نینۆک خواردن

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-07-01-02:03:00 - کۆدی بابەت: 13108
نینۆک خواردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نینۆک خواردن بە ئینگلیزی (Eating nailing)، بە عەرەبی (أكل الأظافر)، نینۆک خواردن یەکێکە لە گرفتە باوەکانی منداڵان، کە کردارێکی ناچاری زارەکییە تێیدا کەسەکە گاز لە نینۆکەکانی پەنجەی دەگرێت، لە ٪٢٥-٣٠ منداڵان نینۆکیان دەخۆن. نینۆک خواردن خویەکی باوە و کیشەیەکی ڕاستەقینە نییە بۆ زۆربەی منداڵان، نزیکەی نیوەی هەرزەکاران نینۆکیان دەخۆن، زۆربەی منداڵان نینۆکیان دەگەزن و لە کۆتاییدا واز لەو خووە دەهێنن بەڵام هەندێکیان تا تەمەنێکی گەورەتر بەردەوام دەبن، هەندێک لە هۆکارەکان لای منداڵان بریتین لە دڵەڕاوکێ و بێزاربوون، یاخود بینیویانە کە منداڵانی تر ئەو کارە دەکەن و لەبەرگرتنەوەی ڕەفتارەکانی ئەوان دەکەنەوە، یان نینۆکەکانیان بە درێژی ناهێڵنەوە و خۆیان دەیبڕن.

زۆربەی ئەو منداڵانەی کە نینۆکیان دەخۆن هیچ کێشەیەکیان نییە، لە هەندێک حاڵەتدا نینۆک خواردن لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی بە بەکتریا کە پێی دەوترێت (پارۆنیچیا)، کە پێویستی بە سەردانی پزیشکی هەیە بۆ وەرگرتنی دەرمانی دژە زیندەیی، منداڵان دەست لە هەموو شتێک دەدەن و دواتر ئەگەر پەنجەکانیان بخەنە ناو دەمیانەوە ئەوا توشی نەخۆشی دەبن چونکە لە ڕێگەی دەستیانەوە میکرۆبیان خستوەتە ناو جەستەیانەوە، ئەو منداڵانەی بۆ ماوەیەکی زۆر نینۆک دەخۆن لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندنێکی هەمیشەی بە نینۆکەکانیان.

نیشانە و کاریگەرییەکانی

گازگرتنی نینۆک بە زۆری دەبێتە هۆی کاریگەری زیانبەخش لەسەر پەنجەکان، وەک هەوکردن، ئەم دەرئەنجامانە ڕاستەوخۆ لە زیانە جەستەییەکانی وەک گازگرتنەوە سەرچاوە دەگرن، جگە لەوەش دەتوانێت کاریگەری کۆمەڵایەتیشی هەبێت، بۆ نموونە کشانەوەی کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لە دەستگرتن.

بە زۆری ١٠ نینۆکەکە بە یەکسانی و بە نزیکەیی بەهەمان پلە گازیان لێدەگیرێت، گازگرتنی نینۆک دەبێتە هۆی شکاندنی پێست لەسەر کوتیکوڵ کە بەشە مردووەکەی نینۆکەکانە. کاتێک کە کوتیکوڵەکان بە شێوەیەکی نادروست لادەبرێن ئەو کات تووشی هەوکردن و ڤایرۆس دەبن. گازگرتنی نینۆک پەیوەندی بە کێشەکانی دەم و ددانەوە هەیە، وەکو بریندار بوونی پووک، و گیرانی ددانی پێشەوە، ئەگەر نینۆکە قوتبدرێت، ناو بە ناو کێشەی گەدە دروست دەبێت.

نینۆک خواردن دەتوانێت سەرچاوەی هەستکردن بە تاوانباری و شەرمەزاری بێت، نینۆک خواردن دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە گەشەی ئاسایی نینۆکەکان و ئەمەش وادەکات نینۆکەکان شێوەیەکی نامۆیان هەبێت. ئەگەر پێستی دەوروبەری نینۆک سوور بوو، ئازاری هەبوو، یان دەردراوی هەبوو، پێویستە منداڵەکە لەلایەن پزیشکی منداڵانی خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

هۆکارەکان

منداڵ نینۆکەکانی دەخوات بە چەند هۆکارێک، بێزاری، کەمکردنەوەی فشار، خوو، لاسایکردنەوە. نینۆک خواردن باوترینە کە پێیان دەوترێت "ڕەفتارە دەمارییەکان" کە بریتین لە مژینی پەنجەی گەورە. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە گازگرتنی نینۆک ڕەنگە هۆکاری بۆماوەی هەبێت، هەروەها بەهۆی ئەو سەرنجەوەیە کە منداڵ کۆی دەکاتەوە لەسەری کاتێک پێی دەوترێت ئەو رەفتارە نەکات. زۆربەی پسپۆڕان نینۆک خواردن بە خوو دەزانن کە رەفتارێکی دووبارە بوەوەیە کە منداڵ تەنانەت ئاگاداری نییە و خووەکەی بە سێ هۆکارەوە گەشە دەکات:

  • بێزاری: منداڵ کاتێک هەستی بێزاری بۆ دروست دەبێت دەست دەکات بە خواردنی نینۆکەکانی.
  • حەسانەوە: منداڵ خواردنی نینۆک وەک ڕزگار بوون لە فشار بەکاردەهێنێت وەکو ئەوە وایە منداڵێک دەستی بە شیرینییەک بگات.
  • ئارامبوونەوە: هەندێک لە منداڵان بۆ ئەوەی بخەون نینۆک دەخۆن و پەنجەیان دەمژن.
  • کەسانی دەوروبەری: منداڵ لەبەر ئەوەی حهزی بە لاسایکردنەوە هەیە بۆیە دەکرێت لە کەسانی دەوروبەرییەوە فێری ببێت چونکە هەندێک لە گەورەکان هێشتا نینۆک دەخۆن.

چۆن هۆکار دەستنیشان دەکەیت؟

گرنگە بتوانیت هۆکارەکانی گازگرتنی نینۆک دەستنیشان بکەیت، وەکو ئاماژەی پێ کرا هۆکارەکان بریتین لە دڵەڕاوکێ، بێزاری، فشار. بۆ یارمەتیدان لە ناسینەوەی ئەم هۆکارانە ڕۆژانە دەفتەرێک هەڵبگریت بۆ نووسینی هەر دۆخێک کە گازگرتنی نینۆکی منداڵەکە بەرەو پێش دەبات (دەتوانیت ئەمانە لە دەفتەرێک یاخود لاپتۆپ یان مۆبایلەکەتدا بنوسیت)،

بۆت دەردەکەوێت کە لە چ کاتێکدا منداڵەکەت ئەم کارە دەکات، بۆ نموونە تەنها لە کاتی سەیرکردنی تەلەڤزیۆن نینۆکەکانی دەخوات؟ یان کاتێک بێزارە، پاشان مامەڵەکردن لەگەڵ نینۆک خواردن یان وەستاندنی ئاسانتر دەبێت، بە تەنیا ئەنجامدانی ئەم کارە قورس دەبێت، بە تایبەت ئەگەر نینۆک خواردن تا ڕادەیەکی زۆر بە شێوەیەکی نائاگایی ڕووبدات، رەنگە یارمەتیدەر بێت کە کەسێک ئەمانە وەربگرێت کە جێی متمانەی منداڵەکە بێت و رۆژانە ئاگاداری بکاتەوە.

تێکچوونی دەروونی دایک و باوکی منداڵانی تووشبوو بە گازگرتنی نینۆک

چەند لێکۆڵینەوەیەک هەیە سەبارەت بە پەیوەندی نەخۆشییە دەروونییەکان لە دایک و باوک و منداڵەکانیاندا. تاکە توێژینەوەیەک کە لێکۆڵینەوەی لە دایک و باوکی ئەم مندالانە کردووە، ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٪٥٦.٨ی دایکان و لە٪٤٥.٩ ی باوکان تووشی نەخۆشییەکی دەروونی بوون، کە زۆربەی کات نەخۆشی خەمۆکی سەرەکیترینیان بووە.

چارەسەرکردن

باوترین چارەسەر، کە هەرزانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستە، بریتییە لە دانانی بۆیەی نینۆکی ڕوون و تاڵ بۆ نینۆکەکان، بە شێوەیەکی ئاسایی (دیناتۆنیۆم بەنزونات) بەکاردەهێنرێت، کە تاڵترین پێکهاتەی کیمیاییە، تامە تاڵەکەی خووی نینۆک خواردن بنبڕ دەکات. لێرە چەند حاڵەتێک هەن کە یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن:

  • ڕۆژانە نینۆکی منداڵەکە ببڕدرێت: بڕینی نینۆکی منداڵەکەت ڕووبەری ژێر نینۆکەکان کەمدەکاتەوە و کەمتر پیسی و بەکتریا دەتوانن لە ژێر نینۆکەکاندا کۆببنەوە و بچنە ناو دەستیانەوە.
  • جێگرەوەیەک بدۆزەرەوە: بە دوای شتێکی تەندروستدا بگەڕێ کە منداڵەکەت بیخاتە ناو دەم، بۆ نموونە بەردەوام کەلەرم و گێزەری پێبدرێت. تەنیا دڵنیا بن کە نینۆک خواردنەکە بە شتێکی باشتر جێگە بگرنەوە، نەک بە شیرینی خواردن کە لالەیەکی دیکەوە بۆ منداڵەکە خراپە.
  • پاداشت بەکاربهێنە: کات بۆ منداڵەکە دابنێ کە لەو ماوەیەدا نینۆکی نەگەزێت، لە ئەگەری نەگەستنی نینۆکی ئەوە پاداشتی بکە بە بردنی بۆ پارکێک یان پێدانی یارییەک وەکو دیارییەک.
  • ڕێگە بە دەرئەنجامە سروشتییەکان بدە: دەرئەنجامە سروشتییەکان دەکرێت مامۆستایەکی باش بن بۆ منداڵەکە، ئەگەر منداڵەکە ناو بە ناو ببێتە هۆی ئازاردانی پەنجەکانی بەهۆی زۆر گازگرتنی نینۆکەکانی، ئەوە ئازارەکە رەنگە پاڵنەرێک بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا واز لە گازگرتنی نینۆکەکانی بهێنێت.
  • بە دوای ئەو فشارەدا بگەڕێ کە دەبێتە هۆی نینۆک خواردنەکە: نینۆک خواردن ڕەنگە میکانیزمێک بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشاردا، گرنگە بزانیت ئایا شتێک منداڵەکەت ناڕەحەت دەکات و یارمەتی بدەیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تەندروست.


سەرچاوەکان



431 بینین