هۆكاره‌كانی ئازاری سك

له‌لایه‌ن: مورید كه‌ریم - به‌روار: 2020-06-11-19:09:00 - کۆدی بابەت: 128
هۆكاره‌كانی ئازاری سك

ناوه‌ڕۆك

ئازاری سک

هەندێک بەم شێوەیە باسی دەکەن ، ئازاری سك بریتییە لە ئازاری گەدە (abdominal pain) ، کە ئەمەش زۆر تەواو نیە ، چونکە سک چەند ئەندامێکی گرنگی تێدایە وەک گەدە ، جگەر ، گورچیلەکان ،ڕیخۆڵەکان ، ڕیخۆڵە کوێرە ، پەنکریاس ، زراو ، سپڵ ، لەگەڵ چەند ماسولکە و چەند موولولەی خوێن ، لە کاتی ڕوودانی هەر تێکچوونێک لەم بەشانە دەکرێت ئازاری سک دروستببێت ، هەندێک جار ئەو ئازارە بڵاودەبێتەوە و هەموو سک دەگرێتەوە ، بە پێی ئەمە دەکرێت پێناسەی سکئێشە بەم شێوەیە بکەین کە ئەو ئازارەیە یان ئەو تێکچوونەیە کە ڕوودەدات لە هەر بەشێک کە ئەکەوێتە نێوان سنگ و کەلێن(حەوز)، بە زۆری ئەو ئازارانە سادەن و زوو خۆیان لادەچن یان بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە پێویستییان بە ڕێنمایی پزیشک نییە ، بەڵام ئازارە توند و کتوپڕەکان پێویستیان بە چاودێری بەپەلەی پزیشک هەیە . 

هۆکارەکانی ئازاری سک

زۆربەی ئازارەکانی سک دەگەڕێنرێتەوە بۆ گیر و گرفت لە هەرسکردنی خۆراکدا ، بەشێوەیەکی گشتی تووشبوون بە پەتا ، هەوکردن ، نەخۆشیەکانی ڕیخۆڵە ، بە دیارترین هۆکارەکانی سکئێشە هەژماردەکرێت ، لە هۆکارە بەربڵاوەکانی سکئێشە: قەبزی ، غازات ، پەتای ڤایرۆسی گەدە ، ئازاری سوڕی مانگانە ، دیارده‌ی هه‌ستیاری كۆڵۆن (irritable bowel syndrome) ناسراو بە کۆڵۆنی دەماری ، هەستیاری بە خۆراک ، بەرگەنەگرتن لە شەکری لاکتۆز (lactose intolerance) ، برینی هەناوی (ulcers) ، نەخۆشی گەڕانەوەی شلەی گەدە بۆ سورێنچک (gastroesophageal reflux disease) ، پەتای ميزەڕۆ ، گرژبوونی ماسولکەی سک (سکباکردن) ، نەخۆشی سیلیاک (celiac disease) کە لە ناو خەڵکدا ناسراوە بە نەخۆشی هەستیاری بە گەنم ، نەخۆشی کرۆن (crohn's disease) ناسراوە بەوەی ناوپۆشی بۆری هەرس تووشی هەوکردن دەکات ، هەوکردنی گەدە (gastritis) ، لاچوونی ناوپۆشی منداڵدان (endometriosis) .
لەو هۆکارانەی کەمتر بەربڵاون: هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرە (appendicitis) ، تێکچوونی یەکێک لە ئەندامە ناوەکییەکان ، بەردی گورچیلە ، دەردی گورچیلە (kidney infection) یان تووشبوون بە یەکێک لە نەخۆشیەکانی گورچیلە ، بەردی زراو (gallbladder stones) ، ژەهراوی بوونی خۆراک ، پەتای مشەخۆری (parasitic infection) ، مەیینی خوێن لە یەکێک لەو موولولانەی خوێن ، کە خوێن دابین دەکەن بۆ ئەندامە ناوەکییەکان ، یاخود ژەهراوی بوونی یەکێک لەو ئەندامانه ، شێرپەنجە ، بە تایبەتی شێرپەنجەی گەدە و ڕیخۆڵە و پەنکریاس ، هەوکردنی جگەر (hepatitis) ، فەتقی ناوپەنچک ، (hiatal hernia) ، سستی دڵ بە هۆی گیرانی بۆری خوێن (congestive heart failure) .

جۆرەکانی ئازاری سک

بە شێوەیەکی گشتی ئازاری سک سێ جۆرە ، جۆری یەکەم ئەو ئازارانەی کە دەکەوێتە شوێنێکی دیاریکراو لە سکدا و بە زۆری بە هۆی تێکچوونی یەکێک لە ئەندامەکانی ناو سک ڕوودەدات ، برینی گەدە بە سەرەکیترین هۆکاری ئەم ئازارە دادەنرێت ، جۆری دووەم بریتییە لە هەستکردن بە گرژبوون لە ناو سکدا ، هەندێ جار لەگەڵ ئەم جۆرە ئازارەدا چەند نیشانەیەکی تر دەردەکەون وەکو سکچوون ، هەڵئاوسان ، قەبزی ، جۆری سێیەم و کۆتایی ژانەسکی توند و کتوپڕ  (colicky pain) کە هەندێ جار ئاماژە بەبوونی مەترسی دەکات . 

دەستنیشانکردنی ئازاری سک

چەند پشکنێنێک هەیە کە پزیشک دەتوانێت ئەنجامیبدات یاخود داوایبکات بە مەبەستی دەستینشانکردنی ئازارەکە و هۆکارەکەی .

پشکنینی جەستەیی

پزیشک هەڵدەستێت بە پشکنینی جەستەی نەخۆش بۆ دۆزینەوەی بەڵگەیەک بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ئازارەکە ، لە ڕێگەی پشکنینی ئەو دەنگانەی لە سکی نەخۆشەکەوە دەبیسترێت ، وە لە ڕێگەی پشکنین بۆ هەر نیشانەیەک لەسەر هەوکردن یان هەڵئاوسان لە هەر بەشێکی ناوەکی سک یان بوونی گرێیەک لە سکدا . 
*تاقیکردنەوەی خوێن : گرنگترینیان پێوانەکردنی بڕی خوێنی گشتییە (complete blood count) ، پشکنینی ئەنزیمەکانی جگەر و پەنکریاس ، پشکنینی میز ، لەگەڵ پشکنینی کۆرپە ئەگەر نەخۆشەکە ئافرەتێکی دووگیان بوو .

تاقیکردنەوەی وێنەگرتن 

وێنەگرتنی سک بە تیشکی سینی (x-rays) یان بە شەپۆلی سەرو دەنگی بیستراو (ultrasound) یان بە زرنگانەوەی موگناتیسی (magnetic resonance imaging) یان بە توێتوێی نەخشێنەر کە ناسراوە بە تەنور (CT-computerized tomography) ئەنجام دەدرێت.

بینینی ناوەکی (endoscopic procedures)

وەک ناوبینینی دەزگای هەرسی سەرەوە ، ناوبینینی کۆڵۆن .

نەشتەرگەری

هەندێ جار پێویستە بۆ پشکنین نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت لە ڕێگای نەشتەرگەری کراوە بێت یان نەشتەرگەری بە بەکارهێنانی ناوسکبین (laparoscopy)

سەردانیکردنی پزیشک

لەو نیشانانەی کە ئاماژە بە بوونی بارێکی لە ناکاو دەکات و پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی پزیشک هەیە بە زووترین کات  پیسایی ڕەش ، دەرچوونی خوێن لەگەڵ پیسایی ، هەبوونی خوێن لەکاتی ڕشانەوە ، نەتوانینی پیسایی کردن بە تایبەتی کاتێک کەسەکە بەدەست ڕشانەوەوە دەناڵێنێت ، هەستکردن بە تەنگەنەفەسی لەگەڵ ئازاری سک ، بڵاوبوونەوەی ئازاری سک بۆ سنگ و شان و مل ، هەستکردن بە ئازاری سک لە کاتی سکپڕی ، هەست کردن بە ئازاری سک لە لایەن کەسێک تووشبووە بە شێرپەنجە یان  تازە لێدانی بەرکەوتووە یان شوێنێکی لەجێچووە ، هەڵئاوسانی سک بەشێوەیەکی نائاسایی . 


چەند بارودۆخێک کە پێویستە پزیشکی لێ ئاگاداربکرێتەوە : زیاد بوونی ئازارەکە بەتێپەڕبوونی ڕۆژێک ،  یاخود بەردەوام بوونی زیاد لە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ ، تووشبوون بە تا ، خوێن بەربوونی ئەندامی مێیینە بۆ ماوەیەکی زۆر ، هێڵنج ، ڕشانەوە ،  لەدەستدانی کێش یان لەدەست ئارەزووی خواردن بۆ ماوەیەکی زۆر ، میز کردنی بەردەوام یان هەستکردن بە سووتانەوە لە کاتی میزکردن ، هەستکردن بە ئازار بە شێوەیەکی بەردەوام با ئازارەکە مامناوەندیش بێت .


سەرچاوەکان

1740 بینین