حامورابی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-10-18:26:00 - کۆدی بابەت: 12860
حامورابی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

حامورابی (بە عەرەبی: حمورابي، بە ئینگلیزی: Hammurabi) شەشەم پاشای ئیمپڕاتۆریەتی بابلی کۆن بووە کە لە نێوان ١٧٩٢-١٧٥٠ پێش زایینی حووکمی کردووە. حامورابی لە دوای مردنی باوکی "سین موبالیت" بووە پاشای بابل کاتێک بووە پاشا دەوڵەتی بابل لە گفتی زۆردا بوو، ناڕێکی زۆر لە کۆمەڵگەدا هەبوو، حامرابی بە چاکسازییەک کە بە یاساکانی حامورابی ناسراوە لە ٢٨٢ بڕگە یاسادا کۆمەڵگەی بابلی ڕێکخستەوە. 

جگە لەوەش حامورابی لە ماوەی دەسەڵاتیدا فراوانخوازی زۆری ئەنجامداوە و سنووری دەسەڵاتی گەیشتە ئیلام و لەرسا و ئیشنونا و ماری. پاشای ئاشووری "ئیشمی داگنی یەکەم" و جێنشینەکەی "موت ئاشکور"یشی ملکەچ کرد. کە لەو سەردەمەی حامورابی حووکمی دەکرد زۆرینەی نەتەوەکانی میزۆپۆتامیا لە ژێر حووکمی ئیمپڕاتۆریەتی بابلدا بوون.

زانیارییە گشتییەکان 

ناو حامورابی 
ناسراوە بە یاساکانی حامورابی 
ساڵی لەدایکبوون ساڵی ١٨١٠ پێش زایین
ساڵی مردن ساڵی ١٧٥٠ پێش زایین. 
تەمەن ٥٩-٦٠ ساڵ. 
ماوەی دەسەڵات ١٧٩٢-١٧٥٠ پێش زایین. 
باوک سین موبالیت 
جێنشین سەمسوئیلونا

ژیان

حامورابی لە کات و ساتێکی دژواردا تەختی پاشایەتی بابلی وەرگرت، کێشەکان کە ڕووی لە بابل کردبوو جیۆپۆلەتیکی بوو. لەلای بابلییەکان کەسێک لە ساتێکی دژوار دەسەڵاتی وەرگرتبا پێی دەوترا ئەموور یان ئەمووریت کە لە سەرەتادا دەبوو کۆتایی بە کێشەکان بهێنێت ئینجا تەختی پاشایەتی پێشکەش دەکرا. حامورابی پاش مردنی باوکی بووە پاشا بابل لە ساڵی ١٧٩٢ پێش زایین. بەڵام لە سەرەتادا وەک ئەموور کارەکانی ڕایی دەکرد نەوەک وەک پاشا. 

گرنگترین ئەو کارانەی حامورابی وەک ئەموور ئەنجامیدا

حامورابی وەک ئەموور کۆمەڵێک کاری گرنگی ئەنجامداوە کە بوونە هۆی گەڕانەوەی ئارامی بۆ بابل:

یەکەم: دابین کردنی زەوی کشتوکاڵ بۆ جوتیاران و هاوکاری کردنیان لە چاندنی تۆو تاوەکو پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان. 

دووەم: ڕێکخستنەوەی سوپا بە شێوەیەکی یەکخراو و ڕێکخراو و دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینی لە سوپادا و بواردان بە گەنجان تا بێنە ڕیزەکانی سوپای بابل و ڕاهێنان کردن پێیان تاوەکو جێگەی کەسە بەتەمەنەکان بگرنەوە. 

سێیەم: ڕێکخستنەوەی باج کە دواتر لە یاساکانیدا بە شێوەیەکی باشتر ڕێکخستنەوەی بۆ کردووە. 

چوارەم: دانانی نوێنەری پاشا لە هەرێمە دوورەکان و پێدانی دەسەڵات بۆ کاری بەڕێوەبردن، وەک کۆکردنەوەی باج و کڕینەوەی بەرهەمی جوتیاران و سزادانی تاوانباران. 

پێنجەم: گرنگیدان بە بۆنە و ئاهەنگە کولتوورییەکانی بابل کە باوک و باپیرانیان ئەنجامیان داوە بەڵام لە سەردەمی حامورابیدا کاڵ ببوونەوە جارێکی تر کاری کرد بۆ ئەوەی ئەو ئاهەنگ و بۆنە کولتووریانە زیندوو ببنەوە. 

شەشەم: کردنەوەی قوتابخانەی وێژەیی کە تیایدا کەسانی ڕۆشنبیر پێگەیەندراون. لە کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بەسەرهاتی پەند ئامێزیان گێڕاوەتەوە، یاخود بەشداری گفتوگۆی ئاکادیمیان کردووە کە شەویان پێ بەڕێ کردووە. وەکو گفتوگۆی نێوان ئەرکەد دەوڵەمەندترین پیاوی بابل لەگەڵ کەڵەباب کە خواستی گەیشتنی هەبوو بە ماڵ و سامانی زۆر. کە لەم کۆبوونەوەیەدا خەڵکانێکی زۆر لە چەند شەوێکدا گوێیان دەگرت بۆ چیرۆکی دەوڵەمەند بوونی ئەرکەد پاشان ئەو وانە گرنگانەی لە پشت چیرۆکی ژیانی هەبوون.

حامورابی وەک ئەموور و پاشا هەوڵی فراوانخوازی داوە لە نێوان باکوور و باشوور هەروەها ڕۆهەڵات و ڕۆژاوا. کە دەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵات گەیشتە ئیلام و لە باکووریش گەیشتە ئاشوور، هەروەها لەگەڵ بۆرسیپا و کیش و سیپار لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە جەنگدا بووە. حامورابی گرنگی زۆری داوە بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاو، کە لە نەخشەی فەرمانڕەوایەتیدا بەدی دەکرێت کە ڕووبارەی دیجلە و فورات و دەلتا لە ژێر فەرمانڕەوایەتی بابلدا بووە. 

جەنگەکانی حامورابی 

چەند ساڵی سەرەتا بۆ حامورابی ئاشتی و ئارامی بوو. شوراکانی بابلی بەرز کردەوە، پەرستگاکانی فراوان کرد و نوێی کردنەوە. سوپای یەکخست و ڕێکخستەوە. دواتر دەستی کرد بە فراوانخوازی کە بە هەر چوار ئاڕاستە فراوانخوازی دەکرد، گرنگترین شوێن لە باشوور کە توانی داگیری بکات دەوروبەری زنجیرە چیای زاگرۆس بوو. هەروەها لەناو خاکی میزۆپۆتامیاشدا زۆربەی نەتەوە و زەوییەکانی داگیرکرد کە بە بڕوای مێژوونووسان و شارەزایانی مێژووی دێرین بابل لە سەردەمی حاموڕابیدا بەهێزترین ئیمپڕاتۆریەت بووە. 

هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنەکانی حامورابی لە جەنگەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ پشت بەستن بە هێز و توانای گەنجان، کە دوژمنەکانی بەم جۆرە نەبوون فەرماندەکان کەسانی بە ساڵداچوو بوون کە ئەمەش خاڵی لاوازیان بوو. 


سەرچاوەکان



3843 بینین