قەیرەوان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-22-21:21:00 - کۆدی بابەت: 12960
قەیرەوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و زانیاری گشتی

قەیرەوان یان قەیڕەوان (بە عەرەبی: القيروان، بە ئینگلیزی: Kairouan) شارێکە کە دەکەوێتە وڵاتی توونسەوە و بە دووری ١٦٠ کیلۆمەتر لە شاری توونسی پایتەختەوە دوورە. یەکەمین و کۆنترین شاری ئیسلامییە کە لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ناوچەی عەرەبی (المغرب العربي) بنیاتنراوە، بۆیە سوپای موسڵمانان لەم ناوچەیەوە بەرەو فەتحکردنی ناوچەکانی جەزائیر و مەغریب و بەشێک لە ئەندەلوس بەڕێکەوتوون و دەرچوون. ڕووبەری شارەکە ٦٨ هێکتارە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ١٨٦٫٦٥٣ کەسە.

مێژووی قەیرەوان

مێژووی بنیاتنانی شاری قەیرەوان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٥٠ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٧٠ـی زایینی و لەلایەن (عوقبەی کوڕی نافع) فەرماندەی سەربازی و والی ناوچەکانی ئەفریقای ئەو کاتەی سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان بنیاتنراوە، ئامانج لە بنیاتنانی ئەم شارە ئەوە بوو کە موسڵمانانی ناوچەکە کە تازە موسڵمان ببوون شارێکی تایبەتییان هەبێت.

قەیرەوان بە یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین شارەکانی ئیسلام دادەنرێت و یەکەم شاری ئیسلامییە لە ناوچەی مەغریبی عەرەبی و دامەزراندنی شاری قەیرەوان بە سەرەتای دەستپێکی مێژووی شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامی لە ناوچەکانی ڕۆژاوای عەرەبی دادەنرێت.

لە ماوەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەفریقا قەیرەوان بۆ ماوەی چوار سەدە وەکوو پایتەختی ناوچەکانی ئەفریقا دانرا بوو، هەر لەم شارەوە سوپای موسمانان ئامادە و جێگیر دەکران و بۆ مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئیسلام دەنێردرانە ناوچەکانی جەزائیر و مەغریب و ئەندەلوس. قەیرەوانی وڵاتی توونس دواتر شاری قورتوبە لە ئەندەلوس و پاشان شاری فاس لە مەغریب بە سێ شاری هاوشێوە دادەنرێن کە لە ڕابردوودا لە ناوچەکانی ڕۆژاوای عەرەبی ناوەندی زانستی و شارستانییەتی ئیسلامی بوونە.

واتای ناوەکەی

ڕەچەڵەکی وشە و ناوی (القَيْرَوَان) عەرەبی نییە و ڕەچەڵەکی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی فارسی کە لە وشەی (کاروان) وەرگیراوە، مەبەست لە وشەکە بریتییە لە قافڵە یان کاروانی جەنگی یان کاروانی سەربازی، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە چونکە لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی ناوچەکه کاروانی سەربازی لێ جێگیر کراوە.

کەرتی گەشتیاری 

بەهۆی گرنگی مێژوویی و شوێنەواری قەیرەوانەوە ناوچەکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ، زۆرێک لە گەشتیارانی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتی توونس بە مەبەستی سەردانیکردنی شوێنەوارە مێژوویی و دێرینەکانی سەردانی قەیرەوان دەکەن  گرنگترین شوێنەکانی قەیرەوان بریتین لە:

مزگەوتی قەیرەوان

مزگەوتی قەیرەوان یان مزگوتی عوقبە بن نافع یەکەم مزگەوت بووە کە لە قەیرەوان لەلایەن عوقبەی کوڕی نافع بنیاتنراوە، لەڕووی تەلارسازییەوە بە مزگەوتە سەرنجڕاکێشەکان دادەنرێت. سەرەتای بنیاتنانەکەی شێوەکەی سادە بووە، بەڵام لە سەردەمە جیاوازەکاندا نوێ کراوەتەوە و فراوان کراوەتەوە، لە سەدەی نۆیەمی زایینی لەلایەنی دەوڵەتی ئەغلەبی نۆژەن و فراوان کرایەوە و گرنگی بە لایەنی تەلارسازی مزگەوتەکە دراوە،  ڕووبەرەکەی ٩٧٠٠ مەتری چوارگۆشەیە و بڵندگۆکەی لە سێ نهۆم پێکهاتووە کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣١٫٥ مەتر، شێوەی دەرەوەی مزگەوتەکە وەکوو قەڵا وایە و بە ستوونی بەرز پاڵپشتی کراوە، ئەم مزگەوتە بە یەکێک لە مزگەوتە نموونەییەکانی ڕۆژاوای عەرەبی دادەنرێت و زۆرێک لە مزگەوتەکانی ئەندەلوس و ئەفریقا بیرۆکەی دیزاین و شێوەیان لەم مزگەوتەوە وەرگیرا.

بازاڕەکانی قەیرەوان

شاری قەیرەوان چەند بازاڕێکی هەیە و بەوە ناودارن کە شتی کەلەپووری و کولتووری ئەفریقی و توونسی بەردەست دەخەن، نموونەی کەرەستەی نەخشێنراوی ناوماڵ، فەرش و ڕاخەر و جلوبەرگی کولتووری ناوچەکە.

مزگەوتی سێ دەرگاکە

مەزارگەی عوبێد غەزیانی


سەرچاوەکان



4845 بینین