ناوهڕۆك
ڕێكخستنی خهرجی ماڵهوه
یەکێک لەو گرفتانەی ڕووبهڕوی ھاوسەران دەبێتەوە بریتیە لە رێکخستنی خەرجییەکانی ماڵەوە ، بە تایبەتی کە لەسەرەتای ژیانی ھاوسەرگیری دابن ، لەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر چۆنیەتی رێکخستنی خەرجی رۆژانە و مانگانەی خێزان و ھیوادارین سوودی بۆ ھەموو لایەک ھەبێت .
ھەنگاوی یەکەم
دیاریکردنی داھات
پێویستە لەسەر ھاوسەران بزانن داھاتی مانگانەیان چەندە ، ئەگەر لە 100% دڵنیا نەبوون ئەوا پێویستە بە نزیکەیی داھاتی مانگانەیان بخەملێنن ، بۆ ئەوەی بتوانن خەرجییەکان رێکبخەن .
دیاریکردنی خەرجییە چەسپاوەکان
وەک ئەو خەرجیانەی ناگۆڕێت کە ھەیە وەک کرێی خانوو ، قیستەکان گەر ھەبێت ، پارەی کارەبا و پارەی ئاو ...... ھتد
خەرجییە گۆڕاوەکان
ئەمەش بریتیە لە کڕینی خۆراک و میوە و خواردنی دەرەوە و کڕینی جلوبەرگ ، لەبەر ئەمەش پێی دەگوترێت گۆڕاوەکان چونکە لە مانگێک بۆ مانگێکی دیکە جیاوازە ، لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر ھاوسەران بەشێک لە پارەکانیان بۆ ئەم حاڵەتانە دیاری بکەن بۆ ئەوەی لە ناکاو پاڵەپەستۆیان نەکەوێتە سەر .
ھەنگاوەکانی مانگانە
بەراوردکردنی خەرجی و داھات
بۆ ئەوەی بودجەیەکی رێک وپێکت ھەبێت ، پێویستە خەرجی و داھاتت ھاوسەنگ بێت ، چونکە ئەگەر خەرجییەکان لە داھات زیاتر بێت ئەوا کێشەتان بۆ دروست دەبێت و تووشی قەرزاری دەبن .
بەدواداچوون بۆ خەرجییەکان
بۆ ئەوەی خەرجییەکان لە ژێر کۆنترۆل بێت ، پێویستە بەدواداچوونێکی باش بۆ خەرجییەکان بکرێت و رێگری لە خەرجی زیادە بکرێت .
رێکخستنەوەی بودجەی ماڵەوە
ماوە ناماوە پێویستە ھاوسەران پێداچوونەوە بە خەرجییەکان و داھات بکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان رێکبخەن ، ئەگەر ھاتوو داھات زیادی کرد دەکرێت بەشێک لە خەرجییەکان زیاد بکرێت ، بەڵام ئەگەر ھاتوو خەرجییەکان زیاتر بوو لە داھات ، ئەوا پێویستە خەرجییەکان کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی بودجەکە ھاوسەنگ بکرێتەوە .
ھەڵسەنگاندنی بودجەکه
ئەمەش لە کۆتایی مانگ دەبێت و پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت .
پارێزگاری کردن لە بودجەی ماڵەوە
بۆ پارێزگاری کردن لەبودجەی ماڵەوە پێویستە رەچاوی ئەم ئامۆژگارییانە بکەیت :
• بنەمای (خۆپاراستن باشترە لە چارەسەری) بەکار بھێنە ، واتا پێش ئەوەی قەرزار بیت ، کەمێک پارە پاشەکەوت بکە.
• ھەوڵبدە بەلایەنی کەم مانگانەی لە 5% داھاتی ماڵەوە پاشەکەوت بکەیت .
•مانگانەی سیستەمی خەرجی ماڵەوە رێکبخەوە بۆ ئەوەی رووبەرووی ھەموو ئەگەرێک ببیتەوە . بۆ نموونە ئەگەر ویستتان تەلەفزیۆنێکی نوێ بکڕن ، ئەوا پێویستە خەرجی لە بوارەکانی دیکە کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەم ئامێرە نوێیە بەدەست بھێنن .
• ھەوڵبدە ھەموو کات خەرجییەکان کەمتر بێت لە داھات ، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت خۆت لە ھەموو شتێک بە دوور بگریت ، بەڵکو بە مانای ئەوە دێت خەرجییەکانت رێکبخەیتەوە بۆ ئەوەی کارەکانت باشتر بێت .