وەبەرھێنانی سەرچاوەکانی وزەی سەوز

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-06-01-23:39:00 - کۆدی بابەت: 13095
وەبەرھێنانی سەرچاوەکانی وزەی سەوز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وزەی سەوز (بە عەرەبی: الطاقة الخضرء، بە ئینگلیزی: Green Energyوزەی سەوز بریتییە لەو وزەیەی کە لەسەرچاوە سروشتییەکانەوە بە دەست دەھێنرێت و ھیچ زیانێکی بۆ ژینگە نییە و بە دۆستی ژینگە ناسراون، نموونە وەکوو وزەی تیشکی خۆر و وزەی با.

گرنگترین سوودەکانی بەکارھێنانی وزەی سەوز

١- پارێزگاری لە تەندروستی مرۆڤ دەکات 
٢- دەبێتە مایەی چاککردنی ژیانی مرۆڤ و سنووردارکردنی ھەژاری بە تایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا.
٣- کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لە ڕێگای ڕەخساندنی دەرفەتی ھەلی کار بۆ گەنجان.
٤- پارێزگاری لە ژینگە و سروشت دەکات
٥- ھۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن و سنووردانان بۆ ترشەباران.
٦- سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی و دوورکەوتنەوە لە مەترسی پەنگ خواردنەوەی گەرمی.
٧- ڕێگریکردن لە کارەساتە سروشتییەکان.
٨- پارێزگاریکردن لە زیندەوەران و سامانی ماسی و ئاو لە پیسبوون بە شێوەیەکی گشتی.
٩- ھاوبەشیکردن لە پاراستنی ئاسایشی خۆراک و زیادکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی لە ماددە کیمیاییەکان.

سەرچاوەکانی وزەی سەوز

وزەی سەوز لە چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆر پێکھاتووە کە گرنگترینیان بریتین لە: 
١- وزەی تیشکی خۆر
٢- وزەی با
٣- وزەی تاڤگە ئاوییەکان (کاڕۆئاوی)
٤- وزەی گەرمی ناخی زەوی
٥- وزەی شەپۆلەکانی دەریا و زەریاکان کە ناسراوە بە وزەی (ھەڵکشان و داکشان)
٦- وزەی جیاوازی پلەی گەرمی لە قوڵایی دەریا و زەریاکان

بوارەکانی بەکارھێنانی وزەی سەوز

١- بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵان، بە تایبەتی بەکارھێنانی ئەم وزانە بۆ گەرمکردنەوە لە وەرزی زستان و ساردکردنەوە لە وەرزی ھاوین.
٢- بەکارھێنانی لە بواری پیشەسازی بە ھەموو جۆرەکانییەوە بە گشتی و پیشەسازی کارەبا و ئەلکتڕۆنی و تەندروستی و پزیشکی، پیشەسازییە کیمیاییەکان بە تایبەتی.

وزەی خۆر (Solar Energy)

گۆڕینی وزەی خۆر بۆ وزەی کارەبا یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو داھێنانانەی کە سەرەتای تەکنەلۆجیای ئەم بوارە بۆ یەکەمین جار لە وڵاتی ئەڵمانیا داھێنرا لە ساڵی ١٩٩٠ بە داڕشتنی پڕۆگرامی (ھەزاران شانەی سەربان) وەکوو دەست پێکێک بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا لە وزەی خۆر، تاکوو ساڵی ١٩٩٢ بەردەوام بوو لەم ماوەیەدا ئەم داھێنانە گەشەسەندن و گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی، دواتر یابان پڕۆژەکەی خۆی پەرەپێدا و سوودی لە پڕۆگرامی ئەڵمانی بینی بۆ بەرھەمھێنانی ووزەی کارەبا لە وزەی خۆر.

ئەو وزەیەی کە تیشکی خۆر تەنھا لە ماوەی یەک کاتژمێردا دەیداتەوە، بەشی ھەموو پێداویستییەکانی جیھان دەکات لە ماوەی یەک ساڵدا، جگە لەوەی وزەیەکی پاک و نووێبووەوەیە و بە دۆستی ژینگە ناسراوە، چونکە ھیچ زیانێکی نییە بۆ ژینگە. لە کۆنفڕانسی ژینگەی نێودەوڵەتی لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی ٢٠١٥ لە پاریس، سەرۆکی (فەڕەنسا و ھیندستان) بە ئامادەبوونی (بانکی موون) سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی (ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی شانەی خۆر پێکبێنن).

مێژووی دۆزینەوەی شانەی خۆر دەگەڕێتەوا بۆ ساڵی ١٨٣٩ بۆ یەکەمین جار لەلایەن زانا و فیزیاناسی فەڕەنسی (الکساندر بیکیریل)، گۆڕینی وزەی خۆر بۆ وزەی کارەبا مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن سێ زانای بەناوبانگ لەو سەردەمەدا (داریل تشابن و کالفن فیولر و جیرالد بیرسون).

گرنگترین ئەو وڵاتانەی وزەی کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەمدێنن

وڵاتانی جیھان لە ئێستادا لە کێبڕکێیەکی گەورەدان لە بەرھەمھێنانی سەرچاوەکانی وزەی سەوز، گرنگترین ئەو وڵاتانەی کە لە پێشی ھەموو وڵاتانی تری جیھانن لە بەرھەمھێنانی ئەم سەرچاوەیە بریتین لە:

  • چین (٢٥٤.٤) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٣٥.٦٪)
  • وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (٧٥.٦) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (١٠.٦٪) 
  • یابان (٦٧.٠) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٩.٤٪)
  • ئەڵمانیا (٥٣.٨) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٧.٥٪)
  • ھیندستان (٣٩.٢) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٥.٥٪)
  • ئیتاڵیا (٢١.٦) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٣.٠٪) 
  • ئیسڕائیل (١٧.٦) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٢.٥٪) 
  • کۆریای باشوور (١٤.٦) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٢.٠٪) 
  • ئیسپانیا (١٤.١) ھەزار مێگاوات بە ڕێژەی (٢.٠٪)


سەرچاوەکان



51 بینین