وزە نوێبووەوەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-06-24-21:53:00 - کۆدی بابەت: 13315
وزە نوێبووەوەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وزە نوێبووەوەکان یان وزەی پاک (بە عەرەبی: الطاقات المتجددة، بە ئینگلیزی: Renewable energiesھەموو ئەو وزانە دەگرێتەوە کە لە سروشتدا سەرچاوەیان گرتووە و مرۆڤ ھیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکی نییە لە دروستبوونیان و دابەشبوونیان، ئەو وزانەش توانای نوێبوونەوەیان ھەیە لە سروشتدا و لەناو ناچن و بە ھاوڕێی ژینگە ناسراون، نموونە وکوو (وزەی خۆر، وزەی با، وزەی ھەڵکشان و داکشان، وزەی ناخی زەوی، وزەی ئاو).

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وزە نوێبووەوەکان

١- سەرچاوەیەکی نیشتیمانین و پێویست بە دەرەوەی وڵات ناکات، بە جۆرێک کە ھەموو وڵاتێک کەم تا زۆر بە بڕێکی دیاریکراو یەکێک لەو جۆرە وزانەی بەردەستە.
٢- ھیچ کات بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری ناکاتە سەر نرخی وزە نوێبووەوەکان.
٣- وزە نوێبووەوەکان لە ڕۆژگاری ئێستادا ڕۆڵ و کاریگەری گرنگیان ھەیە لە دیاریکردنی پێگەی (سیاسی و ستراتیجی) وڵاتان لەسەر ئاستی ھەرێمی و جیھانی.
٤- زۆربەی وڵاتانی جیھان بە (وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی تازەپێگەیشتوو) لە کێبڕکێی ئەوەدانە سوود لە وزە نوێبووەوەکان وەربگرن بۆ ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوان، چونکە بە ھیچ جۆرێک ئەو وزانە مەترسیان نییە لەسەر پیسبوونی ژینگە و لێکەوتەکانی.

وزەی با وەکوو نموونەیەک لە وزە نوێبووەوەکان

وزەی با (Wind Energy) بریتییە لە جوڵەی ئاسۆیی ھەوایە لە ئەنجامی جیاوازی نێوان پلەی گەرمی لە ناوچەی پەستان بەرز کە (پلەی گەرمی نزمە) لەگەڵ ناوچەی پەستان نزم کە (پلەی گەرمی بەرزە) لە شوێنێکەوە ھەڵدەکات بۆ شوێنێکی تر.

بیرۆکەی بەکارھێنانی وزەی با بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا

سوود وەرگرتن لە وزەی با بیرۆکەیەکی تازە نییە، بەڵکوو مرۆڤ (٢٠٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا سوودی لە وزەی با وەرگرتووە بە تایبەتی بۆ کارپێکردنی (ئاشی ئاوی) و دانیشتوانی دۆڵی نیل سوودیان لە وزەی با وەرگرتووە بۆ گواستنەوەی دەریایی و بازرگانی لە ڕێگای کەشتییە چارۆکەدارەکان، دانیشتوانی میسۆپۆتامیا لە سەردەمی دەستەڵاتی حامۆڕابی بە سوود وەرگرتن لە وزەی با ئاودێری کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان کردووە.

ھەربۆیە بیرۆکەی بەکارھێنانی وزەی با وەکوو وزەیەکی نوێبووەوە بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا ”بریتییە لە گۆڕینی وزەی (با) بۆ وزەیەکی میکانیکی بەھۆی تۆڕبایینەکانەوە یان باگێڕی ھەوایی (Turbines)، پاشان لە بەشێکی تری تۆڕبایینەکان بە ھۆی دیاردەی کارۆموگنەکارییەوە لە ھێزی جوڵانەوەکەی وزەی کارەبا بەرھەمدێت، بە یارمەتی ئامێری (تولید)ی کارەبایی“. سوود وەرگرتن لە وزەی با بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا کۆن نییە، بەڵکوو بۆیەکەمین جار لە ساڵی ١٨٨٧ لەلایەن (جیمس بلیث) سەریھەڵدا، بەڵام بیرۆکەی گۆڕینی وزەی (با) بۆ وزەی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ زانای دانیماڕکی (ھنریک ستیسدال).

بڕی کارەبای بەرھەمھاتوو لە وزەی با پشت دەبەستێت بە چەند تایبەتمەندییەک

١- لێژی ناوچەکە
٢- بەرزی ناوچەکە لە ئاست ڕووی دەریاوە
٣- چڕی و خرایی بایەکە کە نابێت خێرایی بایەکە لە (٨) میل کەمتربێت لە کاتژمێرێکدا بە مانای ئەوەی خێرایی بایەکە (٣.٥٨) مەتر⁄چرکە بێت لە کاتژمێرێکدا.
٤- ئاڕاستەی بایەکە، بە جۆرێک کە بایەکە بە کام ئاڕاستە ھەڵبکات دەبێت تۆڕبایینەکان بە ھەمان ئاڕاستە دابنرێن.
٥- زانیاری تەوا و پێشوەختە لەسەر ئەو کێڵگانەی لە بواری بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە وزەی با سوودیان لێ وەردەگیردرێت، بە جۆرێک کە بزانرێت لە کام وەرز و کام مانگ چڕی و خێرایی بایەکە زیاترە.

لایەنە ئەرێنییەکانی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە وزەی با

١- لەکاتی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە وزەی با گازە زیانبەخشەکان دەرناداتە ھەواوە، واتە وزەیەکی پاکە.
٢- وزەی با زۆر گونجاوە بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە شوێنە دوور و سەختەکان، چونکە پێویستی بە شوێنی زۆر تایبەت نییە بۆ بنیاتنانی.
٣- دەتوانرێت بە قەبارەی جیاواز وزەی کارەبا لە وزەی با بەرھەمبھێنرێت بە گوێرەی پێویستی و ژمارەی دانیشتوانی گوند و شارەکان.
٤- دەرفەتی کاری زۆری ڕەخساندووە لە جیھاند، لە ئێستا و داھاتوودا دەرفەتی کارکردن لەم بوارە زیاتر دەبێت، بەم جۆرەش ھەلی کاری زیاتر بۆ کرێکاران دەڕەخسێت و بە ڕێژەیەکی بەرچاو بێکاری کەم دەکاتەوە.
٥- وزەیەکی تەواو گونجاوە بۆ وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و وڵاتانی جیھانی سێیەم.
٦- وزەیەکی مەترسیدار نییە بە بەراورد بە سەرچاوەکانی تر وزە وەکوو (وزەی ئەتۆم و وزەی خەڵووز).
٧- کێڵگەکانی بەرھەمێنانی وزەی کارەبا لە وزەی با لە ئێستادا لە کەرتی گەشت و گوزار سوودی زۆری لێبینراوە و گەشتیارێکی زۆری نێوخۆیی ڕووی تێدەکەن بە مەبەستی بینینی ئەم دیمەنە.

لایە نەرێنییەکانی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە وزەی با

١- بە شێوەیەکی گشتی چڕی وزەکە کەمە، چونکە با بە بەردەوامی بوونی نییە جاری وا ھەیە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک با بوونی نییە.
٢- بنیاتنانی تۆڕباینەکان لە ڕووی ئابوورییەوە زۆری تێدەچێت و پێویستی بە تەکنەلۆجیای ئاست بەرز و پێشکەوتوو ھەیە بۆ دروستکردنی.
٣- کاریگەری ھەیە لەسەر لە ناوبردنی باڵندە کۆچەرییەکان، بە جۆرێک زۆربەی کات لەکاتی تێپەڕبوونی باڵندە کۆچەرییەکان بەو کێڵگانەی تۆڕباینەکانیان تیادا دامەزراوە دەبێتە ھۆی بەرکەوتنیان بە پەروانەی تۆڕباینەکان و مردنیان.
٤- دەنگی سوڕانەوەی پەروانەی تۆڕباینەکان بەرزە، ئەمەش دەبێتە ھۆی پیسبوون بە (ژاوەژاو یان دەنگە دەنگ)، ھەر بۆیە دەبێت کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە وزەی با لەو شوێنانە بنیات بنرێن کە دوورن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دانیشتوان.
٥- پێویستی بە دەستی کاری شارەزا و کارامە و زانستی ھەیە بۆ بنیاتنانی.

ئاستەنگییەکانی وەبەرھێنانی وزەی کارەبا

١- ئاستەنگی ھونەری و تەکنەلۆجی پەيوەندى و باڵانس ڕاگرتن لە نێوان ئاستەنگى هونەرى و بەرجەستەكردنى ڕادەی پێويست لە سەرچاوەى سروشتى هەرزان بۆ بەكاربردن و پڕكردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان وێستگەکانی بەرھەمھێنانی كارەبا (Power Plant). تێچوویەکی زۆر و  ئاستێکی بەرزی تەکنەلۆجیای پێویستە.
٢- ئاستەنگی سروشتی: ئاستەنگییەكانى سروشتى خۆی دەبینێتەوە لە ڕاڕایی گەورەی خێرایی باى ڕۆژانە و مانگانە و  وەرزانە لەوانەیە لە کاتژمێرێکدا نیوەی ئەم خێراییە بێت، بەڵام لە کاتژمێرەکانی پێشتری یان دواتری بەم خێراییە نەبێت.

گرنگترین ئەو وڵاتانەی کە وێستگەی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایان ھەیە لە وزەی با


سەرچاوەکان



26 بینین