جیاوازی نێوان قوتابخانەی حکوومی و قوتابخانەی تایبەت

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-19-18:46:00 - کۆدی بابەت: 13198
جیاوازی نێوان قوتابخانەی حکوومی و قوتابخانەی تایبەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان قوتابخانەی حکوومی و تایبەت (بە عەرەبی: فرق بین مدرسة الحکومیة و مدرسة خاصة، بە ئینگلیزی: The differences between public school and private school) لە سەردەمی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا لە زۆرێک لە وڵاتان کار و پیشەکان بەسەر دوو لایەندا دابەشبوون، ئەوانیش کەرتی گشتی یاخود حکوومی و کەرتی تایبەت. ئەم بابەتە ناوەندەکانی فێربوونیشی گرتووەتەوە هەر لە دایەنگە تاوەکو دەگاتە زانکۆ. 

گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان قوتابخانەی حکوومی و تایبەت

یەکەم: خاوەندارییەتی 
قوتابخانە گشتییەکان خاوەنداریەتیان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ئەو وڵاتە، یاخود بەشێوەیەکی گشتی حکوومەت خاوەنداریەتیان دەکات. هیچ خاوەنێکی هەمیشەییان نییە. بەڵام بە پێچەوانەوە قوتابخانەی تایبەت خاوەنی هەیە کە بەپێی یاسای بازرگانی دەکرێت کەسێک بێت یان زیاتر لە دوو کەس یاخود ڕێکخراوێک و کۆمپانیایەک لە بواری پەروەردە و فێرکردن خاوەندارییەتی ئەم قوتابخانەیە بکات. 

دووەم: بودجەی تەرخان کراو بۆ بەڕێوەبردن 
قوتابخانەی حکوومی بودجە لە حکوومەت وەردەگرن کە ئەوان بودجەکە دەدەن بە پەوەردەی شارەکان و قەزاکان لە کاتی پێویستیدا لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەری قوتابخانە داوای بەشە بودجە دەکەن بۆ کڕینی ئامێر و پێداویستی یاخود نوێکردنەوەی مێز و کورسی و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە. بەڵام لە قوتابخانەی تایبەت، بودجە لە ڕێگەی باج، کرێی خوێندن، بەخشین دابین دەکرێت و بۆ قوتابخانەکە خەرج دەکرێتەوە لە کاتی پێویستی. 

سێیەم: موچەی مامۆستا و کارمەندەکان 
لە قوتابخانەی حکوومیدا موچەی مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانەکە لەلایەن حکوومەت دابین دەکرێت کە بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی پارەکە دەنێردرێتە بانک پاشان دەنێردرێتە قوتابخانەکان. بەڵام لە قوتابخانەی تایبەت لە ڕێگەی باج، گرێبەستی خوێندن و پاشان قیستەکانی خوێندن، فرۆشتنی جلوبەرگی فەرمی قوتابخانە، کرێی نان خواردن بەم هۆیانە موچەی مامۆستاکان دابین دەکەن. 

چوارەم: لە ڕووی پسپۆڕی و کارامەیی مامۆستا 
لە قوتابخانە حکوومییەکان نزمترین بڕوانامەی داواکراو دبلۆمە، مامۆستا بەو شارەزاییەی لە خوێندن بە دەستی هێناوە لەگەڵ ڕاهێنانێکی چەند مانگی یاخود ساڵێک دەتوانێت وانە بڵێتەوە بە قۆناغی بنەڕەتی یاخود ئامادەیی. بەڵام لە قوتابخانەی تایبەت مەرج بۆ مامۆستا دادەنرێت کە ئەمانە گرنگترینیانن. 

  • بە دەستهێنانی بڕوانامەی باوەڕپێکراوی زمانی ئینگلیزی لە هەر چوار توانستەکە (نووسین، خوێندنەوە، قسەکردن، گوێگرتن). 
  • بە دەستهێنانی نمرەی دیاریکراو یاخود زیاتر لە ئەوە لە تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی قوتابخانە. 
  • پێویستە مامۆستا لەگەڵ نوێترین دۆزینەوە و داهێنانەکان لە بوارەکەی خۆیدا گەشە بکات، واتا نابێت لە وانە وتنەوەدا بابەتی کۆن باس بکات یاخود بەتەنها هی ناو کتێب، دەبێت گەشە بەخۆی بدات و ئاگاداری توێژینەوەکان و ڕاپۆرتەکان بێت بەتایبەتی بۆ بابەتە زانستییەکان. 

پێنجەم: مافی وەرگرتنی خوێندکار 
لە قوتابخانە حکوومییەکان وەرگرتنی خوێندکار بێ مەرجە و هەموو کەس دەتوانێت لێی بخوێنێت تەنها لە حاڵەتێک نەبێت کە بواری کێبڕکێ زۆر بێت و خوێندکاری زۆر ساڵانە ناویان بنووسن بۆ ئەوەی خوێندکارەکان هەموو یەک ئاست بێت، داوای نمرەی ساڵی ڕابردوو دەکرێت. بەڵام هەندێک لە قوتابخانە تایبەتەکان کۆمەڵێک پێوەر دادەنێن بۆ وەرگرتنی خوێندکار، لەوانە: هەڵسەنگاندن لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی، هەڵسەنگاندنی زیرەکی مێشک و پلەی IQ، پاکوخاوێنی و هەڵسوکەوت و چۆنیەتی قسەکردن لەگەڵ لە خۆی گەورەتر بەم پێوەرانە شوێنی خوێندکار و پۆلەکەی دیاری دەکرێت. 

شەشەم: تێچوو 
قوتابخانەی حکوومی بە خۆڕایی مافی خوێندن دەدرێت، لە گواستنەوەشدا خوێندکاران خۆیان هۆی گواستنەوە دابین دەکەن بۆ خۆیان وەک پاس یاخود تەکسی یان خۆیان هاتوچۆ بکەن. بەڵام لە قوتابخانەی تایبەتدا مافی وەرگرتن لە ڕێگەی گرێبەستە بۆ ساڵێک کە ڕاستەوخۆ دەتوانیت هەمووی بدەیت یاخود چەند مانگ جارێک قیستەکەت دەدەیت. 

حەوتەم: یاسا 
یاسا لە قوتابخانە حکوومییەکاندا حکوومەت دایدەنێت کە لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە بڵاو دەکرێتەوە کە ڕێکارەکانی خوێندن و کاتی تاقیکردنەوەکان و سزاکانی خوێندکار چۆن دەبێت ئەگەر سەرپێچی بکات یان هەوڵی گزی کردن بدات. بەڵام لە هەندێک قوتابخانە تایبەتەکاندا یاساکان بەپێی سیستمە پەروەردەییە جیهانییەکان دادەنرێت کە شێوازێکی نەرم لە خۆدەگرێت بەڵام لە کاتی سەرپێچی یاساکانیشدا خوێندکار بە جۆرێکی تر سزا دەدرێت نموونە "خوێندکارێک یاسا پەیڕەو بکات و هەڵە نەکات و لە وانەکاندا زیرەک و لێهاتوو بێت و چالاکی داهێنەرانە ئەنجام بدات، باجێکی ڕەنگ سەوزی پێ دەدرێت کە لە وەرزی یەکەمی خوێندندا بگاتە ڕێژەیەکی دیاریکراو ئەوا خەڵات دەکرێت. بە پێچەوانەوە هەڵە بکات و هەڵسوکەوتی خراپ بنوێنێت باجێکی ڕەنگ سووری پێ دەدرێت کە کەڵەکە بوو گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە بە پێی مەرجێک لە مەرجەکانی ڕێکەوتنی نێوان بەڕێوەبەری قوتابخانە و بە خێوکاری خوێندکار". 

هەشتەم: ڕووبەری پۆلەکان 
لە قوتابخانەی حکوومیدا ڕووبەری پۆلەکان فراوانە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خوێندکاری زیاتر لە خۆ دەگرن. کە هەندێک جار زیاتر لە ٤٠ خوێندکار لە نێو یەک پۆلدا وانە دەخوێنن. بەڵام لە قوتابخانە تایبەتەکان ڕووبەری پۆلەکان بچووکترە، خوێندکاران بە شێوەی گرووپی بچووک وانە دەخوێنن کە ژمارەیان لە نێوان ١٥-٢٠ خوێندکارە لە هەندێک قوتابخانە ١٠-١٥ خوێندکار جێگیر دەکات لە هەر پۆلێکدا. 

نۆیەم: پڕۆگرامی خوێندن 
لە قوتابخانە حکوومییەکاندا پڕۆگرامی خوێندن بەشێوەیەکی گشتی کلاسیکە واتا بەشێوازی ساڵانی پێشوو یاخود ئەزموونی مامۆستا لە وانە وتنەوەیە، هەر مامۆستایەک شێوازێکی خۆی هەیە. بەڵام لە قوتابخانەی تایبەتدا پێویستە هەمووان یەک سیستم پەیڕەو بکەن کە لە هەموو جیهاندا ئەم شێوازانە هەیە (گڵۆبەڵ ئەپڕۆچ، مۆنتیسۆری، والدۆرف و بەکالۆریۆسی نێودەوڵەتی و چەندانی تر) زیاتر مۆنتیسۆری ڕێگای وانە وتنەوەیە لە قوتابخانە تایبەتەکان چونکە یەکەم پڕۆگرامی خوێندنی تایبەت بوو لە جیهاندا و ماوەیەکی زۆرە کاری پێ دەکرێت.

دەیەم: بەردەست خستنی سەرچاوەکان 
لە قوتابخانەی حکوومیدا سەرچاوەکانی خوێندن و فێربوون کەمن وەک ئامرازەکانی تاقیگە و سەرچاوەی کتێب لە کتێبخانەدا. بەڵام قوتابخانە تایبەتەکان جۆرەها سەرچاوەی جیاوازی کتێب بە نوێترین چاپ بەردەست دەخەن تا خوێندکاران ئاستی زانستیان بەرەو پێش ببەن. 

یانزەیەم: لە ڕووی ڕەنگدانەوەی نێو کۆمەڵگە 
قوتابخانە حکوومییەکان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەن، ئەگەر کۆمەڵگە هەژاری تێیدا بەربڵاو بێت ئەوا قوتابخانەکانیش  لە ئاستێکی باشدا نابن، کەم و کورتی زۆریان دەبێت وەک نەبوونی تاقیگە و کتێبخانە و چاپی نوێی کتێب کە زۆر خوێندنگە کتێبی ساڵانی پێشتر دەداتەوە بە خوێندکار کە لەسەری نووسراوە ئەمەش حەزی خوێندن ناهێڵێت. بەڵام قوتابخانە تایبەتەکان ئەگەر نێودەوڵەتی بێت ئەوا لەسەر ئەرکی ئەو وڵاتەی قوتابخانەکە بەناوی نووسراوە هەموو ساڵێک خۆیان نوێترین چاپی بەردەست دەخەن بە گۆڕانکارییەوە گەر زانیاری نوێ هاتبێت لەسەر بابەتەکە. بەڵام ئەو خوێندنگایانەی تایبەتن واتا پڕۆگرامی حکوومەت دەخوێنن بە زمانێکی تایبەت کتێبی نوێ بە هەمان چاپ بەردەست دەخەن بێ گۆڕانکاری چونکە مافی دەستکاری کردنیان نییە.  بەشێک لە قوتابخانە تایبەتەکان و نێودەوڵەتییەکان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و زانست خوازن کە هەموو پێداویستییەک بۆ خوێندکار دابین دەکرێت. 

دوانزەیەم: پەیوەندی بەستن لەنێوان خوێندکار و مامۆستا
لە قوتابخانە حکوومییەکاندا مامۆستا تەنها لەو ماوەیە لە خوێندکار بەرپرسە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات کە لە قوتابخانەیە. بەڵام خوێندنگا تایبەتەکان و نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی تۆڕی تایبەت بە پەیوەندی کردن هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ خوێندکار لە ماڵەوە بۆ نموونە لە هەندێک قوتابخانە تایبەتەکان پلاتفۆرمەکانی "نۆشن" و "سلاک" بەکاردێت لە نێوان مامۆستاکان و بەخێوکاران کە پڕۆگرامی نۆشن بۆ دیاریکردنی کۆتا بەروارەکانە و پڕۆگرامی سلاکیش بۆ پەیوەندی کردنە. بەڵام بۆ خوێندنگا تایبەتەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلاتفۆرمی تێلیگرام بەکاردێت لە ڕێگەی چەناڵی تایبەت یاخود پلاتفۆرمی Google class room بەکاردێت کە دروستکردنی پۆلی ئەلیکترۆنییە هاوشانی پۆلی بەرجەستە. مامۆستا دەتوانێت تیایدا ئەرکی ماڵەوە بداتە خوێندکاران، پاوەرپۆینت یاخود فایلی زیادە بۆ تێگەیشتن لە وانەکە بدات بە خوێندکاران. 

سیانزەیەم: شێوازی وانە وتنەوە 
لە خوێندنگا حکوومییەکان زیاتر تیشک دەخرێتە سەر پڕۆگرامی دانراو لەلایەن حکوومەت و بابەتی زیادە باس ناکرێت یاخود شێوازی زارەکی و نووسین لەسەر بۆرد. هەروەها پێدانی ئەرکی ماڵەوەیە کە لە کتێبی پڕۆگرامەکە وەردەگیرێت. بەڵام لە قوتابخانەی تایبەتدا مامۆستا جگە لە کتێب و شیکردنەوەی زارەکی، بابەتی ڤیدیۆیی و کورتە فیلمی بەڵگەنامەیی و هەر ئامرازێکی تر بێت دەتوانێت بەکاربێنێت بەجۆرێک بێت دیمەنی بابەتەکە لەلای خوێندکار ڕوون و ئاشکرا بێت.


سەرچاوەکان



127 بینین