پەیوەندی نێوان خەوتن و کێشی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-09-15:10:00 - کۆدی بابەت: 12828
پەیوەندی نێوان خەوتن و کێشی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان خەوتن و کێشی مرۆڤ (بە ئینگلیزی; The relationship between sleep and weight، بە عەرەبی; العلاقة بين النوم والوزن)، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە لەنێوان خەوتن و کێشدا پەیوەندییەکی سەرسوڕهێنەر هەیە، بەڕاددەیەک ماوە و کاتی خەوتن کاردەکاتە سەر کێشی کەسەکان و کاریگەرییەکەی بە شێوەی زەعیفی یاخود قەڵەوی لە کەسەکەدا دەردەکەوێت.  لە تیۆریدا بەدەستهێنانی کێشێکی تەندروست دەبێت زۆر ئاسان بێت، تەنها کالۆری کەمتر بخۆ و بە بەردەوامی کار بکە بۆ سوتاندنی چەوری و دروستکردنی ماسولکە. بەڵام لێرەدا چەندین فاکتەری دیکە هەن کە دەتوانن کاریگەری لەسەر کێشت دروستبکەن سەرباری ئەوەی دەیخۆیت و ئەو چالاکییانەی ئەنجامیان دەدەیت. خەوتن یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کێشی مرۆڤ دروست بکات ئەگەر چی کەم باسی لێوە دەکرێت.

ئەوە نهێنی نییە کە خەوێکی باش بناغەی شێوازی ژیانی تەندروستە، هەروەها بەدەستهێنانی شێوازی ژیانی تەندروست پشتگیری دەروون دروستی دەکات، بە ماوەیەکی درێژتر و ئاستی وزەی بەرزتر، هەروەها سیستەمی بەرگری بەهێزتر دەکات، هەستێکی باشتر و باشترکردنی بیرەوەری بۆ کەسەکە دابین دەکات. ئەگەر دەتەوێت لە ئێستاوە دەست بە شێوازێکی ژیانی تەندروست بکەیت، ئەوە گرنگە کە ڕێگایەکی گشتگیر وەربگریت کە نەک تەنها خۆراک و وەرزش ڕەچاو بکات بەڵکو پشوودان و خەوێکی باشیش لەخۆ بگرێت.

چی ڕوودەدات کاتێک بە پێی پێویست نەخەویت؟

ئەگەر شەوانە بەلایەنی کەمەوە حەوت کاتژمێر نەخەویت، ئەوا زیندەچالاکییەکان خاودەبنەوە. کەمخەوی لەوانەیە وات لێ بکات هەست بە برسێتی بکەیت و ئارەزووی خواردنی کالۆری بەرز بکەیت، چونکە کەمخەوی ئەو هۆرمۆنە دروست دەکات کە حەزی خواردن هاندەدات و ئەو هۆرمۆنە کەم دەکاتەوە کە وادەکات هەست بە تێربوون بکەیت. لەبەر ئەوەی کەمخەوی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەو بەشەی مێشکت هەبێت کە بەرپرسیارە لە بڕیاردان، بەمەش تۆ هەمیشە ناتوانیت هەڵبژاردنی ڕاست بکەیت. هەروەها توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Sleep Medicine بڵاوکراوەتەوە ئەوەی دەرخستووە کە ڕێژەی قەڵەوی لەو کەسانەدا زیاترە کە کەمتر لە شەش کاتژمێر یان زیاتر لە نۆ کاتژمێر دەخەون لە شەوێکدا.

ئەگەر بڕیارت داوە تەندروستیت باشتر بکەیت، کێشت دابەزێنیت و بۆ ئەمەش بیرت لە وەرزشکردن کردۆتەوە، ئەوە بیری نەچێت خەوێکی باش دەتوانێت کاریگەرییەکی باشی لەسەر تەندروستی و کێشت هەبێت. چەند ڕێگایەک هەیە کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەموو شەوێک حەوت کاتژمێر بخەویت و لەو ڕێگەیەوە هاوکاریت دەکات کە کێشت تەندروست بێت.

چەند ڕێگایەک لە پێناو خەوێکی باشتر

گرنگیدان بە کات و ماوەی خەوتن
هەمیشە یەکێک لە هەنگاوە بەسوودەکانە کاتێک هەوڵدەدەیت کێشت دابەزێنیت، پێویستە نەک تەنها شوێن ئەوە بکەویت کە چەند هەنگاو دەڕۆیت، ئەو کالۆرییەی دەیسووتێنیت و چەند چالاکیت بەگشتی هەیە، بەڵکو دەتوانێت بەدوای باشترکردنی شێواز و کات و ماوەی خەوتنت بکەوێت تا ئەوەی بیرۆکەیەکی باشترت بداتێ لەسەر جۆر و ماوەی خەوەکەت و یارمەتیدەرت بێت لە تەندروست هێشتنەوەی کێشت. هەوڵبدە کارەکانت بەو جۆرو بگونجێنیت کە حەوت کاتژمێر بۆ خەوتن بهێڵیتەوە هەروەها کاتی خەوتنەکەشت لەدوای بانگی شێوان بۆ بانگی بەیانی بێت، چونکە لەو ماوەیەدا بڕێکی باشی هۆرمۆنەکان دەردەدرێت کە جەستەت بە خەوتوویی دەتوانێت سوودی لێوەرگرێت.

چارەسەری دەنگە دەنگی کاتی خەوتن
ناتوانیت بخەویت ئەگەر گوێت لە دەنگێک بێت؟ هەوڵبدە کاتی خەوتن بچیتە ژوورێک کە دووربێت لە هۆڵ و ئەو ژوورانەی دەزانیت خیزانەکەت گفتوگۆ و کۆبوونەوەی تێدادەکەن، هەوڵبدە کەشێکی بێدەنگ بۆ خۆت دروست بکەیت. هەروەها ئەوەشمان بیر نەچێت کە ئامێری تایبەت هەیە و دەتوانیت لە کاتی خەوتن بۆ گوێیەکانت بەکاریان بهێنیت و سوودی لێوەرگریت.

ژووری نوستنەکەت تاریک بکە
ڕێگری لە خۆر بکە لەوەی لە پەنجەرەکەتەوە بێتە ژوورەوە یان ڕووناکییەکانی شەقام و دەوروبەر، پەنجەرەی ژووری نووستنەکەت با ئەو جۆرە پەردانەی پێوەبێت کە ناهێڵت تیشکەکان وەک خۆیان بگەنە ژوورەوە. جۆرە پەردەیەک هەیە کە دەتوانن لە سەدا ٨٥ بۆ ٩٩ی ڕووناکی بلۆک بکەن هەروەها پارێزگاری لە دەنگ دەکەن، واتە دەتوانیت ژوورەکەت بکەیت بە پەناگەیەکی تاریک و بێدەنگ لە ڕێی بەکارهێنانی ئەو جۆرە پەردانەوە. هەروەها چاوبەست هەیە تایبەت بە کاتی خەوتن، کە ئەو کەسانەی کێشەی ڕووناکییان هەیە لە کاتی نووستندا دەتوانن سوودی لێوەرگرن، ئەوەشی جێی سەرنجە ئەم جۆرە چاو بەستە لە وڵاتی ئێمە زۆر بەربڵاو بەردەستە و ئاسان دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

کەمکردنەوەی فشاری شەوانە
هەوڵبدە شەوانە و بەر لەنووستن هەموو کارەکانی ئەو ڕۆژەت تەواوکردبێت و هەروەها پلانی کاری سبەیشت دانابێت تا کەمترین دوودڵیت هەبێت و بتوانیت خەوێکی ئارام بەدەستبهێنیت.

گرنگیدان بە بالیف و سەرینی نووستن
هەوڵبدە باشترین جۆری بالیف و سەرینی ئاسوودە کە خۆت پێی ئاسوودەیت و گونجاوە بۆ سەر و ملت بەکاربهێنیت. هەندێک جۆری سەرین هەن نائاسوودەیی بۆ کەسەکە دروست دەکەن و جۆری خەوەکەشی تێکدەدەن، بۆیە گرنگە ئەم خاڵە فەرامۆش نەکەیت. 


سەرچاوەکان



47 بینین