قورتوبە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-22-21:38:00 - کۆدی بابەت: 12961
قورتوبە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قورتوبە یان قوڕتوبە، کۆردۆبا یان کۆرتۆبا (بە عەرەبی: قرطبة، بە ئینگلیزی: Córdoba یان Cordova) شارێکی ئیسپانییە و لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشووانەوە بە سێیەم گەورەترین شاری ئیسپانیا دادەنرێت. لە ڕابردوودا سەر بە هەرێمی ئەندەلوس بووە و پایتەختی دەسەڵاتی ئەندەلوس و ناوەندی ڕۆشنبیری ئەورووپا بووە. بە یەکێک لە گرنگترین شارە گەشتیارییەکانی ئیسپانیا دادەنرێت و لەلایەن ڕێکخراوی یۆنیسکۆوە چەند شوێنەوارێکی شارەکە لە لیستی گرنگترین شوێنەوار و کەلەپووری جیهانی تۆمارکراون.

شوێنی جوگرافی

کۆردۆبا دەکەوێتە باشووری وڵاتی ئیسپانیا و لەسەر ڕۆخی ڕووباری دۆڵی گەورەیە کە گەورەترین ڕووباری نیمچە دوورگەی ئیبیریایە. لە باکوورەوه زنجیرە چیاکانی سیرا مۆرینا دەوریان داوە و لە باشووریشەوە دەشتایی و ناوچەی سەوزایی لادێی فراوان دەوریان داوە. کەشوهەوای ناوچەکە مامناوەندە و نزیکە لە کەشوهەوای کیشوەرییەوە، وەرزی هاوینی وشک و گەرمە و پلەی گەرمی لە وەرزی زستانیشدا مامناوەندە.

مێژووی شارەکە

سەردەمی پێش دەسەڵاتی ئیسلام

مێژووی دێرینی قورتوبە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان و بە دیاریکراوی ساڵی ٢٠٦ـی پیێشی زایین و ئەوەیان شارەکەیان داگیرکردووە، بۆ ماوەی حەوت سەدە قورتوبە شارێکی ڕۆمانی بووە و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەکەدا چەند جارێک کراوە بە پایتەخت و ناوەندی دەسەڵاتیان، شوێنەواری ڕۆمانی کۆن لە قورتوبە بوونیان ماوە نموونەی چەند پەرستگایەکی ڕۆمانی و چەند ئارامگا و پردێکی ڕۆمانی بەڵگەی ئەوەن کە ناوچەکە لە ڕابردوودا سەر بە دەسەڵات و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی بووە. لە ساڵانی ٥٥٢ بۆ ٥٧٢ زایینی ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی بیزەنتییەکان بووە. لە کۆتایی سەدەی شەشەمی زایینی قوتییەکانی ڕۆژاوا دەسەڵاتی قورتوبەیان گرتەدەست.

سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلام

سەرەتای دەسەڵاتی ئیشلامی

لە سەردەمی ئومەوییەکان و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە وەلیدی کوڕی مەڕوان لە ساڵی ٧١٠ـی زایینی ناوچەکانی ئەندەلوس فەتح کران، ئەندەلوس و ناوچەکانی لە سەرەتای گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلامی خرایە سەر ویلایەت و ناوچەکانی مەغریبی عەرەبی، لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بەڕێوەبردنی ناوچەکە خرایەوە سەر دیمەشق کە پایتەختی ئومەوییەکان بوو. والی و دەسەڵاتدارە ئومەوییەکان قورتوبەیان کردبوو بە بنکە و ناوەندی کارگێڕی و دەسەڵات تاکوو ساڵی ٧٥٠ و ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان لەلایەن عەباسییەکانەوە.

سەردەمی دەسەڵاتی سەربەخۆیی ئومەوییەکان

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئومەوییەکان لە شام و عێراق، عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاوییە لە دەستی عەباسییەکان هەڵهات و کوچی کرد بۆ ئەندەلوس، توانی کاروبار و دەسەڵاتی ئەندەلوس بگرێتە دەست و دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دامەزراند و لە عەباسییەکان جیابووەوە، قورتوبەی کرد بە پایتەختی دەسەڵاتەکەی و کردی بە پایتەختی ئەندەلوس. ئەندەلوس و قورتوبە لە سەردەمی دەسەڵاتیان گەشەی سەند و پێشکەوتن، بۆ چەندان سەدە نەوەکانی عەبدولڕەحمان دەسەڵاتداری ناوچەکە بوون.
لە سەدەی دەیەمی زایینی خەلیفە عەبدولڕەحمانی سێیەم ناوەندی هێز و دەسەڵاتی لە قورتوبەوە گۆڕی بۆ شاری زەهرا، بەڵام قورتوبە گرنگییەکەی لە دەست نەدا و لەو سەردەمەدا بە گرنگترین و پێشکەوتوترین شارەکان دادەنرا. لە ماوەی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمانی یەکەم  دروستکردنی مزگەوتی گەورەی قورتوبە دەستی پێکرد و دروستکردنەکەی لە سەدەی دەیەمی زایینی تەواو بوو، مزگەوتەکە کتێبخانەیەکی گشتی گەورەی هەبوو کە ٤٠٠ هەزار کتێبی تێدابوو.

سەردەمی پاشای تەوائیفییەکان

دەسەڵاتی ئومەوییەکان بە تەواوی ڕووخا و دوای ئەوان دەوڵەتی ئەندەلوس دابەش بووە سەر چەند ویلایەتێکی بەڕێوەبردن، قورتوبەش کراوە بە ویلایەتێک بەڵام  فەرمانڕەواکانی تائیفییەکان ناکۆکیان لەسەری هەبووە، لەو سەردەمە قورتوبە پشتگوێ خرا و پایتەختی ویلایەتەکان گوازرایەوە بۆ ئیشبیلییە.

سەردەمی موڕابیتەکان

بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی ئەندەلوس لە سەردەمی ملوک تەوائیفەکانەوە موڕابیتەکانی دەسەڵاتداری مەغریب ئەندەلوسیان داگیر کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی تائیفییەکان هێنا، ئەوان گرنگییەکی لاوەکییان دەدا بە قورتوبە دەسەڵاتیان لە ئەندەلوس لە نێوان ساڵانی  ١٠٣٩ بۆ ١٠٨٥ بووە.

سەردەمی موەحیدوون

لە ناوەڕاستی سەدەی دوازدەیەم دەسەڵاتی مورابیتوون لەلایەن بزووتنەوەیەکی ئیسلامی بە ناوی موەحیدەکان ڕووخێنرا، ئەوان قورتوبەیان کردەوە بە پایتەختی ئەندەلوس و گرنگییان پێدەدا، بەڵام ماوەی دەسەڵات و فەرمانڕەواییان کەم لاواز بووە و هەر لە سەردەمی ئەوان دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس کۆتایی پێهات و ئیسپانی خاچپرستەکان دەستیان بەسەر ئەندەلوس و قورتووبە گرت.

سەردەمی دەسەڵاتی ئیسپان

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس قورتوبە لە دانیشتوانە موسڵمانەکەی چۆڵکرا و شارەکە کەوتە ژێر دەستی ئیسپانییە خاچ پەرستەکان، تا ڕادەیەک گرنگییان بە شارەکە دەدا و کڵێسا و تەلاریان لەسەر دیزاینی ئەندەندلوسی لە شارەکە بنیات دەنا. بەڵام لە ماوەی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا پێگەی قورتوبە لاوازتر بوو و تووشی کاولکاری بووەوە.

واتای ناوەکەی

بەپێی فەرهەنگی وشەزانی عەرەبی ناوداری (یاقووت حەمەوی) بنەچە و واتای ناوی قورتوبە دەگەڕێتەوە بۆ سەر دوو سەرچاوە، سەرچاوەیەکیان زمانی عەرەبییە و واتاکەی "دژمنێکی سەرسەختە" و لە شیعرەکانی سەردەمی نەزانی ناوی بەو واتایە هێنراوە، هەندێک سەرچاوەی تریش دەڵێن کە ناوەکە بنەچەکەی عەرەبییە و واتای شمشێر دەبەخشێت.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاتر لە ٣٢٨ هەزار کەسە و چڕی دانیشتوانەکەی ٢٥٫٥٢٥ کەسە لە کیلۆمەترێکی دووجادا.

شوێنە گەشتیارییەکانی

  • پەرستگای ڕۆمانی
  • پردی ڕۆمانی
  • مزگەوتی گەورە
  • شاری شوێنەواری زەهرا، شوێنەوارێکی مێژووییه و لە سەردەمی ئومەوییەکان بنیاتنراوە و عەبدولڕەحمان ناسڕ خەلیفەی دەسەڵاتدار بە ناوی ژنەکەیەوە ناوی ناوە و دروست کراوە.


سەرچاوەکان



3942 بینین