چەند ئامۆژگارییەک بۆ خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان لە کاتی مەشقی هاوینە

له‌لایه‌ن: - دیار زرار دیار زرار - به‌روار: 2024-08-23-19:36:00 - کۆدی بابەت: 14292
چەند ئامۆژگارییەک بۆ خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان لە کاتی مەشقی هاوینە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وەک ئاشکرایە ساڵانە مەشقی هاوینەی دەرچووان و خوێندکارانی بەشە تەندروستی و پزیشکی و زانستییەکان دەست پێدەکات، لەوانەیە هەندێک کەس بەرچاوڕوونیان نەبێت وەك پێویست، چەند ڕێنمایی و ئامۆژگارییەک هەن کە پێویستە خوێندکار ڕەچاویان بکات و سوودی زۆری بۆ ژیانی پیشەیی دەبێت.

چەند ڕێنماییەکی پێویست بۆ خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان لە کاتی مەشقی هاوینە

  • ئەگەر دەتەوێت لە بواری پزیشکی سەرکەوتووبیت، پێویستە زمانی ئینگلیزیت باش بکەیت، زمانی ئینگلیزی و زانستی پزیشکی دوو چەمکی لێک دانەبڕاون، هەرگیز زمانی کوردی بە تەنها بەکارمەهێنه بۆ گەڕان بەدوای هەر زانیارییەکی پزیشکی، کتێب و ستانداردی جيهانى بەکاربهێنە و زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش بەکاربێنە بۆ گەڕان.
  • ئەو بۆچوونە جیاوازییە زۆرەی لە زانستی پزیشکی هەیە  قبوڵی بکە و بە ئاسایی وەریبگرە و سارد مەبەرەوە چونکە سەرچاوەی پزیشکی زۆرن، بەڵام هەمووی باوەڕ پێکراو نییە، لە زانستی پزیشکیدا کردار مەرجە و دەستوپلی ئیش کردنت باش بکە نەك تەنها لایەنی تیۆری.
  • تکایە لەئێستاوە ئەوە بزانه که زانستی پزیشکی کەسی ناسك و نازدار و  لاواز و سۆزەکی ناوێت،  کەسێکی  خۆگر و پشوو درێژ و جڵەوگیری ئەوێت،  شکۆی خۆت مەشکێنە بۆ فێربوون، واتە ناکرێت خۆت لاواز و داماو بکەیت و دەستەوسان بوەستیت تا فێرت بکەن، هەرکەس بەمنەتەوە یان بەمەسڵەحەت  شتێکت فێر دەکات ئەوا لێی وەرمەگرە.
  • هەرگیز نەکەی لەگەڵ نەخۆش خراپ بیت و خۆتی بەسەردا فەرز بکەیت، هەتا بۆت دەکرێت باش بە لەگەڵ نەخۆش، زانستی پزیشکی  زۆر لە شتە ڕووکەشەکان گەورەترە، قسەی لەگەڵدا بکە و دڵخۆشی بکە چونکە زۆربەی نەخۆشی ئێرە کێشەی لاوازی دەروونی هەیە.
  • هەتا دەتوانیت خوگر و جڵەوگیر بە لەکاتی مەشق کردندا بەڵام موجازەفە مەکە، خۆت داوای فێربوون بکە، چاوەڕێی ئەوە مەکە هەموو شتت فێربکەن.
  • هەرگیز زانست لە کەسەکان وەرمەگرە لەسەر بنەما ڕووکەشییەکانی کەسەکان وەک قەد و باڵا و پێست و جوانی کەسەکە و جلوبەرگ، مەرج نییە ئەوەی جلێکی پزیشکی لەبەربوو هەموو ت دەزانێت.
  • هەوڵ مەدە کۆمەڵێك هەڵە و کەموکورتی و کێشەی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بە ئیشە پزیشکییەکەت بکەی، لایەنی ئایینی، نەتەوەیی، کولتووری نەخۆش بۆ پزیشکی چارەسەرکەر گرنگ نییە،  گرنگ ئەوەیه لەکاتی ئیشی پزیشکیدا جددی بە و شتی تری تێکەڵ مەکە و لەناو نەخۆشخانە ڕەوشتی پزیشکیت هەبێت. 
  • زۆرت حەز بە کۆرس و خول هەیە، زۆر باشە دەستت خۆش بێت بەڵام نارێت لە ٣ مانگدا ٤ کۆرس ببینی هەرگیز ئاوا فێر نابیت،  ئەگەر دەتەوێت ئەپدەیتی زانیاری خۆت بکەی ئەوا ٦ مانگ بۆ ساڵی جارێك کۆرسێك ببینە بەسە.
  • هەرگیز نەکەی موناقەشە بکەی، زانست بۆ مناقەشە بەکارمەهێنە چونکه زۆر کەس هەن لە ئێمە زیرەکترن و ئەدۆڕێیت، تەنها بەردەوام زانست کۆبکەوە و لە فێربوون مەوەستە، لەکاتی گونجا و پێویست زانیارییەکانت هاوبەشی پێبکە.
  • زۆر لە فێرخوازانی پزیشکی زۆر بەپەلەن بۆ فێربوونی پشکنین و دەرمانەکان، نابێت پەلە بکەیت و کاتی دەوێت، لەتۆ وایە بەس ناوی دەرمان و پشکنینەکە بزانیت ئیتر تەواو؟! دەتەوێت بەتەنها بە ئەپڵیکەیشنی کوردی فێر ببیت؟ نا هەرگیز، هەڵەیت، وانابێت، کۆلێژێکی گەورەوگران هەیە چوار بۆ پێنج ساڵ دەخوێنن هێشتا پێرفێکت نین تۆ بەنیازی بە ساڵێك یان ٢ مانگ فول ببیت؟ دەتەوێت بەباشی دەرمان و پشکنینە تاقیگەییەکان فێرببیت؟
    یەکەم: پەله مەکە.
    دووەم: ئینگلیزیت باش بکە.
    سێیەم: ئەپڵیکەیشنی MED SCAPE و Drug. com  و Medical Laboratory دابەزێنە و کەمتر بابەتی زمانی کوردی و عەرەبی بەکاربهێنە. ئەمە بەجوانی جێبەجێ بکە و فێربوونەکەت ئاسانە، دواتر دەرمان بە گروپ بخوێنە، ئاگاداربە دەرمان و پشکنینەکان لەبەرناکرێن بەڵکو لێیان تێبگە.
  • باوەڕ بە هەموو پۆستێکی  فەیسبووك مەکە هەرچی بوو کۆپی مەکە و دایبنێی.
  • سادە بە لەگەڵ ئەو کەسەی فێری دەکەیت، مەمنون بە کە گوێت لێبگرن و منەت مەکە، شتێکت  پێیە ئەرکی خۆتە بیگەیەنیت و دڵسۆز بە.
  • بۆ هەر بوارێکی پزیشکی کەسێك و سەرچاوەیەك بکە بە پێشەنگی خۆت کە پرسیارێکت هەبوو پێویست ناکات لە چەندان شوێن و پەیج بپرسی، چونکە زۆری کە وڵام دەداتەوە خۆی هێشتا  خوێندکارە یان لەخۆیەوە وڵام دەداتەوە.
  • گوێ بەو قسانە مەدە  کە پێت دەڵێن بۆ ئەوەندە دەچیت بۆ نەخۆشخانە؟ ئیشی عەمەلی موسەیتەرت دەکات و ڕادێیت.
  • بۆ هەر کارێك کە دەیکەی لەکاتی مەشقەکەتدا، پرس بەوانەی سەروو خۆت بکە، شتێکت نەزانی لەخۆوە مەیکە، خۆت بناسێنە بە ستافەکە و داوایان لێبکە کە فێرت بکەن بەئەتەکیەتێکی جوان،  بەپاكوخاوێنی و باج و جلوبەرگی پزیشکی بچۆ بۆ مەشقەکەت، کە چویتە ئەوێ کەلوپەلە پارێزەرە تایبەتییەکان  بکە وەکو دەستکێش و کەلوپەلەکانی تر.
  • هەرگیز موناقەشە لەگەڵ کارمەندی نەخۆشخانە مەکە چونکە ئەو ئەزموونی لە تۆ زیاترە، دەزانێت چ شتێك باشە یان خراپە.
  • واز لەوە بێنە فڵانە پەیمانگای تەواو کردووە یان فڵانە زانکۆی تەواو کردووە، واز لە خۆبەراوردکردن بهێنە، بڵێی بەشەکەی من لە هی ئەو باشترە، کە چوویتە نەخۆشخانە زانیاری خۆت و هەوڵدانی خۆت ڕۆڵ دەبینێت کە تا چەند فێربووی نەك زانکۆ یان پەیمانگاکەت، زانکۆ و پەیمانگا تەنها کلیلی زانیارییە بنچینەییەکانت پێ ئەدات، دواتر دەبێت خۆت زیاتر بەدوای زانست و زانیاری زیاتردا بگەڕێیت.


سەرچاوەکان



89 بینین