پشکنینی ئەی ئێن ئەی (ANA)

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-05-24-23:33:00 - کۆدی بابەت: 12979
پشکنینی ئەی ئێن ئەی (ANA)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی ئەی ئێن ئەی (بە ئینگلیزی: Antinuclear Antibody test، بە عەرەبی: تحليل الأجسام المضادة للنواة) بریتییە لە پشکنینی خوێن کە بەدوای ئەنتی نیوکلیەر ئەنتی بادی دەگەڕێت لە خوێندا. دژەتەنەکان پڕۆتینێکن کە سیستەمی بەرگریت دروستی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە نامۆکانی وەک ڤایرۆس و بەکتریا. بەڵام ئەنتی نیوکلیەر ئەنتی بادی هێرش دەکاتە سەر خانە تەندروستیەکان لەجیاتی ئەوە، پێی دەوترێت دژە ناوکی (Antinuclear) چونکە ناوکی خانەکان دەکاتە ئامانج.

هەرکاتێک لە پشکنینی خوێندا ئەی ئێن ئەی بوونی هەبوو ئەوا بەزۆری دەرخەری ئەوەیە کە حاڵەتی ناتەواوی بەرگری خۆیی (Autoimmune disorder) بوونی هەیە، ئەم حاڵەتەش بریتییە لە پەلاماردان و هێرشی سیستەمی بەرگری لەش بۆسەر خانە و ئەندامەکانی خۆیی بە هەڵە، ئەم حاڵەتە هۆکارە بۆ دروستبوونی چەندین کێشە و حاڵەتی دیکەی مەترسیدار.

ئاساییە کە چەند ئەنتی نیوکلیەر ئەنتی بادییەک لە خوێندا هەبێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ نەخۆشی بەرگری خۆیی. ئەگەر نەخۆشییەکی بەرگریی خۆییت هەبێت، سیستەمی بەرگریت هێرش دەکاتە سەر خانەکانی ئەندام و شانەکانت بە هەڵە. ئەم نەخۆشییانە لەوانەیە ببنە هۆی کێشەی تەندروستی گەورە.

ئەم پشکنینە بۆچی بەکاردێت؟

ئەم پشکنینە بەکاردێت بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی بەرگری خۆیی، وەک:

  • سیستەمیک لوپس ئێریثماتۆسوس (SLE) باوترین جۆری لوپسە. لوپس (نەخۆشی گورگە) نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە کاریگەری لەسەر زۆربەی بەشەکانی لەش دەکات و خانەی دژەتەنەکان دەست دەکەن بە لێدان و تێکدانی خانەکانی لەشی مرۆڤ، لەوانە جومگەکان، پێست، دڵ، سییەکان، بۆرییەکانی خوێن، گورچیلە و مێشک.
  • نەخۆشی ڕۆماتیزمی جومگە (Rheumatoid arthritis) نەخۆشییەکە کە بە زۆری کاریگەری لەسەر جومگەکان هەیە و دەبێتە هۆی ئازار و هەوکردن زۆر جار لە مەچەک، دەست و قاچ.
  • سکلێرۆدێرما (Scleroderma) نەخۆشییەکی دەگمەنە کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر پێست، بۆرییەکانی خوێن و ئەندامەکان هەبێت.
  • کۆنیشانەی شۆگەرین (Sjögren's syndrome) نەخۆشییەکی دەگمەنە کە کاریگەری لەسەر ئەو ڕژێنانە دەکات کە فرمێسک، لیک و بەشەکانی تری لەش دروست دەکات.
  • نەخۆشی ئەدیسۆن (Addison Disease) کە کاریگەری لەسەر ڕژێنی ئەدریناڵ دەکات و دەبێتە هۆی ماندووبوون و لاوازی.
  • هەوکردنی جگەر بە هۆی وەڵام دانەوەی هەڵەیی کۆئەندامی بەرگری جەستە کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی جگەر.

بۆیە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەر یەکێک لەو حاڵەتانە و نیشانەکانی تێکچوونی سیستەمی بەرگری لەش بە هۆکاری هێرشی خۆیەکی ئەم پشکنینە ئەنجامدەدرێت، نیشانەکانیش بریتین لە:-

  • تا
  • ماندوێتی
  • لیر، بلۆق یان گۆڕانی ڕەنگی پێست
  • ئازارو ئاوسانی جومگەکان
  • ئازاری ماسولکەکان

ئەنجامی ئەم پشکنینە

ئەنجامدانی ئەم پشکنینە لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونەیەک لە خوێن دەبێت و ئەنجامەکەی بە تەنها ناتوانێت نەخۆشییەکی دیاریکراو دەستنیشان بکات. پزیشکەکەت ئەنجامەکانی پشکنینی ئەی ئێن ئەی بەکاردەهێنێت لەگەڵ پشکنینەکانی تر و زانیاری دەربارەی تەندروستیت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.

  • ئەنجامی نەرێنی لە پشکنینەکە واتای ئەوەیە کە ئەی ئێن ئەی لە خوێندا نەدۆزراوەتەوە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی بەرگری خۆیی کەمترە. بەڵام ئەم ئەنجامە بە تەواوی ئەگەری تووشبوون بە ناتەواویی بەرگری خۆیی ڕەت ناکاتەوە.
  • ئەنجامی ئەرێنی ئەم پشکنینە واتای ئەوەیە کە ئەی ئێن ئەی بوونی هەیە لە خوێندا و لەم کاتەدا لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ:
    • سیستەمیک لوپس ئێریثماتۆسوس
    • جۆرێکی جیاواز لە نەخۆشی بەرگری خۆیی
    • هەوکردنێکی ڤایرۆسی
    • بارێکی دیکەی تەندروستی کە دەکرێت ببێتە هۆی ئەی ئێن ئەی، وەک شێرپەنجە.

بەڵام مەرج نییە ئەنجامی ئەرێنی لەم پشکنینەدا هەموو کات دەرخەری نەخۆشی بێت، هەندێک کات بەهۆی کاریگەری هەندێک دەرمان و بە زیاد بوونی تەمەن ئەنجامێکی ئەرێنی بەردەست دەبێت، بەتایبەت ئەو خانمانەی تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە.


سەرچاوەکان



1310 بینین