ناوهڕۆك
ناساندن
ڕێگاکانی دیالۆگ (بە ئینگلیزی: Methods of dialog، بە عەرەبی: طرق الحوار)، ئەم ڕێگایە بە ڕێگای سوکراتی دەناسرێت لەسەر بنەمای ئاڕاستەکردنی پرسیار لەلایەن مامۆستا بۆ خوێندکار و بە پێچەوانەوە بنیات نراوە، بە مەبەستی ورووژاندنی بیری فێرخواز و بە ئاگابوونی بەردەوامی لە وانەکە بەڕێوە دەچێت، بە واتایەکی تر مەبەستی سوکرات لە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە دەرخستنی بێ ئاگایی بەرانبەرە لەو زانیاری و مەعریفە هەڵانەی هەڵگریەتی و بە ئاگا هێنانەوەیەتی لە ڕێگای پێدانی زانیاری دروست و ئاڕاستەکردنی پرسیار گەلێک.
ڕێگای دیالۆگ بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت
قۆناغی دڵنیایی
لەم قۆناغەدا مەبەست دەرخستنی ناڕاستێتی زانیارییەکانی بەرانبەرە سەبارەت بەو باس و بابەتەی مەبەستە بەپێچەوانەی ئەوەی باوەڕی پێی هەبووە.
قۆناغی گومان
تیایدا پرسیارەکان ئاڕاستە دەکرێت و وەڵامدەدرێتەوە لە پێناو باوەڕپێهێنانی بەرانبەر بەوەی ئەوەی کە دەیزانی ڕاست نییە یاخود بەشێکە لە ڕاستی.
قۆناغی دڵنیایی پاش گومان
لەم قۆناغەدا گەڕان و لێکۆڵینەوە لە باس و بابەتەکە دەست پێ دەکات لەلایەن بەرانبەرەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستی نوێ.
مەبەستەکانی بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە
- تاقیکردنەوەی زانیاری خوێندکار لە بابەتێکی دیاریکراو.
- ڕاهێنان و پێداچوونەوەی بە مەبەستی چەسپاندنی هەندێ بیری بنەڕەت لە بیری خوێندکاردا.
- وا لە خوێندکار بکرێت کە بەدوای زانیاریدا بگەڕێت.
- نەشونماکردنی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن لای خوێندکار.
ئەو خاڵانەی پێویستە لە پرسیارکردن ڕەچاوبکرێت
١- پێویستە ئەو پرسیارەی کە مامۆستا ئاڕاستەی خوێندکاری دەکات کورت و ڕوون و دروست بێت.
٢- پێویستە پرسیارەکە ئاڕاستەی سەرجەم خوێندکارەکان بکرێت و مامۆستا لە ناوهێنان و دیاریکردنی خوێندکار دوور بکەوێتەوە.
٣- پێویستە مامۆستا دوور بکەوێتەوە لە بەکارهێنانی شێوەیەکی تایبەتی پرسیارکردن لە خوێندکارەکانی وەک لیستی ناو و دانیشتنی پۆل.
٤- کاتێکی سنووردار بە قوتابی بدرێت بح بیرکردنەوە و وەڵامدانەوە.
٥- هەڵەیە جەختکردنەوە لەسەر خوێندکارێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە نایزانێت، چونکە کات بەفیڕۆ دەدات، بۆیە پێویستە پرسیارەکە ئاڕاستەی قوتابیەکی تر بکرێت یان لە کۆتایدا مامۆستاکە خۆی وەڵامەکە ئاشکرا بکات.
٦- لە پرسیارکردندا ڕەچاوی ئاستی قوتابی و بابەتی تیادا بکرێت، پرسیارەکان بۆ قوتابیە ئاست بەرز و مام ناوەند و ئاساییەکانیش بگونجێت.
٧- پرسیارەکە لە ئامانجی پەروەردەیی و زانستی بەدەر نەبێت.
٨- پێویستە کەشێکی لەبار لە نێو پۆلدا بەدیبهێنرێت، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی پۆل بکرێت.
٩- پرسیارێک ئاڕاستە مەکە لە یەک کاتدا دوو پرسیار لە خۆبگرێت، چونکە بیری قوتابی بەلای دوو بابەت و وەڵامدا پەرتەوازە دەبێت.
١٠- پێویستە مامۆستا دووربکەوێتەوە لو ئاڕاستەکردنی پرسیاری گشتگیر و بەربڵاو.
ئەو میکانیزمانەی مامۆستای سەرکەوتوو دەیگرێتە بەر
- خوێندکارەکانت ڕابهێنە بەشێوەیەک وەڵام بدەنەوە هەموو هاوڕێکانی گوێیان لێ ببێت.
- ڕێگە مەدە قوتابیەکانت چەند پرسیارێک لە یەک کاتدا ئاڕاستە بکەن.
- پێویستە یەک قوتابی وەڵامی پرسیارێک بداتەوە، چونکە وەڵامی بە کۆمەڵ یاسای ناو پۆل دەشێوێنێت.
- پێویستە گرنگی بە قوتابیە شەرمن و گۆشەگیرەکان بدرێت لەلایەن مامۆستاوە.
- پێویستە مامۆستا وەڵامی پرسیارە گرنگەکان دووبارە بکاتەوە.