جگەرەکێشان لە هەرزەکاراندا

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-09-14-14:28:00 - کۆدی بابەت: 14626
جگەرەکێشان لە هەرزەکاراندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جگەرەکێشان لە هەرزەکاراندا (بە عەرەبی: التدخين عند المراهقين، بە ئینگلیزی: Smoking in adolescents)، لە ئێستادا بەشێکی زۆری خەڵک ئاڵوودەی کێشانی جگەرەن، بە تایبەتی چینی هەرزەکاران، بەجۆرێک لە هەندێک وڵات هۆشداری دەدرێت سەبارەت بەم بابەتە و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ ڕێگری کردن لە هاوردەکردنی جگەرە یان زیادکردنی باج لەسەر ئەم بەرهەمە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان.

هۆکارەکانی جگەرەکێشان لە هەرزەکاراندا

کەسەکان بە هۆکاری جیاواز پەنا بۆ بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە دەبەن، بە تایبەتی چینی هەرزەکاران، گرنگترین ئەو هۆکارانەش:

١-هاوڕێ: ڕەنگە هەرزەکار جگەرە بکێشێت چونکە پێی وایە خۆشە چونکە هاوڕێکانی ئەو کارە دەکەن، یان لەبەر ئەوەی هەست دەکات پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانیدا مەترسی کۆتایی هاتنی هەیە ئەگەر وەک ئەوان جگەرە نەکێشێت.
٢-هەستکردن بە بێزاری:  بە بێزاری: هەرزەکار پێی وایە جگەرەکێشان وا دەکات وەک کەسێکی پێگەیشتوو یان سەربەخۆ دەربکەوێت، هەروەها دەتوانێت پەنای بۆ ببات کاتێک هەست بە بێزاری دەکات.
٣-ژیانی خێزانی: ڕەنگە هەرزەکارێک پەنا بۆ جگەرەکێشان ببات تەنها لەبەر ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی دایک یان باوک و براکەی جگەرەکێش بن.

ڕێگاکانی یارمەتیدانی هەرزەکاران بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان

١-پاڵپشتی و هاوکاری  خێزان: دایک و باوک کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ژیانی هەرزەکارێک هەیە، بۆیە پێویستە دەست بکەن بە هەوڵدان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان بە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ یان خواردنی هەندێک بەرهەمی سەلامەت بۆ یارمەتیدان لەم کارەدا، لەو ماوەیەشدا پێویستە خۆیان لە جگەرەکێشان لە ماڵەوە یان لەبەرچاوی کوڕە هەرزەکارەکەیان دوور بخەنەوە، هەروەها جگەرە لەو شوێنە دوور بخەنەوە کە ڕەنگە بگات بە منداڵەکانیان.

هەروەها پێویستە دایک و باوک کوڕە هەرزەکارەکەیان بە ڕوونی ئاگادار بکەنەوە لە ئارەزووی خۆیان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، لە هەمان کاتدا خۆیان لە پێدانی فەرمان و هەڕەشە و هۆشداری پەیوەست بەم بابەتە، یان ڕەفتارکردنی توڕەیی خۆیان بەدوور بگرن، چونکە ئەم شێوازانە دۆخەکە خراپتر دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە، تێگەیشتنی دایک و باوک لەوەی کە بۆچی کوڕەکەیان جگەرە دەکێشێت باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

٢-هۆشداری لە زیانەکانی جگەرەکێشان: هەرزەکاران دەتوانن باسی ئەو زیانە زۆرانە بکەن کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە تووشی دەبن، وەک: بۆنی ناخۆشی دەم و جل و بەرگ و قژ و خراپی ئاستی وەرزشی، بەجۆرێک کە نەتوانن ڕکابەری هاوتەمەنەکانیان بکەن کە جگەرە ناکێشن، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی زیاتر دەبێت، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان زیاتر تووشی هەڵامەت، ئەنفلۆنزا، هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و هەوکردنی سییەکان دەبن لە چاو ئەو هەرزەکازانەی کە جگەرەکێش نین.

٣-پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی: دەکرێت ئەو هەرزەکارە بخرێتە بەردەم پزیشکی پسپۆڕی وازهێنان لە جگەرەکێشان کە ڕێگە و پاڵپشتی پێویستی پێدەدات بۆ وەستاندنی جگەرەکێشان، ڕەنگە هەندێک لە نەخۆشخانەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکانیش ئەم خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێشکەش بکەن، جگە لە ئینتەرنێت کە هەندێک بەرنامە پێشکەش دەکات کە بەشدارن لە وازهێنان لە جگەرەکێشان.


سەرچاوەکان



45 بینین