مه‌سرور بارزانی

له‌لایه‌ن: یوسف علی - به‌روار: 2019-08-30-17:25:00 - کۆدی بابەت: 73
مه‌سرور بارزانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەسروور بارزانی (لەدایکبووی 2ی ئازاری 1969) [1] کەسایەتی سیاسیی کوردە، لەوەتەی 10ی تەمووزی 2019 سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان.[2] مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌. مەسروور کوڕی گەورەی مەسعود بارزانییە و لە ئەمریکا زانستە ڕامیارییەکانی خوێندووە.[3]

 

خوێندن

وێڕای ئەوە بەشێک لەتەمەنی منداڵی لەسەر شاخ بەسەربرد، مەسروور بارزانی خوێندنی ئامادەیی لە ئێڕان تەواودەکات. دواتر بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس چووەتە بەریتانیا و لەوێ کۆرسی زمانی ئینگلیزی خوێندووە. پاشان لە ئەمریکا لەساڵانی 1993بۆ 1997، خوێندنی زانستە سیاسییەکانی لەزانکۆی ئەمریکا لە واشینتۆن دیسی تەواوکردووە. دواتر، ماستەری خوێندووە لەسەر ئاشتی و چارەسەری ناکۆکییەکان.[4]

ژیانی سیاسیی

لەتەمەنی 16 ساڵیدا بۆتە پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵان و لەشەری خواکورک بەشداربووە لەبەرامبەر ڕێژێمی بەعس.[4] دواتر بۆ خوێندن چۆتە ئێرن، بەریتانیا و ئەمریکا تا لەساڵی 1988، گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لەکۆنگرەی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئەندامی ناوەندی ھەڵبژێردراوە و دواتر لەناو حزبەکە چەند پلەیەکی دیکەی پێدرا وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ھەروەھا کرا بەبەڕێوبەری دەزگای پاراستن. لەکۆنگرەی 13ی پارتی لەساڵی 2010، وەک ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە پاڵێورا بەڵام وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دیاریکرا. لەساڵی 2012، لەلایەن مەسعوود بارزانیسەرۆکی ئەوکاتەی ھەرێمی کوردستان ئەوا مەسروور بارزانی وەک ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.[5] لە 10ی تەمووزی 2019، وەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو و تا ئێستاش لەو پلەدایە.[2]

 

پۆست و بەرپرسیاریەتى

- لە کۆنگرەی 12 ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە ھەڵبژێردراوە و دواتر بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

- ساڵی 1998 بووەتە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی پاراستنی کوردستان.

- لە ساڵی 2010 بە  دەنگی یەکەمی ئەندامانی کۆنگرەی 13ـی پارتی بۆ سەرکردایەتی پارتی ھەڵبژێردرایەوە و بووەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.

- لە ساڵی 2012 بووەتە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.

- ساڵی 2005 دەزگای خێرخوازی بارزانی دامەزراندووە کە رۆڵێکی کارایی ھەبووە لە ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و لێقەوماوانی کوردستان و ناوچەکە.

- دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستانە لە دھۆک.

- بەشدارییەکی کارا و کاریگەرییەکی بەھێزی ھەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە، لە ڕووی بەشداری ڕاستەوخۆ لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و شەڕی ھەواڵگری.

- پەیوەندییەکی فراوانی ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەکارھێنانی بۆ خزمەتی کوردستان.

- لە سەرخستنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆڵیکی کارا و کاریگەری ھەبوو.

- مەسرور بارزانی خێزاندارە و سێ کوڕ و کچێکی ھەیە.

- زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی دەزانێت.

چالاکییەکان

لەساڵی 2005، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دادەمەزرێنێت کەڕێخکراوێکی خێرخوازی و قازانج نەویستە.[6] لەساڵی 2013، زانکۆی ئەمریکی لەدھۆک دەکاتەوە و سەرۆکی فەخری زانکۆکەشە.[7]


سەرچاوەکان

518 بینین