هەندێک تەکنیکی گرنگ بۆ پۆل

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-24-13:48:00 - کۆدی بابەت: 13272
هەندێک تەکنیکی گرنگ بۆ پۆل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەندێک تەکنیکی گرنگ بۆ پۆل (بە ئینگلیزی: Some of the techniques in the classroom، بە عەرەبی: بعض مهارات في الصف)، مامۆستا کاریگەرەکان هەمان ئەو فێرخوازانەیان بەردەستە کە مامۆستاکانی دیکە لێیان ناڕازین و کێشەیان لەگەڵیان هەیە، فێرخوازەکانیان گرفتیان بۆ دروست دەکەن. بەڵام مامۆستا کاریگەرەکان چونکە تەکنیکیان هەیە لە ئەم کێشە و گرفتانەیان کەمترە، مامۆستایان تاوەکو تەکنیکی زیاتر بەکاربهێنن ئاستەنگەکانیان کەمتر دەبێتەوە، نەک تەنها بۆ بەڕێوەبردنی پۆل و مامەڵەکردن لەگەڵ فێرخوازان بەڵکو بۆ پلاندانان و  بەدیهێنانی پڕۆسەی تێگەیشتن لای فێرخواز ئەم تەکنیکانە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، هەروەها تەکنیکەکان بە ئاسانی مامۆستایان دەگەیەنن بە ئامانجەکانیان.

گرنگترین ئەو تەکنیکانە 

١. تەکنیکی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ فێرخواز: بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مامۆستا و فێرخواز بە یەکێک لە کۆڵگەکانی سەرکەوتن دەژمێردرێت، هۆکاری چوونە نێو دڵی فێرخواز بەبێ ئەم تەکنیکە مەحاڵە مامۆستایان بتوانن سەرکەوتوو بن لە پڕۆسەی وانەوتنەوە.

٢. تەکنیکی بیرکردنەوە پێش وانەوتنەوە: کەم پڕۆسە هەیە وەک پڕۆسەی بیرکردنەوە گرنگ بێت لە نێو قوتابخانە چ بۆ مامۆستا چ بۆ فێرخواز، ئەم تەکنیکە تایبەتە بە مامۆستایان، بیرکردنەوەی پێش وانەوتنەوە هاوکارییەکی باشی مامۆستایان دەکات پلانێکی تۆکمە دابڕێژن بیر لە چی بکەنەوە پاش وانەوتنەوە. ئامانجم لە وانە وتنەوە چییە؟ کام ڕێگای وانەوتنەوە بەکاربهێنم؟ کام چالاکی ئەنجام بدەم؟ بیرکردنەوە لە گرفتەکان و دانانی چارەسەر، هۆکاری فێرکردنی گونجاو کامەیە؟ چۆن بەکاریبهێنم؟ یان چۆن هۆکاری فێرکردن دروست بکەم؟ پەیوەندی نێوان بابەتەکە و ژیانی ڕۆژانەی فێرخواز چییە؟ چی دیکە هەیە لەسەر ئەم بابەتە تاوەکو زۆرترین زانیاری لەسەر بابەتەکە کۆبکاتەوە؟ ئەم بیرکردنەوانە کاتی زۆری ناوێت، وانەکەت بەهێز دەکات و فێرخوازان سوودمەند دەبن.

٣. جێگۆڕکێ بە خوێندکاران: زۆرن ئەو قوتابیانەی کە ئەگەر لە تەنیشتی هاوڕێکانیان بن ڕەنگە گرفتی گەورە دروست بکەن بە جۆرێک مامۆستا زۆرترین جار ناچار دەبێت وانەکەی بووەستێنێت، کاریگەری لەسەر وانەکە دروست بکات، بۆیە وەک چارەسەرێکی کاتی و خێرا. جێگۆڕکێ بە شوێنی دانیشتنی فێرخوازەکان دەکرێت، تا ڕادەیەک دوورکەوتنەوە لە هاوڕێکانی کاریگەری باشی دەبێت. 

٤. تەکنیکی پڕکردنەوەی بۆشایی: زۆرجار ئەوە ڕوودەدات زووتر لەو کاتەی کە پلانت بۆ داناوە کاتی وانەکەت تەواو دەبێت، یاخود ڕوودەدات پۆلێک مامۆستای وانەکەیان نەهاتبێت و داوا لە تۆ بکرێت پۆلەکە بەڕێوەبەرێت و هیچ وانەیەکیشیان پێناڵێتەوە چۆن ئەو بۆشاییە پڕ دەکەیتەوە؟ ئەو خولەکانە چۆن تێدەپەڕێنیت؟ چۆن سوودی لێدەبینیت بۆ بەرژەوەندی فێرخوازان؟ دروستبوونی بۆشایی بە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی کێشەکانی پۆل دادەنرێت، مامۆستا کاریگەرەکان دەزانن کە چۆن ئەم بۆشاییە پڕ دەکەنەوە بە کۆمەڵێک کارامەیی: 

  • نووسین: یەکێک لەو کارامەییانەی کە دەکرێت بۆشایی وانەی پێ بکرێتەوە نوسینی ڕاهێنانە، نوسینی پوختەی وانە، نوسینی بابەتە گرنگەکان. 
  • دروستکردنی گفتوگۆ: کاتێک کات لە وانەکە دەمێنێتەوە ئاساییە گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر بابەتی وانەکە دروست بکرێت، یاخود بابەتێک لە دەرەوەی وانەکە بێت و پەیوەست بێت بە ژیانی فێرخوازان بەڵام لە ژێر یاساکانی گفتوگۆ بێت و تێگەیشتن لە نێوان ئەندامەکان هەبێت. 
  • ڕێکخستن: یەکێکی دیکە لە کارە گرنگەکان کە دەکرێت فێرخواز سەرقاڵ بکات بریتییە لە ڕێکخستنی ئەو ژینگەیەی کە فێرخوازی تێدایە، ئەمە کارێکی گرنگە و لە پێشینەیە چونکە ڕەخساندنی ژینگەیەکی لە بار بۆ فێرخواز دەڕەخسێنێت. 
  • پێداچوونەوە: دەکرێت کاتە بەتاڵەکان تەرخان بکرێت بۆ پێداچوونەوە بەو وانەیە یاخود ئەگەر کۆتایی هەفتە بوو یان کۆتای بەش یان کۆتایی وەرز، تەرخان بکرێت بۆ پێداچوونەوە، دەکرێت مامۆستاکە پێداچوونەوەکە ئەنجام بدات دەکرێت بەشداری بە فێرخواز بکرێت ئەوەی دووەم کاریگەری زیاترە.

٥. گوێگرتنی چالاک: مامۆستا کاریگەرەکان تەنها وانە ناڵێنەوە، تەنها قسە ناکەن، دەست بەسەر ژینگەی پۆل ناگرن وەک ئەوەی هەموو مافی قسەکردن بەوان درابێت، لە پاڵ وتەکانیان گوێدەگرن گوێگرتنێکی چالاکانە بەمەش فێرخواز هەست بە گرنگی و پێگەی خۆی دەکات و ڕێزی تایبەت لە مامۆستا گوێگرەکە دەگرێت، زۆرجار گرفتەکانی خۆی بۆ مامۆستاکەی باس دەکات، لە کێشەی گەورە ڕزگاری دەبێت. هاتن و چوونی فێرخوازان بۆ قوتابخانە بە درێژایی ساڵ، بێزاری و بێتاقەتی زۆر دروست دەکات، فێرخواز بێزار دەبێت لە ڕۆتینات و قسەی دووبارە و وانەی دووبارە و کەرەستەی دووبارە، ئەی چارەسەر چییە چارەسەر گۆڕانکارییە لە هەموو شتێک، ڕێگای وانەوتنەوە، هۆکاری فێرکردن، چوونە دەرەوەی پۆل، گۆڕینی پۆلی فێرخواز. 

٦. بەکارهێنانی بۆرد: بۆرد بە هەموو جۆرە جیاواز و پێشکەوتنەکانیەوە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی فێرکردن و کۆکەرەوەی سەرەنجی فێرخوازانە. ئاسانە لە بەکارهێنان خێرایە، چۆن بتوانین بە باشترین شێوە بەکاریبهێنن؟ یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان بەشکردنی بۆردەکەیە بۆ بابەتە جیاوازەکان، هەروەها دابەشکردنی بابەتەکان بە شێوەی ڕیزبەندی واتا یاسایەک نوسرا نموونەکەی لەگەڵ بێت هەتا فێرخواز بتوانێ بەراوردی بکات، پاشان بەکارهێنانی ڕەنگ بە شێوەی هاوسەنگ، چوونە کۆتای پۆل و سەیرکردنی بۆرد هەتا بزانێ فێرخواز چۆن نوسینەکان دەبینێت، لە کاتی نوسین بۆ ماوەیەکی درێژ پشت لە بۆرد نەکرێت، هەوڵدان بۆ نوسینی بابەت بە شێوەی ڕێک و پێک هەتا بتوانرێت بە خەتێکی جوان بنوسرێت. 

٧. تەکنیکی پوختکردنەوە: زۆرجار مامۆستایان گلەیی ئەوە دەکەن فێرخوازی ئێستا هەوڵنادەن کەموکوڕی هەیە، بەشداری کارایان لە وانەکە نییە، پوختکردنەوە یەکێکە لە ڕێگا باشەکان بۆ ئەوەی فێرخواز چەند جارێک وانەکە بخوێنێتەوە و بیری لێ بکەنەوە، دواتر بڕیاری پوختکردنەوەی بدەن و بینوسنەوە، لەم تەکنیکەدا(نووسین، خوێندنەوە، بیرکردنەوە) سێ پڕۆسەی جیاواز و گرنگن. 

هەندێک لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ فێرخواز

  • زانینی ناوی فێرخواز: کاتێک فێرخواز بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکرێت، یان بەشداری پێدەکرێت لە ناوپۆلدا یان لە دەرەوەی پۆلدا هەستێکی خۆشی لا دروست دەبێت و ئاسودەتر دەبێت لەگەڵ مامۆستاکەی، هەروەها هۆکارە بۆ دروستبوونی پەیوەندیەکی باش. 
  • نەشکاندنەوەی فێرخواز: فێرخواز هەرچەندە تەمەنێکی کەمی هەبێت، درک بە گرنگی کەسایەتی خۆی دەکات و لای گرنگە کەسایەتی لە بەرچاوی هاوڕێکانی نەڕوشێنرێ، کاتێک مامۆستا ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندییە دەکات پەیوەندیەکی بەهێز بنیاد دەنێت. 
  • هاوخەمی: هیچ مرۆڤێک نییە بە چەندین ساتەوەختی ناخۆشدا تێنەپەڕێت، مامۆستایان وەک کەسێک کە سەرکردە ئاسا مامەڵە دەکات دەبێت بەشداری خەمی فێرخوازەکانی بکات و هاوخەمی دڵسۆزی خۆی دەببڕێت. 
  • بەشداریکردن لە چالاکییەکانی فێرخواز: ساڵانە چەندین چالاکی لە قوتابخانەکان ئەنجامدەدرێت، ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان فێرخواز و مامۆستایان، بەشداریکردن لەگەڵیان و هاندانیان سوودێکی زۆری بۆ مامۆستایان دەبێت. 
  • هاوکاریکردن لە هەموو بوارەکانی ژیان: هەموو کەسێک درک بە گرنگی و کاریگەری هاوکاری  دەکات لە نێوان مرۆڤەکان، هاوکاریکردن لە سەرجەم بوارەکانی ژیان، ڕێنیشاندان و ئاسانکاری، فێرخواز بە خێرای درک بەم کارە گرنگانەی مامۆستاکەی دەکات، ئامادەیە گوێڕایەڵی ئەو مامۆستایە بێت کە هاوکاری دەکات لە ژیانیدا. 


سەرچاوەکان



16 بینین