زانیاری لەسەر فۆلیک ئەسید

له‌لایه‌ن: - محمد ادریس محمد ادریس - به‌روار: 2024-07-10-17:51:00 - کۆدی بابەت: 13503
زانیاری لەسەر فۆلیک ئەسید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فۆلیك ئەسید یان ترشی فۆلیک (بە عەرەبی: حامض الفوليك، بە ئینگلیزی: Folic Acid) ڤیتامین بی نۆیە B9 و یەکێکە لە ئەندامانی خێزانی ڤیتامین بی. ناوی فۆلیك لە وشەی لاتینی فۆلیەم Folium وەرگیراوە کە لە لاتینی فۆلیەم واتا پەلکی درەخت، چونکە سەرەتا لە ناو سەوزە پەلك سەوزەکان دۆزرایەوە. فۆلیك ئەسید زۆر پێویستە بۆ دروستکردنی ماددەی DNA و ماددەی RNA لە خانەکانی لەشی مرۆڤ، بەمەش کاریگەری زۆر گرنگی هەیە لە سەر دابەشبوونی خانەکان و گەشەکردنی خانەکان. 

هەر لە بەر ئەم فرمانە گرنگەیەتی کە زۆر گرنگە لەو کەسانەی کە بە قۆناغی خێرای دابەشبوون و گەشەی خانەکانیدا تێپەردەبن، وەکو دووگیان و منداڵان، فۆلیك ئەسید لە گەڵ ماددەی ئاسن و ڤیتامین بی دوانزە (B12) زۆر گرنگن بۆ درووستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. فۆلیك ماددەیەکە لە لەش دروست نابێت واتە مرۆڤەکان پێویستیان بەوە هەیە کە ئەو ماددەیە لە خواردنیاندا هەبێت، ئەگەر کەم بخورێت ئەوا دەبێتەو هۆی جۆرێکی تایبەتی کەمی خوێنی کە کەسی تووشبوو هەمان  نیشانەکانی کەمخوێنی دەبێت. فۆلیك ئەسید  لە چەند جۆرێكی خواردندا هەیە وەكو خواردنە سەوزە تۆخەكان، پرتەقاڵ، دانەوێلە، پاقلەمەنییەکان، خومرە، گۆشتی مانگا، هەروەها هەندێك جۆری نان و خواردنی بەیانیان و سریلاك كە بەرهەم دەهێنرێن فۆلیك ئەسیدیان تێدایە.

لە چی خواردنێکدا هەیە؟

  • فۆلیك ئەسید بە بڕێکی زۆر هەیە لە ماددە ڕووەکییەکان، وەکو نیسك، دانەوێلەکان، نۆك، هەروەها لە ناو سەوزە پەلك سەوزەکانی وەکو کەلەرم، سپێناغ، سرقەسۆر، خاس، ببەری سەوز، نەعنا، پونگە هەیە.
  •  بە ڕێژەیەکی کەم لە ناو چەرەزات و کونجی هەیە.
  • بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە جەرگ، گورچیلە و هێلکە هەیە.

بەکارهێنانی وەک دەرمان

بۆ چارەسەری كەمخوێنی (میگالۆبلاستیك ئەنیمیا) بەهۆی كەمبوونی فۆلیك ئەسید بەكاردێت. ڕێنمایی دەكرێت بە وەرگرتنی (٤٠٠) مایكرۆگرام فۆلیك ئەسید هەر كاتێك بڕیارتدا بۆ دوو گیان بوون، واتە پێش ئەوەی دووگیان بیت بۆ ماوەی (٣) مانگ بەو بڕە بەکاردێت، پاشان بەردەوامبە هەتا پاش (١٢) هەفتە. ‎هەروەها فۆلیك ئەسید بۆ ئەو دایكانەش گرنگە كە شیر دەدەن بە منداڵەكانیان.

بۆ چی پێویستم بە فۆلیك ئەسیدە لە كاتی دووگیانی دا؟

  • خواردنی فۆلیک ئەسید لە پێش و لەکاتی دووگیانیدا گرنگە لەبەر ئەوەی یارمەتی گەشەی خانە و شانەکانی لەشی کۆرپە دەدات، مەترسی تو،شبوون بە کەمو کوڕییەکانی دەمار کەم دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا فۆلیک ئەسید بۆ تەندروستی دایکانیش گرنگە چونکە ڕۆڵی هەیە لە ڕێگریکردنی بەرزی پەستانی خوێن و مەترسی لەدایکبوونی پێشوەختە کەم دەکاتەوە.
  • ڕێگری دەکات لە دروست بوونی لێوی كەروێشكە (ئەو بۆشاییەی لە سەر لێوی منداڵ دروست دەبێت لە سكی دایكیدا).
  • ڕێگری دەكات لە پشت چاڵ بوون كە لە منداڵدا دروست دەبێت.
  • كاریگەری گرنگی هەیە لە بنیاتنان و گەشەكردنی مێشكی کۆرپەلە.
  • ڕێگری دەكات لە منداڵ بوونی پێش وەخت.
  • ڕێگری دەكات لەوەی كە منداڵەكەت بە كێشی كەم لە ڕێژەی پێویست لە دایكبێت.

هۆکارەکانی کەمی ماددەی فۆلیك ئەسید لە لەشدا 

خواردنی ناتەندروست، نەخواردنی ئەو خواردنانەی کە ماددەی فۆلیکیان تێدایە یان هەندێ نەخۆشی هەیە وا دەکات کە ماددەی فۆلیك ئەسید بە جوانی نەمژرێ لە کۆئەندامی هەرس، وەکو نەخۆشی کرۆن و نەخۆشی سیلیاك، یان بەکارهێنانی هەندێک دەرمان کەوا دەکات فۆلیك ئەسید کەم ببێتەوە لە لەشدا وەکو فینیتۆی، سەلفاسالازین. هەروەها ئەو کەسانەی کە مەی زۆر دەخۆنەوە تووسی کەمی فۆلیك ئەسید دەبن.

نیشانەکانی کەمی فۆلیک ئەسید 

هەوکردن و برینداربوونی لێو و زمان، ئەستووربوونی زمان، سکچوون، خەمۆکی، سەرسوڕان، کەمخوێنی، بێ تاقەتی، دواکەوتنی گەشە بە تایبەت لە منداڵدا، کەسی پێگەیشتوو باشتر بەرگەی کەمی ئەم ماددەیە دەگرێت، چونکە هەندێک کۆگاکراوی هەیە لە لەشی، بەڵام منداڵان کەمتر بەرگەی کەمی ئەم ماددەیە دەگرن، تەنها یەك مانگ بەسە بۆ ئەوەی مندالێک کە خواردنی باش نەبێ، تووشی ئەم کەم خوێنیە ببێت.

بەکارهێنانی بەشێوەی دەرمان

  • حەبی ٠،٤ و ٠،٨ و ١ و ٥ میلی گرامی.
  • دەرزی ٥ میلی گرام/ میلی لیتر (١٠ میلی لیتر).


سەرچاوەکان



68 بینین