بۆچی پیاو دوودڵ دەبێت لە دانپێدانانی خۆشەویستی؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-22-18:47:00 - کۆدی بابەت: 12959
بۆچی پیاو دوودڵ دەبێت لە دانپێدانانی خۆشەویستی؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی پیاو دوودڵ دەبێت لە دانپێدانانی خۆشەویستی؟ (بە ئینگلیزی: Why does a man hesitate to confess to love، بە عەرەبی: لماذا يتردد الرجل في الاعتراف بالحب) زۆرجار دەوترێت پیاوان درەنگتر خۆشەویستیی خۆیان قبوڵدەکەن و دانی پیادەنێن، یاخود دوودڵن لەوەی خۆشەویستی خۆیان دەرببڕن یان بیشارنەوە. دوودڵی پیاوان لە دانپیانانی خۆشەویستیان و قبوڵکردنی ئەوەی کەسێک توانیویەتی جێگەی خۆی لە دڵی ئەواندا بکاتەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار. تێگەشتن لە هۆکارەکان وا لە پیاوان دەکات خۆیان لەگەڵ خۆیان زووتر بگەنە ئەنجام و قبوڵی بکەن کەسێک هەیە کە دڵی ئەوانی بردووە، هەروەها تێگەشتن لەو هۆکارانە وا لە ئافرەتانیش دەکات کەمتر گلەیی لە پیاوان بکەن و زیاتر لێیان تێبگەن.

هۆکاری دوودڵی پیاوان لە دانپیانانی خۆشەویستیان

دەکرێت دوودڵی پیاوان لە دانپیانانی خۆشەویستی و هەستەکانیان بگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، لەوانە:

ئەزموونە ئازاربەخشەکانی ڕابردوو

ڕەنگە پیاو بەهۆی ئەزموونەکانی پێشوویەوە دوودڵ بێت لە دانپێدانانی خۆشەویستی خۆی بۆ هاوبەشی ژیانی خۆی و ئەمەش بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە ئەزموونەکانی ڕابردووی ئازاربەخش بن. وەک بەرکەوتنی خیانەت یان نائومێدی، ئەمەش وای لێدەکات کە وریا بێت لە کاتی وەرگرتنی هەر بڕیارێک یان هەنگاوێک لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوبەشی ژیانیدا لەم حاڵەتەدا پیاوەکە بەزۆری پێی وایە داننەنان بە خۆشەویستی دەیپارێزێت لەوەی دڵی بشکێت و جارێکی تر تووشی ئەم ئەزموونانە ببێتەوە یان کێشەی لە پەیوەندییەکەیدا بۆ دروست ببێت.

دڵنیا نەبوون لە هەستەکانی

هۆکاری داننەنان بە خۆشەویستی لە پیاودا دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە متمانەی بە هەستەکانی نییە یان هێشتا لێی تێنەگەیشتووە. هەروەک چۆن ڕەنگە پیاو دڵخۆشبێت بە بوونی خۆشەویست و هاوبەشیک کە خۆشی دەوێت و دڵخۆش بێت کە ئەم کەسە لێی نزیکە و گرنگی پێدەدات. ​​بەڵام هێشتا دڵنیا نییە کە ئەو کەسە بۆی گونجاو دەبێت و دەتوانێت ببێتە ئەو کەسەی کە هەموو ژیانی لەگەڵیدا بەسەر دەبات یان نا. ئەمە زیاتر لە پەیوەندی پێش هاوسەرکیری ڕوودەدات. بەڵام هێشتاش دەکرێت دوای هاوسەرگیری یەکێک لە هۆکارەکانی دەرنەبڕینی خۆشەویستی لەلایەن پیاوەکەوە بۆ بوونی ئەمە  بگەڕێتەوە، واتا قبوڵنەکردنی هەستەکانی. باشترە ئافرەت لەم کاتەدا تێگەشتووانە هەڵسوکەوت بکات و خۆشەویستی خۆی بە پیاوەکەی بگەیەنێت و تا ئەوەی پیاوەکەی دڵنیابکاتەوە لەوەی پەیوەندی و هاوسەرگیرییەکەیان پەیوەندییەکی گونجاو و سەرکەوتووە.

دەربڕینی خۆشەویستی بە کردار

هەندێک لە پیاوان باوەڕیان بە گرنگی دەربڕینی خۆشەویستی بە وشە نییە، بەڵکو پێیان باشە لە ڕێگەی کردار و ڕەفتارەکانیانەوە نیشانی بدەن، ڕەنگە پیاو بە تەواوی باوەڕی بەوە هەبێت کە پێویست بەو شتە ناکات واتا دەربینی خۆشەویستی لەڕێی وشەوە، بە تایبەت کاتێک بیردەکەنەوە کە هاوبەشی ژیانیان ئاگادارن لەوەی خۆشویستی هاوسەرەکانیانن ئیتر چی پێویست بە باسکردن و دەربڕینی دەکات بە وشە. نموونەی کردەوەی پیاوان لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە بریتین لەمانەی خوارەوە: 

  • ناردنی کورتە نامە هەموو بەیانیەک.
  • بەخشینی دیاری.
  • بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەکەڵ ئەو کەسەی خۆشیان دەوێت.

ترس لە کاردانەوەی خۆشەویستەکەی

ڕەنگە پیاو دوودڵ بێت لە دانپێدانانی خۆشەویستییەکەی، چونکە نازانێت خۆشەویستەکەی چۆن کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بەو خۆشەویستییە؛ هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات سەبارەت بە ڕەتکردنەوە و ئەو بیرۆکەیەی کە ئەو ژنە هەستەکانی بەرامبەری قبوڵ نەکات، یان هێشتا ئامادە نەبێت بۆ ئەم هەنگاوە. هەروەها نیگەرانە لەوەی کە ئەگەر ئەو کچەی خۆشی دەویت هاوڕێ یان هاوکاری بێت، دەکرێت لەدەستی بدات، بەڵام ئەگەر خۆشەویستی ژیانی نیشانەکانی خۆشەویستی و هاوهەست بوونی نیشان بدات کە ئەو کچەش بەرامبەر هەستەکانی پیاوەکە بێهەست نییە و داوای خۆشەویستییەکە قبوڵ دەکات ئەوکات ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی ئەم دوودڵییەی پیاوان کە هەستی پێدەکەن.

هەستکردن بە شەرم

ڕەنگە هەندێک لە پیاوان دوودڵ بن لە دانپێدانانی خۆشەویستی خۆیان، چونکە هەست بە شەرمێکی زۆر دەکەن. ئەوان ڕانەهاتوون کە هەستەکانیان بە ئاشکرا لەگەڵ هاوبەشەکانی ژیانیان باس بکەن، بە تایبەت ئەگەر بە سروشت کەسێکی خۆگۆڕ بن. لەم حاڵەتەدا، هاوبەشی ژیان دەبێت سەبر بگرێت تا ئەو کاتەی پیاوەکە ئەوەندە بوێری دەبێت بۆ ئەوەی دان بە خۆشەویستییەکەیدا بنێت.

ترس لە لاوازی

هەروەک چۆن پیاوان بە ئاسانی هەستەکانیان دەرنابڕن هەندێک لە پیاوان پێیان وایە دانپێدانان بە خۆشەویستی خۆیان و نیشاندانی هەستەکانیان وا دەکات کەسانی دیکە وا بیربکەنەوە کە لاوازن. بۆیە پێیان باشە هەستەکانیان گۆشەگیر و شاردراوە بکەن، هەروەها بەم هۆیەشەوە لە دەربڕینی هەستەکانیاندا تووشی کێشەیەکی زۆر دەبنەوە.

ئامادە نەبوون بۆ هەنگاوی داهاتوو

ڕەنگە پیاوێک دانپێدانانی خۆشەویستییەکەی دوابخات، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبێت بۆ هەنگاوی داهاتووی پەیوەندییەکە، یان دوودڵ بێت. چونکە نیگەرانە لە چاوەڕوانییەکانی هاوبەشەکەی؛ دەترسێت لە نائومێدکردنی ئەو و ئەو هیوایەی کە بۆ ئەم پەیوەندییە هەیەتی. بۆ نموونە لەوانەیە ئامادە نەبێت بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری.


سەرچاوەکان



4890 بینین