پێشمەرگە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-06-14:42:00 - کۆدی بابەت: 71
پێشمەرگە

ناوه‌ڕۆك

پێشمەرگە

پێشمەرگە (بە ئینگلیزی: Peshmarga) وشەیەکی کوردییە بۆ شەڕکەرە کوردەکان کە ھەندێک بە شەڕکەرانی ئازادی ناویان دەبەن. وشەکە بە مانای "ئەوانەی کە مەرگی خۆیان پێش ھەموو شتێک خستووە لە پێناو پاراستنی نیشتیمان" دێت و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە نزیکەیی لەو کاتەوە ھەیە کە جوڵانەوەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی لە سەرەتای ساڵانی 1920 دا دەستی پێکردووە، ئەمەش دوا بەدوای ڕووخانی ھەردوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و قاجاڕ بوو کە ناوچەکانی کوردستان لەژێر دەستیاندا بوو.

ھێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لەگەڵ ھێزی ھاوپەیمانان لە شەڕکردن دژی حکومەتی بەعس لە باشووری کوردستان. پێشمەرگە چەکدارێکی شۆڕشگێر و بە بیروباوەڕە کە لەپێناو ڕزگاری گەلەکەیدا ئامادەیە گیانی خۆی ببەخشێ.

پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو لە پاککردنەوەی عێراق و باشووری کوردستان لە داعش.

لە ڕووی یاساییەوە

پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا بە چەکداری پارێزەری کوردەکان دەوترێت، بەڵام لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا بەهۆی ئەوەی باشووری کوردستان هەرێمێکە و سەر بە عێراقە و هێزە عێراقییەکان ناتوانن بڕۆنە نێو هەرێم، پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و پارێزەری خاکی باشووری کوردستانە، ئەم سوپایەش لە هەریەک لە ئەنجوومەنی ئاسایش و پاراستن و زانیاری و هێزەکانی زێرەڤانی دەگرێتەوە، پێشمەرگە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە ڕاستیدا دابەشکراوە بەسەر هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان)، لەگەڵ ئەوەی لە یاساکانی ساڵی ١٩٩٢ بڕیاربوو هەردوو بەرەی پێشمەرگە تێکەڵبکرێنەوە و ببنە یەک سوپا بەڵام تا ئێستا ئەنجام نەدراوە.

هێزەکانی پێشمەرگە لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە لە ٢٠٠٣ ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە پاکتاوکردنی حیزبی بەعس و دەستگیرکردنی حەسەن گۆلـی ئەندامی دیاری قاعیدە لە ٢٠٠٤ و ڕادەستکردنی بە ئەمریکییەکان.

ناوی پێشمەرگە

کەریم زەند دەگێڕێتەوە کە لە سەردەمی کۆماری مەهاباد بە فەرمانی قازی محەمەد لیژنەیەک دانرا بۆ دۆزینەوەی ناوێک بۆ سوپای کوردستان، لیژنەکە هەریەک لە هەژار موکریانی و هێمن موکریانی و محەمەد تۆفیق وەردی و کەریم زەندی لەخۆگرتبوو، دوای کۆبوونەوەکە هەریەک لە ناوەکانی کۆماندۆ و گەریلا و چریک و جەنگاوەر و سەرباز و فیدائی پێشکەشکران، لەکاتی کۆبوونەوەە خزمەتگوزارێک بەناوی میرزا ڕەشیدی دەڵێ: ئاغایان ئێوە بەدوای چ ناوێک دەگەڕێن کە ئێمە ناوی پێشمەرگەمان هەیە!؟

ئەوانیش ناوەکە پێشکەشی پێشەوا قازی دەکەن و دەکرێتە ناوی فەرمی سوپای کوردستان. 

پلە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە

جێدار جێداری یەکەم پێشەنگ پێشڕەو پێشکار
پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (1.png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (2).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (3).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (4).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (5).png
سەرھەنگ سەرتیپ سالار سەردار سەرداری یەکەم
پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (6).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (7).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (8).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (9).png پلە سەربازیەکانی پێشمەرگە (10).png

هێزەکانی هەرێم

هێزەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر هەردوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێم دابەشبوون و هیچکامیان ئامادە نین زانیاری تەواو لەسەر هێزەکان بڵاوبکەنەوە، جیا لەو دوو هێزە حیزبی سۆسیالیستی کوردستانیش خاوەنی هێزی چەکدارییە بەڵام ژمارەیان کەمترە، بەپێی ڕاگەیاندنەکان ژمارەی پێشمەرگە لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار سەربازدایە، بەڵام ئەمە داتایەکی دڵنیا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەمریکی و ئەوروپییەکان دوای هێرشی داعش لە ٢٠١٤ بە فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەوروپی داوایەکی زۆر کرا کە هەردوو باڵی پێشمەرگە تێکەڵ بکرێنەوە، ئەوکات ١٢ بۆ ١٤ لیوا تێکەڵکران و کرانە یەک هێز لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەرماندەکان چاوەڕێی فرمانی سەرکردە حیزبییەکانیانن.

ناوی یەکە ژمارەی سەرباز فەرماندەیی لایەن
لیواکانی پاسەوانی هەرێم ٤٠,٠٠٠ - ٤٣,٠٠٠ وەزارەتی پێشمەرگە ڕێککەوتنی حکوومەت
هێزەکانی کۆسرەت ڕەسوول ٢,٠٠٠ - ٣,٠٠٠ کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هێزەکانی دژەتیرۆر ٥,٠٠٠ وەهاب هەڵەبجەیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لیوای سەرۆکایەتی نەزانراو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هێزەکانی حەفتا  ٦٠,٠٠٠  شێخ جەعفەر شێخ مستەفا یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن ٣,٠٠٠ نەزانراو یەکێتی نیشتمانی کوردستان
ئاسایشی یەکێتی نەزانراو نەزانراو یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هێزەکانی نێچیرڤان بارزانی نەزانراو نێچیرڤان بارزانی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێزەکانی هەشتا ٧٠,٠٠٠ - ٩٠,٠٠٠ نەجات عەلی ساڵح پارتی دیموکراتی کوردستان
زێرەڤانی

٥١,٠٠٠ - ١٢٠,٠٠٠ چالاک

٢٥٠,٠٠٠ یەدەگ

مەسعوود بارزانی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێزەکانی پاراستنی یەزیدییەکان

٧,٠٠٠ - ٨,٠٠٠

حەیدەر شەشۆ هێزەکانی پێشمەرگە
هێزەکانی نەینەوا (مەسیحییەکان)

١,٥٠٠

نەزانراو ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری
ئاسایشی پارتی

نەزانراو

نەزانراو پارتی دیموکراتی کوردستان

چەک و پێداویستی

پێشمەرگە لەدوای ڕاپەڕینەوە توانی دەست بگرێت بەسەر کۆگای چەکی حیزبی بەعس لە باکوور و زۆربەی چەکەکان هی ئەوکات بوون، دواتریش لە ٢٠٠٣ و ڕووخانی حکوومەت بوونە خاوەنی چەکێکی زیاتر و لە سەردەمی شەڕی داعش چەک و پێداویستی و ڕاهێنانی شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان لە هاوپەیمانانەوە وەردەگرت بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی.

لەگەڵ ئەوەی هاوکارییەکانی شەڕی داعش چەکی سووک و دووربینی شەو و فیشەک بوون، بەڵام هێزەکانی عێراق لە ترسی ئەوەی چەکەکان لە ڕۆژگارێکی دیکە دژی خۆیان بەکاربێتەوە و کوردەکان داوای سەربەخۆیی بکەن و هێز بەکاربهێنن، چەکێکی زۆری بۆ ڕەوانە نەدەکردن.

هێزەکانی پێشمەرگە خاوەنی کەرەستەی پێویست نین و لە جەنگی داعش تێبینی ئەوە کرا بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی مەدەنی دەگوازرێنەوە و چۆنیەتی پەیوەندیکردنیش شێوازێکی ئاساییە و فەرماندەکان بە تەلەفۆن و مۆبایلی سادەی مەدەنی پەیوەندی دەکەن، لەو ماوەیەدا بەشێک لە چەکەکانی پێشمەرگە لە چەکی ڕووسی تەختەوە گۆڕان بۆ چەکی ئاگرینی ناتۆ.

کێشەکان

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ڕووی ئیدارییەوە هێزەکانی پێشمەرگە کێشەی گەندەڵی و کارمەندی سێبەر و بندیواری هەیە، هەروەها بۆ لایەنی حیزبی و کەسی تایبەت بەشێک لە هێزەکان بەکاردەهێنرێن، لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری سلێمانی پێشمەرگە لە دژی خۆپیشاندەران جوڵێنرا و چەند کەسێک شەهید کران، ساڵی ٢٠١٤ هێزی پێشمەرگە لە دژی وەزیر و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بەکارهێنرا و نەیانهێشت بڕۆنە نێو شاری هەولێر.

لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش، پارتە کوردستانییەکان لە وشەی پێشمەرگ یان پێشمەرگە بۆ ھێزە چەکدارانیان کەڵک وەردەگرن. بە شێوەی دیاریکراو لە ئێستاکەدا، بە ھێزە چەکدارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان، حیزبی ڕزگاری، سوپای ڕزگاریی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوەی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان پێشمەرگە دەوترێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە وشەی گەریلا کەڵک وەردەگرێت.

لە سەربزێوی کوردانی ڕۆژھەڵات لە ساڵی 1979دا، ھێزەکانی دوو ڕێکخراوی چەکداری فیدایی، واتە چریکەکانی فیدایی گەلی ئێران (ئەرتەشی ڕزگارکەری گەلانی ئێران) و ڕێکخراوەی چریکەکانی فیدایی گەلی ئێران-کەمینە لە وشەی پێشمەرگەیان کەڵک وەردەگرت و ناوی پێشمەرگەی فیداییان لە سەری ھێزە چەکدارانی خۆی دانابوو.


سەرچاوەکان



9533 بینین