێزی لێدەگیرا، بەڵکو لەلایەن دوژمنەکانیشەوە بە چاوی ڕێزەوە سەیر دەکرا، چونکە یەکجار زیرەک بوو لە جەنگ و تەکتیکی جەنگ.
کۆلۆنێل نێلسۆن مایلس بەردەوام بە دوایەوە بوو، کە سوپای ئەمەریکا دەیویست هەموو ئەمەریکییە ڕەسەنەکان ناچار بکات خۆیان بە دەستەوەبدەن. هۆزەکەی ئەسپە شێتەکە سەرمای زستان و برسیەتی زۆری بۆ هێنان و بە تەواوی لاوازببوون، بۆیە ئەسپە شێتەکە لە پێناو خەڵکەکەی بڕیاریدا خۆی بە دەستەوە بدات. ئەوە بوو لە ٦ی مانگی ٥ ساڵی ١٨٧٧ لە ناوچەی نابراسکا لەلای ژەنەڕاڵ کروک خۆی بەدەستەوەدا. بڕیاربوو رێگای بدەن وەک دیلێکی جەنگ لە ناوچەکەی خۆی بژیێت بە مەرجێک ناوچەکە جێدەهێڵێ، بەڵام دوای ئەوەی ویستیان بە زۆر لە زیندانی بکەن، ئازایەتی و شکۆی چەکەرەی کردوو لە دژیان وەستایەوە لەو نێوەندەدا کوژرا. ئەسپە شێتەکە وەک پاڵەوانی ئەمەریکا سەیر دەکرێت و بڕیاردرا پەیکەرێکی یەکجار زەبەلاحی لە زێدی خۆی بۆ دروست بکرێت هەر لەلای گردە ڕەشەکان لە باشووری داکوتا نزیک شارۆچکەی بێرنی.
لە ساڵی ١٩٤٨ دەست کراوە بە دروستکردی و هێشتا کارەکانی تەواو نەبووە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٣ تەواو بکرێت، چونکە پەیکەرەکە یەکجار زەبەلاح و گەورەیە پانیەکەی ١٩٥ مەترە و درێژیەکەی ١٧٢ مەترە. ئەو کەسەی کە بڕیاری دروستکردنی پەیکەرەکەی داوە ناوی (زیۆکۆڤسکی)ە، کە بە پێی قسەی خۆی بێت لەلایەن ئەمەریکی ڕەسەن داوای لێکرابوو کە دروستی بکە تا نیشانی جیهانی بدەن ئەمەریکییە ڕەسەنەکانیش خاوەنی پاڵەوانی خۆیانن. زیۆکۆڤسکی مرد، بەڵام پەیکەرەکە هێشتا تەواو نەبووە. مردنەکەی پرس و باسی زۆر لە خۆی دەگرێت بە پێی قسەی ئەو کەسە بێت کە شایەت حاڵی ڕووداوەکە بووە مردنەکەی جۆرێکی تر بووە، بەڵام لەلایەن فەرماندەی قوڵەکە وای لێکراوە و گۆڕاوە تا خەڵک و شوێنکەوتوانی ئەسپە شێتەکە یاخینەبن بۆ تۆڵەکردنەوەی.
ئەسپە شێتەکە خاوەنی مێژوویەکی مەزنە بە پێی قسەی هاوسەردەمانی بێت هەرگیز هیچ جەنگێکی نەدۆڕاندووە، هەرگیز دەستگیرنەکراوە و خۆ بە دەستەوانەکەشی بەو مەرجە بووە کە خۆی بە ئازادی لە زێدی خۆی بسووڕێتەوە، بەڵام کە زانی دەیانەوێت بیکەنە زیندانەوە دژیان وەستا و ئامادەنەبوو زەلیلی قبوڵ بکات لە پێناویدا کوژرا، بە پێی قسەی شایەت حاڵەکان بێت تەنانەت کاتێک برینداریش کرا پێش ئەوەی بە تەواوی بمرێت ویستیان چارەسەری بکەن و بیبەنە سەر جێگای خەوتن بەڵام ڕەتیکردەوە داوای کردبوو هەر لەسەر زەوییەکە دایبنێن، بۆیە بە یەکێک لە هێما شکۆدارەکانی مێژووی ئەمەریکا دادەندرێت.
ئەو بەرهەمانەی لەسەر ژیانی دروست کراون
١- فیلمی (chief crazy horse) لە ساڵی ١٩٥٥ کە لەلایەن جۆرج شێرمان کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، ڤیکتۆر ماچوەر رۆڵی ئەسپە شێتەکە دەبینێت لە فیلمەکە.
٢- لە فیلمی (crazy horse) ساڵی ١٩٩٥. کە نواندنکاری ئەمەریکی ڕەسەن مایکڵ گرەیئایزز ڕۆڵی ئەسپە شێتەکە دەبینێت.
٣- ڕۆمانی (footstep of crazy horse) کە ساڵی ٢٠١٥ نووسراوە. باسی کوڕێک کە بە ڕەگەز لە ئەمەریکییە ڕەسەنەکانە باپیری چیرۆکی ئەسپە شێتەکەی بۆ دەگەڕێتەوە.