١٠ لە گرنترین ئەو شتانەی کە نابێت لە کاتی سەردانکردن بۆ کۆریا ئەنجام بدرێت

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-09-10-21:59:00 - کۆدی بابەت: 14579
١٠ لە گرنترین ئەو شتانەی کە نابێت لە کاتی سەردانکردن بۆ کۆریا ئەنجام بدرێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

١٠ لە گرنترین ئەو شتانەی کە نابێت لە کاتی سەردانکردن بۆ کۆریا ئەنجام بدرێت (بە عەرەبی: ١٠ أشياء لا يجب فعلها في كوريا، بە ئینگلیزی: 10 Things Not to Do in Korea), لەوانەیە کۆریا وڵاتێکی سەرنجڕاکێش بێت کە دەوڵەمەند بێت بە مێژوو، کولتوور و خەڵکانی گەرم و گوڕ و دۆستانە، بەڵام ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجار سەردانی کۆریا دەکەن، لەوانەیە لایان ڕوون نەبێت کە پێویسته خۆیان لە ئەنجامدانی چ کردارێک بەدوور بگرن. ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانی هەروەک ڕێز و ڕەوشت  لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە، هەربۆیە لەکاتی گەشتکردندا، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانت، لەوانەیە بەبێ مەبەست کردارەکانت ببێتە هۆی بێڕێزی، تەنانەت ئەگەر پاکترین نیازیشت هەبێت. هەربۆیە، لێرەدا چەند ڕێنمایەک دەخەینە ڕوو بۆ دوورکەوتنەوە لەم هەڵانە و دڵنیابوون لە بەسەربردنی کاتێکی چێژبەخش لە ماوەی گەشتەکەت لە کۆریادا. هەروەها ئەم ڕێنماییە سادانە یارمەتیت دەدات لەوە تێبگەیت کە پێویسته چی بکەیت لە کاتی گەشتەکەتدا، جا بۆ کارکردن یاخود بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بێت و دڵنیا دەبیتەوە لەوەی کە بە شێوەیەکی گونجاو لە شوێنی تایبەت و گشتیدا مامەڵە بکەیت.

١٠ لە گرنترین ئەو شتانەی کە نابێت لە کاتی سەردانکردن بۆ کۆریا ئەنجام بدرێت

١. چۆپستیک (چیلکەی نانخواردن) لەناو برنجدا مەچەقێنە

لە زۆرێک لە کولتوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، جێهێشتن و چەقاندنی چۆپستیک لەناو برنجدا بە بێڕێزی دادەنرێت، چونکە لە دار بخورە ڕێوڕەسمییەکان دەچێت کە لە پرسەکاندا بەکاردەهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆکاری کردەییش هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لەم کارە. بۆ نموونه چۆپستیکی کۆری بە زۆری کانزاییە و قورسترە لەو چۆپستیکانەی لە بامبۆ یاخود دار درووست دەکرێن. هەربۆیە ئەگەر هەوڵ بدەیت چۆپستیکەکە بچەقێنیت و بەجێیی بهێڵیت لەناو برنجەکەدا، ئەگەری زۆرە قاپەکە سەرەوخوار بێتەوە و برنج بەسەر هاوڕێکانت یاخود کەسانی دیکەدا بڕژێت. 

خۆشبەختانە، خواردنی کۆری بە شێوەیەکی گشتی کەوچکیش لەخۆدەگرێت، هەربۆیە دەتوانیت سەرنجت لەسەر چێژوەرگرتن لە ژەمەکانت بێت، بەتایبەتی کاتێک خواردنێکی پڕ لە چێژ دەخۆیت، وەک بیبیمباپ کە خواردنێکی کۆرییە و پێک دێت لە برنج و تێکەڵکردنی لەگەڵ شتی دیکەدا وەک گۆشت و سەوزە، بەبێ ئەوەی نیگەران بیت لە درووستی بەکارهێنانی چۆپستیک. 

٢. چاو لە خەڵک مەبڕە 

لێرەدا، تەنها باسی چاو بڕینە ئەو کەسانە ناکەین کە شێوازی دەرکەوتنیان نائاساییە. لە کاتێکدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی چاو لە هەندێک کولتووردا باوە، بەڵام لە کۆریا دەتوانرێت وەک بێ شەرمی و بێڕێزی دابنرێت، بەتایبەتی ئەگەر تۆ لەو کەسە گەنجتر بیت کە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەیت. لە کولتووری کۆریدا، سەیرکردنی خوارەوە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ گەورەکان یاخود کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان ڕێگایەکە بۆ پیشاندانی ڕێز و ڕەوشت. لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەیت کە هاوڕێ کۆریەکان زۆرجار لە تەنیشت یەکتری دادەنیشن بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی چێژ لە بوونی یەکتر وەربگرن، بە شێوەیەکی گشتی خۆیان لە هەبوونی پەیوەندی چاوی زۆر بەدوور دەگرن.

٣. کاتێک پرسیاری تەمەنت لێدەکرێت، توڕە مەبە 

خەڵکی کۆریا لەبارەی تەمەنەوە پرسیارت لێدەکەن، بەڵام بزانە ئەوە تەنها مەسەلەی حەز و ئارەزوو نییە. بەڵکو تەمەن لە تەنها ژمارەیەک زیاترە لە کۆریادا، چونکە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، دیاریکردنی ئەوەی کێ پلە باڵای هەیە، کێ دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و کێ بەرپرسیارە لە ئاگاداری و چاودێریکردنی ئەوانی دیکە. لە کۆریا گرنگە پلەی کۆمەڵایەتی هەر کەسێک بزانیت بۆ کارلێککردن و پەیوەندییەکی دروست، هەروەها زانینی تەمەنیش لە زمان و شێوازەکانی قسەکردن لەگەڵ یەکتردا ڕەنگ دەداتەوە. نەدرکاندنی تەمەنت و هێشتنەوەی بە نهێنی، دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە تێکەڵبوونت بە بازنە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی هاوڕێیەتی کارێکی قورس بێت.

٤. لە میترۆدا لەسەر کورسی  تایبەت بە بەساڵاچووان یاخود ئافرەتانی دووگیان دامەنیشە

ڕێز له کورسییه دەستنیشانکراوەکان بگرن، ئەمە شتێکی سادەیە و ئاسانە بۆ پەیڕەوکردن، ئەم کورسیانە بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراون کە توانای وەستانیان کەمترە لە چاو کەسانی ئاسایی، وەک ئافرەتانی دووگیان یاخود بەساڵاچووان، کورسییەکان بە شێوەیەکی دیار بە ڕەنگێکی گەش و هێمای ڕوون نیشانە کراون. ئەم جۆرە دابینکردنە و ڕێکخستنە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە. هەروەها جیاوازی ئەم جۆرە کورسییە تەرخانکراوانە لە کۆریادا ئەوەیە کە هیچ کات بەکاری ناهێنیت، هەرکەسێک پێویستی پێ بوو داوات لێبکات هەستیت و ئەو دابنیشێت. گرنگ نییە ناو میترۆکە چەند قەڵەباڵغ دەبێت، هیچ کات لەسەر ئەم کورسیانە دامەنیشە مەگەر خۆت دووگیان، بەساڵاچو یاخود خاوەن پێداویستی تایبەت بیت.

٥.  لەسەر مێز لووتت پاک مەکەوە.

ئەگەر هەستیار بیت بەرامبەر خواردنی توون، ئەمە لەوانەیە قورس بێت بۆ پەیڕەوکردن، چونکە دۆشاوی بیبەر و پێکهاتەکانی دیکەی هاوشێوە کە وەک گەرمکەرەوەیەک بەکاردەهێنرێت، لە چێشتخانەی کۆریدا باون، ڕەنگە کەمێک مشەمش کردن بە ئاسایی سەیربکرێت، بەڵام ئەگەر پێویستت بە پاکردنەوەی تەواوەتی لووتت بوو، وا باشترە بیانوویەک بهێنیتەوە و لە دەستشۆردا ئەو کارە ئەنجام بدەیت.  

شتێکی ئاسایی و لۆژیکییە کە ئەمە وەک ڕێسایەک وایە لە کۆریادا چونکە زۆربەی ژەمە خواردنەکان بە شێوەی خێزانیی پێشکەش دەکرێن، خواردنی جۆراوجۆر لە ناوەڕاستی مێزەکەدا دادەنرێت بۆ ئەوەی هەمووان هاوبەش بن لێی. هەربۆیە پاک کردنەوەی لووتت لەسەر مێزەکە نەک تەنها دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی میکرۆب و پیسبوونی خواردنی خۆت، بەڵکو دەبێتەهۆی پیسبوونی خواردنی ئەوانەی دیکەش. 

٦. پێش کەسانی بەساڵاچوو نان مەخۆ

بە پشتبەستن بەو خاڵانەی دیکە کە باسکراون، ڕوونە کە کولتووری کۆری هەندێک یاسای کۆمەڵایەتی ڕوون و باش داڕێژراوی هەیە،  کە یارمەتی خەڵکی دەدات لە ڕەفتار و مامەڵەکردنی درووستانە و وادەکات هەموو شتێک بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەڕێوە ببەن. لەم حاڵەتەدا، بەتەمەنترین کەس لەسەر مێزەکە بەرپرسیارە لە دەستپێکردنی ژەمەکان، چونکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕێنماییکردن و دەستپێکردنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بۆچی گرنگە ئاگاداری تەمەنی کەسانی چواردەورت بیت. تەنانەت جیاوازییەکی بچووکی تەمەنیش گرنگە، چونکە بە شێوەیەکی نەریتی، ڕێزگرتنە کە ڕێگە بە بەتەمەنترین کەس بدرێت بەرپرسیارێتی و ڕاپەڕاندنی دۆخەکە بگرێتە ئەستۆ.

٧. لە گواستنەوە گشتییەکاندا نان مەخۆ

کەس حەز بە دانیشتن ناکات لەسەر کورسییەک کە پاشماوەی خۆراکی لەسەر بێت. ئەمەش پاس و شەمەندەفەر و میترۆ دەگرێتەوە، نەخواردنی خۆراک سوودێکی کرداری و بەرچاو دەگەیەنێت، چونکە ئەم شوێنە بچووک و داخراوانە کە هەواگۆڕکێیان سنووردارە دەتوانن ببنە هۆی بەردەوامبوونی بۆنی خۆراک، ئەمەش وایکردووە پاراستنی پاکوخاوێنی گرنگ بێت. تەنانەت ئەگەر پێت وایە خواردنێکی کەم کێشەیەکی گەورە نییە، ئەگەری زۆرە چاوی ناپەسەندکەری خەڵکی کۆریای لێبکەوێتەوە. کەس نایەوێت لەسەر کورسییەکی پاس دابنیشێت کە بە پاشماوەی خۆراک داپۆشراوە. ئەگەر لە وێستگەی میترۆ یاخود شەمەندەفەر شتێکت هەڵگرت بۆ خواردن، باشتر وایە پێش چوونە ناو میترۆکە یاخود شەمەندەفەرەکە تەواوی بکەیت یاخود ئەو خواردنەی کە ماوە لەناو جانتاکەتدا هەڵبگریت تاوەکو دەگەیتە شوێنی مەبەست.

٨. لەناو ماڵدا پێڵاو لەپێ مەکە

ئەگەر بەختێکی وات هەبوو لە کاتی گەشتەکەتدا بانگهێشتکرایت بۆ ماڵی کەسێکی کۆری، ئامادەبە پێڵاوەکانت لەبەردەم دەرگاکەدا داکەنیت. کەس نایەوێت پیسی دەرەوە بهێنرێتە ناو ماڵ و سەر زەوییە پاکەکانیان. لەوانەیە نەعلی ناوماڵت پێ بدرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی وا باشترە بە گۆرەوی یاخود پێی پەتی بچیتە ژوورەوە. تەنانەت ئەگەر سەردانی ماڵێکی تایبەتیش نەکەیت، لەوانەیە لە شوێنی دیکە داوات لێبکرێت پێڵاوەکانت دابکەنیت، بۆ نموونە، چێشتخانە نەریتییەکان کە شوێنی دانیشتنیان لە سەر زەوییە، داوای ئەمە دەکەن چونکە دەیانەوێت تۆزی شەقامەکان لە ژەمەکانت دوور بخەنەوە.

٩. ناوی هیچ کەس بە ڕەنگی سوور مەنووسە

ناوی هیچ کەس بە ڕەنگی سوور مەنووسە، بەڵکوو بە ڕەنگی شین یاخود ڕەش بینووسە. لە کۆریا ڕەنگی سوور هێمای مردنە و بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بەکاردێت کە کۆچی دواییان کردووە. ئەمەش بۆتە هۆی قەدەغەکردنی گەورە لە نووسینی ناوی کەسێکی زیندوو بە ڕەنگی سوور، چونکە وەک نەفرەت کردن یاخود هیوای مردن سەیر دەکرێت. ئەمەیان لەوانەیە کێشەیەکی گەورە بێت، بەڵام خۆلادان لێی ئاسانە. تەنها بە بەجێهێشتنی قەڵەمە سوورەکانت لە ماڵەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی هاوڕێ کۆرییە نوێیەکانت بە هەڵە دڵتەنگ نەکەیت. هەروەها بیرۆکەیەکی باشە کە خۆت لە بەکارهێنانی دەق و ڕەنگی سوور بەدوور بگرێت لە پەیامە ئەلیکترۆنیەکانیشدا، هەروەک ئیمەیڵ، نامەی کورت، یان نامە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و ئەپەکانی نامە ناردنەوە.

١٠. یەک دەست بەکارمەهێنە بۆ وەرگرتنی شتەکان

لە کولتووری کۆریدا بەکارهێنانی هەردوو دەست لە کاتی بەخشین یان وەرگرتنی شتێک نیشانەی ڕێزگرتنە و خەڵکی کۆریا بەکاری دەهێنن، بەتایبەتی بەرامبەر بە گەورەکان یاخود ئەوانەی لە پلەیەکی باڵادان. هەروەها لەوانەیە لە فرۆشگاکاندا ئەمە ببینیت کاتێک دوکاندارەکان هەردوو دەستیان بەکاردەهێنن بۆ ڕادەستکردنی شتەکانت، ئەمەش سوپاسگوزاری خۆیان بۆ کڕێنی شتەکانیان و پاڵپشتیکردنەکەت نیشان دەدەن. ئەگەر بۆ کارکردن گەشت دەکەیت، لەوانەیە هاوپیشە کۆریەکانت بە بەکارهێنانی هەردوو دەستیان کارتی کارکردنی خۆیانت پێشکەش بکەن. لەم حاڵەتەدا، بۆ ئەوەی ڕێزی دروست نیشان بدەیت، وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ هەڵسووکەوتەکانیان، بەهەمان شێوەی ئەوان پێویستە هەردوو دەستت بەکاربهێنیت لە کاتی وەرگرتنی کارتەکەدا. هەرچەندە تەنها کارتێکی بچووکە، بەڵام ئەم ئاماژەیە یارمەتیت دەدات کاریگەرییەکی ئەرێنی بەجێبهێڵیت. 



29 بینین